دواجار هەر دەگەڕێینەوە بۆ لای کتێبەکان
ڕۆژێک دێت لە شاشەی مۆبایلەکان ماندوو دەبین و دەگەڕێینەوە بۆ لای کتێبەکانمان
لە هەموو دونیادا کەسانێک هەن کە خوێندەوارییان هەیە و دەتوانن بخوێننەوە بەڵام لەپاش قوتابخانە ساڵانێکی زۆر تەنانەت کتێبێکیش ناخوێننەوە. هۆکارەکانی لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەکرێت جیاواز بێت بەڵام بەگشتی خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی گشتگیر و هەموویش دەزانن کە هۆکارێکی سەرەکی کاڵبوونەوەی کولتووری کتێبخوێندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ سۆشیال میدیاکان و سەرقاڵبوون بە مۆبایل و خوێندنەوەی دەقی کورت کورت. وای لێ هاتووە زۆربەی خەڵک تاقەتی تەنانەت خوێندنەوەی هەواڵێکی تۆزێک دوورودرێژیان نییە و هەر دەیانەوێ هەواڵەکانیش لە یەک دوو دێڕدا بخوێننەوە. بەهەرحاڵ ئەو کەسانەش زۆرن کە دەمێکە کتێبیان نەخوێندۆتەوە یان هیچ کات کتێبێکیان تەواو نەکردووە و ئێستا دەیانەوێت دەستپێ بکەن بەڵام نازانن چۆن و لەکوێوە! لە هەر کەسێک پرسیار دەکەن ئەوانەش کتێبە دڵخوازەکانی خۆیان پێشنیاز دەکەن و مەرج نییە ئەوەی بە دڵی هاوڕێکەت بێت و چێژی لێ ببینێت بۆ تۆش هەمان شت بێت.
ئەگەر لە چاوداچەقاندنە سەر شاشەی مۆبایلەکەت وەڕز بوویت و دەتەوێت پشوویەک بە چاوت بدەیت و هەندێک مێشک و خەیاڵت بحەسێتەوە بە دیتنی وشەکان لەسەر کاغەز، دەتوانیت ئەم چەند شتە بەرچاو بگریت تاکوو نەریتی خوێندنەوە بکەیت بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەت.
هەیە بەڕاست لە تەمەنیدا خوێندنەوەی کتێبێکی جیا لە کتێبەکانی قوتابخانەی ئەزموون نەکردووە، ئەوەی کە کتێبێک لە سەرەتاوە تا کۆتایی بخوێنیتەوە چ هەستێکی هەیە! ئەمەش شتێکی سەیر نییە! کاتێک لە شتێک داببڕێیت ئەگەری زۆرە ماوەیەکی زۆر لەو ئیشە دوور بکەویتەوە.
کتێب تەنها چیرۆک و ڕۆمان نییە
مەرج نییە خوێندنەوە بەس ڕۆمان بێت، دەتوانیت کتێبە فیکرییەکان، زانستییەکان، مێژوو، ئایینی یان هەر مژارێکی دڵخوازی خۆت بخوێنیتەوە. پێش هەموو شتێک ئەوەت بیر نەچێت کە ئەگەر دەمێکە نەتخوێندووەتەوە یان یەکەم جارە دەتەوێت کتێبێک بخوێنیتەوە، کتێبی قورس هەڵمەگرە. ناکرێت بۆ یەکەم جار کتێبێکی 800 لاپەڕەیی دەستپێ بکەیت. ئەوەیان قورس و ماندووکەر دەبێت. کتێبخوێندنەوە پێویستی بە ئاستێکی بەرچاو سەرنج و تەرکیز هەیە و ئەمەش وردەوردە فێری دەبیت. هەروەکوو چۆن ئەگەر ماوەیەکی زۆر لە ڕاهێنان دوور بیت یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوە ناکرێت بە وەرزشێکی قورسەوە دەستپێ بکەیت چونکە ماسوولکەکانت ئامادە نین. کتێبخوێندنەوەش هەر وایە. دەبێت بە شتێکی سووکەوە دەستپێ بکەیت؛ بۆ نموونە لە کورتەچیرۆک یان ڕۆمانی کورت.
بۆ دۆزینەوەی حەزەکانت مەرج نییە ژمارەیەک کتێب بخوێنیتەوە، دەتوانیت سەرنج بدەیت بزانیت بۆ نموونە چی فیلمێکت پێ خۆشە و بۆ کتێبی هاوشێوەی ئەو فیلمانە بگەڕێیت. ئەگەر کتێبی وەرگێڕانت بوێت خۆ زۆربەی فلیمەکان لەسەر ڕۆمانەکان درووست دەکرێن و دەتوانیت ئەو کتێبانە بخوێنیتەوە کە فلیمەکەیت بینیوە یان کتێبێکی دیکەی هەمان نووسەری ئەو کتێبانە بدۆزیتەوە کە وەرگێڕدرابن بۆ کوردی. بۆ خوێندنەوەی بەرهەمە کوردییەکانیش دەتوانیت سەرەتا دیمانە و وتار یان بەرهەمە کورتەکانیان سەیر بکەیت و بزانیت کامە نووسەر زۆرتر سەرنجت ڕادەکێشێت.
هۆکاری دوورکەوتنەوەت لە کتێب بدۆزەوە
ئەگەر ماوەیەکی زۆرە کتێبت نەخوێندۆتەوە سەیر بکە بزانە چی هۆکار بووە! لەوانەیە ئەوەی کە لە قوتابخانە بەناچاری خوێندووتەتەوە یان بۆ مەبەستی دەرەجە بووە و ئەم شتانە وایکردبێت حەزت لە خوێندنەوە نەبێت یان تەنانت ڕقت لێی بێتەوە! بەڵام مەرج نییە کتێبخوێندنەوە هەمووی زانستی بێت. بۆ هەموو کەسێک و هەموو حەزێک کتێب هەیە و ژمارەی ئەو کتێبانەش کە وەردەگێڕدرێن بۆ کوردی یەکجار زۆرە و گرفتێکت بۆ دۆزینەوەی کتێبی دڵخواز نابێت. هەر ئەوەندەی یەک دوو کتێبت خوێندەوە ئیدی بێ ئەوەی ئەزیەت بیت خۆت کتێبەکان دەبینیتەوە و زۆر ئاسان کتێبی دواتر هەڵدەبژێریت. خۆتیش لە بەس یەک بواردا قەتیس مەکە، لەوانەیە مژارێک هەبێت پاش تاقیکردنەوە و خوێندنەوەی بزانیت کە چەندە پێی کەیفخۆیشیت و سەرسام بیت کە چەند توانیویە ڕوانینت بۆ جیهان بگۆڕێت.
سەرەتا زۆرتر کتێبی نووسەرەکانی خۆمان بخوێنەوە
باشترە ئەگەر تازە دەست دەکەیت بە خوێندنەوە لە نووسەرەکانی خۆمانەوە دەستپێ بکەیت. کاتێک بۆ نموونە ئەگەر ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە جیهانی ڕۆمانەکە جیهانێکی کوردییە، کەلتووری خۆمانە و کەسایەتییەکان ژیانی خۆمان دەژین، خێراتر و زۆرتر تێکەڵی کتێبخوێندنەوە دەبیت و ئاساییە کە چێژیشی زیاترە. دواتر دەتوانیت بەرهەمی نووسەرە جیهانییەکانیش بخوێنیتەوە. قەتیش پێت وا نەبێت کە نووسەرە بییانییەکان لە نووسەرەکانی خۆمان باشترن. ئەوەیان خۆبەکەمزانینی کورد نەبێت هیچی تر نییە. ئەگەر نووسەر و شاعیرەکانمان وەکوو پێویست لە جیهاندا ناسراو نین، بەمانای بەهێزنەبوونی بەرهەمەکانیان نییە، هۆکارەکەی بەس سیاسی و نەبوونی دەوڵەتە و هیچی تر. بەکورتی بۆ دەستپێک لە کتێبی نووسەرەکانی خۆمانەوە دەستپێ بکە و دواتر نووسەرە جیهانییەکان.
زەقترین جیاوازی نێوان شاشەی مۆبایل و کاغەزی کتێبەکان ئەوەیە پاش مۆبایل هەست بە بێتاقەتی و وەڕزی و بێوزەیی دەکەیت کەچی پاش تەواوبوونی کتێبێک هەست بە وزە و دڵخۆشی و ورەیەکی بەرز دەکەیت. مۆبایل وزەت لێ دەبڕێت بەڵام کتێب وزەت پێ دەبەخشێت.
لەوانەیە تا ئێستا چەندین جار دەستت کردبێت بە کتێبخوێندنەوە و پاش خوێندنەوەی یەکەم کتێب تەرکت کردبێت و تا ماوەیەکی زۆر کتێبێکی دیکەت دەست پێ نەکردبێت! بەم جۆرە دیسان دەبێت پرۆسەی دەستپێکردنەوەکە سەرلەنوێ دەستپێ بکەیتەوە! ئەمەش ڕێک وەکوو ئەوەیە چوار ڕۆژ وەرزش بکەیت و لێ گەڕێیت و چەندین مانگ هیچ ڕاهێنانێک نەکەیت! دواتر ئیشت دەبێتە یەکسەر سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە! بۆیە ئەگەر لەم دابڕانە یەک لە دوای یەکانە وەرز بوویت پێویستە بەیەکجاری خوێندنەوە بکەیت بە عادەتێکی هەمیشەییی ژیانت تاکوو بەردەوام سوود لە لایەنە ئەرێنییەکانی وەربگریت.
چۆن کتێبخوێندنەوە بکەیت بە عادەت؟
ئەوەی کە شتێک بکەیت بە عادەت زۆریش زەحمەت نییە! هەر ئەوەندەی چەند ڕۆژ لەسەر یەک شتێک بکەیت ئیدی دەبێت بە بەشێکی ڕۆتینی ژیانی رۆژانەت. ئەوەندە وتراوە کە کتێبخوێندنەوە عادەتێکی باشە بەجۆرێک باسەکە وەختە لەوس ببێت! هەموو دەزانن کە کتێبخوێندنەوە باشە! نیشانەیەکی سەقافەتە! بەڵام کەم کەس ڕەچاوی بکەن. بەگشتی لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە هەندێک کەس خۆیان لە قەرەی کتێب نادەن ئەوە بێت کە هەندێک تاقەت و وزەی دەوێت. بۆ نموونە لەگەڵ گەڕان بەنێو سۆشیال میدیا یان سەیرکردنی فیلمدا بەراوردی بکەیت، ئەوەی سۆشیال میدیا پەنجەیەکی دەوێت لاپەڕەکانی پێ بان و خوار بکەیت و ئەوەی فیلمیش پاڵی لێ دەدەیتەوە و سەیر دەکەیت! بەڵام کتێب پرۆسە زەینییەکانی زۆرترە؛ دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت، پرسیارت لا درووست دەبێت و بیر دەکەیتەوە. کەواتە ئاساییە کە تین و وزەیەکی زۆرتری پێویست بێت. بەهەرحاڵ مەرج نییە بە کتێبی قورسەوە دەستپێ بکەیت. بۆ ئەوەش کە ببێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەت وەکوو هەموو ئیشێک وردەوردە دەستپێ بکە. سەرەتا دەتوانیت ئاستێک لە خوێندنەوە بۆ خۆت دەستنیشان بکەیت، بۆ نموونە بەپێی کات یاخود لاپەڕە. بەپێی شێوەژیانت بۆ نموونە بڵێی کە ڕۆژێک دەبێت نیو سەعات بۆ سەعاتێک بخوێنمەوە! یاخود بیست بۆ سی لاپەڕە. پاشان هەموو ڕۆژێک ئەمە بکەیت. پاش چەند ڕۆژێک ئەوها دەبێت بە عادەت بۆت کە ئەگەر نەخوێنیتەوە هەست دەکەیت ئەو ڕۆژە شتێکت ون کردووە!
کتێبێکت گرت بە دەستەوە وەکوو کۆیەک سەیری مەکە، دابەشی بکە بۆ بەش و لاپەڕەکان، ئیدی شتەکە بە ئاسانتر وەردەگریت. هەڵبەت ئەمە بۆ هەموو چەشنە کتێبێک ناکرێت، هەندێک کتێب ئەوەندە ناوەڕۆکەکەیان قووڵە کە پێویستی بە کات و وردبوونەوە و تێفکرینی زۆرە بۆ تێگەیشتن لە باسەکانی، بۆ نموونە ناکرێت بڵێیت ئیلا دەبێت هەموو ڕۆژێک بیست لاپەڕە لەم کتێبە فەلسەفییە بخوێنمەوە! بۆیە بۆ کتێبە فیکرییەکان باشترە لەسەرخۆ بیت و کاتی پێویستی بۆ دابنێیت! هەڵبەت ئەم کات و لاپەڕە دەستنیشانکردنانە بۆ درووستبوونی عادەتەکەیە ئەگینا دواتر کە دەستت کرد بە خوێندنەوەی زۆرتر هەر ناتوانیت گوێ بەو شتانە بدەیت، ئەوەندە تێکەڵی خوێندنەوەکە دەبیت کە بیشتەوێ ناتوانیت کتێبەکە لابەیت.
لەوانەیە بەهۆی بارودۆخی ژیان و ئیش و ئەم شتانە، دەرفەتی زۆرت نەبێت بۆ خوێندنەوە، کێشە نییە هەر دەتوانیت لەنێوان ئیشەکانی دیکەدا کاتی بۆ بدۆزیتەوە، مەرج نییە هەموو ڕۆژێک حەتم سەعاتێک بخوێنیتەوە. تەنانەت لەسەر مۆبایلەکەتیش دەتوانیت بخوێنیتەوە کە لە هەموو شوێنێکدا بەردەستە.
لە ماڵەوە هەوڵ بدە لەو شوێنانە کە زۆر دادەنیشیت کتێب دابنێیت، ئیدی دەبینیت لە خۆتەوە بێتاقەت دانیشتوویت و دەست دەبەیت و کتێبەکە دەکەیتەوە و دەکەویتە خوێندنەوە. بۆ خوێندنەوە جیدییەکانیش باشترە لە شوێنێکی تایبەت بێت کە ئارام بێت و ئەو شتانەی کە سەرنجت دەڕەوێننەوە لەوێ نەبن، تەلەفیزیۆن و مۆبایل و ئەم شتانەی لێ نەبێت کە یەکسەر چاوێکت لەسەر ئەوە بێت ئاخۆ کەس ماسیجی نەهەناردووە! ئەمەش سوودێکی دیکەی هەیە، کاتێک لە یەک شوێن دەخوێنیتەوە، پاش ماوەیەک کە لەو شوێنە دادەنیشیت خۆبەخۆ هەست دەکەیت کە دەبێت کتێب بخوێنیتەوە. بەجۆرێک شوێنەکە و کردارەکە پێکەوە گرێدەدرێن.

