خۆشویستنی کەسێک مانای چی؟
لە زاوایەک دەپرسن، ئەرێ بووکت چەند خۆش دەوێت؟ دەڵێت وەڵاهی تا ئێستا نەمبینیوە بەڵام وەختە دڵم بۆی دەرێ!
لەوانەیە ئەمە وەکوو نوکتەیەک بگێڕدرێتەوە بەڵام دواجار پرسیارێکی گرینگ و بنەڕەتی دەورووژێنیت کە بەڕاست خۆشویستنی کەسێک مانای چی و بە چی دەگوترێت خۆشەویستی و پێوەرەکانی خۆشەویستی چین؟
بنەماڵە و هاوڕێ و هاوژین و یارەکانمانمان خۆش دەوێت. هەر کامەشیانمان بە شێوازێکی جیاواز خۆش دەوێت. ئیدی ئەمەش وا دەکات ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە هەموو ئەمانە لە یەک شتدا کۆ دەکاتەوە و ئەو شتە هاوبەشەیان تێدا درووست دەکات کە پێی دەڵێین “خۆشەویستی”.
خۆشەویستنی کەسێک مانای چی؟
لەوانەیە هەر کەسە و بە جۆرێک بڕوانێت بە خۆشەویستیدا و پێناسەی تایبەتی بۆ هەبێت. لێرەدا هەندێک لە بۆچوونە سەرەکییەکان باس دەکەین و لە باسەکە ورد دەبینەوە. لەوانەیە هیچ لەم پێناسەیانە ئەوە نەبن کە لە خەیاڵی تۆدایە، لەوانەشە وا بکەن قووڵتر لە مانای خۆشەویستی بڕوانیت.
١. ئارەزووی ئەوەی کە گرینگی بە کەسێک بدەیت و لەگەڵیدا بیت
شتێکی سرووشتی کە بۆ ئەم بابەتە بیڵێین ئەوەیە کە خۆشویستنی کەسێک ئەوەیە ئارەزووی ئەوەت تێدا بێت گرینگی بەو کەسە بدەیت، ئاگات لێی بێت و لەگەڵیدا بیت.
بەڵام پێناچێت ئارەزووی چاودێری و لەگەڵ کەسێکدا بوون مەرج بێت بۆ ئەوەی کەسێکت خۆش بوێت. دەکرێت باپیرەیەکی تووڕە و زمانتاڵ یاخود دایکوباوکت کە لەڕادەبەدەر ژیانت سنووردار دەکەنت خۆش بوێت بەبێ ئەوەی بتەوێت لایان بیت و ئاگات لێیان بێت.
هەروەها پێناچێت ئارەزووی گرینگیدان و لەگەڵ کەسێکدا بوون بەس بێت بۆ خۆشویستنی کەسەکە. بۆ نموونە کەسێک دەبینیت کە لە ڕووداوێکدا بریندار دەبێت. دەشێت وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی یان بە هۆی بەزەییەوە ئەو ئارەزووەت تێدا بجووڵێت کە ئاگات لەو کەسە نەناسە بێت و لەگەڵیدا بیت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو کەسە نەناسراوەت خۆش دەوێت.
٢. بەختەوەریی کەسێک بە هی خۆت بزانیت
بیرۆکەیەکی دیکە ئەوەیە کە خۆشویستنی کەسێک ئاوها ڕاڤە بکەیت کە بەختەوەریی ئەو کەسە بە بەشێک یاخود دریژکراوەی بەختەوەریی و دڵخۆشیی خۆت بزانیت. لەم ڕوانینەوە، خۆشویستنی کەسێک بریتییە لەوەی کە جیاوازییەک دانەنێیت لەنێوان ئەوەی لە قازانجی تۆدایە و ئەوەی لە قازانجی ئەو کەسەدایە—ئەوەی کە قازانجی ئەو ڕێک وەکوو قازانجی خۆت بێت و ئازارێکی پێ بگات وەکوو ئەوە وا بێت ئازارێک بە تۆ گەیشتبێت.
سوودێکی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو دەربڕینانەی سەبارەت بە خۆشەویستەکانمان هەمانە. زۆربەی جار دەبیستین خەڵکی دەڵێن “دژی ئەو ببیتەوە وەکوو وایە دژی من بووبێتیتەوە.” یاخود کاتێک کەسێکیان دەمرێت دەڵێن “پاش مەرگی ئەو بەشێک لە منیش مرد.” یان “پاش مەرگی ئەو چیدی نەبوومەوە مرۆڤەکەی جاران.”
بەڵام دواجار ژیرانە دەبێت ئەگەر ئەو پرسیارە بکەین کە ئاخۆ ئەم شێوازە دەربڕینە خوازەییانە بەڕاست مانای ڕاستەوخۆی وشەکان لەخۆ دەگرن؟! هەروەها پێدەچێت ئەم ڕوانینە ئەگەری قوربانیدان بۆ خۆشەویستەکانمان بسڕێتەوە. چۆن دەکرێت قوربانی بدەین لەپێناو خۆشەویستەکانماندا ئەگەر پەرەپێدانی قازانجی ئەوان ڕێک شێوازێک بێت لە شێوازەکانی پەرەپێدانی قازانجی خۆمان؟
٣. ئەوەی کە دۆخی کەسێک کارت تێبکات
وەشانێکی لاوازتر و لەوانەشە قایلکەرتر بۆ ئەم بیرۆکەیە ئەوەیە کە خۆشویستنی کەسێک واتە ئامادەییی ئەوەت تێدابێت گۆڕانی تەندرووستی و بەختەوەریی ئەو کەسە لەسەر تۆش کاریگەری دابنێت. لەم ڕوانینەدا بەختەوەریی خۆشەویستێک شتێکی جودایە لە هی تۆ بەڵام دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی کار بکاتەوە سەر ئەوەی تۆش. بۆ نموونە ئەگەر لەبەر چاوت خۆشەویستێکت ئازار ببینێت ئەوا تۆش هەست بە ئازار دەکەیت.
بەڵام زۆربەمان لە بینینی ئازاری کەسێکی نەناس خەمبار دەبین و کەچی خۆشەویستییەکیشمان بۆ ئەو کەسە نەناسە نییە. لە وەڵامدا دەکرێت کەسێک بڵێت بەرامبەر ئازارچەشتنی کەسێکی نەناس ئێمەش هەست بە ئازار دەکەین بەڵام ئازارەکە نییە لە ئاستێکدا بە خۆشەویستی لە قەڵەمی بدەین. بەڵام ئەمەش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە چەندە هەست بە ئازارکردن پێویست دەبێت تاکوو ناوی بنێین خۆشەویستی؟! وەڵامێکی باش بۆ ئەم پرسیارە هەیە؟ لەوانەیە نا!
٤. بەرزنرخاندنی کەسێک
پێشنیازێکی دیکە ئەوەیە کە خۆشویستنی کەسێک هەر ئەوەیە کە ئەو کەسە زۆر بەرز بنرخێنیت و بەهایەکی زۆری لات هەبێت.
بەڵام چۆن؟ دەشێت بەڕێوەبەرەکەت وەکوو کارمەندێک زۆر لای بەنرخ بیت و زۆر ڕێزت لای هەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە خۆشی دەوێیت. کەوابوو ئەگەر ئەم ڕوانینە بیەوێت گەشە بکات پێویستە پێمان بڵێت کە چی وا دەکات خۆشەویستی شێوازێکی بەرزنرخاندن و بەهادانان بێت.
٤.١ بەرزنرخاندن و بەهادانان بۆ کەسێک بەهۆی هەندێک چۆنایەتییەوە
دەشێت کەسێک بڵێت کە خۆشویستنی کەسێک بریتییە لە بەهادانان بۆ ئەو کەسە بەهۆی هەندێک چۆنایەتیی دیاریکراوەوە، نەک ئەوانەی تایبەت بە ئیشکردن یان فەرمانبەرێکی چالاکن، بەڵکوو ئەو تایبەتمەندییانەی وەکوو ڕەزاسووکبوون، زیرەکبوون، قسەخۆشی، ئازایەتی و هتد.
بەڵام ئەم بۆچوونە لە خۆیدا دژێکی هەڵگرتووە، بۆ نموونە ئەوە واتە ئەگەر بێت و ڕێکەوتی کەسێکی ڕێک هاوشێوەی کەسێکی خۆشەویستت بکەیت بەس ئەم هاوشێوە و کۆپیکراوە لە خۆشەویستەکەت تۆزێ قسەخۆشتر، ڕووخۆشتر، یان چاونەترستر بێت، ئەوا ئەمە دەکرێت ببێت بۆ هۆکارێک تاکوو خۆشەویستییەکەت بگوازیتەوە بۆ کەسە هاوشێوەکە. بەڵام ئەمە ڕەوتێکی ڕاڕایی و ناسەقامگیری لێ دەردەچێت و لەگەڵ ئەو گیرۆدەبوونە قووڵەمان لەگەڵ خۆشەویستەکانماندا تەبا نایەتەوە.
٤.٢ بەرزنرخاندن و بەهادانان بۆ کەسێک وەکوو مرۆڤ
هەندێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەموو تاکەکان شایەنی ئەوەن خۆش بویسترێن لەبەر ئەوەی کە مرۆڤن. لەم ڕوانینەوە خۆشویستنی کەسێک ئەوەیە کە بەتەواوی بەهای ئەو کەسە وەکوو تاکێک بەرز بنرخێنیت. ئەوها بێت دەبێت هەموو کەسێکمان خۆش بوێت، بەڵام ناکرێت چونکە لە بواری سایکۆلۆژییەوە سنووردارین و بەس دەتوانین ژمارەیەکی سنووردار لە خەڵکمان خۆش بوێت و بەرز بیاننرخێنین.
دواجار خۆشویستنی کەسێک بەس لەبەر مرۆڤبوونی تۆزێک لە زۆرلەخۆکردن دەچێت. سەرەڕای ئەمەش، پێدەچێت ئەم بۆچوونە ڕێز و خۆشەویستی ئاوێتە کردبێت، پێویست ناکات کەسێکمان لەبەر کەسێتییەکەی خۆش بوێت هەر ئەوەی کە ڕێزی بگرین تەواوە.
٤.٣ بەهادانان بۆ کەسێک بەهۆی خزمایەتییەوە
پێشنیازێکی دیکە ئەوەیە کە خۆشویستنی کەسێک بریتییە لە بەهادانان بۆ ئەو کەسە بەهۆی پەیوەندییەکی خزمایەتیی تایبەتەوە کە لەگەڵتدا هەیەتی، بۆ نموونە دایکت، کچەکەت، کوڕەکەت، خوشکت، برات، هاوڕێکانت، هاوژینەکەت و هتد.
بەڵام ئەگەر خۆشویستنی کەسێک یەکسان بایە بە بەهادانان بۆ ئەو کەسە لەبەر ئەوەی کە بە شێوازێکی تایبەت پەیوەندییەکی خزمایەتی لەگەڵتدا هەیە، ئیدی دەبا نەکردە بایە کەسێکت خۆشبوێت کە بەهیچ جۆرێک پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵتدا نییە. کەچی پێدەچێت بکرێت کەسێکت خۆش بوێت کە هاوڕێ، خزم، یان ئەڤیندارت نییە و تەنانەت نەشیەوێت کە ببێت.
٤.٤ بەهادانان بۆ کەسێک لەڕێگای دانەپاڵی بەها بە ئەو کەسە
دواجار لەوانەیە کەسێک بڵێت ئێمە پێشوەختە بەهادانانێین بۆ ئەوانەی خۆشمان دەوێن بەڵکوو ئەو خۆشەویستییەی کە هەمانە بۆیان وا دەکات ئەو کەسانە لامان بەنرخ و پڕبەها بن. بەکورتی وەکوو بڵێین خۆشەویستی واتە نرخ و بەها بدەینە پاڵ ئەوەی کە خۆشمان دەوێت.
بەڵام ئەگەر خۆشەویستەکانمان لامان پڕبەها و بەنرخن لەبەر ئەوەی کە خۆشمان دەوێن، ئیدی ناکرێت بۆ سەلماندنی خۆشەویستییەکەمان باس لە بەنرخبوون و بەهای ئەو کەسە بکەین. ئەمەش واتە “پرسیاری بۆچی شایەنی خۆشەویستیم؟” هیچ وەڵامێکی نییە. هەندێک کەس لەگەڵ ئەم قسەیەدا ئاسوودە نین. هەروەها ئایا دەکرێت ئەو ڕاستییەی کە کەسێک دەرووننەخۆشێکی کۆمەڵکوژکارە وەکوو هۆکار دابنێین بۆ خۆشنەویستنی ئەو کەسە؟ ڕوون دیارە کە وا نییە.
دەرەنجام
ئەگەر هیچ کام لەم ڕوانینانە قایلکەر نین، دەشێت ئەوە خۆی هۆکارێک بێت بۆ ڕەتدانەوەی ئەو گریمانەیە کە گوایە هەموو چەشنەکانی خۆشەویستی شتێکی هاوبەشیان هەیە. پێدەچێت خۆشەویستی ڕاڤە نەکرێت. زۆر شت هەن کە ڕاڤەکردنیان زەحمەت یان نەکردەیە، ئەوەش بەو مانایە نییە کە ڕاستەقینە یان گرینگ نەبن. کەوابوو بەردەوام دەبین لە ئەڤین و خۆشەویستی تەنانەت ئەگەر بەتەواوی نەزانین خەریکی چین یاخود چۆن ڕاڤەی بکەین.
