بۆچی منداڵەکان درۆ دەکەن و ئایا ئەم درۆکردنانەیان شتێکی ئاساییە؟
منداڵەکان بەگشتی پێش ئەوەی بچنە قوتابخانە و لە تەمەنی دوو بۆ چوار ساڵدا دەست دەکەن بە درۆکردن. ئەم هەوڵە خۆویستانە بۆ فریودان لەوانەیە دایبابەکان نیگەران بکات و بترسن لەوەی منداڵەکەیان لە کۆمەڵگادا تخل بکرێت و وەکوو منداڵێکی لاسار و نائاسایی سەیر بکرێت.
بەڵام لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە، درۆکردنەکانی منداڵانی ساوا بە ئاستەم جێی نیگەرانی بێت. لە ڕاستیدا، زۆربەی جار درۆکردن یەکێکە لە یەکەم نیشانەکان کە ئەو منداڵە ساوایە (بیردۆزی زەین)1 تێیدا گەشەی کردووە، ئەمەش تێگەیشتنە لەوەی کە کەسانی تر دەشێت هەست و ویست و باوەڕی جیاوازیان هەبێت. کاتێک منداڵێک بۆ مەبەستی تەفرەدان دەلێت “بابەم گوتی چۆکلێتێکی دیکەشم پێ بدەن.” خەریکە ئەم ئاگاییەی زەینی کەسانی دیکە بەکار دێنێت بۆ چەسپاندنی زانیاریی هەڵە.
ئەگەرچی درۆکردن خۆی لە کۆمەڵگادا شتێکی نەشیاوە بەڵام توانای تێگەیشتن لە هەست و بیرکردنەوەی کەسانی دیکە لێوەشاوەییەکی کۆمەڵایەتیی گرینگە. پەیوەندی هەیە لەگەڵ هاوسۆزی و هاوکاری و گرینگیدان بە کەسانی دیکە کاتێک هەست بە خەم و ئازار دەکەن.
چۆن درۆکردن لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا دەگۆڕێت
زۆربەی جار یەکەم درۆکانی منداڵە ساواکان زۆرتر لەوەی کاریگەر بن پێکەنیناوین. بیری لێ بکەوە منداڵێک کە هێشتا دەمی پڕە دەڵێت کە بەخوا هیچ کێکم نەخواردووە. یان دەڵێت سەگەکە لەسەر دیوارەکە نیگاری کێشاوە. دەشێت منداڵانی ساوا ئەوە بزانن کە دەتوانن کەسانی تر فریو بدەن بەڵام هێشتا ئەو ئەزموون و کارامەییەیان نییە کە بتوانن جێبەجێی بکەن.
پێش تەمەنی هەشت ساڵان، منداڵان زۆر جار لەکاتی درۆکردندا، درۆبوونی قسەکەیان دەردەخەن. لە توێژینەوەیەکدا داوا لە هەندێک منداڵی تەمەن سێ بۆ هەفت ساڵ کرا کە سەیری ئەو بووکەڵەیە نەکەن کە لە پشتەوە دانراوە. بووکەڵەکە لە جۆری (بارنی) بوو. بەنێزیکەیی هەموویان هەڵگەڕانەوە و سەیریان کرد و هەر هەمووشیان دواجار درۆیان کرد و وتیان سەیریان نەکردووە (بەپێی هەڵکشانی تەمەن درۆکردنەکەش زیاتر بوو).
بەڵام منداڵەکان گرفتیان هەبوو لە دەرنەخستنی درۆکەیاندا. منداڵانی تەمەن سێ بۆ پێنج ساڵ بە شێوەیەکی سەیر نیگایەکی ئاسایی لەسەر ڕوومەتیان بوو بەڵام زۆربەی جار بە پێناسەکردنی بووکەڵەکە و هێنانی ناوی بووکەڵەکە درۆکەیان دەردەکەوت. درۆکەرە تەمەن شەش و هەفت ساڵەکان سەرکەوتنێکی تێکەڵیان بەدەست هێنا، تا ڕادەیەک خۆیان لە شتەکە گێل دەکرد و ڕوومەتێکی ئاساییان پێشان دەدا و هەندێک جاریش بە ڕێکەوت ناوی بووکەڵەکەیان دەهێنا.
لەگەڵ گەورەتربوونی منداڵەکان و گەشەکردنی توانایان بۆ (تێگەیشتن لە گۆشەنیگای کەسانی دیکە)، وردە وردە توانایان بەرز دەبێتەوە لە تێگەیشتن لەو چەشنە درۆیانەی کە بڕوایان پێ دەکرێت. هەروەها بە تێپەڕینی کات لە شارەزایی بۆ دەرنەخستنی درۆکاندا باشتر دەبن.
(تێگەیشتن لە گۆشەنیگای کەسانی دیکە / perspective-taking) واتە ئەوەی کە بتوانیت لە ڕوانگەی کەسانی ترەوە سەیری بابەتەکان بکەیت و لە شێوازی بیرکردنەوە و ڕوانینیان بۆ شتەکان تێ بگەیت.
پەرەسەندنی ئەخلاقیش دێتە نێو کایەکەوە. منداڵە بچووکترەکان ئەگەری زۆرترە لەپێناو بەرژەوەندی کەسیی خۆیاندا و بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بێنن درۆ بکەن، بەڵام منداڵە گەورەترەکان جار دوای جار زۆرتر پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەگەر درۆ بکەن هەستێکی ناخۆش و ناحەزیان بەرامبەر خۆیان دەبێت.
هەروەها منداڵە گەورەترەکان و هەرزەکارەکان زۆرتر جیاوازی دەکەن لەنێوان جۆرەکانی درۆدا. درۆی سپی بە باشتر دەزانن لە ئەو درۆیانەی کە زیانی کۆمەڵایەتییان لێ دەکەوێتەوە یاخود دەبنە هۆی ئازاردانی کەسێک.
ئەگەرچی بەدەگمەن توێژینەوەیەک کرابێت بۆ مەزەندەکردنی ئەوەی کە منداڵان و هەرزەکاران چەندە درۆ دەکەن بەڵام پێدەچێت هەرزەکارەکان سەبارەت بە ئەو شتانە لەگەڵ دایک و باوک و مامۆستاکانیان درۆ بکەن کە بە بابەتی کەسیی خۆیانی دەزانن.
لە توێژینەوەیەکدا 82%ـی هەرزەکارەکانی ئەمەریکا گوتوویانە لەو ساڵەدا سەبارەت بە پارە، کحوول، مادەی هۆشبەر، هاوڕێکانیان، ژوانەکانیان، سێکس، حەفلەکان درۆیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا کردووە. پێدەچوو زۆرتر سەبارەت بە هاوڕێکانیان (67%) و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر/کحوول (65%) درۆ بکەن. لەوانەیە سەیر بێت کە کەمتر سەبارەت بە سێکس درۆیان کردووە (32%). بێگومان ئەمەیان لە وڵاتی ئێمەدا جیاواز دەبێت و سەبارەت بەم بابەتە درۆ ناکرێت چونکە هەر باسی لێوە ناکرێت!
کاتێک چیرۆکە کورتەکان سەبارەت بە درۆکانیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا خوێندرانەوە، دەرکەوت کە پێدەچێت هەرزەکارەکان ئەو درۆیانە بە قەبووڵکراو دابنێن کە بۆ یارمەتیدانی کەسێک یاخود شاردنەوەی نهێنییەکی کەسی بێت نەک ئەوانەی کە ببێتە هۆی ئازار و بریندارکردنی کەسێک.
ئایا درۆکردن جێی نیگەرانی دەبێت؟
لەوە گەڕێتەوە کە درۆکردنەکە یەکجار زۆر بێت، درۆکردنی منداڵان بەدەگمەن جێی نیگەرانی بێت. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە زۆرێک لە پێگەیشتووەکانیش درۆ دەکەن، هەندێک جار بۆ مەبەستی چاکە وەکوو درۆیەکی سپی بۆ بەرگری لە برینداربوونی هەستەکانی کەسێک، هەندێک جاریش بۆ مەبەستی خراپ. سەرەڕای ئەوەی کە مەزەندەکان جیاوازن، توێژینەوەیەک پێشانی دا کە نێزیکەی 40%ـی پێگەیشتووە ئەمریکییەکان وتوویانە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا درۆیەکیان کردووە.
لە هەندێک حاڵەتدا، درۆکردنی درێژخایەن جێی نیگەرانی دەبێت ئەگەر هاوکات بێت لەگەڵ کۆمەڵێک ئاکاردا کە لە جۆری (خراپ-خۆگونجاندن) بن.
(خراپ-خۆگونجاندن / maladaptive) واتە ئەو ئاکارانەی کە دەبنە هۆی ئەوەی کەسەکە نەتوانێت خۆی لەگەڵ دۆخە نوێ یاخود قورسەکانی ژیاندا ڕابێنێت و تێکەڵی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان ببێت.
بۆ نموونە فێڵکردن لەڕێگای درۆکردنەوە زۆر جار لە (ناڕێکیی هەڵسوکەوت)2 و (ناڕێکیی بەرهەڵستکار و یاخی / ODD)ـدا3 دەردەکەوێت.
ئەو منداڵانەی تووشی (ناڕێکیی هەڵسوکەوت) یان (ناڕێکیی بەرهەڵستکار و یاخی)ـن لە ماڵ و لە قوتابخانە ئاستێکی بەرچاو لە گرفت و ئاڵۆزی درووست دەکەن بەهۆی گرژیی بەردەوام و زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە یاخود کەلووپەلەکان. بەڵام بۆ ئەوەی وەکوو نەخۆشی دەسنتیشان بکرێت دەبێت درۆکردنەکان کۆمەڵێک نیشانەی دیکەشیان لەگەڵ بێت، لەوانە: گوێنەدان بە بەرپرس و چاودێرەکان، بەردەوام پێشێلکردنی یاساکان و لەئەستۆنەگرتنی کردەوەکانیان.
هۆکارێکی تر بۆ نیگەرانبوونی دایک و باوکەکان ئەوەیە کە ئەگەر درۆکردنەکە بەهۆی ترس یاخود شەرمەوە ببێتە هۆی شاردنەوەی گرفتە دەرووندرووستییەکانی دیکە. بۆ نموونە منداڵ یاخود هەرزەکارێکی تووشیاری دڵەڕاوکێی چڕ دەشێت بۆ درێژخایەن درۆ بکات بۆ خۆلادان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخانەی کە دەیترسێنێت ( بۆ نموونە، قوتابخانە، جێژن و کۆبوونەوەکان، میکرۆب).
هەروەها دەشێت درۆ بکەن بۆ خۆلادان لە ئەو لەکە کۆمەڵایەتییانەی کە بەرانبەر ناڕێکییەکانی دەرووندرووستی هەیە. لەم دۆخانەدا ڕاوێژکردن لەگەڵ دەروونناس یاخود ڕاوێژکاری دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئاخۆ ئەو درۆکردنە نیشاندەری گرفتێکی دەرووندرووستییە یاخود نا.
دایک و باوک و مامۆستاکان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە
سەرەڕای ئەوەی کە درۆکردن لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە شتێکی ئاساییە، باوان و مامۆستاکان دەتوانن لە سێ ڕێگاوە پاڵپشتی ڕاستبێژیی منداڵەکان بن.
یەکەم، خۆیان لادەن لە سزای قورس و لەڕادەبەدەر. لە توێژینەوەیەکدا کە قوتابخانەیەکی ئەفریقای ڕۆژاوا لەگەڵ قوتابخانەیەکی دیکە بەراورد کرا. لە قوتابخانەیەکیاندا لە تەمێکردن بە سزادان کەڵک دەگیرا (وەکوو دارکاری، لێدان بە زلـلە، نقورچگرتن) و لەوەی دیکەدا تەمێکردن بەبێ سزادان تاقی دەکرایەوە (وەکوو بێبەریکردن لە کاتی یاری یان سەرکۆنەکردن). دەرکەوت کە خوێندکارانی ئەو قوتابخانەیەی کە تێیدا سزادان ڕەچاو دەکرا ئەگەری زۆرتر بوو کە درۆزنی کاریگەریان لێ دەرچێت.
منداڵانی ئەو بنەماڵەیانەش کە تەرکیزێکی زۆر دەخەنە سەر ڕەچاوکردنی یاسا وشک و برینەکان لەجیاتی گفتووگۆی کراوە، درۆی زۆرتر دەکەن.
دووهەم، بۆ منداڵەکەت چیرۆک و بەسەرهات سەبارەت بە سۆز و ئەخلاق بگێڕەوە. ئەم “ڕاهێنانی هەست و سۆزە” یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ تێگەیشتن لەوەی کە درۆکان چ کاتێک زۆرترین زیانیان هەیە، چۆن کاریگەری لەسەر کەسانی دیکە دادەنێن و خۆیان لەوانەیە چ هەستێکیان هەبێت کاتێک درۆ دەکەن. منداڵان بەردەوام زیاتر چاوەڕێی شانازی دەکەن بۆ وتنی ڕاستییەکان، باوانەکانیش دەتوانن تەرکیز بکەنە سەر ئەم لایەنە ئەرێنییانەی ڕاستبێژی.
سێهەم، دڵنیا ببەوە کە درۆکە بەڕاست درۆیە. منداڵە زۆر بچووکەکان ئاساییە کە ژیانی ڕاستی لەگەڵ خەیاڵدا ئاوێتە بکەن، کەچی منداڵە گەورەترەکان و پێگەیشتووان زۆر جار دەمەقاڵێکان بە شێوازێکی جیاواز لەیەکتر بەیادا دەهێننەوە. ئەگەر منداڵێک باس لەوە بکات کە لێی دراوە یاخود گێچەڵی سێکسیی کراوەتە سەر، ئەم تاوانبارکردنانە هەمیشە پێویستە کە لێیان بکۆلرێتەوە. بە تێگەیشتن لەوەی کە ئاخۆ هەوڵێکی ئەنقەست لەئارادایە بۆ فریودان یاخود نا، باوان و مامۆستاکان دەتوانن کاردانەوەی کاریگەر بگرنە بەر.
درۆکردنی منداڵان لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە شتێکی ئاساییە.
درۆکردن لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە شتێکی ئاساییە و نیشانەیەکی گرینگە بۆ ئەوەی کە توانا مەعریفییەکانی دیکەش خەریکن پەرە دەستێنن.
ئەگەر درۆکردنەکان بەردەوام و نەبڕاوە بێت و تواناکانی منداڵەکە بۆ کردارەکانی ژیانی ڕۆژانەی تێک بدات، باشترە لەگەڵ پسپۆڕێکی دەرووندرووستی یاخود ڕاوێژکارێکی دەروونیدا ڕاوێژ بکرێت.
بەڵام لە دۆخەکانی دیکەدا، ئەوەت بیر بێت کە درۆکردن شتێکە منداڵ لە ڕێگایەوە فێری تێکەڵبوون بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت. دواجار باسکردنی خۆش و کراوە لەسەر وتنی ڕاستییەکان یارمەتیدەر دەبێت تاکوو منداڵەکە لەگەڵ گەشەکردنیدا درۆکردنەکان کەم بکاتەوە.
پەراوێز:
- (بیردۆزی زەین / theory of mind)
- (ناڕێکیی هەڵسوکەوت / Conduct disorder)
- (ناڕێکیی بەرهەڵستکار و یاخی یاخود ناڕێکیی عەکسبوون / Oppositional defiant disorder (ODD))

