چۆن ڕەخنەگرانە بیر بکەینەوە
لە سوکراتەوە فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ببە
سەرسووڕمان ئەو هەستەیە لە فەیلەسوودایە و فەلسەفەش لە سەرسووڕمانەوە دەستپێ دەکات.
سوکرات، لە زاری ئەفلاتوونەوە لە کتێبی (تیاتیتوس)ـدا
سوکرات یەکێک لە دامەزرێنەرانی بیری فەلسەفیی رۆژاوا دادگایی دەکرێت، زۆربەی خەڵکی دژی دەوەستنەوە و بە دوژمنی وڵاتی دادەنێن، تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە خەریکە سەر لە گەنجەکان دەشێوێنێت و بڕواشی بە خواکان نییە. بەڵام دواجار ئەوەی وای دەکرد خەڵکی لە سوکرات بترسن ئەوە نەبوو کە بڵێت وەڵامی هەموو شتێکی لایە بەڵکوو ئەوە بوو کە یەکجار زۆر پرسیاری دەکرد. ڕقی لە وانەگوتنەوە فەرمییەکان بوو و زۆر جار بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ هاوڕێ و کەسانی نەناسدا دەچووە گفتووگۆیەکی دوورودرێژەوە سەبارەت بە ئەخلاق و کۆمەڵگا.

ئەم گفتووگۆیانە دیبەیت نەبوون، سوکرات ڕاوێژی روون و ڕاستەوخۆشی پێشکەش نەدەکرد، زۆربەی جاریش دەیگوت کە هەر هیچ نازانێت و بە پرسیاری زیاتر وەڵامی بۆچوونەکانی بەرامبەرەکەی دەدایەوە. بەڵام بەم شێوازە سوکرات لە وەڵامەکانییان دەکۆڵییەوە، هەڵەکان و ناتەواوییەکانی دەردەخست و یارمەتی هەردوولایەنەکەی دەدا تاکوو ڕوونتر لە شتەکان تێبگەن. ئەم پرسیارە قووڵانەش وای کردبوو کە شوێنکەوتووانی زۆر خۆشیان بوێت. دوو لە خوێندکارەکانی، ئەفلاتوون و زینۆفۆن، ئەوەندە ئەم شێوازە کاری تێ کردبوون کە دواتر ئەم پرۆسەیەی مامۆستاکەیان بەکارهێنا بۆ نووسینی دایەلۆگە ئەدەبییەکانیان. ئەم چەشنە وتووێژەش نموونەیەکی باشن بۆ ئەو شتەی وەکوو میتۆدی سوکرات دەناسرێت. لە یەکێک لە دایەلۆگە دەستکردەکاندا سوکرات لەگەڵ گەنجێک بەناوی (یوتیدەموس) گفتووگۆ دەکات. گەنجەکە زۆر دڵنیایە لەوەی کە لە مانا و بنەمای “دادوەری” و “نادادوەری” تێدەگات. سوکرات بۆ هەڵسەنگاندنی بەهاکانی گەنجەکە داوای لێ دەکات هەندێک کردەوە وەکوو “درۆکردن” یاخود “دزیکردن” وەکوو دادوەرانە یان نادادوەرانە دەستنیشان بکات. گەنجەکەش بە دڵنیاییەوە دەیانخاتە پۆلی نادادوەرییەوە. بەڵام ئەمە پرسیارێکی دیکەی بەدوادا دێت: ئایا دادوەرانەیە کە فەرماندەیەک فێڵ لە سوپای نەیارەکانی بکات؟ یوتیدەموس بۆچوونەکەی دەگۆڕێت و دەڵێت ئەو کردەوانە دادوەرانەن ئەگەر بەرامبەر بە دوژمن و نەیاران بن و نادادوەرانەن ئەگەر بەرامبەر هاوڕێکانت بن. بەڵام شتەکە دوایی نەهاتووە، ئەمجار سوکرات پرسیاری لێ دەکات ئەی ئەگەر فەرماندەیەک درۆ لەگەڵ سەربازەکانی خۆیدا بکات بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی ورەیان؟ هەر زوو یوتیدەموس بێهیوا دەبێت و تێدەگات کە هەموو وەڵامێک ڕێگە بۆ پرسیاری زیاتر خۆش دەکات و دواجار پێدەچێت دڵنیا نەبێت کە چی دادوەری بنیات دەنێت!
لەم شێوازە گفتووگۆیەدا لەسەر بنەمای پرسیارکردن، سوکرات خۆی بە مامانێک دەچوێنێت کە یارمەتیی کەسانی دیکە دەدات تاکوو بیرۆکەکانیان لەدایک ببێت. پرسیارەکانی وا دەکەن ئەو بۆچوونانەی کەسی بەرامبەر کە پێداچوونەوەیان بۆ نەکراوە و لێیان ورد نەبۆتەوە دەرکەون و دواتر ئەو لایەنگرییانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و پرسیار دەکاتەوە. ئەم شێوازە وەڵام و دەرەنجامێکی کۆتایی پێشکەش ناکات بەڵکوو یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی پرسیارەکان و لادانی مەنتیقی ناکۆک یاخود بازنەیی.
هزراندنی بازنەیی (Circular reasoning) ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەیە کە تێیدا کەسی هزرێنەر ئەو شتەی دەیەوێت بیسەلمێنێت، پێشوەختە و هەر لە سەرەتاوە بە ڕاستی دادەنێت.
مەنتیقی ناکۆک ( contradictory logic) ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەیە کە تێیدا شتێک لەگەڵ خۆی یاخود ڕاستییەکی سەلمێندراودا ناکۆک دەربکەوێت.
دواجار پاش شوێنگرتنی ڕیزی ئەو پرسیارانە کە لەسەر بنەمای مەنتیق درووست دەبن، هەم خاوەن پرسیارەکە و هەم وەڵامدەرەکەش دەکرێت بگەنە هەندێک شوێنی چاوەڕواننەکراو. ئەم تەکنیکە بە چەشنی باسەکە سنووردار نەکراوە و بۆ هەموو بوارێک بەسوود دەبێت.
لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا ئەم تەکنیکە بۆ فێرکردنی قوتابییانی پزیشکی بەکار دەهێنرا. خوێندکارەکان بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە نەخۆشیی چارەسەرخوازەکان باس دەکرد و دوکتۆرێکیش سەبارەت بە بۆچوون و مەزەندەکانیان پرسیاری لێ دەکردن و بەم جۆرە باسیان لەسەر شتەکە دەکرد. دواتر هەمان شێواز لە بواری زانستیی جیاواز جیاوازدا کەڵکی لێ گیرا؛ لەوانە ئەستێرەناسی، ڕووەکزانی و بیرکاری. پاش گۆڕانکارییەکانی پرۆتستانت بۆ چارەسەرکردنی پرسیارە دەرهەست و ئەبستراکتەکانی نێو ئیمان و باوەڕ بەکار هێنرا. لە سەدەی 19ـدا بوو بە بەشێکی بنەڕەتیی پەروەردەی یاسایی لە ئەمریکادا. مامۆستاکان لە ڕێگای خستنەڕووی دۆخی گریمانەیی و چاوەڕواننەکراوەوە توانای تێگەیشتنی خوێندکارانیان سەبارەت بە بیرکردنەوەی دادوەرانە هەڵدەسەنگاند. ئەم ڕێکارە ئەمڕۆکەش لە دادگا باڵاکاندا بەکار دەهێندرێت بۆ بیرکردنەوە و وێناکردنی ئەو کاریگەرییە نەخوازراوانەی دەکرێت چەسپاندنی یاسایەک دایبنێت.
ئەم شێوازەی سوکرات دەکرێت بۆ فێرکردنی هەموو چەشنە بابەتێک، کە وابەستی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بێت، کەڵکی لێ وەربگیرێت. بەڵام دواجار ئاستی سەرکەوتووبوونی دەکەوێتە سەر ئەو مامۆستایەی کە بە کارێ دەهێنێت. پەروەردەکارێکی سوکراتی کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە لە بوارەکەی خۆیدا زۆر شارەزا بێت و لەجیاتی تاساندن و تۆقاندنی خوێندکارەکان یان دەرخستنی زانست و زیرەکیی خۆی دەبێت بێفیز و کونجکۆڵ بێت و هەموو بۆچوون و بەشدارییەکی خوێندکاران بە هەند وەربگرێت و هاندەری قوتابیان بێت.

لەم ڕووەوە لەوانەیە سوکرات خۆی مامۆستایەکی سوکراتیی نموونەیی نەبووبێت. مێژوونووسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە سوکرات زۆر بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی تایبەتی دیموکراسیەتی ئەسینا بووە و ئەو بۆچوونانەی خۆی گواستۆتەوە بۆ شوێنکەوتووەکانی. ئەم بۆچوونە لادەرانە و دژ بە دەسەڵاتە لەنێوان کۆبوونەوەکانی خەڵکدا گۆڕانی بەسەردا دەهات و دواجار بڕوایان وابوو کە ئەم بۆچوونانەی سوکرات وای کردووە دوو لە قوتابییەکانی خیانەت لە وڵات بکەن. پێدەچێت لەبەر ئەم بۆچوونانەی بووبێت کە سوکرات دادگایی کرا و دواجار سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا. بەڵام تەنانەت لە سەرەمەرگ و لە ساتی مردنیشیدا هونەرمەندان وەکوو فەیلەسوفێکی هێمن و لەسەرخۆ وێنای دەکەن کە بۆ هەتاهەتایە کونجکۆڵە و لە گەڕاندایە بەنێو دوا پرسیارەکاندا.

