بۆچی ناتوانم واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنم؟
ئاوەها لەبیری کە و لە مێشکت بیخەرە دەرەوە
ڕوونکردنەوەی وتەی “ناتوانم بیرت لێ نەکەمەوە” لەگەڵ هەندێک ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی
باسە سەرەکییەکان
- ئەگەر ئەوەندە بیر لە کەسێک دەکەیتەوە کە ڕەوتی ژیانت تێک دەدات و چیتر ناتوانیت ئیشەکانت بە درووستی ڕاپەڕێنیت یاخود تووشی پەشێویت دەکات، پێویستە هەندێک ڕێکار بگریتە بەر بۆ دەربازبوون لەم جۆرە بیرکردنەوانە.
- ئەو شتانە بدۆزەوە کەوا دەبنە هۆی ورووژاندنی بیرکردنەوە لە ئەو کەسە و خۆت لەو شتانە لابدە.
- ئاگات لە خۆت بێت؛ ڕاهێنان بکە، خواردنی تەندرووست بخۆ و بەقەد پێویست بخەوە.
ئەوەی کە بە کەسێک بلێیت “یەکسەر بیرت داگیری کردووم” یان “شەو و ڕۆژ بیرم لەلاتە” شێوازێکی دەربڕینی خۆشەویستییە لەنێو پەیوەندییەکی سۆزداریدا، بەڵام مانای چی کاتێک ناتوانیت خۆت لە بیرکردنەوە لە کەسێک ڕزگار بکەیت! هەندێک جار بیر و خەیاڵی کەسێک مێشکت داگیر دەکات و وەکوو ئەولییەتێک لە بیرەکانتدا جێ خۆش دەکات، بەتایبەت لە سەرەتای درووستکردنی پەیوەندییەکی خۆشەویستیی نوێدا.
گەردەلوولی سۆز و خۆشەویستییەکی کاڵ و کرچ دەکرێت وا بکات نەتوانیت جگە لەو کەسەی هەست و سۆزت بۆی جووڵاوە تەرکیز بکەیتە سەر کەسی دیکە.
هەندێک جار ئەم هەست و سۆزانە دەکرێت، سەرەڕای هەڵەشەیی، ئەزموونێکی ئەرێنی بێت و وردە وردە ئەو شەیدایی و ورووژان و هەست و سۆزە سەرەتاییانە کاڵ ببنەوە و دۆخێکی خۆشەویستیی سەقامگیرتری لێ دەردەچێت. بەڵام هەندێک جار ئەوەی کە هەست بکەیت ناتوانیت کەسێک لە خەیاڵت دەربکەیت و ناتوانیت بیری لێ نەکەیتەوە—ئێستا کەسەکە تازە چاوت پێ کەوتبێت یان کەسێکی دیکە بێت— دەکرێت وەڕزکەر بێت و تووشی ئاڵۆزکان و پەشێویت بکات.
بە کورتی
هەندێک فاکتەر وەکوو سەرنجڕاکێشان، دڵفڕاندن و بەدڵبوون دەکرێت ڕوونی بکاتەوە بۆچی هەست دەکەیت ناتوانیت بیر لە کەسێک نەکەیتەوە. هەندێک جار ئەم حەزلێکردنە دەکرێت نیشانەی گرفتێک بێت، بۆیە پێویستە سەرنج بدەیت و بزانیت ئاخۆ ئەو هەستەی کە هەتە بەس حەزلێکردنێکە یاخود زۆرتر خولیا و هزرێکی سەپاوە.
ئەگەر دەتەوێت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت، هەندێک ڕێکار هەن کە دەکرێت یارمەتیدەر بن. ئەوەی کە خۆت لابدەیت لەو شتانەی ئەو کەسە دەخەنەوە بیرت، ئاڵنگاری بخەیتە بەردەم بیرەکانت، ئاگات لە خۆت بێت و لەگەڵ کەسێکدا باسی کێشەکەت بکەیت، دەشێت یارمەتیدەر بن.
هۆکارەکانی ئەوەی کە بۆچی ناتوانیت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت
هەندێک هۆکاری جۆراوجۆر هەن کە وا دەکەن زۆر بیر لە کەسێک بکەیتەوە. هەندێک لە هۆکارەکان ئەمانەن:
- ئەو کەسە لات سەرنجڕاکێشە
- زۆر سەرسامی شێوازی بیرکردنەوە، قسەکردن یان ئیش و کردەوەکانی ئەو کەسەیت
- سەرسامیت بە سەرکەوتن یان دەستکەوتێکی ئەو کەسە
- هەندێک تایبەتەمندی هەیە کە لات بەنرخن و ستایشیان دەکەیت
- لە ڕابردووتاندا، یان لە ئامانج یاخود ئەزموونەکانتاندا شتی هاوشێوە و لێکچووتان هەیە
- هەست بە جۆرێک پەیوەندی لە نێوانتداندا دەکەیت
بەداخەوە، هەندێک جار ئەوەی کە یەکسەر بیر لە کەسێک بکەیتەوە دەرەنجامی هەستە نەرێنییەکانە. لەم دۆخانەدا دەکرێت بیر و هۆشت پڕ ببێت لە ئەم کەسە و بەردەوام بیری لێ بکەیتەوە لەبەر ئەوەی کە حەزت لێ نییە یان لێی دەترسیت، یاخود دەترسیت شتێک بکات.
ئەو فاکتەرانەی کە دەکرێت دەوریان هەبێت
ئەگەر بەردەوام بیر لە کەسێک دەکەیتەوە، پێویستە هەندێک لەو فاکتەرانە بەرچاو بگریت کە دەشێت دەوریان لە شتەکەدا هەبێت.
سەرنجڕاکێشان
هەندێک جار لەوانەیە نەتوانیت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت لەبەر ئەوەی ئەو کەسە سەرنجت ڕادەکێشێت. شێوازەکانی سەرنجڕاکێشران زۆرن، ئیدی حەز و خولیات بۆ کەسێک دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ حەز و سەرنجڕاکێشرانێکی ڕۆمانسی، جەستەیی، سێکسوالی، عاتیفی، یاخود ئەوەی کە لەبەر شێوازی بیرکردنەوە و ژیریی کەسەکە سەرنجت بۆ لای ئەو کەسە ڕابکێشرێت.
گیرۆدەبوون
گیرۆدەبوونیش دەکرێت وا بکات بیر لە کەسێک بکەیتەوە. ئەمە دەکرێت لە پەیوەندییە قووڵەکاندا وەکوو هاوڕێتی یاخود پەیوەندییە ڕۆمانسییەکاندا ڕوو بدات، بەڵام دەشکرێت لە جۆرەکانی دیکەی پەیوەندییەکانیشدا ڕوو بدات. لەوانەیە بەرامبەر بەڕێوەبەر، مامۆستا، یان تەنانەت کەسێکی بەناوبانگدا هەست بە گیرۆدەبوون بکەیت.
گیرۆدەبوونی عاتیفی گرینگە بۆ دەرووندرووستی. بەڵام هەندێک جار ئەم گیرۆدەبوونانە تەندرووست نین یاخود تەنانەت ژەهراوین. لەم دۆخانەدا دەکرێت ببنە هۆکار بۆ تووشبوون بە دڵەڕاوکێ، قەلەقی، دابەزینی ڕێزگرتن لە خۆ و بیرکردنەوەی خولیایی/کەڵکەڵەیی .
گرفتەکانی گیرۆدەبوون وەکوو شێوازێکی گیرۆدەبوون کە دڵەڕاوکێی لەگەڵ بێت یاخود بەتەواوی خەیاڵت داگیر بکات دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی قەلەقییەکی زۆر لە پەیوەندییەکاندا. ئەوانەی تووشی (دڵەڕاوکێی گیرۆدەبوون) دەبن، دەشێت کاتێکی زۆر تەرخان بکەن بۆ بیرکردنەوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان و یەکسەر بەدوای وەرگرتنی جەختکردنەوە و دڵنیاکردنەوەوە بن لەلایەن کەسانی دیکەوە.
(دڵەڕاوکێی گیرۆدەبوون / attachment anxiety)، ئەو دڵەڕاوکێیەیە کە سەبارەت بە پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسە ئازیزەکانی نێو ژیانتدا، بریتی لە دایکوباوک و هاوڕێکان و هاوژینەکەتدا، هەستی پێ دەکەیت. ئەم دڵەڕاوکێیە پەیوەستی ئاستی ئەو ترس و نیگەرانییەیە لەوەی کە کەسێک کاتێک پێویستت پێیەتی دەست بنێت بە ڕووتەوە یاخود بەجێت بێڵێت. ئەوانەی کە بەشێوەیەکی تەندرووست گیرۆدە دەبن ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەیان لە ئاستێکی نزمدایە.
حاڵەتە دەروونییەکان
بیرکردنەوە کەڵکەڵەییەکان سەبارەت بە کەسێکی تایبەت، هەندێکجار دەشێت هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو نیشانە دەروونییانەی کە بە چارەسەرنەکراوی پشتگوێ خراون. ئەمانەی خوارەوە دەشێت کار بکەنە سەر ئەم چەشنە بیرکردنەوانە:
- دڵەڕاوکێ: هەستکردن بە دڵەڕاوکێ دەکرێت هەندێکجار هۆکار بێت بۆ درووستبوونی نیگەرانی یاخود (بیری نەخوازراو) سەبارەت بە کەسێکی تایبەت. بۆ نموونە، ئەوانەی تووشی (ناڕێکیی دڵەڕاوکێی گشتاندن)ـن1، دەشێت هەست بە نیگەرانییەکی لەڕادەبەدەر بکەن سەبارەت بە تەندرووستی و ئارامیی ئازیزەکانیان.بیری نەخوازراو، ئەو وێنە و بیرۆکانەن کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خۆیان دەکەن بە مێشکتدا و یەکسەر خەیاڵت داگیر دەکەن. ئەم بیرۆکانە دەکرێت سەبارەت بە خۆت، ئازیزەکانت یاخود کەسانی دیکە بن. بیرە نەخوازراوەکان بەگشتی بریتین لەو بیرۆکە و ویست و خەیاڵانەی کە بەبێ ئەوەی کۆنترۆڵت لەسەیان هەبێت لە مێشکتدا سەرهەڵدەدەن.
- تەنیایی: هەندێک جار لەوانەیە بیر لە کەسێک بکەیتەوە لەبەر ئەوەی کە هەست بە تەنیایی دەکەیت و خۆزگە دەخوازیت ئەو کەسە لەلات بوایە.
- ئاستێکی نزمی (ڕێزگرتن لە خۆ): هەندێکجار لەوانەیە نزمبوونی ئاستی ڕێزگرتن لە خۆ وا بکات بیر لەو کەسانە بکەیتەوە کە لە ژیانی ڕاستیدا ئەوەندە متمانەبەخۆت نییە لێیان نێزیک ببیتەوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسە بیر و خەیاڵت داگیر بکات و یەکسەر بیری لێ بکەیتەوە.
- ناڕێکیی وەسواسی زۆرەملێ (OCD): وەسواسیی زۆرەملێ بەم دوو خەسیەتەوە پێناسە دەکرێت: هەبوونی کەڵکەڵە (ئەو بیر و وێنانەی کە دووبارە دەبنەوە) و سەپاندن (ئەو کردەوانەی کە دووبارە دەکرێنەوە). لەم ناڕێکییەدا هەندێک کەڵکەڵە بەردوام لە مێشکتدا سەرهەڵدەدەن و بەردەوام بیر لە شتێک دەکەیتەوە و دواتر هەندێک ویستی لەڕادەبەدەرت تێدا شین دەبێت بۆ دووبارەکردنەوەی هەندێک کردەوە. بیرە کەڵکەڵەییەکان زۆربەی جار سەبارەت بە هەندێک شتن وەکوو ترس لە میکرۆب یاخود ویستی ڕێکبوونی شتەکان، بەڵام هەندێک جاریش دەکرێت سەبارەت بە کەسێکی تایبەت بن.
ئەگەر بیرەکانت هەندێک نیشانەی دیکە وەکوو پەشێوییان لەگەڵە یاخود وا دەکەن نەتوانیت ئیشەکانی ژیانی ڕۆژانەت بە درووستی جێبەجێ بکەیت، هەوڵ بدە لەگەڵ کەسێکی پسپۆڕی بواری دەروونیدا ڕاوێژ بکەیت.
بیرخستنەوە
بیرت نەچێت ئەوەی کە نەتوانیت کەسێک لەبیر بکەیت مافی ئەوەت ناداتێ خۆت بسەپێنیتە نێو ژیانی ئەو کەسەوە مەگەر ئەوەی کە پێی خۆش بێت یان ئەویش هەمان هەستی تۆی هەبێت. ئەگەر پێت خۆشە پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ کەسەکەدا درووست بکەیت، پێی بڵێ و بزانە ئاخۆ ئەو هەستانەی تۆ هەتە هەستێکی دوولایەنەیە یاخود نا. ئەگەر ئەو کەسەش هەمان هەستی بۆ تۆ نەبوو گرینگە کە ڕێز لە سنوورەکانی بگریت و ڕێگایەک بدۆزیتەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و چارەکردنی بیر و خولیاکانت.
نیشانەکانی ئەوەی کە لەوانەیە بیرکردنەوە لە کەسێک گرفت درووست بکات
ئەوەی کە نەتوانیت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت، هەندێکجار دەکرێت شتێکی ئاسایی و تەنانەت چێژبەخشیش بێت، وەکوو ئەو هەستەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەیوەندییەکی ڕۆمانسیدا هەتە. بەڵام زۆربەی جار دەکرێت تووشی گرفتت بکات ئەگەر گرێدراوی حاڵەتێکی قووڵی دەروونی بێت یاخود ببێتە هۆی تێکچوونی لایەنەکانی دیکەی ژیانت.
هەندێک لەو نیشانانەی کە ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە دەشێت کێشە و گرفتی بەدواوە بێت بریتین لە:
- کەسێک ئەوەندە مێشک و خەیاڵت داگیر بکات و ئەوەندە بیری لێ بکەیتەوە و باسی بکەیت، چیتر نەتوانیت وەکوو پێویست تەرکیز بکەیتە سەر لایەنەکانی دیکەی ژیانت.
- بیرکردنەوەکانت دڵەڕاوکێ، خەمۆکی یان نیشانەکانی حاڵەتە دەروونییەکانی دیکەی لەگەڵدا بێت.
- بیرکردنەوەکانت سەبارەت بە ئەو کەسە خۆسەپێن و نەخوازراو بن.
- وا بکات وەدووی ئەو کەسە بکەویت، لە سۆشیال میدیا یاخود ڕاستەوخۆ یەکسەر شوێنی بگریت و بەدزییەوە سەیری ژیان و چالاکییەکانی بکەیت.
- بەردەوام هەوڵ بدەیت پەیوەندی بە ئەو کەسەوە بکەیت سەرەڕای ئەوەی کە بەڕوونی پێی گوتوویت کە نایەوێت قسەت لەگەڵ بکات.
- پلان دابنێیت یان هەوڵ بدەیت شتێک بەسەر خۆت یان ئەو کەسەدا بێنیت.
ئەگەر هەست بە هەریەک لەم نیشانانە دەکەیت دەبێت ئاگات لە خۆت بێت و داوای یارمەتی بکەیت. باسکردنی شتەکە لەگەڵ کەسێکی پسپۆڕی بواری دەروونیدا یارمەتیدەر دەبێت تاکوو باشتر لە ئەم شێوازە بیرکردنەوانەت تێبگەیت و ڕێکارێکی تەندرووست بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە بنیات بنێیت.
چۆن واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت
ئەگەر ناتوانیت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت، هەندێک شت هەن کە دەتوانیت تاقییان بکەیتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو بیر و خەیاڵانە کەمتر بێن بە مێشکتدا یاخود بەلایەنی کەمەوە لە ئاستی پەشێوییەکە کەم ببێتەوە.
ورووژێنەرەکان بناسەوە
یەکێک لە یەکەم هەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنی بیرە نەخوازراوەکان ئەوەیە کە ئەو شتانە بناسیتەوە کە دەبنە هۆکار بۆ درووستبوونی ئەم جۆرە بیرانە. ئەگەر بزانیت کە چی وا دەکات ئەم بیر و خەیاڵانە بێنە مێشکتەوە، هەندێک جار دەتوانیت خۆت لەو پاڵنەرانە لابدەیت یاخود لایەنیکەم ئامادە بیت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵیان بکەیت.
هەندێک لە ورووژێنەرە باوەکانی بیرکردنەوە لە کەسێک بریتین لە:
- ئەوەی کە دووبەدوو چاوت بە کەسەکە بکەوێت
- بیرکردنەوە لە ئەو شتانەی کە ئەو کەسەت دێننەوە یاد
- دیتنی ناوی ئەو کەسە
- بیستنی دەنگی ئەو کەسە
ساتێک پاڵنەرەکانت دۆزییەوە هەوڵ بدە هەتا دەکرێت کەمیان بکەیتەوە. ئەگەر ناتوانیت خۆتیان لێ لابدەیت، ڕێگایەک بدۆزەوە بۆ کۆنترۆڵکردنیان.
بۆ نموونە ئەگەر دەزانیت بیستنی دەنگی ئەو کەسە خەیاڵت دەورووژێنێت و وا دەکات بیری لێ بکەیتەوە، گوێ لە شتێکی دیکە بگرە با بیرت بەلای ئەودا نەچێت.
لە بیرەکانت ورد ببەوە
ڕێگایەکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیرە نەخوازراوەکان ئەوەیە کە لێیان ورد ببیتەوە. واتە بە وردی سەیری بیرەکانت بکەیت و لە خۆت بپرسیت ئاخۆ ئەو بیر و خەیاڵانە ڕاستین یاخود نا. دەشێت زۆربەی جار تێبگەیت کە ئەو بیرانەی ناتوانیت لە مێشکتیان دەربکەیت لەسەر بنەمای هەندێک بۆچوون و گریمانەی ناماقوڵ یاخود دڵەڕاوکێی نامەنتیقین.
بۆ نموونە لەوانەیە بەردەوام بیر لە کەسێک بکەیتەوە لەبەر ئەوەی کە لای خۆتەوە دڵنیایت کە ئەو کەسە لێت تووڕەیە. لە ڕاستیدا ئەمە واتە لەوانەیە شێوازێکی بیرکردنەوەی لە چەشنی (شێواوییە مەعریفییەکان)ـت2 بەکار هێنابێت وەکوو (بازدان بۆ بڕیاردان) و (خوێندنەوەی زەین) کە وادەکات لای خۆتەوە مەزەندە بکەیت کە کەسی بەرامبەر چۆن بیر دەکاتەوە.
(بازدان بۆ بڕیاردان / jumping to conclusions) ئەوەیە کە کاتێک کەسێک دەستبەجێ خێرا لەسەر شتێک بڕیار دەدات بەبێ ئەوەی بەقەد پێویست زانیاری لەسەر شتەکە هەبێت بۆ سەلماندنی بۆچوون و بڕیارەکەی.
(خوێندنەوەی زەین / mind reading)، ئەوەیە کە بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک لات وابێت کە دەزانیت کەسێک چۆن بیر دەکاتەوە یان چی هەستێکی هەیە. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، شێواوییەکی مەعریفییە و زۆربەی جار دەبێتە هۆی دەرەنجامگیری و بڕیاردانی هەڵە و دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەرووندرووستی و پەیوەندییەکانمان دابنێت.
کاتێک لە بیرەکانت ورد دەبیتەوە ئیدی دەتوانیت واقعی ئەو بیر و خەیاڵانە ببینیت و تێبگەیت کە چەند نامەنتیقین و لەسەر بنەمای ترس درووست بوون. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت تاکوو وردەوردە بتوانیت واز لەو بیرە کەڵکەڵەیی و نەخوازراوانە بێنیت.
تەرکیز بکە سەر گرینگیدان-بەخۆ
ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەوەی کە بەرەنگاری ئەو بیرە نەخوازراوانە ببیتەوە ئەوەیە کە تەرکیز بکەیتە سەر گرینگیدان بە خۆت، واتە گرینگی بە دۆخی دەروونی و جەستەییت بدەیت و ئاگات لە دەرووندرووستی و تەندرووستیت بێت. کاتێک تەندرووست و دەرووندرووست بیت ئەگەری کەمترە کە تووشی ئەو بیرە نەخوازراوانە ببیت.
هەندێک لە چالاکییەکانی گرینگیدان-بەخۆ کە یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی بیرە نەخوازراوەکان بریتن لە:
- ڕاهێنان
- خواردنی خۆراکی تەندرووست
- هەبوونی خەوی پێویست
- ئەنجامدانی تەکنیکەکان خاوبوونەوە وەکوو هەڵکێشانی هەناسەی قووڵ، یۆگا، تێڕامان (مەدیتەیشن) یاخود خاوکردنەوەی ماسوولکەکان.
ئەوەش زۆر گرینگە کە قەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیر و خەیاڵە نەخوازراوەکان پەنا نەبەیتە بەر خواردنەوە کحوولییەکان یاخود مادەی هۆشبەر. ئەگەرچی لەوانەیە وا بنوێنێت کە ئەم دەرمان و خواردنەوانە بۆ ماوەیەکی کاتی لە بیر و خەیاڵە ناحەز و نەخوازراو و ئازاربەخشەکان کەم دەکەنەوە بەڵام دواجار دۆخەکە خراپتر دەکەن و لە درێژخایەندا گرفتی دیکەش درووست دەکەن.
لەگەڵ کەسێکدا قسە بکە
ئەگەر پێت ناکرێت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت، لەوانەیە باسکردنی شتەکە لەگەڵ ئەندامێکی بنەماڵە یاخود هاوڕێیەکی جێی متمانەدا یارمەتیدەر بێت. بەم جۆرە دەتوانیت هەندێک پاڵپشتیی عاتیفی وەربگریت و هەروەها کۆمەڵێک ڕاوێژ و ڕوانگەی کەسانی دیکەش سەبارەت بە دۆخەکە کۆ بکەیتەوە.
وەرگرتنی یارمەتیی کەسانی دیکە لە ژیانتدا واتە کاتێک کە بیر و خەیاڵەکانت لەڕادەبەدەر و پڕووکێنەر بوون کەسێک هەیە کە ڕووی تێ بکەیت و قسەی لەگەڵ بکەیت. دەکرێت بۆچوونەکانیان بەسوود بن بۆ دۆزینەوەی هەندێک ڕێگا بۆ خۆلادان لەو بیر و خەیاڵانە.
سەردانی کەسێکی پسپۆڕ بکە
ئەگەر ناتوانیت واز لە بیرکردنەوە لە کەسێک بێنیت و ئەمەش ژیانی تێکداویت و وای کردووە نەتوانیت ئیشەکانت بەباشی ڕاپەڕێنیت، دەتوانیت یارمەتی لە پسپۆڕێکی بواری دەروونناسی وەربگریت. چارەسازەکان دەتوانن یارمەتیت بدەن باشتر لە بیر و خەیاڵەکانت تێبگەیت و ڕێگەچارەیەکی تەندرووست بۆ کۆنترۆڵکردنی بیر و خەیاڵەکانت بدۆزیتەوە.
پسپۆڕێکی بواری دەرووندرووستی دەشێت هەندێک ڕێگەچارە وەکوو (چارەسەری بە قسەکردن) یان دەرمان، یاخود تێکەڵەیەک لە هەردووکیان پێشنیاز بکات. چارەسەرییەکان کە دەشێت یارمەتیدەر بن بریتین لە (چارەسەریی ڕەفتاری و مەعریفی)3 یاخود (چارەسەریی ڕەفتاری و دیالەکتیک). ئەو دەرمانانەی کە لەوانەیە پێشنیاز بکرێن بریتین لە حەبی دژەخەمۆکی یان دژە-دڵەڕاوکێ.
(چارەسەریی ڕەفتاری و دیالەکتیک / dialectical behavior therapy) چەشنێک چارەسەرییە بە قسەکردن. لەسەر بنەمای چارەسەریی ڕەفتاری و مەعریفی ئیش دەکات بەڵام تایبەت بۆ ئەو کەسانە داڕێژراوە کە هەستەکان بە شێوازێکی زۆر چڕ ئەزموون دەکەن. ئامانجی ئەم چارەسەرییەش ئەوەیە کە یارمتیت بدات لەو هەستە چڕ و قورسانەی کە هەتە تێبگەیت و قەبووڵیان بکەیت. [س]
ئەوەی کە دوکتۆر یان چارەسازەکە چی چارەسەرێک بنووسن وابەستی دۆخ و نیشانەکان و حاڵەتەکانی چارەسەرخوازەکەیە.
پەراوێز:
- (ناڕێکیی دڵەڕاوکێی گشتاندن / generalized anxiety disorder)
- (شێواوییە مەعریفییەکان / cognitive distortions)
- (چارەسەریی ڕەفتاری و مەعریفی / cognitive behavioral therapy)

