چی لە کۆمێنتە ناشرینەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین؟
چۆن وەڵامی کۆمێنتە نێگەتیڤەکان بدەینەوە؟
ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنیت بێگومان تووشی هەندێک کۆمێنتی نەشیاو و تەنانەت جنێو و بێڕێزی بوویت. وەک دیارە ڕۆژ بە ڕۆژیش دیاردەکە چڕتر دەبێتەوە و شەڕەجنێوەکان زۆرتر دەبنەوە. بەڵام ئاخۆ باشترین کاردانەوە بەرامبەر ئەم کۆمێنتانە چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەتا دەبێت سەرنج بدەین بە ئەکاونتەکەی خۆمان و جۆری چالاکییەکەمان و هەروەها خاوەنی کۆمێنتە نەشیاوەکان.
بۆ نموونە ئەگەر ئەکاونتەکەت بۆ ئیش و بزنسەکەت بێت یاخود نوێنەری کۆمپانییەک بیت لە سۆشیال میدیایەکدا، وەڵامدانەوەت بۆ کۆمێنتە نەرێنییەکان جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەوەی ئەکاونتە تایبەتییەکەی خۆت. ئەگەر ئەکاونتەکەت هیی بزنسێکی خۆت یان ئەو شوێنە بێت کە ئیشیان بۆ دەکەیت، باشترە بۆ پاراستنی ناوودەنگی ئیشەکەت زۆر پشوودرێژتر بیت، شتەکە بۆ کەسەکە ڕوون بکەیتەوە و تەنانەت ئەگەر گلەیی لە خزمەتگوزارییەک هەبوو داوای لێبوردن بکەیت. مەگەر ئەوەی کە کەسەکە (ترۆڵ) بێت و ئیدی چارەیەک نابێت جگە لە بلۆککردنی. بەڵام دیاردەکە زۆرتر تووشی ئەکاونتە کەسییەکان دەبێتەوە.
(ترۆڵ)، وشەکە لە چیرۆکەکانی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا بە بوونەوەرێکی ناشرین لە شێوەی مرۆڤ دەگوترێت کە هەندێکیان زۆر زل و زەبەلاح و نەگریسن، هەندێکیشیان بچکۆلانەن بەڵام هەوڵی تەفرەدانی مرۆڤەکان دەدەن. لە جیهانی دیجیتاڵیشدا بەو کەسانە دەگوترێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەئەنقەست کۆمێنت یان مەسیج دادەنێن بۆ تووڕەکردن و زویرکردنی خەڵکی. [س: فەرهەنگی ئۆکسفۆرد]
ئەگەر ئەکاونتی تایبەتی خۆتە و لەژێر پۆستەکانتدا کەسێک کۆمێنتی نەرێنی دەکات پێش بڕیاردان لەسەر چۆن مامەڵەکردن لەگەڵیدا باشترە هەندێک شت بەرچاو بگریت. لە ئێستادا زۆر زەحمەتە خۆت لە کۆمێنتی نەشیاو لابدەیت، تۆ پۆستێکی زۆر تایبەتی لەسەر خۆت و ژیانت دابنێ، هەر ئەوەندەی کە کەوتە بەرچاوی خەڵکی ئیدی هەموو جۆرە کۆمێنتێکی بۆ دێت. تەنانەت هەندێک جار خەڵک لەژێر کۆمێنتی پۆستەکەدا پێکەوە بەشەڕ دێن و دەست دەکەنە شەڕەجنێو و بێڕێزی بەیەکدی. پۆستەکەشت هیچ کێشەی نەبێت کەسێک هەر پەیدا دەبێت ڕەخنەت لێ بگرێت و بۆ نموونە بڵێت ئەوەندە خۆت سەرقاڵی ئەم شتانە کردووە کە چیتر کاتت بۆ ژیانت نەماوە. لەم دۆخانەدا وەڵامی دەدەیتەوە شتەکە درێژ دەبێتەوە و دەبێت لەسەری بڕۆیت، وەڵامی نادەیتەوە هەست دەکەیت ئاخۆ خەڵکی چۆن بیردەکەنەوە؟! لەوانەیە بڵێن “حەتم ڕاست دەکات دەنا بۆچی خۆی لە وەڵامدانەوە دەشارێتەوە!” بەهەرحاڵ وەڵامدانەوە و شێوەی وەڵامدانەوەکە بەپێی دۆخ و ئەوەی کە کێ کۆمێنتی کردووە و مەبەستی لە کۆمێنتەکە چی بووە، دەگۆڕیت. هەندێک جار کەسێک بەس لەبەر ئەوە کۆمێنتی ناشرین دەکات کە ئێرەییت پێ دەبات. لەم دۆخانەدا باشترە ئەگەر کرا شتەکەی بۆ ڕوون بکەیتەوە بەبێ ئەوەی بیوروژێنی بۆ دانانی کۆمێنتی نەشیاوتر. هەوڵ بدە هێمن بیت و ئەگەر بریارت دا وەڵامی بدەیتەوە بە ڕێزەوە ئەوە بکەیت. جەماعەتێکیش هەن بە هیچ رازی نابن، گرینگ نییە باسەکە چی بێت ئەوان هەر لایەنی نەرێنیی شتەکان دەبینن و کۆمێنتێک دەکەن فڕی بەسەر باسەکەوە نییە یان هیچ بنەمایەکی مەنتیقی تێدا نییە تاکوو بکرێت وەڵامی بدەیتەوە. لەم دۆخانەدا ڕێگەچارەیەک نییە ئەوە نەبێت پشتگوێی بخەیت و لێگەڕێیت. زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەوەی پێت خۆش نەبوو گوێی مەدەرێ و بلۆکی بکە. بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ هەموو دۆخێک گونجاو یان پێویست بێت. هەن بەس لەبەر ئەوەی بۆ نموونە فۆلۆوەرست زۆرە، بەبێ ئەوەی بتناسن، باسی هەر شتێک بکەیت ڕقیان لێتە و دێنە کۆمێنت بۆ قسەی نەشیاو و ناشرین. کورە هەیە پۆستەکە ناخوێنێتەوە و نەک هەر ڕەخنە بگرێت، لەسەری جنێویشت دەداتێ! بۆچی؟ چونکە وێنەی سەر پۆستەکە یان سەردێڕەکەی بینیوە و بەدڵی نەبووە و تەواو! هەیە پێشوەخت بڕیاری جنێودانی داوە، حەزی لە کابرا نییە، لە حەق و ناحەق کۆمنتی نەشیاوی بۆ دەکات!
بەداخەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لە ئامانجەکەی سەرەتای دوور بۆتەوە؛ سەرەتا بەو مەبەستە داهێنران کە ببێتە ئامرازێک بۆ پەیوەندییەکی زۆرتری هاوڕێ و خزم و کەس، کەچی ئێستا بەشێکی زۆری بووە بە شەڕەجنێوی کەسی نەناسیاو و دەرووننەخۆش و شوێنێک بۆ بەتاڵکردنەوەی تووڕەییەکانی ژیانیی کەسیی مرۆڤەکان. کاتی وا هەیە ئەو کەسەی لەگەڵت بەشەڕ دێت لە شتێکی نێو ژیانی خۆی تووڕەیە کە هیچ پەیوەندیی بە تۆ یان پۆستەکەتەوە نییە! زۆربەی خەڵک بیریان دەچێت ئەو کەسەی لە سۆشیال میدیا قسەی لەگەڵ دەکەن مرۆڤێکی ڕاستەقینەیە و هەستی بریندار دەبێت! هەنیش دەبن بە خەباتگێڕی پشت کیبۆردەکان و یەکسەر شەڕ بە هەموو عالەم دەفرۆشن. سەیر کە بۆ نموونە کەسێک ڕەخنەیەک لە با بڵێین حیزبێکی کوردی یان بڕیارێکی حیزبێک دەگرێت، یان لە کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر دۆخەکان، کۆمێنتێکی بەربڵاو و بێبنەما ئەمەیە کە “دە باشە ئەی خۆت چیت کردووە بۆ کورد؟” زۆر ئاشنایە نا؟ ئەمە لەو کۆمێنتانەیە کە هیچ بنەمایەکی مەنتیقی تێدا نییە و هیچ وەڵامێکی بۆ نییە! بڵێی لە ئەمریکا کاتێک ئەو خەڵکە ڕەخنە لە بۆ نموونە لە ترەمپ دەگرن، کەسانێک بڵێن باشە ئەی خۆت چیت کردووە بۆ ئەمریکا؟ نازانم، لەوانەیە هەبێت، بێگومان شەڕەجنێو و قسەی بێمانای نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لای ئەوانیش لەوەی خۆمان زۆرتر نەبێت کەمتر نییە؛ شتەکە گرفتێکی جیهانییە.
جارێکیان لە یوتووب ڤیدیۆیەکم لەسەر مێژووی دووجەنگی (دویل) سەیر دەکرد کابرایەکی وابزانم بەریتانی کۆمنتی کردبوو “ئێستا پێویستمان بە دویل نییە هەموو خەباتگێڕی نێو تویتەرین.” بینینی ئەو کۆمنتە زۆر خۆش بوو بۆم وەکوو بڵێی چاکە تەنها نین، هەر ئێمە نین هەموو شەڕەکانمان گواستۆتەوە نێو سۆشیال میدیا! بەڵام دیسان گرفتەکە هەر لە شوێنی خۆیە و پێویستی بە چارەسەرە! جارێکیشیان لە کۆمێنتەکانی ڤیدیۆیەک سەبارەت بە شەترەنج کەسێک شتێکی نووسیبوو، کەسێکی تریش ڕەخنەی لەوە گرتبوو کە ئینگلیزییەکەی ئەم تەواو نییە و هەڵەی ڕێزمانی تێدایە. سەد بۆ دووسەد کۆمێنتیش لەژێریدا باسی ئەوەیان کردبوو کە نا ڕێزمانەکەی کێشەی نییە تۆ تێناگەی کە ئەو ئینلگیزی زمانی یەکەمی نییە چونکە خۆت بەس یەک زمان دەزانیت و ئەم قسانە! کە زۆربەیان فڕیان بەسەر باسەکەوە نەبوو! ئیتر ئەوەیە لای خۆیشمان جاروبار لەسەر وشەیەک سەد کەس بەشەڕ دێن! لەم دۆخانەدا خاوەنی پۆستەکە پێویست ناکات هیچ بکات، کەسێک یان هاوڕێیەک دێت و لەجیاتی تۆ وەڵامی کابرا دەداتەوە! تۆش سەیر دەکەیت! ڕێک ئەوەی نێو جیهانی دەرەوەیە ئاها لەگەڵ کەسێک قسەتان لێک گیر دەکات، هاوڕێکەی ئەو دێت، هاوڕێکەی تۆ دێت، دەبێتە تەپووتۆز و دەبینیت دە کەس دەبێتە دەمەقاڵەیان و تۆش لە دوورەوە سەیر دەکەیت! بەس ئەمە ڕێژەکەی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکجار زۆرترە و ئەگەر تۆزێ چالاکیت زۆر بێت هەموو ڕۆژێک ئەمە بەزمەکە دەبێت!
وەختی وا هەیە پۆستێک دەکەیت، کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەیت و کەچی کەسانێک دێن و کۆمێنتی نەشیاو دەکەن، یان لە شتەکە بەهەڵە تێگەیشتوون یان ڕوون دیارە کە پۆستەکەیان بەتەواوی نەخوێندۆتەوە. ئەمە کێشەیەکی جیهانیی ئەم سەردەمەیە! کێشەی دابەزینی ئاستی تەرکیزی مرۆڤەکان بەهۆی پەتای سەیرکردنی ڤیدیۆی کورت و خوێندنەوەی پارچە نووسینی کورت. چاویان بەر ڤیدیۆیەک بکەوێت دە پانزە دەقە زیاتر بێت زیڕە دەکەن و لای دەبەن، یان بابەتی دوورودرێژ دەیانتۆقێنیت. ڤیدیۆ بەس یەک خولەک ئەوپەری سێ خولەک و نووسینیش هەر سێ چوار دێڕ، لەوە زیاتر یان تاقەتی خوێندنەوەیان نییە، یان هەست دەکەن کاتیان نییە بۆ خوێندنەوەی! جا ئەمەی دووهەمیان هەندێک جار ناکۆکییەکی گەورەی تێدایە، کابرا هەست دەکات کاتی نییە یان کاتی بەفیڕۆ دەچێت ئەگەر نووسینێکی درێژ بخوێنێتەوە! کەچی دوو ئەوەندەی ئەو کاتە سەرقاڵی شەڕەقسە و دەمەقاڵە دەبێت لەسەر هەر هەمان پۆست کە تاقەتی نەبووە هەمووی بخوێنیتەوە و دەستبەجێ پاش دوو سێ دێڕی سەرەتا دەستی کردووە بە کۆمێنتکردن! سەیرترین نموونەیەک کە تا ئێستا بینیبێتم ئەوە بوو لە ژێر پۆستێکی فەیسبووکدا کەسێک لەوەی تێپەڕاندبوو بڵێت “کێ تاقەتی هەیە ئەم هەموو نووسراوەیە بخوێنێتەوە” و کۆمێنتی کردبوو “ئەرێ چۆن تاقەتت بووە ئەم هەموو نووسینە بنووسیت؟”
ئەگەر لەو کەسانەیت کە حەزت لە نووسینی درێژە و کاتی بۆ تەرخان دەکەیت! ڕاستییەکەی ئەوەیە سۆشیال میدیای ئەمڕۆ شوێنی ئەوە نییە. لە سۆشیال میدیادا ماوەی بەسەرچوونی پۆستەکان ئەوپەڕی یەک ڕۆژە! سبەینێ کەس ئەوەی ئەمڕۆی بەرچاو ناکەوێت. خەڵک مۆبایلەکەیان هەڵدەکەن و چی کەوتە بەرچاویان ئەوە سەیر دەکەن! ناگەڕن بۆ ئەوەی پێویستیانە یان دەیانەوێت! بۆیە بۆ چارەکردنی ئەو گرفتە، بۆ ئەوەی کە چیتر کاتی خۆت بە وەڵامدانەوەی کۆمێنتی بێماناوە بەفیڕۆ نەدەیت، باشترە لە شوێنێک بنووسیت کە خوێنەرەکانی جیدیترن! خۆیان هاتوون بۆ خوێندنەوەی نەک بەس کەوتبێتە بەرچاویان. بۆیە باشترە بلۆگێک بکەیتەوە و نووسینەکانتی تێبکەیت، لەوانەیە سەرەتا خوێنەری کەم بێت بەڵام هەم بەسوود دەبێت بۆ باشتربوونی نووسینەکانت هەم نووسینەکانیشت لەکیس ناچن و دەمێننەوە. پۆستێکی نێو فەیسبووک لەوانەیە ئەگەر هاوڕێ و فۆڵۆوەرت زۆر بن یەکەم ڕۆژ و ئەوپەڕی تا چەند ڕۆژ خوێنەری هەبێت، بەڵام لەسەر بلۆگ بەردەوام خوێنەری دەبێت، پۆستێک دەکەیت و پاش ساڵێک دەبینیت هێشتا هەر لە گەڕانی گۆگڵەوە خەڵک دێن و پۆستەکەت دەبینن! بۆیە ئەگەر نووسین بەلاتەوە گرینگە و بەوردی ئیشی لەسەر دەکەیت و کاتی زۆری بۆ تەرخان دەکەیت، حەیفە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو هێز و کاتەت بەخەسار بدەیت.
دواجار هەموو شتێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە و دەبێت هەڵیسەنگێنیت بزانیت کامەیان بەسەر ئەوی دیدا دەشکێتەوە و پاشان بڕیاری لەسەر بدەیت. سۆشیال میدیا دەکرێت بەسوود بێت بەڵام نەک بۆ هەموو دۆخێک و هەموو کەسێک و لە هەموو ساتێکدا. ئەگەر ئەوەندە تێکەڵی بوویت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونیت و ئیش و لایەنەکانی دیکەی ژیانت داناوە، ئەوا باشترە یان وازی لێ بێنیت یان شێوەی بەکارهێنانەکەی بگۆڕیت. هیچ نەبێت جاربەجار بۆ ماوەیەک پشوویەک بدەیت و چەند ڕۆژێک لێی دوور بیت. شێوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چاکتر نابێت چونکە کۆمپانیاکان زۆرتر لەوەی بیر لە پلاتفۆرمێکی تەندرووست و شێوەیەکی باش بکەنەوە، بیر لە قازانج و داهاتی خۆیان دەکەنەوە. بۆیە دەبێت خۆت وریا بیت و ئەگەر پێت کرا بە شێوەیەکی تەندرووست و بەس بۆ ماوەیەکی دەستنیشانکراو بەکاری بێنیت بۆ نموونە ڕۆژێک نیو سەعات. یان بەتەواوی وازی لێ بێنیت و ئەو کاتەی بە سەیرکردنی شتی هەزەلی و شەڕەکۆمێنتەوە بەفیڕۆی دەدەیت تەرخانی بکەیت بۆ گەشەپێدانی ژیان و کەسایەتیت.

