زۆربەی خەڵک بەهەڵە لە خۆشەویستی تێگەیشتوون
خۆشەویستی لە کردەوەدایە.
- زۆربەی خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە ئەڤین جۆرە هەستێکی خۆنەکردە کە هەموو بیر و هۆشمان داگیر دەکات و پڕمان دەکات لە هەست و سۆز. بەڵام ئەم چەشنە دۆخە بەدەگمەن بۆ درێژخایەن بمێنێتەوە.
- ئەو کەسانەی کە بەهەڵە چاوەڕێ دەکەن ئەو هەستە بۆ درێژخایەن بمێنێتەوە، لەوانەیە بکەونە گومانەوە لەوەی کە ئاخۆ هێشتا ئەڤینەکەیان ماوە یان نا و بەم جۆرە لە پەیوەندییە تەندرووستەکان لا بدەن.
- زۆر بەرهەمدارتر دەبێت ئەگەر وا بیر لە خۆشەویستی بکرێتەوە وەکوو هەستێکی ڕاستەقینە و تایبەتی و گەرم و گوڕ کە ڕێگا خۆش دەکەن بۆ ئەو کردارانەی کە سوود و پاڵپشتییان تێدایە بۆ هاوبەشەکە.
کاتێک خەڵکی باسی خۆشەویستی دەکەن، زۆربەی جار مەبەستیان ئەو هەستە چڕ و خۆنەکردەیە کە تێی دەکەون و ناوی دەنێن خۆشەویستی. ئەمە ئەو جۆرە خۆشەویستییەیە کە لە فلیمەکاندا دەیبینیت، لە گۆرانییە سۆزدارییەکاندا گوێت لێ دەبێت و لە ڕۆمانە ڕۆمانسییەکاندا دەربارەی دەخوێنیتەوە. لەو چەشنەیە کە هەستێکی خۆش دەخاتە دڵتەوە، وا دەکات دڵت خێراتر لێ بدات و هەموو بیر و هزرت داگیر دەکات. دەتوانیت بە سەعات لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا قسە بکەیت و هیچ هەست بە تێپەڕینی کات نەکەیت.
ئەمە ئەو چەشنە خۆشەویستییەیە کە هەندێک لە دەروونناسان پێی دەڵێن (شەیدایی / limerence) و هەموومان فێر بووین کە چاوەڕێی ئەم جۆرە خۆشەویستییە بکەین. فێریان کردووین کە بە کەمتر ڕازی نەبین.
دڵخۆشییەک لە ئەم جۆرە “کەوتنە” خۆشەویستییەدا هەیە بەڵام زۆر زیادەڕۆیی کراوە لە ڕەچاوکردنی وەکوو شێوازێکی خۆشەویستی کە گەشەبکات و بمێنێتەوە. زۆربەی چیرۆکە خۆشەویستییەکان باس لەو ڕاستییە ناکەن کە زۆربەمان دەیزانین یاخود دواتر فێری دەبین: ئەم هەستە چڕانە هەتاهەتایی نین. هەر واش چاکە! چونکە بە ئاستەم تەنانەت لێواری ئەو شتە ببڕن کە لە خۆشەویستیدا گرینگە.
کاتێک بۆ یەکەم جار کەسێ دەناسیت هەموو شتێک لات نوێ و ورووژێنەرە. هەر دووکتان هەوڵ دەدەن ئەوی دی سەرسام بکەن. بەڵام نوێبوون و جیاوازی دەست دەکات بە کاڵبوونەوە. جار دوای جار زۆرتر چاوت بە ئەو ناتەواوییانە دەکەوێت کە پێشتر نەتدەبینین، تاکوو دواجار تێدەگەیت ئەو پاڵەوانە قۆزە بەهێزەی لە خەیاڵتدا درووست بووبوو هەر کوڕی گوندەکەی خۆتانە یاخود ئەو زوڵێخا چاو ڕەشەی شێت و شەیدای بووبوویت هەر کچی جیرانە دووکاندارەکەتانە. بێگومان ئەمە سەبارەت بە تۆش ڕاستە و کاتێک تێدەگەیت کە لەو بەرزایی و شکۆ شاهانەیەی پێشترەوە بەردەبیتەوە.
کاتێک ئەمە ڕوو دەدات زۆربەی خەڵک هەست دەکەن ئەو کەسەی پێشتر ستایشیان دەکرد ئێستا لەبەرچاویان کەوتووە. ئەو ورووژان و هەستە سەیرەی جاران ئێستا ئاسایی بۆتەوە. هاوبەشەکەت لەوانەیە هێشتا هەر کەسەکەی جاران بێت بەڵام هەستەکان چیتر وەکوو جاران نین. لە ئەنجامدا، وردە وردە ئەو پرسەت لا درووست دەبێت ئاخۆ شتێک هەڵە بووە؟ لەوانەیە هۆکاری ئەوەی کە هەستەکان وەکوو جاران نین ئەوە بێت کە پەیوەندییەکە چیتر تین و هێزی تێدا نەماوە. ئاڕاستەی نیگاکان دەگۆڕێت و مەترسیی جیابوونەوە دەستپێ دەکات.
گیرۆدەبوون بە هەستێکی تایبەت و خۆگرێدان پێیەوە، هەر بەقەد هەڵاتن لەو هەستە ژەهراوی و زیانبەخشە. هەستەکان یارمەتیدەرن بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەو شتانەی کە ڕوو دەدەن، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە پێویستیان بە گۆڕانە.
وەکوو گوێگرتنە لە ڕادیۆیەکی ئێف ئێم. هۆکاری ئەوەی کە دەتوانیت گۆرانییەکان ببیستیت یاخود گوێت لە هەواڵەکان بێت ئەوەیە کە لەرەلەرەکانی سیگناڵەکە دەگۆڕن. ئەگەر ئەم گۆڕانەی سیگناڵەکە بوەستێنیت، ئەوەی گوێت لێ بێت فیکەفیکە و هیچی تر. ئەم بابەتە بۆ هەستەکانیش ڕاستە. بۆ ئەوەی کە ئیش بکەن پێویستە بە شێوازێک بگۆڕن کە پێی بزانیت. هەستەکان وا دەکەن بزانیت کە ئێستا چییە و چۆن ڕابردووت لە ئێستادا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمەش وا دەکات باشتر تێبگەیت لەوەی کە لە ئێستا و لەم دۆخەدا دەبێت چی بکەیت بۆ گەشەپێدانی ئەو جۆرە ژیانەی کە دەتەوێت.
کاتێک خۆشەویستی بەتەواوی وەکوو هەست و سۆزێک پێناسە دەکرێت، واتای ئەوەی کە: پێدەچێت خۆشەویستی بەجێمان بێڵێت. پێدەچێت پێویست بکات هەڵبێین یاخود چنگی لێ گیر بکەین، بەڵام ڕاستییەکەی ژیان داوامان لێ دەکات سەرنج بدەین و فێر ببین.
ئەگەرچی خۆشەویستییەکی ڕۆمانسی زۆربەی جار لە سۆزێکەوە دەستپێ دەکات، بەلام دەکرێت بگۆڕێت بۆ شتێکی ڕاستەقینە و تایبەت. شتێکی پڕماناتر و هەروەها قایلکەرتر. هەرچەند ئەمە بەس بە تێپەرینی کات دەکرێت ڕوو بدات، پاش قۆناغی مانگی هەنگوین، کاتێک ئەو دوو کەسە ئیدی وردە وردە دەست دەکەن بە دیتنی ڕاستیی بەرانبەرەکەیان بە هەموو هەڵە و ناتەواوییەکانییەوە.
بۆ گەیشتن بەم خاڵە دەبێت پێناسەکەت بۆ خۆشەویستی بگۆڕیت. ئەگەرچی زۆربەی جار وەکوو هەستێکی گەرم و گوڕ بیر لە خۆشەویستی دەکەینەوە، زۆر بەسوودتر دەبێت ئەگەر وەکوو شتێک بیر لە خۆشەویستی بکەیتەوە کە ئەنجامی دەدەیت و پەیوەستە بەو شتەوە کە هەڵتبژاردووە کە لەلات بەنرخ و ئازیز بێت.
بۆ نموونە لەوانەیە لەگەڵ هاوژینەکەتدا دەمەقاڵێیەکتان هەبێت و دواجار دەست بکەیتە هاوارکردن و تەنانەت ماڵەکە بەجێ بێڵیت. لەوانەیە بکرێت بڵێین لەم ساتانەدا دۆزینەوەی هەستکردن بە خۆشەویستی زەحمەتە. بەڵام کردەوەی خۆشەویستی هەمیشە بەردەستە. هەمیشە دەتوانیت بڕیار بدەیت کە بە خۆشەویستییەوە بجووڵێیتەوە. لەم نموونەیەدا دەشێت هەست بە تووڕەیی و وەڕزبوون بکەیت، کەچی دیسان بە میهرەبانییەوە قسە لەگەڵ هاوژینەکەتدا بکەیت. دەکرێت پێی بڵێیت کە “تووڕەیت بەڵام بەوەشەوە دەتەوێت پێکەوە گرفتەکە چارەسەر بکەن.”
ئەمە شتێکی ئاسان نییە و هەندێک جاریش نەکردە دەنوێنێت. ئەوەی لەم هەنگاوەدا هەرە گرینگە ئەوەیە کە بزانیت خۆشویستن لای تۆ مانای چی و چۆن دەتوانیت بە هەڵسووکەوتەکانت دەری بخەیت. دەشێت بە مانای زەردەخەنەیەک بێت دەیگریتە هاوژینەکەت. دەشێت بە مانای گوێگرتن بێت لێی لە پاش ڕۆژێکی پڕ لە ئیش و سترێس. هەروەها دەشێت بە مانای دانانی سنووری تەندرووست بێت، چونکە ئەگەر خۆتت خۆش نەوێت ناتوانیت کەسێکی دیکەشت بەڕاست خۆش بوێت.
خۆشەویستی لە شێوازی جۆراوجۆردا دەبێت و تۆش دەتوانیت لە ڕێگای کردەوەکانتەوە دەری بخەیت.
پاش هەڵبژاردنی خۆشەویستی و ڕەچاوکردنی هەڵسوکەوتی سۆزدارانە دەتوانیت سەرنج بدەیت بزانیت ئاخۆ چی شتێک یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە لێک نێزیکتر ببنەوە، چی ژیانتان دەگەشێنێتەوە و چی ئەوە ناکات. ئینجا هەست و سۆزەکانی خۆشەویستی دەتوانن ئەوە بکەن کە دەبێت بیکەن: ئەوەی کە یارمەتیت بدەن ببیت بە کەسێکی باشتر و بە ڕێگایەکی تەندرووست گیرۆدەی کەسێکی دیکە بیت.
دەشێت سەرسام بیت لەوەی پێی دەگەیت کاتێک هەڵبژاردن و کردارە سۆزدارانەکانت لەپێناوی خۆشەویستی خۆیدا دەبن. لەوانەیە تۆزێک پارادۆکسی تێدا بێت، بەڵام دەشێت تێبگەیت کە لە ڕاستیدا هەستی خۆشەویستی زۆرتر کاتێک دەردەکەوێت کە خۆشویستنی هاوبەشەکەت بە هەڵبژاردن بێت، نەک لەبەر ئەو شتانەی کە دەکرێت بەدەستیان بێنیت، بەڵکوو لەبەر ئەو شتانەی کە دەکرێت بیانبەخشیت.

