زمان چۆن شێوازی بیرکردنەوەمان دەستنیشان دەکات؟
چۆن زمان جڵەوی بیرکردنەوەمان دەکات
لیرا بۆرۆدیتسکی زانا و مامۆستایەکی بواری مەعریفە1 و زمانە. نووسەری کتێبی (7 هەزار جیهان: چۆن ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەین بیرکردنەوەمان دەستنیشان دەکات)ـە. لە کۆنفرانسێکی (تێد)ـدا ڕاڤەی ئەم بابەتە دەکات و باسی توێژینەوەکانیان دەربارەی کاریگەرییەکانی زمان لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکات. ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی دەقی وتارەکەیەتی. لەوانەیە دەقەکە بۆ مەبەستی زیاتر ڕوونکردنەوە، هەندێک جار لە وەرگێڕانەکەدا تۆزێک دەستکاری کرابێت.

بۆ پەیوەندیکردن و پێکەوە قسەکردن زمان بەکار دێنین، کە ئەمەش یەکێکە لە لێهاتوویی و توانا سەیروسەمەرەکانی مرۆڤ. لە کاتی قسەکردندا بیرۆیەکەمان لە مێشکدایە، ئەم بیرۆکەیە لەڕێگای وشەکانەوە بۆ یەکدی دەردەبڕین، هەناسەدەدەین و لەڕێگای ئەو هەوایەی لە زارمانەوە درووست دەبێت، دەنگەکان لەرەلەرەێکی تایبەت پێک دێنن و ئەم لەرەلەرانە بەنێو هەوادا گەشت دەکەن و دەگەنە گوێی بەرامبەرەکەمان، ئیدی ئەو کەسەش مێشکی ئەو لەرەلەرانە لە گوێکانییەوە وەردەگرێت و پرۆسەسی دەکات و دەیگۆڕێتە سەر بیرۆکە و بەم جۆرە لەیەکدی تێدەگەین. لەڕێگای ئەم توانایەوە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین بیرۆکەکانمان بەنێو کات و شوێندا بڵاو بکەینەوە. دەتوانین لە زەینێکەوە بۆ زەینێکی دی زانست بگوازینەوە، دەتوانین بیرۆکەی نوێ بخەینە مێشکی یەکدییەوە. بۆ نموونە ئەگەر بڵێین “بیر لەوە بکەوە فیلێک لەنێو کتێبخانەیەکدا بە دوای کتێبێکی فیزیادا دەگەڕێت و بیر لە زانستی کوانتەم دەکاتەوە.” بەئەگەری زۆر ئەگەر ژیانێکی ئاساییت تێپەڕاندبێت تا ئێستا بیرت لە شتی وا نەکردۆتەوە. بەڵام ئێستاکە بە بیستن یان خوێندنەوەی ئەم رستەیە بیرت لێ کردەوە، ئەمەش لە ڕێگای زمانەوە ڕووی دا. ئینجا بێگومان ئەم دونیایە هەر یەک زمانی تێدا نییە، نێزیکەی 7 هەزار زمان لە دونیادا هەنە کە قسەیان پێ دەکرێت. زمانەکان لێک جیاوازن لە هەموو لایەنێکەوە؛ دەنگی جیاوازیان هەیە، وشەی جیاوازیان هەیە و هەروەها ستراکتور/پێکهاتەی جیاوازیان هەیە. ئەم جیاوازییەی ستراکتورە زۆر گرینگە. لێرەدا پرسیارێکی گرینگ دێتە ئاراوە ئاخۆ ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەین شێوازی بیرکردنەوەمان دەستنیشان دەکات؟ ئاخۆ زمان چۆن کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەمان دادەنێت؟ ئەمەش پرسیارێکی کۆنە و دەمێکە لە مێشکی مرۆڤدا پەنگ دەخواتەوە. چارلەمانگ2 ئیمپراتۆری پیرۆزی ڕۆم دەڵێت “ئەوەی کە زمانێکی دووهەمت هەبێت وەکوو وایە ڕۆحێکی دیکەشت هەبێت.” وتەیەکی بەهێزە و ئەوە دەگەیەنێت کە زمان واقیع دەخولقێنێت. بەڵام بە سەرێکی دیکە جوولیەت لە نێو شانۆنامەکەی شکسپیردا دەڵێت “ناو چیی تێدایە؟ ئەوەی پێی دەڵێین گوڵەباخ، هەر ناوێکی دیکەشی بایە، هەمان بۆنی خۆشی دەبوو.” ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لەوانەیە زمان واقیع ناخولقێنێت. ئەم بابەتە هەزاران ساڵە مشتومڕی لەسەر دەکرێت بەڵام تا ئەم دواییانە داتایەک نەبوو بۆ بڕیاردان لەسەر یەکێک لەم ئەگەر و بۆچوونانە.
لەم دواییانەدا لە لابۆرەکەی من و لابۆرەکانی دیکەی دونیاشدا دەست کراوە بە کۆکردنەوەی هەندێک داتای زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم پرسیارە. با باسی هەندێک لە نموونەکان بکەین: بۆ نموونە کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنی ئۆسترالیا کە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو ئیشیان لەگەڵدا بکەین. خەڵکی (کووک تایۆڕ)3 کە لە (پۆرمپوراو)4 دەژین لە قەراغی ڕۆژاوای (کەیپ یۆرک)5.

ئەوەی جێی سەرنجە لە (کووک تایۆر)دا ئەوەیە کە وشەکانی وەکوو چەپ یان ڕاست بەکار ناهێنن، لەجیاتی ئەوە کەڵک لە ئاڕاستە جوگرافییەکان وەردەگرن: باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا. لەوێ بۆ هەموو شتێک ئاڕاستە جوگرافییەکان بەکار دەهێنن. هەر بەڕاست بۆ هەموو شتێک. بۆ نموونە لەوێ دەڵێن “سەیر کە مێروولەیەک لەسەر پێی باشووری ڕۆژاواتدایە.” یاخود “پەرداخەکەت تۆزێک بۆ لای باکووری باکووری-ڕۆژهەڵات بجووڵێنە.” لە ڕاستیدا شێوازی سڵاوکردن و گوتنی “سڵاو” لە (کووک تایۆڕ)دا ئەوهایە کە دەڵێیت “بەرەو کوێ دەچیت؟” ئیدی لە وەڵامدا بۆ نموونە دەڵێیت “بۆ ئەوپەڕی باکووری باکووری ڕۆژهەڵات، ئەی تۆ؟” بیری لێ بکەوە کە بە ڕۆژدا کە هاتووچۆ دەکەیت و خەڵکی دەبینیت و هەر جارێک لەگەڵ کەسێکدا چاک و چۆنی دەکەیت دەبێت ئاڕاستەی رۆیشتنی خۆتی پێ بڵێیت. ئەمەش وادەکات هەموو کات بەباشی بزانیت لە چ ئاڕاستەیەکی جوگرافیدایت و بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەچیت، چونکە وانەبێت ناتوانیت تەنانەت وەڵامی سڵاوێک بدەیتەوە.
لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی بەم چەشنە زمانانە قسە دەکەن زۆر شارەزای ئاڕاستە جوگرافییەکانن، زۆر لەوە زیاتر کە لامان وابوو لە توانای مرۆڤدا بێت. جاران واماندەزانی کە مرۆڤ، لەبەر هەندێک هۆکاری بایۆلۆجی، زۆر لاوازترە لە بوونەوەرەکانی دیکە لە توانای ناسینەوەی ئاڕاستە جوگرافییەکاندا، بۆ نموونە ئێمە ماگنەتمان لەنێو دەندووکماندا نییە! و ئەم شتانە. بەڵام ئەگەر زمانەکەت و کەلتوورەکەت فێرت بکات ئەوە بکەیت، بەڕاست دەتوانیت ئەوە بکەیت. کەسانێک هەن لە دونیادا کە زۆر بەباشی هەمیشە ئاگاداری ئاڕاستە جوگرافییەکانن.
لێرەدا بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی بابەتەکە (لیرا) داوا لە ئامادەبووان دەکات چاویان بنووقێنن و ئینجا داوایان لێ دەکات بە دەست ئاماژە بۆ باشووری ڕۆژهەڵات بکەن. دواتر کە چاو دەکەنەوە هەر کەسە و ئاماژەی بۆ ئاڕاستەیەک کردووە و ئەمیش دەڵێت کە لە ڕاستیدا من خۆیشم نازانم کوێ دەکات! ئەمەش نیشاندەری جیاوازییەکی گەورەی نێوان توانا مەعریفییەکانی زمانە جیاوازەکانە. لە زمانێکدا (ئاماژە بۆ ئامادەبووان دەکات) نازانن کامە ئاڕاستە بەرەو کوێیە و کەچی لە خەڵکێکی دیکەدا وەکوو ئەوانەی کووک تایۆڕ لە منداڵێکی پێنج ساڵان بپرسیت خێرا ئاڕاستە درووستەکەت پێ نیشان دەدات.
بیرکردنەوەی جیاواز سەبارەت بە کات
هەروەها مرۆڤەکان بە شێوازی زۆر جیاواز بیر لە کات دەکەنەوە. بۆ نموونە ئەگەر هەندێک وێنەی کەسێک لە منداڵییەوە تاکوو تەمەنی پیریی ئەو کەسە دابنێیت و داوا لە کەسێکی ئینگلیززمان بکەیت ڕیزیان بکات، لە چەپەوە بۆ ڕاست ئەوە دەکات. ئەگەر ئەم داوایە لە کەسێکی کوردزمان6 یاخود ئەوانەی زمانیان عیبری یان عەرەبییە بکەیت لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەیکەن. ئەمەش پەیوەندیی بە ئاڕاستەی نووسینەوە هەیە کە ئەو زمانە لە ڕاستەوە بۆ چەپ بنووسرێت یاخود پێچەوانەکەی.
باشە ئێستا ئەگەر داوا لە کەسێکی خەڵکی کووک تایۆڕ بکەین ئەم وێنانە ڕیز بکات چی دەکات؟ ئەوان وشەی وەکوو چەپ یان ڕاست بەکار ناهێنن. کاتێک ئەمەیان لێ داوا کرا، ئەگەر کەسەکان ڕوویان لە باشوور بایە، کاتیان لە چەپەوە بۆ ڕاست ڕیز دەکرد، کاتێکیش کە ڕوویان لە باکوور بایە، کاتیان لە ڕاستەوە بۆ چەپ ریز دەکرد. کاتێک ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بایە، کات بەرەو جەستەی خۆیان دەهات [واتە لە بەرامبەریانەوە، لە دوورەوە بۆ لای خۆیان]. پاترۆنەکە چۆنە؟ دیارە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا. واتە لای ئەوان کات نەبەستراوەتەوە بە جەستەوە، کات بەستراوەتەوە بە دیمەنی نێو سرووشتەوە. (لیرا) بە چوار ئاڕاستەدا دەجووڵێت و دەڵێت کە ئەگەر ڕووم لە هەر لایەک بێت ئاڕاستەی کات لەلام دەگۆڕێت چونکە لەبۆ من کات هەمیشە لە چەپەوە بۆ ڕاستە. ئەوەش زۆر ئیگۆسەنتەر/egocentric)ـە کە کات ببەستمەوە بە خۆمەوە و هەر کات دەسووڕمەوە کات بەدوامدا بێت و ئاڕاستەکەی بگۆڕێت! بەڵام لای کەسێکی خەڵکی کووک تایۆڕ کات بەستراوە بە سرووشتەوە و هەمیشە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوایە. ئەمەش واتە دوو شێوازی تەواو جیاواز بۆ بیرکردنەوە لە کات.
لە کاتی وەرگێڕانی ئەم بەشەدا سەرنجم دا ئێمە وەکوو کورد ئەگەرچی زمانەکەمان ڕاست بۆ چەپە، واتە لە نووسیندا لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسین، بەڵام بۆ ڕیزکردنی کات (وێنەکان) ئەو ئیشە لە چەپەوە بۆ ڕاست دەکەین، دیارە ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ژمارەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست دەنووسین، واتە ڕیزکردنی کات پەیوەستی ئاڕاستەی ڕیزکردن و نووسینی ژمارەکانە نەوەک نووسین. چونکە زمانە ڕاست بۆ چەپەکانیش ئەگەرچی نووسینیان ڕاست بۆ چەپە بەلام ژمارەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست دەنووسن. لێرەدا ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە کە ئاخۆ ئەو کەسانەی خوێندەوارییان نییە بە چ ئاڕاستەیەکدا وێنەکان ڕیز دەکەن!
ژمارەکان لە زمانە جیاوازەکاندا

سەیری ئەم وێنەیە بکەن. ئەگەر پرسیارتان لێ بکرێت کە چەند پەنگوین (بەتریق) لەم وێنەیەدا دەبینن؟ چی دەکەن؟ دەیانژمێرن و دەلێن یەک، دوو، سێ،…،هەشت. بۆ هەر کامەیان ژمارەیەک دادەنێن و دوا ژمارە دەبێتە کۆی ژمارەی پەنگوینەکان. ئەمەش فێڵێکە کە لە منداڵییەوە فێری بوون. لیستێک لە ژمارەکان فێر بووینە و فێر کراوین کە چۆن بەکاریان بێنین. فێڵێکی بچووکی زمانەوانییە. بەڵام هەندێک زمان هەیە کە ئەوە ناکەن، چونکە هەندێک زمان هەیە کە ژمارەکان بەکار ناهێنن، وشەیان نییە بۆ نموونە بۆ ژمارەی هەفت یان هەشت. ئیدی ئەم خەڵکانە کە بەم زمانانە قسان دەکەن لە ژماردن کەڵک ناگرن و گرفتیان دەبێت لە دەستنیشانکردنی چەندێتییەکاندا. ئێستا بۆ نموونە ئەگەر لە ئێمە داوا بکرێت کە ئەم ژمارەی پەنگوینانە بەراورد بکەین لەگەڵ ژمارەیەک سۆنەدا، ژماردن بەکار دەهێنین، بەڵام ئەو خەڵکانەی کە ئەم فێڵە زمانەوانییەیان نییە ئەوەیان پێ ناکرێت.
جیاوازیی زمانەکان لە جیاکردنەوەی ئاوێزەی ڕەنگەکاندا
زمانەکان لە جیاکردنەوەی ڕەنگەکانیشدا جیاوازن. هەندێکیان وشەیان بۆ ڕەنگەکان زۆرە و هەندێکیشیان بەس ژمارەیەک وشەیان هەیە؛ کاڵ و تۆخ. هەروەها زمانەکان لە سنووردانانی نێوان ڕەنگەکانیشدا لەیەکدی جیاوازن. بۆ نموونە لە ئینگلیزیدا وشەی (بڵوو/شین) هەموو ئەم ڕەنگانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت.

بەڵام لە ڕووسیدا بەس یەک وشە نییە و ئاخێوەرانی زمانی ڕووسی دەبێت جیاوازیی بخەنە نێوان (شینی کاڵ/گۆڵووبۆی/goluboy) و (شینی تۆخ/سینیی/siniy). کەواتە ڕووسییەکان بە درێژاییی ژیان ئەم ئەزموونەیان، لە زماندا، بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو ڕەنگە لەیەکدی هەیە. کاتێکیش توانای کەسەکان بۆ لێکجیاکردنەوەی ئەم ڕەنگانە تاقی دەکەینەوە، ئاخێوەرانی زمانی ڕووسی خێراترن لە ئەم سنووردانانە زمانەوانییەدا. ئەوان خێراتر دەتوانن شینی کاڵ و شینی تۆخ لێک جیا بکەنەوە. کاتێک لە وێنەکانی مێشک ورد دەبیتەوە لەساتی سەیرکردنی ڕەنگەکاندا، با بڵێین هێواش هێواش ڕەنگەکە لە شینی کاڵەوە دەگۆڕێت بۆ شینی تۆخ، ئەو کەسانەی کە وشەی جیاواز بەکار دەهێنن بۆ شینی کاڵ و تۆخ، لە ساتی گۆڕینی ڕەنگەکەدا مێشکیان کاردانەوەیەکی بەرچاو دەردەخات، وەکوو “ئەک، شتێک لە پۆلێنبەندییەکاندا گۆڕاوە.” کەچی مێشکی بۆ نموونە ئاخێوەرانی زمانی ئینگلیزی کە ئەم پۆلێنبەندییە جیاوازەیان نییە، ئەو چەشنە کاردانەوەیەی نابێت، چونکە هیچ شتێک پۆلێنبەندییەکەی نەگۆڕاوە.
نێر و مێ لە زمانە جیاوازەکاندا
زمانەکان تایبەتمەندیی جیاوازیان لە ستراکتوریاندا هەیە. بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەی نێر و مێی نێو ڕێزمانی زمانەکانە. زۆرێک لە زمانەکان لە ڕێزمانیاندا نێر و مێیان هەیە و ئیدی هەموو (ناو)ێک ڕەگەزی نێر یان مێی دەدرێتە پاڵ. ئەم ڕەگەزانەش لە زمانە جۆراوجۆرەکاندا جیاواز دەردەکەون. بۆ نموونە خۆر لە زمانی ئەڵمانیدا مێیە و لە ئیسپانیدا نێرە. مانگیش پێچەوانەیە؛ لە ئەڵمانیدا نێرە و لە ئیسپانیدا مێیە. ئایا ئەمە کار دەکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان؟ بۆ نموونە ئەڵمانییەکان خۆر لایان زۆرتر شتێکی مێینە و مانگ زۆرتر شتێکی نێرانەیە؟ لەڕاستیدا شتەکە هەر وایە. بۆ نموونە ئەگەر لە کەسێكی ئیسپانی و ئەڵمانی داوا بکەیت پردێک پێناسە بکەن. پرد لە ئەڵمانیدا ڕەگەزی مێ و لە ئیسپانیدا ڕەگەزی نێرە. ئەڵمانییەکان زۆرتر دەڵێن کە پردەکان شتی ناسک و جوانن و لەو وشانە کەڵک دەگرن کە تایبەتمەندیی مێینەیان لەگەڵە. ئیسپانییەکانیش زۆرتر وشەی تایبەت بە نێرینە بەکار دێنن بۆ نموونە پردەکان بەهێز و درێژن و ئەم شتانە.
جیاوازیی زمانەکان لە ڕاڤەکردنی ڕووداوەکاندا

ڕووداوێکی وەکوو ئەوەی نێو ئەم وێنەیە بەرچاو بگرن. لە ئینگلیزیدا ئاساییە کە بڵێی “ئەو ئینجانەکەی شکاند.” لە زمانێکی وەکوو ئیسپانیدا ئەگەری زۆرترە کە ئاوا بڵێیت: “ئینجانەکە شکا.” یاخود “ئینجانەکە خۆی شکاند.” کاتێک کە شتەکە بە ڕووداو ڕووی داوە ناڵێیت کە کەسێک ئەوەی کردووە. لە ئینگلیزیدا، زۆر سەیرە، دەکرێت تەنانەت شتانێک بڵێین وەکوو “دەستی خۆمم شکاند.” لە زۆر زماندا ناتوانیت ئەو ستراکتورە بەکار بێنیت مەگەر ئەوەی کە شێت بووبێتیت و بە خۆت دەستی خۆتت شکاندبێت!ئەگەر شتەکە ڕووداو بووبێت داڕشتنێکی جیاواز بەکار دێنیت. ئەمەش دەرنجامی خۆی دەبێت. ئەوانەی زمانیان جیاوازە سەرنج بە شتی جیاواز دەدەن بەپێی ئەو شتەی کە زمانەکەیان داوایان لێ دەکات و دەستنیشانی دەکات بۆیان. بۆ نموونە وێنەیەک نیشانی کەسانێکی ئینگلیززمان و ئیسپانیزمان دەدەیت، دواجار ئینگلیزییەکان ئەوەیان بیر دەمێنێت کە کێ ئەوەی کرد چونکە دەڵێن فڵانەکەس کردی، کەچی بۆ نموونە ئیسپانییەکان ئەوەیان زۆر بیر نامێنێت کە کێ کردوویەتی ئەگەر شتەکە ڕووداو بووبێت، بەڵکوو زۆرتر ئەوەیان بیر دەمێنێت کە شتەکە ڕووداو بووە، زۆرتر ویستەکەیان بیر دەمێنێت کە شتەکە بەئەنقەست کراوە یاخود نا. واتە دوو کەس وێنەیەک دەبینن، یاخود شایەتی ڕوودانی تاوانێک دەبن، کەچی دواجار شتی جیاواز لەیەکیان بیر دەمێنێت سەبارەت بە ڕووداوەکە. ئەمەش کاریگەری دادەنێت لەسەر شایەتیدانەکان. هەروەها لەسەر لۆمەکردن و سزادانیش کاریگەری دادەنێت. بۆ نموونە ئەگەر بە کەسێکی ئینگلیزیزمان بڵێین کە “فڵانە کەس ئینجانەکەی شکاند.” بەراورد بەوەی کە بڵێین “ئینجانەکە شکا.” زۆرتر ئەو کەسە لۆمە دەکات و بە تاوانباری دەزانێت تەنانەت ئەگەر خۆیشی ڕووداوەکەی بینیبێت و لەپێش چاوی خۆی ڕووی دابێت یان ڤیدیۆکەی سەیر کردبێت. کەوابوو زمان، ئاوەزمان ئاڕاستە دەکات سەبارەت بە ڕووداوەکان.
ئەمانە هەندێک نموونە بوون بۆ ئەوەی کە زمان چۆن شێوازی بیرکردنەوەمان دەستنیشان دەکات و چەندە کاریگەرییەکانی لەسەر بیرکردنەوەمان بەهێزە. ئەمەش بە شێوازی جۆراوجۆر دەکات. زمان دەتوانێت کاریگەریی گەورە دابنێت وەکوو ئەوەی سەبارەت بە کات و شوێن؛ کە خەڵکی ئاخێوەری زمانە جیاوازەکان، کات و شوێن بە شێوازی جیاواز دەستنیشان دەکەن. زمان کاریگەریی قووڵ دادەنێت وەکوو ئەوەی سەبارەت بە ژمارەکان. ئەوەی کە زمانەکەت وشەی بۆ ژمارەکان هەبێت کرانەوەی کۆی جیهانی بیرکاری مسۆگەر دەکات. ئەگەر ژمارەکان نەبن ناتوانیت کردارەکانی تایبەت بە جەبر ئەنجام بدەیت. ئەم فێڵە ساکارەی دەستنیشانکردنی وشە بۆ ژمارەکان، دەبێتە بەردێکی بناغە بۆ جیهانێکی بەرینی مەعریفە و تێگەیشتن. زمان هەروەها دەتوانێت کاریگەریی خێرا دابنێت وەکوو ئەوەی ڕەنگەکان. هەموو ساتێک لەم جۆرە بڕیارانە دەدەین کە پەیوەندیی بە هەستەکانمانەوە هەیە و لەوەشدا زمان بەشدارە و ئاڕاستەی بڕیارەکان دەستنیشان دەکات. زمان دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرین دابنێت وەکوو ئەوەی ڕەگەزی (ناو)ـەکان لە ڕێزمانەکاندا. ئەو ڕەگەزی نێو ڕێزمانە بۆ هەموو (ناو)ـێکە واتە ئەوەی کە ناو بنرێت، زمان کاریگەری دادەنێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوەت سەبارەت بە ئەو شتە. دواجاریش ئەو نموونەیەی لۆمەکردن و بەتاوانبارزانینە کاریگەری لەسەر ئەو شتانە دادەنێت کە ئەرکێک دەخاتە ئەستۆمان. بیرۆکەی وەکوو لۆمەکردن و سزادان یان یادەوەری و شایەتیدان. ئەمانە شتانێکی گرینگن کە هەموو ڕۆژێک لە ژیانماندا ئەزموونیان دەکەین.
جوانیی جۆراوجۆریی زمانەکان ئەوەیە کە تێدەگەین زەینی مرۆڤ چەند بەهێز و تایبەت و داهێنەرە. زەینی مرۆڤ نەک یەک جیهانی مەعریفی بەڵکوو 7 هەزاری داهێناوە. لە جیهاندا 7 هەزار زمانمان هەیە. هەروەها دەشتوانین زۆرتریش درووست بکەین، زمان شتێکی زیندووە کە گەشە دەکات و دەتوانین بەپێی پێداویستییەکانمان گۆڕانی تێدا بکەین.
تراژیدییەکە لەوەدایە کە بەردەوام خەریکە لەم جۆراوجۆرییە زمانەوانییە کەم دەبێتەوە. هەفتەیەک زمانێک لەناو دەچێت و بەپێی هەندێک لە مەزەندەکان لە سەد ساڵی داهاتوودا نیوەی زمانەکان لەناو دەچن. شتێکی خراپی دیکەش ئەوەیە کە بەجۆرێک هەموو ئەو شتانەی ئێستا دەیزانین سەبارەت بە مێشک و زەینی مرۆڤ، زۆربەیان بەپێی توێژینەوەکانە لەسەر خوێندەوارانی ئینگلیزیزمانی ئەمریکی لە زانکۆکاندا. ئەمە بەنێزیکەیی هەموو مرۆڤەکان دەخاتە دەرەوە لە بازنەی توێژینەوەکان! واتە ئەوەی سەبارەت بە زەینی مرۆڤ دەیزانین یەکجار تەسک و لایەنگرانەیە، زانست پێویستە زۆر باشتر لەمەی ئێستا ئیش بکات. ئەوەی تا ئێستا باس کرا لەسەر ئەوە بوو کە چۆن ئاخێوەرانی زمانە جیاوازەکان، جیاواز بیر دەکەنەوە، بەڵام باسەکە ئەوە نییە کە خەڵکانی شوێنی دیکە چۆن بیر دەکەنەوە، باسەکە تەرکیزکردنە سەر ئەوەیە کە تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە؟ ئەوەی کە ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەیت چۆن ئاڕاستە و شێوازی بیرکردنەوەکانت دەستنیشان دەکات و کار دەکاتە سەر بیرکردنەوەکانت؟ ئەمەش ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە بۆچی بەو شێوازەی ئێستام بیر دەکەمەوە و هۆکاری ئەم شێوازی بیرکردنەوەیەم چییە؟ چۆن بتوانم بە شێوازێکی جیاواز بیر بکەمەوە؟ هەروەها پێم خۆشە چی بیرۆکە و بیرکردنەوەیەک بخولقێنم؟
زۆر سوپاس.
[چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان.]
لیرا بۆرۆدیتسکی / کۆنفرانسی تێد / 2018
و: شاخەوان. ح. ح
پەراوێز:
- (زانستی مەعریفە / cognitive science) لقێکی زانستە کە پەیوندی بە چەندین لقی زانستیەیوە هەیە و لە ئیشە بنەڕەتییەکانی زەین و مەعریفە دەکۆڵێتەوە. لە تێگەیشتن، کردەوە، زمان، زانست، گەشەکردن و بیرکردنەوە لە چەندین ڕوانگەوە ورد دەبێتەوە؛ لە ڕوانگەی تیۆری و ئەزموونی و ئەوەی تایبەت بە پرۆسە کۆمپیوتەرییەکان. مەبەستی ئەم زانستە تێگەیشتنێکی باشترە لە مەعریفەی مرۆڤ و سرووشتی سیستەمە زیرەکەکان. سرووشتی وێنە زەینییەکان و شێوازی ئیشکردنیان لە بابەتە گرینگەکانی ئەم زانستەن. هەروەها جیاوازیی شێوازی زیرەکیی مرۆڤ لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا و پەیوەندیی نێوان مەعریفەی مرۆڤ و بنەما بایۆلۆژییەکانی لە باسە بەرچاوەکانی ئەم بوارە زانستییەن. (س)
- Charlemange
- Kuuk Thaayorre
- Pormpurraaw
- Cape York
- لە قسەکانیدا، بۆ زمانە ڕاست بۆ چەپەکان ناوی عیبری و عەرەبی وەکوو نموونە دەهێنێتەوە، لە وەرگێڕانەکەدا کوردییش زیاد کراوە.
