بۆچی زۆربەی خەڵک لە خۆشەویستی دەترسن!؟
هۆکارەکانی سڵکردنەوە لە خۆشەویستی.
چی ڕێگرە بۆ دۆزینەوە و پاراستنی ئەو خۆشەویستییەی کە خەونی پێوە دەبینین؟
خاڵە سەرەکییەکان
- زۆربەی جار مرۆڤ هەندێک هەست و بیری بەرگریکارانەی هەیە کە پێی وایە بەرامبەر ئازارەکان دەیپارێزێن، بەڵام هەر ئەمە دەکرێت ببێت بە ڕێگرێک بەرامبەر ئەزموونکردنی پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ خەڵکیدا.
- دۆستایەتی (سەمیمییەت) دەکرێت هەستەکانی ئازار، تووڕەیی، لەدەستدان یاخود دەستبەڕووەوەنان بورووژێنێت، هەر بۆیە زۆربەی خەڵک خۆیانی لێ لادەدەن.
- ترس لە کەوتنە نێو پەیوەندییەکی لاسەنگ یاخود لەدەستدانی یارێک دەکرێت وا بکات نەوێریت بکەویتە خۆشەویستییەوە.(پەیوەندییەکی لاسەنگ یاخود نایەکسان) ئەو جۆرە پەیوەندییەیە کە تێیدا هەست دەکەیت تۆ زۆرتر لە لایەنی بەرامبەر هەوڵ دەدەیت بۆ پاراستنی پەیوەندییەکە و زۆرتر لە ئەو دەبەخشیت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی و خۆشەویستییەکەتان، بۆ نموونە ئەوەی کە ئەگەر لایەنێک هەموو بڕیارەکان بدات یاخود یەکێکیان هەموو جارێک تەلەفۆن بکات بۆ ئەوی دی و نامە بنێرێت و هەمیشە هەر ئەو دەستپێشخەری قسە و پەیوەندییەکان بێت، کە ئەمەش لە درێژخایەندا دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی ڕق و ناحەزی.
زۆربەمان چیرۆکی خۆشەویستییەکی دۆڕاومان لایە و ئەم پرسیارە لە کونجێکی مێشکماندا پەنگی خواردووە کە “بۆچی خۆشەویستییەکان شکست دەهێنن؟” زۆربەمان دەتوانین وەڵامەکە لە ناخی خۆماندا بدۆزینەوە. پێمان زانیبێت یاخود نا، زۆربەمان لە خۆشەویستی و کەوتنە نێو خۆشەویستییەوە دەترسێین. لەوانەیە ترسەکانمان بە شێوازی جیاواز و لە قۆناغی جیاواز لە نێو پەیوەندییەکاندا خۆیان دەربخەن، بەڵام بەگشتی هەندێک ڕێکاری بەرگریکاریمان لە مێشکماندا کۆ کردووەتەوە کە پێمان وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەرامبەر برین و ئازارەکان دەمانپارێزن. ئەم بەرگریکارییانە لەوانەیە وێنایەکی هەڵە لە ئارامی و پارێزراویمان پێ ببەخشن، بەڵام دواجار ڕێگر دەبن بەرامبەر گەیشتن بەو دۆستایەتی و پەیوەندییە قووڵەی کە ئاواتی بۆ دەخوازین. کەوابوو چی ئەو ترسانەمان بەرامبەر دۆستایەتی و گیرۆدەیی دەوروژێنێت؟ چی ڕێگرە بۆ دۆزینەوە و پاراستنی ئەو خۆشەویستییەی ئاواتی پێوە دەخوازین؟
خۆشەویستیی ڕاستەقینە وا دەکات هەست بە لاوازبوون بکەین
پەیوەندییەکی نوێ دۆخێکی نەزانراوە و زۆربەمان ترسێکی سرووشتیمان لە شتە نامۆ و نەناسراوەکان هەیە. ئەوەی کە ڕێگە بە خۆمان بدەین بکەوینە خۆشەویستییەوە واتە ڕیسکێکی گەورە بکەین. بەمە یەکسەر متمانە بە کەسێكی دیکە دەکەین، ڕێگە دەدەین کاریگەری لەسەرمان دابنێت و ئەمەش وا دەکات هەست بە نەمانی قەڵغانەکان و لاوازبوون بکەین. بەرگرییە بنەڕەتییەکانمان تووشی ئاڵنگاری دەبنەوە. هەموو ئەو خووانەی کە دەمێکە هەمانە بۆ ئەوەی هەست بە هەبوونی (خۆپەرستی) یان (خۆگربوون) بکەین وردەوردە دەکەونە پەراوێزەوە. لەوانەیە وا بیر بکەینەوە کە هەرچی زۆرتر گرینگی بدەین دەشێت زۆرتر بریندار ببین.
(خۆگربوون / self contained) ئەوەیە کە کەسێک بێدەنگ و سەربەخۆ بێت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەم بن و بۆ کار و بار و ئیشەکانیشی پشت بە خۆی ببەستێت.
(خۆپەرستی / self focused یان self centered) ئەوەیە کە یەکسەر ترکیز و سەرنجت لەسەر خۆت بێت و بەس گرینگی بە خۆت و چالاکییەکانی خۆت بدەیت.
خۆشەویستییەکی نوێ برینە کۆنەکان دەکولێنیتەوە
کاتێک دەچینە نێو پەیوەندییەکی نوێوە، بە ئاستەم بەتەواوی ئاگاداری ئەوە بین کە ڕابردوومان چۆن کاری تێ کردووین. شێوازی برینداربوونمان لە پەیوەندییە کۆنەکانماندا، هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا، کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن سەیری ئەو کەسانە دەکەین کە پەیوەندییەکی چڕیان لەگەڵدا درووست دەکەین، هەروەها لەسەر هەڵسووکەوتەکانمان لەنێو پەیوەندییە ڕۆمانسییەکانماندا. هەڵسووکەوتە نەرێنییە کۆنەکانی نێو پەیوەندییەکانمان لە ڕابردوودا دەشێت وابکات بەوریاییەوە مامەڵە بکەین کاتێک دەمانەوێت پەیوەندییەک لەگەڵ کەسێکی نوێدا درووست بکەین. دەشێت سڵ لە دۆستایەتی و گیرۆدەبوون بکەینەوە چونکە هەندێک هەستی ئازار، لەدەستدان، تووڕەیی یان ڕەتکرانەوەمان لە ڕابردوودا دەکولێنێتەوە. وەکوو دوکتۆر (پات ڵۆڤ) لە دیمانەیەکدا دەڵێت “کاتێک خەون بە شتێکەوە، وەکوو ئەڤین، دەبینیت، ئەو شتە تێکەڵ بە ئازار دەبێت.” ئەو ئازارەی لە ڕابردوودا هەستت پێ کردووە، کاتێک ئەو شتەت نەبووە.
خۆشەویستی شووناسێکی کۆن تووشی ئاڵنگاری دەکات
زۆربەمان لەگەڵ هەندێک هەستی قووڵ و بنەڕەتی وەکوو ئەوەی کە “کەس خۆشی ناوێین”ـدا تووشی کێشمەکێشم دەبین. ناتوانین بەباشی لە نرخ و بەهای خۆمان تێبگەین و بڕوامان هەبێت کە کەسێک هەیە بەڕاست گرینگیمان پێ بدات. هەموومان دەنگێکی (ڕەخنەگر) لە ناخماندایە کە وەکوو ڕاهێنەرێکی بێبەزەیی لە ناخەوەڕا بەسەرماندا دەقیڕێنێت و پێمان دەڵێت کە چ نرخ و بەهایەکمان نییە و شیاوی دڵخۆشبوون نین. ئەم ڕاهێنەرە دڵڕەقە لە ئەزموونە پڕئازارەکانی منداڵی و لە ئەو ڕەخنە توندانەی لە سەرەتاکانی تەمەنمداندا ڕووبەڕوویان بووینەتەوە و هەروەها ئەو هەستانەی دایکوباوکمان سەبارەت بە خۆیان هەیانبووە، پێک هاتووە.
ئەگەرچی ئەم بۆچوونانە ئازاربەخشن بەڵام بەپێی تێپەڕینی کات لە ناخماندا چەقیون. کاتێک گەورە دەبین لەوانەیە بەهەڵەدابچین و لەجیاتی ئەوەی ئەم بیروبۆچوونە ڕووخێنەرانە بە دوژمنی خۆمان بزانین، وەکوو گۆشەنیگای خۆمان وەریانبگرین. ئەم بیرە ڕەخنەگرانە یاخود (دەنگی ناخ)ـە زۆربەی جار ئازاربەخش و تێکدەرن، بەڵام هاوکات ئەوەندە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵماندا بوون کە پێی ڕاهاتووین و بەجۆرێک لەگەڵیدا ئاسوودەین. تا ئاستێک کە کاتێک کەسێکی دیکە بە شێوازێکی جیاواز لە ئەو دەنگەی ناخمان سەیرمان دەکات، خۆشی دەوێین و ستایشمان دەکات، لەوانەیە هەست بە نائارامی بکەین و بچینە دۆخێکی بەرگرییەوە، لەبەر ئەوەی کە دژی ئەو پێناسە و ڕوانینانەیە کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سەبارەت بە شووناسی خۆمان هەمانبووە.
کەیفخۆشی ئازاریشی بەدواوەیە
هەر کاتێک هەست بە خۆشییەکی چڕوپڕ دەکەین یان هەست بە نرخ و بەهای ژیان دەکەین، دەکرێت چاوەڕێ بین هەست بە خەمێکی قورسیش بکەین. زۆربەمان خۆمان لە ئەو شتانە لادەدەین کە دەکرێت دڵخۆشیمان بۆ بێنن چونکە هاوکات وا دەکەن هەست بە ئازاریش بکەین. پێچەوانەکەشی ڕاستە. ناکرێت هەڵیبژێرین و خۆمان بەرامبەر خەمەکان سڕ بکەین بەبێ سڕکردنی خۆمان بەرامبەر خۆشییەکان. لە باسی کەوتنە خۆشەویستیشدا، دەشێت دوودڵ بین لەوەی بەتەواوەتی خۆمان تووش بکەین بەهۆی ترس لە ئەو خەمەی کە دەکرێت بیورووژێنێت.
خۆشەویستی زۆربەی جار نایەکسانە
زۆر کەس هەن کە دوودڵن لە چوونە نێو پەیوەندییەکەوە لەبەر ئەوەی کە لایەنی بەرامبەر ئەمانی یەکجار زۆر خۆش دەوێت. ئیدی نیگەرانی ئەوەن کە ئەگەر بچنە نێو پەیوەندییەکەوە، ئەمان وەکوو پێویست هەستەکانیان گەشە نەکات و هەستی لایەنی بەرامبەر بریندار ببێت یاخود هەست بە ڕەتکرانەوە بکەن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە خۆشەویستی زۆربەی جار لاسەنگە و تێیدا لە ساتێکدا بۆ ساتێکی دیکە ئاستی هەستەکانی کەسێک بەرز و نزم دەبێت. هەستەکانمان بەرامبەر کەسێک هێزێکە بەردەوام دەگۆڕیت. لە ماوەی چەند چرکەساتێکدا دەکرێت هەست بە تووڕەیی، زویربوون یاخود تەنانەت ڕق بکەین بەرامبەر کەسێک کە خۆشمان دەوێت. نیگەرانی سەبارەت بە هەستەکانمان لە داهاتوودا، ڕێگر دەبێت لەوەی بزانین ئەو هەستانەمان بە شێوازێکی سرووشتی چییان بەسەر دێت. باشترە کە کراوە بین بەرامبەر گەشەی هەستەکانمان بەپێی کات. نیگەرانی یاخود هەستکردن بە تاوان دەربارەی ئەوەی کە ئاخۆ دواتر دەشێت چی هەستێکمان هەبێت دەبێتە ڕێگر بەرامبەر ناسین و تێکەڵبوون لەگەڵ کەسێکدا کە حەزی لێمانە و دەشێت ڕێگریش بێت لە پێکهێنانی پەیوەندییەک کە دەکرێت ببێتە هۆی دڵخۆشبوونمان.
پەیوەندییەکان دەکرێت لە بنەماڵەت داتببڕن
پەیوەندییە سۆزدارییەکان دەکرێت دوا نیشانەی گەورەبوون بن. پێشاندەری دەستپێکی ژیانێکی سەربەخۆن. ئەم پەرەسەندنە دەکرێت هەروەها نیشاندەری جیابوونەوە و دابڕان بێت لە بنەماڵە. ئەم دابڕانە، هەر وەکوو دابڕان لە شووناس و کەسایەتییەکی کۆن، شتێکی جەستەیی نییە. بەو مانایە نییە کە بەڕاست واز لە بنەماڵە بێنین، بەڵکوو وازهێنانە لە ئاستێکی عاتیفیدا – ئەوەیە کە چیتر وەکوو منداڵێک هەڵسوکەوت نەکەین و هەستەکانمان وەکوو ئەوەی سەردەمی منداڵی نەبێت و ئەو ئاکارە نەرێنییانە بناسینەوە کە جاران هەمانبوو.
خۆشەویستی ترسەکانی تایبەت بە (بوون) دەکولێنێتەوە
هەرچەندە زۆرترمان هەبێت، شتی زۆرترمان هەیە بۆ لەدەستدان. هەرچەندە کەسێک لامان ئازیزتر بێت، ترسمان لە لەدەستدانی ئەو کەسە زۆرتر دەبێت. کاتێک دەکەوینە خۆشەیستییەوە نەک هەر ڕووبەڕووی ترسی لەدەستدانی خۆشەویستەکەمان دەبینەوە، بەڵکوو زۆرتر ئاگاداری ئەوەش دەبین کە ڕۆژێک خۆیشمان دەمرین. ئێستاکە ژیانمان هەڵگری مانا و بەهایەکی زۆرترە، بۆیە لەدەستدانیشی ترسناکترە. بۆ چارەکردنی ئەم ترسە، لەوانەیە زۆرتر تەرکیز بکەینە سەر شتە ڕووکەشەکان، لەگەڵ خۆشەویستەکەماندا بەشەڕ بێین و لە دۆخە چڕ و ئاڵۆزەکاندا تەنانەت بەتەواوی واز لە خۆشەویستییەکە بێنین. بەدەگمەن بەتەواوی ئاگاداری ئەوە بین کە چۆن خەریکین دژی ئەم ترسانەی تایبەت بە (بوون) دەبینەوە. تەنانەت لەوانەیە سەدان هۆکار بۆ خۆمان دابتاشین بۆ وازهێنان لە پەیوەندییەکە. کەچی دەشێت ئەو هۆکارانە چارەسەریان هەبێت. دواجار ئەوەی کە بەڕاست خەریکە پاڵمان پێوە دەنێت ئەو ترسە قووڵەیە لە لەدەستدان.
زۆربەی پەیوەندییە سۆزدارییەکان ڕووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاریی توند و قورسمان دەکەنەوە. ناسینەوە و تێگەیشتن لە ترسەکانمان سەبارەت بە دۆستایەتی و پەیوەندییە سۆزدارییە قووڵەکان و ئەوەی کە ئەم ترسانە چۆن هەڵسووکەوتەکانمان ئاڕاستە دەکەن، هەنگاوێکی گرینگە بۆ گەیشتن بە پەیوەندییەکی دڵخۆشکەر و درێژخایەن. لەوانەیە هەندێک بەڵگەهێنانەوە بۆ ئەوەی کە بۆچی شتەکان ئیش ناکەن و پەیوەندییەکانمان تێکدەچن، ئەم ترسانەمان بشارنەوە، بەڵام زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت کاتێک سەرنج بدەین کە چۆن خۆمان شتەکان تێکدەشکێنین پاش ئەوەی لەگەڵ کەسێکدا پەیوەندییەکی قووڵ درووست دەکەین. ئەوەی خۆمان باشتر بناسین، دەرفەتێکی گەورەمان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ دۆزینەوە و پاراستنی خۆشەویستییەکی درێژخایەن.

