شەترەنج و پشیلە
ماوەیەکە دەستم کردووەتەوە بە یاریی شەترەنج، نەوەک پێشتر یاریزانێکی بەتوانا و لێزان بووبێتم، لەڕاستیدا هەر لە منداڵییەوە کە بۆ یەکەم جار فێری شەترەنج بووم تاکوو ئیستا، ئەوە نەبێت تۆزێک زۆرتر سەرنجم دابێت بە جووڵەی داشەکان، شتێکی ئەوتۆ لە یارییەکەدا پێش نەکەوتووم. لە قوتابخانەش چەند جارێک بەشداریی کێبڕکێکانم کردبوو و زۆربەی هەرە زۆریان بە دۆڕان دوایی دەهات! ئەوسا سەرچاوەش بەردەست نەبوو بۆ فێربوونی تەکنیک و ستراتیجییەکان. نا! هەر نەماندەزانی شتی واش هەیە و شەترەنج جگە لە یاساکانی جووڵاندنی داشەکان شتی دیکەشی هەبێت بۆ فێربوون! بەهەرحاڵ ئەم ماوەیە کەوتە سەرم دەستی پێ بکەمەوە و ئەمجار جیدیتر خەریکی یارییەکە بم، ئێستا کە سەرچاوەی فێربوون زۆرن و کاتیش هەیە.
خەریکی یاریکردنم لەسەر مۆبایلەکەم و خوشکم یەکسەر یارییەکەم پێ دەبڕێت و دەڵێت کەم شەترەنج بکە شێت دەبی! ئیتر نازانم پەیوەندیی شەترەنج بە شێتبوونەوە چییە! ئەها! ماوەیەک لەمەوبەر ڤیدیۆیەکی ژیاننامەی (بۆبی فیشەر) گەورە مامۆستای یاریی شەترەنجم بۆ هەناردبوو، بەس پێموا تەنها سەردێڕەکەی یان چەند خولەکێکی لێ سەیر کردبێت! بۆیە وادەزانێت هۆکاری شێتبوونی فیشەر شەترەنج بووە! بەهەرحاڵ تاقەتی ڕوونکردنەوەم نەبوو و هەر خەریکی یارییەکەی خۆم بووم لەسەر مۆبایلەکە و لەناکاو بە دەنگی بەرز وتی “دەمەوێت پۆستێک بکەم لەسەر فەیسبووک!”
“دەی باشە ئەو هاتوهاوارەی بۆ چییە، ئەو هەموو خەڵکە بۆ هەر پۆستێک وا بکەن خۆ فەیسبووک بەردی بەسەر بەردەوە نامێنێت!”
“ئاخر نازانم لەسەر چی! تۆ بلێ لەسەرچی پۆست بکەم؟”
خەیاڵم لەنێو یارییەکەدایە و دەزانم شتێک نەڵێم واز ناهێنێ و لەخۆڕا دەڵێم “پشیلە!” ئەویش بە جیدی وەریدەگرێت و دەلێت “وای! پشیلە جوانە وەڵا! پێنووس و کاغەزێک بەدەستییەوەیە، لە سووچێک دادەنیشێت و دەست دەکات بە نووسین و پاش چەند چرکەیەک مۆبایلەکەی دێنێت و نازانم بەدوای چیدا دەگەڕێت! پێموا پەشیمان بووەتەوە و وازی هێناوە و ئیستا خەریکی گەڕانە بەنێو فەیسبووکدا! پێشتر چەند جووڵەیەکم کردووە، هەنێک لە شێوازەکانی “کردنەوەی یاری”ـم سەیر کردووە و تێکەڵ پێکەڵ بەکاریان دەهێنم. یاسایەکی گرینگ ئەوەیە لە دەستپێکی یاریدا نابێت جووڵەکانت بەخەسار بدەیت و نابێت داشێک دوو جار بجووڵێنیت مەگەر قازانجێکی دیاریکراوی تێدابێت وەکوو خواردنی داشێکی بەلاش؛ واتە داشێک کە لەلایەن داشێکی دیکەوە نەپارێزرابێت. سەیرە ئەسپەکە دەجووڵێنم و خەیاڵم لای پشیلەیە! بیر لەوە دەکەمەوە ئاخۆ ئەگەر شەترەنج پشیلەی تیا بوایە چۆن دەجووڵا؟! خەیاڵێکی بێمانایە! پشیلە ئەو ئاژەڵەی کە پێموا یەکەم ئاژەڵ بێت زۆربەمان بە منداڵی ئاشنای دەبین! لاساییکردنەوەی میاواندنی پشیلەش بەشێکە لە ڕابواردنەکانی سەردەمی منداڵی. ئازاردانی پشیلەش لە خۆشترین یارییەکانی منداڵە چەتوونەکان. هەروەها ناحەزترین ئاژەڵیش لەلای ئەو منداڵانەی کە جووچکیان هەیە و یەکسەر لەو ترسەدا دەژین نەکوا ڕۆژێک پشیلەیەک بێت و بیخوات! کە منداڵ بووم پیرێژنێکی دراوسێمان هەبوو تەشی دەڕست و هەمیشە پشیلەیەکی هەبوو! پێموا لە منداڵیی هەموو کەسێکدا پیرێژنێکی وا بووبێت! زۆرجار دەڕۆیشتم و لەگەڵ پشیلەکە یاریم دەکرد. زەرفێکی نایلۆنت دەگرت بە دەستەوە و دە دەقە، بیست دەقە، نیو سەعات، ئەو پشیلەیە چنگی لێ گیر دەکرد و کە لات دەبرد بێتاقەت دەبوو و تۆش دیسان دەستت پێ دەکردەوە. بەڵام ئەمەیان پشیلەی ڕۆژە! زۆر جوان و بێوەیە. پشیلەی شەو وا نەبوو، زۆر ترسناک بوون لەلام! بەتایبەت کاتێک بە شەودا دەڕۆیشتم بۆ دەستبەئاو. هەمیشە بەپەلە دەڕۆیشتم، پشیەلەیەکیش لە دوورەوە چاوی دەبڕییە نێو چاوم و بەو چاوە گەشانەی یەکسەر سەیری دەکردم! نەمدەوێرا هیچ بکەم، بەڵام کاتێک کە دەگەڕامەوە بچمەوە ماڵەوە ئەگەر هێشتا لە حەوشەکە بایە هەڵمەتێكم دەدا و ئەویش هەڵدەهات! یان نەعلێکم بۆی هەڵدەگرت. زۆر حەزم لەوەش بوو کە مستی بەتاڵت بۆ ڕادەوەشاند وایدەزانی بەردت بەدەستەوەیە و هەڵدەهات. پێموا سەرچاوەی ئەو ترسە لە پشیلەکان دەگەڕایەوە بۆ ئەو هەموو چیرۆکانەی کە نازانم لە کوێوە دەهاتن و بەنێو مێشکی منداڵاندا بڵاو دەبوونەوە! بۆ نموونە دەگوترا کە جندۆکە تەنها دەتوانێت خۆی بگۆڕێت بۆ شێوەی پشیلە! بۆیە هەر پشیەلەیکت بینی ئەگەری هەیە جندۆکە بێت! ئەوە نییە یەکسەر سەیرت دەکات و چاو دەبڕێتە چاوت! بۆ عەقڵی منداڵیشمان هەموو شتێک مەنتیقی دەینواند! جارێکیان بیستم کە بە شەودا ئەگەر ئاوەکوڵت ڕژاند دەبێت سەرەتا بیسمیلایی بکەیت نەکوا جندۆکەیەک لەوێ بێت و ئاوەڕووتی بکەیت! جارێکیان کابرایەک بەبێ بیسمیلایی ئەوەی کرد و هەندێک بێچووە جندۆکە سووتان! دواتر دایکی جندۆکەکان هات و دەستی وەشاند لە منداڵەکانی ئەو پیاوە و منداڵەکان شێت بوون! منیش لە تەمەنی هەشت نۆ ساڵیدا ئەوە بوو بە گەورەترین ترسی ژیانم کە شتێک نەکەم دایکی بێچووە جندۆکە نەبینراوەکانی گەڕەکەکە بکەوێتە دوژمنایەتیمانەوە! سەیر دەکەم چەندە پشیلە تێکەڵی ژیانمان بووە بەبێ ئەوەی وەکوو ئاژەڵی ماڵی پشیلەمان بەخێو کردبێت!
جارێکیان زستان بوو پشیلەیەک ڕۆیشتبووە ژێر پێپلیکانەکان و جێی خۆش کردبوو. کاتێک کە پێمان زانی شەش بێچووی هەبوو! ئیدی ئێمەش هەموو ڕۆژێک ئەگەر زەرفێک شیرمان بۆ خۆمان دەکڕی، یەکێکیشمان بۆ ئەوان دەکڕی و دەمانکردە نێو کاسەیەک و داماندەنا و دەیخوارد، تاکوو بێچووکانی گەورە بوون! ئیدی ئەو ناوەیان پڕ کردبوو لە کوڵکە! ڕۆژێکیان کە ئیدی زستان تەواو بووبوو و بێچووکانیش گەورە بووبوون دایکم بە تووڕەییەوە پێی گوت “ئیتر بچۆ و بەچکەکانت ببە، خۆ گەورە بوونە!” ئێمەش پێکەنین! بەڵام هەمان ڕۆژ بینیمان دایکی پشیلەکان دانە دانە بێچووەکانی بە دەمەوە گرت و بردنی! ئێمەش ژێر پێپلیکەکانەکەمان خاوێن کردوەوە و پێمان سەیر بوو کە چەند گوێڕایەڵ بوو! پاش نێزیکەی مانگێک، بەیانییەک دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانە و چاوەڕێی تەکسی بووم، لە ئەوپەڕی شەقامەکەوە دایکی پشیەلەکانم بینی تێپەڕی! هەر کە منی بینی وەستا و چاوی بڕییە نێو چاوم، دڵنیابووم کە دەمناسێتەوە! سەیرکردنەکەی وەکوو ئەوەی پشیلەکانی دیکە نەبوو، مەوداکە دوور بوو و ئەو خەڵکە چاوەڕێی تەکسی بوون و ئەو بەس سەیری منی دەکرد، منیش ئەوەندەی نەمابوو دەست بەرز بکەمەوە و مەرحەبایی لەگەڵ بکەم! تەکسییەک هات و سەرکەوتم و تا ڕۆیشتم ئەو هەر سەیری دەکرد! پاش ئەوە چیتر نەمبینییەوە! ڕادەچەنم، ئەم فیلە لە کوێوە هات و ئەو ئەسپە بەستەزمانەی خوارد! یەکەم جار نییە ئەوەم بەسەر دێت! دیتنی فیلەکان لە ڕێگای دوورەوە کە نیشانە لە داشەکانت دەگرنەوە هەندێک جار زەحمەتە بەتایبەت بۆ کەسانی ناشارەزا لە یارییەکەدا. دایکم هەمیشە زۆر ڕقی لە کوڵکی پشیلە بوو و دەیگوت “بچێتە نێو مەعیدەتان ئیدی بە هیچ شتێک دیوانی نایە و دەرناچێت! ئاممان دەست لە پشیلە نەدەن!” سەرەڕای ئەمەش ئەو ماوەیە ئەو پشیلانەمان لەگەڵ بوو و ڕێگەی دا هاتووچۆیان بکەین و ئاگامان لێیان بێت! شا کش کراوە و ئەسپەکەی دیکە دێنمە بەردەمی. دڵخۆش دەبم کە ئەم ئەسپە لەوێ بوو ئەگینا قەڵایەکم لە کیس دەچوو! ئێستا ئەسپەکە لەم شوێنەی ئێستایدا قەڵاکەش دەپارێزێت و وەزیری کابرا ناتوانێت قەڵاکەم بخوات. خۆ ئەو سەربازە خوێڕییە کە رۆیشتووەتە پێشەوە گەڕانەوەی بۆ نییە و هیچی پێ ناکرێ! خوشکم دەڵێ “ئەرێ (فیلەدی) بە کوردی دەبێت بە چی؟”
“(فیلەدی) چییە؟”
“ناوی زانستیی پشیلە!”
“ئەها! دەبێت بە پشیلە!”
پێدەکەنێت و دەلێت دەزانی شێر و بەور و شتیش هەر لە بنەماڵەی پشیلەن و ئەم پشیلە ماڵیکراوانە بچووکترینی بنەماڵەکەن؟ دەکەومە بیری چیرۆکێک کە باوکم هەمیشە دەیگێڕێتەوە. ئەوەی وا ڕۆژێک شێرێک و پشیلەیەک لە ڕێگایەکدا بەیەک دەگەن! شێرەکە زۆر سەری دەسووڕمێت بە بینینی پشیلەکە و لێی دەپرسێت ئەرێ تۆ لە ئێمەیت و چۆنە وا بچکۆلەیت؟… قەڵای کابرا دەڕواتە پشتی وەزیرەکە، بەمەش دەڵێن (پاتری)ـی قەڵا و وەزیر، بەم جۆرە دەتوانن هێرشی قورس بکەنە سەرت. منیش هەمان شت دەکەم بەڵام بە فیل و وەزیر، ئەمە تۆزێک وەزعەکە باشتر دەکات. سەیرە ئەمرۆ بیری هەر ڕۆژێک دەکەمەوە پشیلەیەکی تێدایە، جارێکیان ماڵ پڕ لە میوان هەموو سەرقاڵی قسەکردن! لەناکاو پشیلەیەک لەسەرخۆ خۆی کرد بە دەرگاکەدا و هاتە ژوورەوە، لە چەق دەرگاکە قیت وەستا و سەیری میوانەکانی دەکرد! کەس هیچی نەوت و ئەویش خۆی گەڕایەوە و ڕۆیشت. ئەو ئاژەڵانەی خۆیان کردبیتە ماڵماندا زۆرترینیان پشیلە بووە، مشکەکانیش زۆر بوون بەڵام ئەوان شەخسیاتیان وەکوو پشیلە نییە، ڕاکەڕاکەیان زۆرە و ڕێزی میوان و شتیش نازانن! ماوەیەکیش دووپشکمان هەبوو! چارەنووسی هەموویان مردن بوو! کۆتر و چۆلەکەش چەندین جار هاتوون و جارێکیشیان قشقەڕەیەک لە سەرمادا خۆی دا بە شووشەی پەنجەرەکەدا و کەوت، هێنامە ماڵەوە. یەکەمجار بوو لە نێزیکەوە ئەم پەلەوەرە بگرم بە دەستەوە. پێموابوو پێی شکاوە بەڵام وا نەبوو، شێوازی پێکانی هەروا خوار و خێچن! تۆزێ گەرمی بووەوە و وەها قیژاندی گوێت کەڕ دەبوو، ئاویشمان هێنا نەیخواردەوە و ئیتر لە قیژەکەیدا بەرمدا و لە عەزرەتدا هەموو پەنجەرەکانمان کردەوە تاکوو ڕێی خۆی دۆزییەوە و ڕۆیشت! دواجار پشیلە بێئەرکترینە، زۆر لەسەر خۆیە، هاوار ناکات و ئەگەر هەڵمەتی بۆ نەبەی چارەکێک دەوەستێت و هیچ ناکات سەیرکردن نەبێت! فیلێک قەڵایەکمی کردۆتە ئامانج، ناتوانم قەڵاکە بجووڵێنم چونکە ئەوە بکەم کش دەبم، ئەمەش پێی دەلێن (پین) واتە (دەرزی)؛ بەجۆرێک کە فیلەکە قەڵاکەمی بەستۆتەوە بە شاکەمەوە و ئیدی قەڵاکە ناتوانێت بجووڵێت. منیش سەربازێکی بۆ دەکەمە قوربانی بەڵام هیچ لە شتەکە ناگۆڕێت و خراپتریشی دەکات! بەڕاست ئەگەر لە ستراتیجییەکان باش نەزانیت ئەم یارییە بەس خۆ ماندووکردنە!
هەر قەڵا و ئەسپ و فیل دەجووڵێنم و کەچی وێنەی پشیلە بەرۆکی خەیاڵم بەرنادات. دەگەڕێمەوە سەردەمی زانکۆ، ڕۆژێکیان لەڕێی ڕۆیشتنەوە بۆ بەشە ناوخۆیی لەسەر شەقامەکە لەناکاو پشیلەیەکمان بە حەواوە بینی! کوترا بە عەرزدا و بە دەنگێکی کزۆڵەوە میاواندی و هەڵات. کوڕێک پێی بە ژێریدا کردبوو و هەڵیدابوو، کاتێک بینی هەمووان بە تووڕەییەوە سەیری دەکەن، بە نیگایەکی گێلانە و بە پێکەنینێکەوە گوتی “بە منداڵی پشیلەیەک جووچکێکی خواردم و ئیدی لەو ڕۆژەوە سوێندم خواردووە پشیلە ببینم تێێ هەڵبدەم…” لەناکاو شاکەم سوور هەڵدەگەڕێت و دەکەوێت! یارییەکە تەواو! دۆڕام وەکوو زۆربەی جارەکانی پێشوو! سەیر دەکەم کاتەکەم دوایی هاتووە! دواجار وەکوو دەڵێن کاتیش بەشێکە لە یارییەکە و دەبێت دەستی پێوە بگریت. بەڵام جیاوازی نەبوو، سەبازێکی بەرامبەر جووڵەیەکی مابوو بگاتە دوایین خانە و ببێت بە وەزیر و هەرچیم بکردایە هەر دەیبردەوە. وا خێرا دۆڕام و هێشتا بیر لەوە دەکەمەوە ئاخۆ ئەگەر شەترەنج یەکێک لە داشەکانی پشیلە بوایە، جووڵەکەی چۆن دەبوو!؟
شاخەوان. ح.ح / پاییزی 2025

