یادگەی ئیشکەر: چۆن شتەکان بۆ کورتخایەن لە بیرتدا هەڵدەگریت
کاتێک دەتەوێت ژمارە تەلەفۆنێک یاخود لیستەی شتکڕینێک یان کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێوشوێن لە بیرت بمێنێت پشت بە شتێک دەبەستیت کە دەروونناسان و زانایانی بواری مێشک و کۆئەندامی دەمار پێی دەلێن یادگەی ئیشکەر. ئەمەش توانای هەڵگرتن و بەکارهێنانی زانیارییەکانە لە زەیندا بۆ ماوەیەکی کورت. بۆ ئەو شتانەیە کە ئەمێستاکە لات گرینگن نەک 20 ساڵی دیکە.
توێژەران لەسەر ئەو بڕوایەن کە یادگەی ئیشکەر بەشێکی بنەڕەتییە بۆ ئیشکردنی مێشک. گرێدراوی زۆرێک لە توانا گشتییەکانە – شتانێک وەکوو زیرەکی و سەرکەوتن لە پەروەردە و قوتابخانە – هەروەها گرێدراوی پرۆسە بنەماییەکانی هەستکردنەکانیشە.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵە بنەڕەتییەکەی لە ژیان و چالاکییەکانی تایبەت بە زەیندا و ئەو ڕاستییەی کە لانیکەم ئاگامان لە هەندێک لە ناوەڕۆکەکانییەتی، یادگەی ئیشکەر دەشێت لە گەڕانمان بەدوای تێگەیشتن لە وشیاری خۆیشیدا گرینگ بێت. دەروونناسان و زانایانی بواری مێشک و کۆئەندامی دەمار کاتێک لە یادگەی ئیشکەر دەتوێژنەوە تەرکیز دەخەنە سەر لایەنە جیاوازەکان: دەروونناسان هەوڵ دەدەن لە وردەکارییەکانی ئیشکردنی سیستەمەکە تێبگەن، کەچی زانایانی مێشک و کۆئەندامی دەمار زۆرتر تەرکیز دەکەنە سەر بنەما و کۆڵەکەکانی دەمارەخانەکان. ئەمەی خوارەوە بە کورتی باسی دەکات کە توێژینەوەکان ئێستاکە تا کوێ گەیشتوون.
قەبارەی یادگەی ئیشکەرمان چەندە؟
قەبارەکەی سنووردارە؛ لە هەر ساتێکدا دەتوانین بەس بڕی هەندێک زانیاری “لە بیر”ـدا هەڵبگرین. بەڵام توێژەران لەسەر سرووشتی ئەم سنووردارێتییە مشتومڕییانە.
زۆربەیان دەڵێن کە یادگەی ئیشکەر دەتوانێت ژمارەیەکی سنووردار “شت” یاخود یەکەی گەورەتری زانیاری هەڵبگرێت. ئەمەش دەکرێت ژمارە، پیت، وشە یان یەکەکانی دیکە بێت. توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە ژمارەی ئەو یەکە بچووکانەی کە دەکرێت لە یاددا هەڵبگیرێت دەکرێت پشت بە جۆری شتەکە ببەستێت – بۆ نموونە، جۆرەکانی ئەو دۆندرمانەی کە پێشکەش دەکرێن بەرامبەر ژمارەکانی ژمارەی (پای).
بەپێی تیۆرەیەکی دیکە، یادگەی ئیشکەر وەکوو (سەرچاوەیەکی یەکانگیر) ئیش دەکات کە لەنێوان هەموو زانیارییە وەبیرهێنراوەکاندا بەش دەکرێت. بەپێی ئامانجەکانت، بەشە جیاوازەکانی زانیارییە وەبیرهێنراوەکان دەتوانن بڕێکی جیاواز لە سەرچاوەکە وەربگرن. زانایانی بواری مێشک و کۆئەندامی دەمار پێیان وایە کە ئەم سەرچاوەیە دەکرێت چالاکییەکانی دەمارەخانەکان بێت، ئیدی بەپێی ئەولییەتە هەنووکەییەکان، بڕێکی جیاواز لەو چالاکییانە تەرخانی بەشە جیاوازەکانی زانیارییە وەبیرهێنراوەکاندا دەکرێت.
بەپیی تیۆرەی (سەرچاوەی یەکانگیر / continuous resource theory)، یادگەی ئیشکەر پێک نەهاتووە لە ژمارەیەکی نەگۆڕ قڵیش و هەر کامەیان جێی زانیارییەک بکەنەوە و بەم جۆرە ژمارەیەک زانیاریی سنوورداری تێدا جێ ببێتەوە. بەپێچەوانەوە یادگەی ئیشکەر وەک حەوزێکی سەرچاوەی زەینییە، وەکوو سەرنج یاخود چالاکییەکانی دەمارەخانەکان، کە دەتوانیت بە بڕی جیاواز لەنێوان ئەو شتانەی دەتەوێ وەبیریان بهێنیتەوەدا ئەم سەرچاوەیە بەش بکەیت. واتە قەبارەی یادگەی ئیشکەر شتێکی یەکگرتووە و دەتوانیت بە بڕی جیاواز بەشیان بکەیت نەوەک ژمارەیەکی نەگۆڕ بێت لە شتەکان. واتە ئەوە نییە کە ڕێک چوار خانەی جیاواز هەبێت بۆ هەڵگرتنی چوار زانیاری. بڕێکی سنووردار هێزی زەینت هەیە کە دەکرێت بەش بکرێت و ئیدی زانیارییەک بەشێکی زۆرتری بەر بکەوێت و ئەوی تر کەمتری بەر بکەوێت. ئەو زانیارییەی سەرچاوە و هێزی زۆرتری بەر بکەوێت ڕوونتر وەبیری دێنیتەوە، ئەوەش کە کەمتری بەر بکەوێت لێڵ و ناڕوونتر دێتەوە بیرت. لەبەر ئەوەش کە کۆی سەرچاوەکە سنووردارە، ئەگەر بتەوێت ژمارەیەکی زۆر زانیاری وەبیر بهێنیتەوە، هەر کامەیان و بڕێکی کەم وزەی زەین یاخود سەرچاوەیان بەر دەکەوێت، ئیدی یادەوەرییەکە بەگشتی کاڵتر و ناڕوونتر دەبێت. بەڵام هەر هەموویان تا ئاستێک وەبیر دێنیتەوە.
بەپێچەوانەوە، تیۆرەیەکی دیکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە سنووری قەبارەی یادگەکە لەبەر ئەوە سەر هەڵدەدات کە شتە جۆراوجۆرەکان لەنێو یادگەدا ڕێگری لەیەکدی دەکەن.
ئینجا بەدڵنیاییەوە یادەوەرییەکان بەپێی کات کاڵ دەبنەوە، بەڵام مەشقکردن لەسەر ئەو زانیارییانەی کە لەنێو یادگەی ئیشکەردان پێ دەچێت کە ئەو پرۆسەیە خاو بکاتەوە. ئەوەی توێژەران پێی دەڵێن (مەشقی پاراستن)1 بریتییە لە دووپاتکردنەوەی زانیارییەکان لەنێو زەینتدا بەبێ سەرنجدان بە ماناکانیان – بۆ نموونە خوێندنەوەی لیستەی شتکڕینەکان و لەبەرکردنی ئەو خواردنانەی دەبێت بیانکڕیت بەس وەکوو وشە بەبێ سەرنجدانە ئەوەی کە چ چێشتێکیان لێ درووست دەکرێت.
بە پێچەوانەوە، مەشقی وردەکار ئەوەیە کە مانا ببەخشیت بە زانیارییەکان و گرێیان بدەیت بە زانیاریی دیکەوە. بۆ نموونە، یادهێنەرەوەکان – وەکوو وشە، ڕستە یان پارچە شیعرێک کە یارمەتیی وەیادهێنانەوەی شتێک بدەن – مەشقی وردەکار مسۆگەر دەکەن لەڕێگای گرێدانی یەکەم پیتی کۆمەڵێک شتەوە بە هەندێک زانیاریی دیکەوە کە پێشتر لە مێشکدا خەزن کراون. پێدەچێت بەس مەشقی وردەکار بتوانێت یارمەتیدەر بێت تاکوو زانیارییەکان لە یادگەی ئیشکەرەوە بگۆڕن بۆ شێوازێکی خۆگرتر کە پێی دەگوترێت یادگەی درێژخایەن2.
مەشقی وردەکار / elaborative rehearsal، شێوازێکی فێربوون و لەیادهەڵگرتنە کە تێیدا زانیارییە نوێکان گرێ دەدرێن بەو زانیارییانەوە کە پێشتر فێریان بوویتە.
بۆ بواری یادەوەرییە وێنەییەکان، مەشقەکە دەشێت جووڵەی چاوەکانی تێدا بێت، کە تێیدا زانیارییە وێنەییەکان گرێ دەدرێن بە شوێنێکەوە. واتە کەسەکە دەشێت سەیری شوێنی زانیارییەکی وەبیرهێنراودا بکات پاش نەمانی شتەکە، بۆ مەبەستی بیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەو شتە لە کوێ بووە.
زۆرێک لەو شتانەی کە پێویستمانە لەبیرمان بمێنێنن لە ماوەیەکی کورتخایەندا، دەکرێت هەر زوو بیر بچنەوە بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکی خراپ دابنێن.
یادگەی ئیشکەر بەرامبەر یادگەی درێژخایەن
یادگەی درێژخایەن بە توانای بۆ گلدانەوەی زانیارییەکی یەکجار زۆرترەوە پێناسە دەکرێت. ئەو زانیارییانەش کە هەڵیاندەگرێت زۆر خۆگرتر و سەقامگیرترن. یادەوەرییەکانی نێو یادگەی درێژخایەن دەکرێت بریتی بن لە زانیارییەکانی تایبەت بە قۆناغەکانی ژیانی ئەو کەسە، زانست یاخود مانای وشەکان، هەروەها زانیارییە بنەڕەتییەکان وەکوو چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرەکان یان جووڵاندنەوەی جەستە بە شێوازێکی تایبەت (لێوەشاوەییەکانی تایبەت بە جووڵەی ماسوولکەکان).
دەمێکە توێژەران وەکوو دەرگایەکی چوونەژوورەوە بۆ نێو یادگەی درێژخایەن سەیری یادگەی ئیشکەر دەکەن. بەقەد پێویست مەشق بە زانیارییەکانی نێو یادگەی ئیشکەر بکە و دەکرێت یادەوەرییەکی هەمیشەییتری لێ دەرچێت.
زانستی مێشک و دەمارەکان جیاوازییەکی ڕوون دەخاتە نێوان ئەم دووانەوە. بڕوای وایە کە یادگەی ئیشکەر پەیوەندی هەیە بە چالاکبوونەوەیەکی کاتیی دەمارەخانەکانەوە لەنێو مێشکدا. بەپێچەوانەوە، توێژەران بڕوایان وایە کە یادگەی درێژخایەن گرێدراوی گۆڕانە فیزیاییەکانی دەمارەخانەکان و پەیوەندییەکانیانە. ئەمەش دەکرێت سرووشتی کورتخایەنبوونی یادگەی ئیشکەر ڕوون بکاتەوە و هەروەها ئەوەش کە بۆچی سەرنجڕەوینەوە و شۆکە جەستەییەکان زۆرتر کاری تێدەکەن.
یادگەی ئیشکەر بەدرێژاییی ژیان چۆن دەگۆڕێت؟
کارامەیی لەو کارانەدا کە پەیوەندییان بە یادگەی ئیشکەرەوە هەیە بە درێژاییی قۆناغی منداڵی باشتر دەبێت. قەبارەی گلدانەوەی زانیارییەکان لەم یادگەیەدا هێزێکی پاڵنەری سەرەکییە بۆ پەرەسەندنی مەعریفە. ئاستی کارامەیی لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی توانای یادگەی ئیشکەر مەزەندە دەکەن لە قۆناغی ساوایەتی و منداڵی و هەرزەکاریدا بەردەوام بەرز دەبێتەوە. دواتر کارامەیی لە تەمەنی سەرەتای پێگەیشتندا دەگاتە لووتکە. بە پێچەوانەوە، یادگەی ئیشکەر یەکێک لەو توانا مەعریفییانەیە کە یەکجار گرێدراوی تەمەنە و لە تەمەنی پیریدا کارامەیی لەم تاقیکردنەوانەدا دادەبەزێت.

گوایە هەڵکشان و داکشانی قەبارەی گلدانەوەی یادگەی ئیشکەر بە درێژاییی تەمەن پەیوەندی هەیە بە ڕەوتیی ئاساییی پەرەسەندن و لاوازبوونی توێژی پێشەوەی مێشکەوە؛ ئەو شوێنەی کە ئەرکی کردارە مەعریفییە ئاڵۆزەکانی لە ئەستۆیە.
ئەوە دەزانین کە زیانگەیشتن بە توێژی پێشەوە دەبێتە هۆی کورتهێنانی یادگەی ئیشکەر (سەرەڕای زۆر گۆڕانکاریی دیکە). تۆمارەکانی چالاکییەکانی تایبەت بە دەمارەخانەکان لە توێژی پێشەوەدا پێشانی دەدەن کە ئەم ناوچەیە بە درێژاییی (ماوەی چاوەڕوانی)3 چالاکە؛ واتە ماوەی نێوان ساتێک کە ورووژێنەرێک4 دەرخرێتە ڕوو بۆ بینەرێک تاکوو ساتێک کە دەبێت کاردانەوەیەکی هەبێت – ئەوەش ئەو ماوەیەیە کە تێیدا هەوڵی بیرهێنانەوەی زانیارییەکان دەدات.
چەندین نەخۆشیی دەروونی، بریتی لە سکیزۆفرینیا و خەمۆکی، گرێدراوی دابەزینی ئاستی ئیشکردنی توێژی پێشەوەی مێشکن کە دەکرێت لەڕێگای (وێنەگرتنی دەمارەکان)ـەوە5 دەربکەوێت. بە هەمان هۆکار، ئەم نەخۆشییانە هەروەها گرێدراوی دابەزینی توانای یادگەی ئیشکەریشن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، لە نەخۆشانی تووشبووی سکیزۆفرینیادا، ئەم گرفت و کورتهێنانە زۆرتر لەو کردارانەی یادگەی ئیشکەردا دەردەکەون کە پەیوەستی وێنەن نەوەک ئەوانەی بواری وشە. لە منداڵیدا، کورتهێنانی یادگەی ئیشکەر گرێدراوی گرفتەکانی تەرکیزکردن و خوێندنەوە و زمانن.
یادگەی ئیشکەر و کردارە مەعریفییەکانی دیکە
توێژی پێشەوە گرێدراوی کۆمەڵێکی زۆر لە کردارە گرینگەکانی دیکەشە، بریتی لەوانەی تایبەت بە کەسایەتی و پلاندانان و بڕیاردان. هەر دابەزینێکی ئاستی ئیشکردنی ئەم بەشە لە مێشک، پێدەچێت کار بکاتە سەر زۆرێک لە لایەنە جیاوازەکانی مەعریفە و هەست و هەڵسوکەوت.
شتێکی هەرە گرینگ ئەوەیە کە زۆرێک لەم کردارانەی توێژی پێشەوە پێدەچێت بە چڕی گرێدراوی یادگەی ئیشکەر بن یاخود لەوانەشە یەکسەر وابەستی ئەم یادگەیە بن. بۆ نموونە، پلاندانان و بڕیاردان پێویستیان بەوەیە کە هەر ئێستاکە ئەو زانیارییە پەیوەندیدارانەمان “لە زەینمان”ـدا هەبێت کە پێویستن بۆ ڕێکخستنی پلانەکە.
(تیۆرەیەکی پێکهاتەی مەعریفی)6 بە ناوی (تیۆرەی شوێنکاری گشتگیر)7 پشت بە یادگەی ئیشکەر دەبەستێت. بەپێی ئەم تیۆرەیە ئەو زانیارییەی کە بە شێوەی کاتی “لە زەین”ـماندا هەڵدەگیرێت بەشێکە لە “شوێنکارێکی گشتگیر” لە زەیندا کە بە زۆرێک پرۆسەی مەعریفیی دیکەوە بەستراوەتەوە و هەروەها بڕیاردەرە لەسەر ئەوی کە لە هەر چرکەساتێکدا سەبارەت بە چی وشیاریمان هەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم تیۆرەیە دەڵێت کە یادگەی ئیشکەر بریاری لەسەر دەدات کە سەبارەت بە چی وشیاریمان هەبێت، تێگەیشتنی زۆرتر لەم بیرگەیە دەشێت بەشێکی هەرە گرینگ بێت بۆ دۆزینەوەی نهێنییەکانی وشیاری.
باشترکردنی یادگەی ئیشکەر
هەندێک بەڵگە هەن کە پێشانی دەدەن دەکرێت ڕاهێنان بە یادگەی ئیشکەر بکەیت لەڕێگای بەکارهێنانی ئیشی پێکەوەییەوە، وەکوو هەندێک یاریی ساکار بۆ منداڵان کە بەکارهێنانی تواناکانی یادگە لەخۆ بگرێت. گوایە ئەم ڕاهێنانە دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزتربوونەوە لە کارەکانی دیکەشدا وەکوو ئەوانەی تێکەڵی وشە و بیرکارین. هەروەها هەندێک بەڵگەش هەن بۆ ئەوەی کە ڕاهێنان بۆ بەهێزترکردنی یادگەی ئیشکەر دەتوانێت کارامەییی ئەو منداڵانە باشتر بکات کە تووشی هەندێک حاڵەت بن وەکوو ناڕێکیی فرەجووڵەیی کەمتەرکیز (ADHD). هەڵبەت تێبینیی توێژینەوەکان زۆربەی جار دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سوودانە کورتخایەنن و تایبەت دەبن بۆ ئەو کارەی ڕاهێنانی بۆ کراوە.
(ئیشی پێکەوەیی / interactive task) بە چالاکییەک دەگوترێت کە تێیدا بەشداربوو بە شێوەیەکی چالاک تێکەڵی پرۆسەکە و زانیارییەکان دەبێت نەوەک بەس بە شێوەیەکی پاسیڤ زانیاری وەربگرێت. وەکوو پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، ڕەنگکردن، یان ئەوەی کە کۆمەڵێک بەشداربوو پێکەوە زانیارییەکان بخەنە سەر یەک بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارێک.
سەرەڕای ئەمە، ئەو سەرکەوتنانەی لە باشترکردنی ئەم یادگەیەدا لە هەندیک لەم توێژینەوانەدا دەرکەوتووە، دەکرێت بەهۆی فێربوونی ئەوەوە بووبێت کە چۆن بە شێوەیەکی باشتر و گونجاوتر سەرچاوەکانی یادگەی ئیشکەر بەکار بێنین، نەوەک زیادکردنی ئاستی گلدانەوەی یادگەکە. هیوامان لە ئەم چەشنە ڕاهێنانانەدا ئەوەیە کە بتوانین هەندێک ڕاهێنانی تا ڕادەیەک ساکار بدۆزینەوە کە هەم کارامەییەکە باشتر بکات و هەمیش قەبارەی گلدانەوەکە، ئیدی بکرێت ببێتە هۆی باشتر بوون لە ئەو کارەیدا کە ڕاهێنانەکەی بۆ کراوە و هەروەها لێهاتووییەکە بگوازرێتەوە بۆ کردەوە و بواری بەکارهێنانی دیکەش.
پەراوێز:
- (مەشقی پاراستن / maintenance rehearsal)
- (یادگەی درێژخایەن / long-term memory)
- (ماوەی چاوەڕوانی / delay period)
- (ورووژێنەر / stimulu)
- (وێنەگرتنی دەمارەکان / neuroimaging)
- (پێکهاتەی مەعریفی / cognitive architecture)
- (تیۆرەی شوێنکاری گشتگیر / Global Workspace Theory)

