هاوڕێتی ماوەی بەسەرچوونی هەیە؟
هاوڕێتی لێهاتووییەکە بەدرێژاییی ژیان و ئەزموونەکانت لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا فێری دەبیت. زۆربەی جار وەکوو شتێکی پیرۆز سەیر دەکرێت! زۆر کەس شانازی بە هاوڕێیەکیانەوە دەکەن و دەڵێن ئەوەندە ساڵە هاوڕێین! یان هەر لە منداڵییەوە هاوڕێین و تا ئێستاش پەیوەندیمان وەکوو خۆی ماوەتەوە! لەوانەیە هەندێک جار پەیوەندییەکە و هاوڕێتییەکە تەندرووست بێت بەڵام ئەستەمە دوو کەس ئەگەر بۆ ماوەیەک لێکداببڕێن و بە ئاڕاستەی جیاوازدا بچن، دواتر بتوانن هەر هاوڕێکەی جاران بن. مرۆڤ دەگۆڕێت، ئەزموون کۆ دەکاتەوە و بە ئاڕاستەی جیاوازدا دەڕوات! بۆیە پاش چەند ساڵ ئەگەر هاوڕێیەکت، چەندە هاوڕێتیشتان قووڵ بووبێت، نەبینیت و شێوەژیانتان بە ئاڕاستەی جیاوازدا بڕوات، کاتێک یەکدی دەبیننەوە هەرچەند چاوەڕێی مرۆڤەکەی جاران لەیەکدی دەکەن بەڵام بەس بە ناو و بە یادەوەری دوو کەسەکەی جارانن، لەوە بترازێت زۆر بەیەک نامۆ دەبن و مەگەر ئەوەی بنیاتی هاوڕێتییەکی نوێ دابنێنەوە ئەویش ئەگەر شتێک و خاڵێکی هاوبەش هەبێت کە هۆکار و هاندەر بێت بۆ ئەوەی ئەو کات و وزەیە تەرخانی دیسان پێکهێنانەوەی پەیوەندییەکی بەسەرچوودا بکەن. بەهەرحاڵ مرۆڤ بەتەنیا ناتوانێت بژیت و هەمیشە پێویستی بە هاوڕێیە بەڵام هاوڕێتییەک کە لایەنە ئەرێنییەکانی بەسەر نەرێنییەکانیدا بشکێتەوە، کوردواتەنی پێخاوسی باشە لە پێڵاوی تەنگ. بۆیە ئەگەر هیچ هاوڕێت نەبێت باشترە لەوەی هەندێک کەس لە دەوری خۆت کۆ بکەیتەوە کە تووشی سترێس و خۆبەکەمزانیت بکەن و هەستێکی نەرێنیت بەرامبەر خۆت تێدا سەوز بکەن.
ئەمەش بخوێنەوە: وازهێنان لەو پەیوەندییانەی کە تووشی سترێست دەکەن
هەڵەیەکی گەورەیە درێژە بە هاوڕێتی لەگەڵ کەسێکدا بدەیت بەس لەبەر ئەوەی کە ئەو نەبێت هاوڕێی ترت نییە! لەوانەیە هەموو کەسێک لە قۆناغێک لە ژیانیدا ئەمەی ئەزموون کردبێت کە لە بێکەسی و بێهاوڕێتی کەسێک بکات بە هاوڕێی خۆی کە وەکوو پێویست خاڵی هاوبەشیان نییە و لەگەڵیشیدا هەست بە ئاسوودەیی ناکات. تەواوکردنی هاوڕێتییەک لە کاتی خۆیدا هەندێک ئازایەتی و چاونەترسی دەوێت بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئاخۆ بەتەنها دەمێنیتەوە یاخود نا! دواجار پەیوەندییەکی شەقوشڕی لەو جۆرە هەر ئێستا دوایی پێ بێنیت باشترە تاکوو لایەنە نەرێنییەکانی بەردەوام لەسەر یەک کەڵەکە بن و دواڕۆژیش بە شەڕ و ناحەزییەکی زۆرەوە کۆتایی پێ بێت. بۆیە باشترە ئەگەر پەیوەندییەک بنەمای پێویستی بۆ گەشەکردنێکی دوولایەنە تێدا نەبێت هەر ئێستا بەری پێ بگیرێت.
هەندێک پەیوەندی و هاوڕێتی بەجۆرێک سەپێندراون؛ وەکوو هاوڕێکانی سەردەمی منداڵی کە هەر زارۆکەکانی دەرودراوسێ یان ئەوانەی نێو خزم و کەسن. پاش گەورەبوونیش هەرچەنیش شێوەژیان و بیرکردنەوەتان لێک دوور بێت ناکرێت بەتەواوی لێک داببڕێن. هیچ نەبێت جاربەجار لە میوانییەکاندا یەکدی دەبیننەوە و سەیر دەکەیت تەنانەت باسێک نییە بتوانن لەسەری پێکەوە قسە بکەن و هیچ لە جیهان و ژیانی یەکدی تێناگەن! ئیدی ڕێک ئەو قسەیە دووپات دەبێتەوە کە “خۆزگەم بە منداڵی! یادی بەخێر ئەو ڕۆژانە!” و ئەم شتانە. ئەم جۆرە پەیوەندییانە ناچار دەبیت هەر لە ئاستی یەکدیبینینی نێو کۆبوونەوەکان و میوانییەکاندا ڕایبگریت و ئەگەر بێت و لەوە زیاتری بکەیتەوە زۆربەی جار تووشی پەیوەندییەکی پڕ لە سترێس و هەستی ناخۆش دەبیت و هەر دوو لا تێیدا ئەزیەت دەبن. بۆیە باشترە وریا بیت و بە زۆر هەوڵ نەدەیت پەیوەندییەک زیندوو بکەیتەوە کە دەمێکە کۆتایی هاتووە.
جارێکیان جەماعەتێک هاوڕێ بووین و هاوڕێتییەکی باشمان هەبوو و پەیوەندییەکەش بەسوود بوو بۆ هەموو لایەنێک. پاش ماوەیەک هەستم دەکرد چیتر بەرەوپێشچوونێکی تێدا نییە و بەس خۆدووبارەکردنەوەیە، تەنانەت باسی نوێ و فیکری نوێ و ڕوانینی نوێشی تێدا نییە. واتە بەس کاتبەسەربردن بوو بەبێ ئەوەی تەنانەت شتێکی ئەوتۆ لەیەکترەوە فێر ببین. تاقەتیم نەمابوو و هەستم دەکرد ئەگەر بەزۆر درێژە بەم هاوڕێتییە بدەم دواجار هەر دەبێتە دڵێشان و لێکڕەنجان. بۆیە پەیوەندییەکەم کەم کردەوە و دواجار بەتەواوی لێیان دوور کەوتمەوە. جارێکیان بەڕێکەوت لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکان یەکدیمان بینییەوە و پرسیاری هۆکاری نەمانمی کرد و منیش ڕاستییەکەم وت کە هاوڕێتییەکەمان ماوەی بەسەر چووبوو. زۆری پێ گران بوو و وتی هاوڕێتی قەت ماوەی بەسەر ناچێت! پێموا هەموو کەسێک وا ئەفسانەیی لە هاوڕێتییەکان و پەیوەندییەکان دەڕوانێت و لە سەرەتا و نێوانی پەیوەندییەکانیدا ئاوا بۆچوونێکی لەسەر ئەو پەیوەندییانە هەیە! کە هەرچەند زۆر جوان و خاوێن دەنوێنێت بەڵام خۆی سەرچاوەی کێشە و گرفتێکی بنەڕەتییە. تۆ ئەگەر پەیوەندییەکان بە شتێکی هەمیشەیی دابنێیت و بڕوات وابێت کە ماوەی بەسەر ناچێت واتە چیتر ترسی لاوازبوون و تەنانەت تێکچوونی ئەو پەیوەندییانەت نییە، ئیدی هەوڵێکی ئەوتۆ و ئەرکێکی ئەوتۆش ناکێشیت بۆ گەشەکردن و بەردەوامبوونی! بەڵام بەپێچەوانەوە کاتێک سەیری ئەو ڕاستییە دەکەیت کە هیچ شتێک نەگۆڕ و هەمیشەیی نییە، بە مرۆڤ و پەیوەندییەکانیشییەوە، ئیدی ئەگەر پەیوەندییەک – لە هەر چەشنێک بێت – بەلاتەوە گرینگ بێت، بەردەوام ئەرکی تێدا دەکێشیت تاکوو بە زیندوویی بمێنێتەوە. ئەمەش بە تاکلایەنە ناکرێت و دوولایەنی پەیوەندییەکە دەبێت لەسەری بەردەوام بن. هەندێک جار هەیە بەزۆر بەس خۆت پەیوەندییەک ڕادەگریت و هێزێکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆت، ئەو پەیوەندییە جگە لەوەی وزەت لێ ببڕێت هیچی بۆت نییە! بۆیە هەرچی زووتر کۆتایی پێ بێنیت باشترە. کات بەنرخترین شتی ئەم ژیانەیە، ناکرێت کاتی خۆت بۆ کەسێک و بۆ پەیوەندییەک بە فیڕۆ بدەیت کە هیچی لێ شین نابێت یان بەقەد ئەوەی کە دەیبەخشیت وەرنەگریتەوە. هەندێکجاریش پەیوەندییەکان دەگەنە ئاستێک کە چیتر هیچت پێ ناکرێت؛ ژیان گۆڕاوە، تۆ گۆڕاویت، هاوڕێکانت گۆڕاون! لەم ساتانەدا باشترە لەبەر ڕێزگرتن لە هاوڕێتییەکی کۆن و لە پێناوی ئەو سەردەمانەی پێکەوە خۆش بوون، وازی لێ بێنیت با پەیوەندییەکە بەبێ گرژی و لێکڕەنجان دوایی بێت. کێشە چییە با ئەگەر پێویستی کرد هەندێک هاوڕێی نێزیکی کۆن ببن بە هاوڕێیەکی سادە بەجۆرێک کە ئەوپەڕی جاربەجار و بەڕێکەوت هەواڵی یەکدی بزانن و هەر ئەوەندە.
کۆتاییهێنان بە هاوڕێتییەک کە تێیدا ئەزیەت دەبیت نە خیانەتە نە تاوان.
ئەگەر پەیوەندییەک ئەزیەتت دەدات، بووە بە پەیوەندییەکی سترێساوی و ئازارەکانی لە ئارامییەکانی زۆرترە، مافی خۆتە لەو پەیوەندییە دوور بکەویتەوە! لەوانەیە هەڵەی کەسیش نەبێت و بەس دۆخی دەروونیی خۆت بەجۆرێک بێت چیتر نەتوانیت درێژە بەو پەیوەندییە بدەیت، لە دۆخی وادا خۆت مەبەستەوە بە پەیوەندییەکەوە کە هەستی نەرێنی و ناخۆشت تێدا سەوز دەکات، ئەمەش لە پێناوی ڕێزگرتن لە خۆت و هەروەها لایەنی بەرامبەری پەیوەندییەکەش. هاوڕێتییەک کە ماوەی بەسەر چووبێت، یان تێکچووبێت، بە هەر هۆکارێک کە لەوانەشە هەڵەی کەسی تێدا نەبێت و بەس ڕەوتی سرووشتیی ژیان کاری تێ کردبێت، ئەگەر چارە نەکرێت و هەر بەردەوام بێت، کۆتاییەکی ناخۆشی بەدواوە دەبێت و یادەوەریی تاڵی لێ دەکەوێتەوە و یادەوەرییەکانی هاوڕێتییە خۆشەکەش تێکدەدات.

