یادگەی ئیشکەر
یادگەی ئیشکەر چەشنێک یادگەیە کە هەڵگرتنی بڕێکی سنووردار زانیاری بۆ ماوەیەکی کورتخایەن مسۆگەر دەکات بۆ مەبەستی دەستبەجێ بەکارهێنانیان لە مێشکدا. ئەم یادگەیە بۆ فێربوون، دۆزینەوەی ڕێگەچارە و پرۆسە زەینییەکانی دیکە زۆر گرینگ و بنەڕەتییە.
(یادگەی ئیشکەر / working memory)
لە هەندێک شوێندا وەکوو (یادگەی کارکردن) وەرگێڕدراوە! هەڵەکردن لە وەرگێڕانی ئەم چەشنە زاراوانەدا ئاساییە، شتەکە تەنانەت بۆ هەندێک خوێنەری ئینگلیزیزمانیش لەوانەیە ئاڵۆز بێت و تووشی هەڵە ببن کە ئاخۆ ئەم ئیشکردنە پەیوەندیی بە یادگەکەوە هەیە یان ئاماژەیە بۆ کردەوە و چالاکییەکانی کەسەکە! بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی شتەکە دەبێت بزانین کە ئەم یادگەیە ناوی (یادگەی ئیشکەر)ـە لەبەر ئەوەی کە بەردەوام ئیش دەکات. بۆیە پێدەچێت (یادگەی ئیشکەر) وەرگێڕانێکی گونجاوتر بێت.
چۆن یادگەی ئیشکەر بەکار دێنین؟
بەکارهێنانی یادگەی ئیشکەر وەکوو ئەوەیە کە هەندێک وێنە یاخود وشە بۆ ماوەیەکی کاتی بلکێنین بە تەختەیەکەوە تاکوو بکرێت شوێنیان بگۆڕدرێت یان بە شێوازی دیکە دەستکاری بکرێن. ئەوەی کە بکرێت هەندێک وردەکاریی تایبەت “بەردەست” ڕابگریت، بریتی لە ئەوانەی کە نەخراونەتە نێو یادگەی درێژخایەنەوە، پاڵپشتی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی مێشک دەبێت.
هەندێک نموونە بۆ چالاکییەکانی یادگەی ئیشکەر
هەندێک لە نموونەکانی یادگەی ئیشکەر بریتین لە وەبیرهێنانەوەی بەشێکی پێشووی ڕستەیەک بۆ تێگەیشتن لە بەشی دواتری ڕستەکە، هەڵگرتنی ژمارەیەک لە مێشکدا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی بیرکاری لە مێشکدا، بیرهێنانەوەی شوێنی شتێک کە تۆزێک لەمەوبەر بینیوتە، هەروەها هەڵگرتنی چەند چەمک لە مێشکدا بۆ مەبەستی لێکدانیان.
بۆچی یادگەی ئیشکەر گرینگە؟
زانایان لەسەر ئەو بڕوایەن کە یادگەی ئیشکەر پاڵپشتی زۆرێک لە شێوازەکانی تواناکانی مێشکە و ئەویش لە ئاستێکی بنچینەییدا. وا دەکات بتوانیت چەندین زانیاری لە ئێستادا هەڵبگریت و بەکاریان بینیت، کە ئەمەش شتێکی گرینگ و بنەڕەتییە بۆ چالاکییە زەینییەکان لە خوێندنەوەوە تاکوو وتووێژ لەگەڵ کەسێکدا بۆ مەبەستی فێربوونی شتی نوێ، هەروەها بۆ بریاردان و هەڵبژاردن لەنێو چەندین بژاردەی جیاوازدا.
تایبەتمەندییەکانی یادگەی ئیشکەر
ئەگەرچی یادگەی درێژخایەن دەتوانێت زانیارییەکی یەکجار زۆر لە خۆیدا هەڵبگرێت، وای بۆ دەچین کە ئەو وردەکارییانەی کە یادگەی ئیشکەر لە خۆیدا هەڵیدەگرێت تاکوو بەردەست بن بۆ بەکارهێنان، بەراورد بەوەی یادگەی درێژخایەن زۆر سنووردار بن. هەندێک مۆدیلی جۆراوجۆر بۆ سیستەمی یادگەی ئیشکەر هەنە. هەندێک لە زانایان پێیان وایە کە لە چەندین بەش پێکهاتووە بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییە جۆراوجۆرەکان و جیاوازە لە یادگەی درێژخایەن. هەندانێکی دیکە وای بۆ دەچن کە یادگەی ئیشکەر نوێنەرایەتیی بەشێکی یادگەی درێژخایەن دەکات کە بۆ ئیشێکی تایبەت چالاک دەبێتەوە و هەروەها بەشێکی بچووکتریش کە بۆ تەرکیزکردنە.
چەندە زانیاری دەکرێت لە یادگەی ئیشکەردا هەڵبگیرێت؟
ئەگەرچی سنوورەکانی ئەم یادگەیە مشتومڕیان لەسەرە، هەندێک لە زانایان دەلێن کە کاتێک کەسێک لە تەکنیکەکان وەکوو دووپاتکردنەوەی زانیارییەکان بە دەنگی بەرز کەڵک نەگرێت، لە ئێستێکدا دەشێت بتوانێت تەرکیزی لەسەر بەس چەند شتێک بێت. ئەو شتانەش دەکرێت شتی ساکار یاخود ئاڵۆز بن؛ بریتی لە پیت یاخود ژمارە کە لە یادیاندا هەڵیبگرن هەروەها قەبارەی گەورەتری زانیاری وەکوو کورتکراوەی وشەکان، لە چەشنی USA، PDK، PUK و تەنانەت چەمکی ئاڵۆزتریش.
یادگەی ئیشکەر چۆن ئیش دەکات؟
بەگشتی هەموو کەسێک پێ دەچێت کە بە درێژاییی ڕۆژ یادگەی ئیشکەر بخاتە گەڕ، بەڵام توانای ئیشکردنەکەی ئەم سیستەمی یادگەیە (یاخود توانای هەڵگرتنی زانیاری لە یادگەی ئیشکەردا) لە هەندێک کەسدا بەهێزترە لەوانی دی، لەوانەشە کاریگەریی لەسەر توانای فێربوون و چالاکییەکانی کەسەکەدا هەبێت.
کامە بەشەکانی مێشک بۆ یادگەی ئیشکەر گرینگن؟
دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی زانیاری (وەکوو زانیارییە وێنەییەکان یاخود وشەکان) لە یادگەی ئیشکەردا پێ دەچێت وابەستی ئەو بەشانەی توێکڵی مێشک بێت کە ئیشەکانی تێگەیشتن و یادگەی درێژخایەنی ئەو چەشنە زانیارییانە جێبەجێ دەکەن. توێژی پێشەوەی مێشک، ئەو بەشەی مێشک کە گرێدراوی پرۆسەسە مەعریفییەکانە، زانایان پێیان وایە کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی بابەتە هەنووکەییەکانی نێو یادگەی ئیشکەردا بگێڕێت؛ لە هەر جۆرە زانیارییەک بن.
ئایا یادگەی ئیشکەر پەیوەندی بە زیرەکییەوە هەیە؟
توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە ئاستی تواناکانی یادگەی ئیشکەری کەسێک، پەیوەندییەکی زۆری بە ئاستی زیرەکیی ئەو کەسەوە هەیە، بەتایبەت لایەنێک کە پێی دەگوترێت (زیرەکیی سەربەخۆ)1، کە پەیوەندی بە دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئەو کێشە نامۆ و نوێیانەوە هەیە کە جیاوازن لەوانەی پێشتر ناسیوتن.
بەپێی تەمەن یادگەی ئیشکەر چۆن دەگۆڕێت؟
بەپێی پێواندنەکانی یادگەی ئیشکەر، بەگشتی ئەم یادگەیە لە سەردەمی منداڵیدا گەشە دەکات. توێژینەوەکان دەڵێن کە لە تەمەنی زۆرتردا ئەم یادگەیە دادەکشێت، ئەگەرچی دەشێت لەپاش سەرەتای تەمەنی تازەپێگەیشتووییەوە وردەوەردە دەست بکات بە دابەزین. ئەو پێشنیازەش کراوە کە دابەزینی یادگەی ئیشکەر لە تەمەنی زۆرتدا دەشێت یارمەتیدەر بێت بۆ ناسینەوەی لاوازبوونەکانی جۆرەکانی دیکەی ئیشە مەعریفییەکان کە پەیوەندییان بە تەمەنەوە هەیە.
یادگەی ئیشکەر چۆن دەپێورێت؟
بۆ پێواندنی یادگەی ئیشکەر هەندێک شێواز هەن وەکوو “مەودای یادگەی ئیشکەر” کە تێیدا کەسەکە هەوڵ دەدات چەند ڕستەیەک بخوێنێتەوە و لە کاتی خوێندنەوەدا هەندێک وشەی تایبەت لە هەر ڕستەیەک لەبیریدا هەڵبگرێت. جۆرێکی دیکە پێی دەگوترێت (n-back)، کەسەکە قەتارەیەک لە هەندێک شت یەک لە دوای یەک دەبینێت یاخود گوێی لێ دەبێت و پاش دیتن یاخود بیستنی هەر شتێک کە پەیوەندی بە شتی پێشترەوە هەبێت دەیڵێت.
پەراوێز:
- (زیرەکیی سەربەخۆ / fluid intelligence)
