چۆن باشتر سەعی بکەین؟
لەبیرکردن هاوڕێی فێربوونە.
ڕۆبەرت بژۆرک / مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو (یاخود موقیم) لەو دوو ساڵەی ڕاهێنانیاندا لە نەخۆشخانەکاندا ژمارەیەکی زۆر تەکنیک و شێوازی نەشتەرگەری فێر دەبن کە دواتر بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان پێویستیان پێیان دەبێت. دواجار توانای بیرهێنانەوەی ئەم لێهاتوویی و زانیارییانە زۆر گرینگ دەبێت بۆ پاراستنی گیانی نەخۆشەکان.
لە ساڵی 2006ـدا توێژینەوەیەک ئەنجام درا لەسەر پۆلێکی ڕاهێنانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو کە فێری تەقەڵدانی خوێنبەرەکان دەبوون. خوێندکارەکان بەسەر دوو گرووپدا دابەش کران و هەموویان هەمان بابەتی خوێندنیان خرایە بەردەست. بەڵام یەکێک لە گرووپەکان گۆڕانکارییەکی بچووکیان لە شێوازی سەعیکردنەکانیاندا کرد و دواجار کاتێک پاش مانگێک تاقیکردنەوەیان ئەنجام دا، لە ئاستێکی بەرچاودا لە گرووپەکەی دیکە سەرکەوتووتر بوون.
ئێستا باسی ئەو شێوازە دەکەین کە ئەم گرووپە بەکاریان هێنا لەگەڵ دوو تەکنیکی دیکەی سەعیکردن کە دەتوانیت لەنێو پۆلی خوێندن و لە دەرەوەی پۆلیشدا کەڵکیان لێ وەربگریت. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی ئەم ڕێکارە ئیش دەکات با سەرەتا بزانین کە مێشک چۆن شت فێر دەبێت و زانیارییەکان خەزن دەکات. با بڵێین دەتەوێت ئەناتۆمیی دڵ لەبەر بکەیت. کاتێک چەمکێکی نوێ دەناسیت، یادەوەرییەکە بۆ ماوەیەکی کاتی دەگۆڕێت بۆ شێوازی هەندێک گرووپە دەمار لە بەشێکی مێشکدا کە پێی دەگوترێت هیپۆکامپەس1. کاتێک بەردەوام دەبیت لە وەرگرتنی زانیاری و فێربوون سەبارەت بە ئیشکردنی بەشەکانی دڵ، بۆ نموونە ئیشکردنی ژوورەکانی دڵ، هەمان ئەو دەمارانە چالاک دەکەیتەوە. ئەم دووپاتبوونەوەیەی چالاککردنەوەی دەمارەکان پەیوەندیی نێوان خانەکان بەهێزتر دەکاتەوە و یادەوەرییەکە سەقامگیر دەکات. ئیدی وردەوردە زانستی ئەناتۆمی دڵ بۆ درێژخایەن لە مێشکدا خەزن دەبێت. ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی بەشێکی دیکەی مێشک کە پێی دەگوترێت نیۆکۆرتێکس2. ئەوەی کە چۆن زانیارییەکان لە یادگەی کورتخایەنەوە دەگوازنەوە بۆ ئەوەی درێژخایەن بەتەواوی ڕوون نییە. بەڵام پێدەچێت ئەو پرۆسەیە لەنێوان جارەکانی سەعیکردندا یاخود لەوانەشە لە ساتی خەودا ڕوو بدات. ئیدی زانیارییە نوێکە تێکەڵی ئەو بابەت و زانیارییانە دەبێت کە پێشتر دەتزانین؛ بۆ نموونە ئەوەی کە چۆن ڕێژەی لێدانی دڵ حسێب بکەیت یاخود ئەناتۆمیی ئەندامەکانی دیکەی لەش. پرۆسەکە لێرەدا دوایی نایەت، هەر جارێک و ئەناتۆمیی دڵ وەبیر دەهێنیتەوە یادگە درێژخایەنەکە دیسان چالاک دەکەیتەوە و ئەمەش وا دەکات ئامادە بێت بۆ گۆڕان، ئیدی زانستەکە دەکرێت نوێ ببێتەوە، بەهێزتر ببێتەوە و تێکەڵ بە زانیارییەکانی دیکە ببێت. ئێستا با باسی یەکەم تەکنیکی سەعیکردن بکەین.
1. چۆن؟
خۆتاقیکردنەوە بە (فلاش کارد) و کویزەکان ناچارت دەکات کە بەشێوەیەکی چالاک زانیارییەکان وەیادبهێنیتەوە و ئەمەش یادگە نوێ و بەهێز دەکاتەوە. خوێندکاران زۆربەی جار حەزیان لە شێوازەکانی دیکەی سەعیکردنە؛ بۆ نموونە دووبارە خوێندنەوەی کتێبەکان و هایلایتکردنیان، بەلام ئەمە دەکرێت هەستێکی لێهاتووییی درۆیینەت لا درووست بکات و پێت وابێت کە شتەکە دەزانیت، چونکە زانیارییەکە لەپێش چاوتە. بەڵام خۆتاقیکردنەوە وا دەکات ئەوەی بەڕاست دەیزانیت هەڵسەنگێنیت و بە درووستی بزانیت کە چی دەزانیت و چی نازانیت. بەڵام ئەگەر لە کاتی ئەم خۆتاقیکرندەوەیەدا وەڵامەکانت بیر نەیەتەوە چی؟ خەمت نەبێت. لەڕاستیدا هەڵەکردن دەتوانێت لە درێژخایەندا پرۆسەی فێربوون باشتر بکات. بەپێی تیۆرەکان کاتێک گوشار دەخەیتە سەر مێشکت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێک، بەم جۆرە زانیارییە پەیوەندیدارەکان چالاک دەکەیتەوە، ئیدی کاتێک دواتر وەڵامە ڕاستەکە دەردەکەوێت مێشکت باشتر دەتوانێت زانیارییە نوێکە لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا کە دەیانزانیت پێکەوە ببەستێتەوە.
2. چی؟
تەکنیکی دووهەم لەسەر بنەمای ئەوەی یەکەمە. کاتێک فلاشکارد بەکار دەهێنیت بۆ سەعیکردن باشترە کارتەکانی بابەتە جیاوازەکان تێکەڵ بکەیت. تێکەڵکردنی بابەتە جیاوزەکان لە دانیشتنێکدا دەکرێت لەبەرکردنێکی باشتری لێ بکەوێتەوە لەوەی هەر جارە و بەس یەک باس و بابەت بخوێنیت و بەس پرۆڤەی یەک بابەت بکەیت.
گریمانەیەک کە بۆچی ئەمە کاریگەر دەبێت ئەوەیە کە هاوشێوەی خۆتاقیکردنەوە، سووڕانەوە بەنێو بابەتە جیاوازەکاندا مێشکت ناچار دەکات بۆ ماوەیەکی کاتی زانیارییەکان لەبیر بکات و ئینجا وەیادیانبهێنێتەوە و یادەوەرییەکە/لەبەرکردنەکە بەهێزتر ببێتەوە. هەروەها دەشێت پەیوەندی لەنێوان بابەتەکاندا ببینیتەوە و باشتر لە جیاوازییەکانیان تێبگەیت.
ئێستا کە دەزانیت چۆن سەعی بکەیت و چی بابەتێک بخوێنیتەوە، دوا تەکنیک سەرنج دەخاتە سەر کات و ئەوەی کە کەی سەعی بکەیت؟
3. کەی؟
ئەوەی کە ماوەیەک بخەیتە نێوان خوێندنەوەکانت وا دەکات پشوو و خەو بکەوێتە نێوان سەعیکردنەکانت. لە کاتی خەودا مێشک هەر خەریکی ئیشکردنە و لە (نیۆکۆرتەکس)دا زانیارییەکان خەزن دەکات و بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە. ئیدی ئەگەرچی لەوانەیە سەعیکردن و خوێندەوەیەکی زۆر لە شەوی پێش تاقیکرندەوەدا مەنتیقی بنوێنێت بەڵام دواجار ئایا زانیارییەکان لە زەینتدا تازە نابن؟ بۆیە زانیاریییەکان بۆ ماوەی درێژخایەن نامێننەوە.
ئێستا با بگەڕێینەوە سەر دوو گرووپی پزیشکەکانی نیشتەجێ لە توێژینەوەکەدا، هەر دوو گرووپەکە هەمان کاتیان تەرخان کردبوو بۆ سەعیکردن لە بابەتی نەشتەرگەریدا، ڕاهێنانی گرووپێک ئاخنرابووە نێو یەک ڕۆژ، بەڵام بۆ گرووپەکەی دیکە، کە سەرکەوتووتر بوون، دابەش کرابووە نێو چەند ڕۆژدا لە ماوەی چوار هەفتەدا. هۆکاری ئەوەی کە ئەم سێ تەکنیکە کاریگەر دەبن ئەوەیە کە بەپێی شێوازی ئیشکردنی مێشک داڕێژراون. ئەم تەکنیکانە تەواوکەر و پاڵپشتی شێوازی ناوازەی ئیشکردنی مێشکن؛ ڕیزکردن و خەزنکردنی ئەو قەبارە لەڕادەبەدەرەی زانیارییەکان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێیدەدرێت.
پەراوێز:
- Hippocampus
- Neocortex
