ئایا تا ئێستا دیکتاتۆری باش هەڵکەوتووە؟
تاکە دیکتاتۆری نیازپاکی مێژوو
دیکتاتۆرییەتەکان قەت ئەوەندە بەهێز نین کە پێیان وایە و خەڵكیش ئەوەندە لاواز نین کە پێیان وایە.
“گینی شارپ”
دیکتاتۆرییەتەکان یەک لە دوای یەک دێن و لەناو دەچن و ئەو پرسیارەمان لا درووست دەبێت کە ئاخۆ مێژوو تا ئێستا دیکتاتۆری باشی تێدا بووە؟ بەپێی ئەفسانەکان، سەرۆکی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی کۆن، سینسیناتوس، خەریکی کێڵانی کێڵگەکەی بووە کاتێک هەواڵی داگیرکرانی وڵات لەلایەن (ئیکوی/Aequi)ـەکان، دوژمنی بەهێزی ڕۆمەوە بڵاو بووەوە. ڕۆم دەبا خێرا بڕیارێکی گرینگ دەربکات و ئیدی سینات ئەوی وەکوو دیکتاتۆری وڵات دەستنیشان کرد و بەم جۆرە بوو بە خاوەنی دەسەڵاتی تەواو بەسەر حکوومەت و سوپای وڵاتەکەدا. سینسیناتوس گاسنەکەی دانا و بوو بە خاوەن دەسەڵات و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا وڵاتی ڕزگار کرد.
ئەم چیرۆکە دەبیتە هۆی بەهێزبوونی ئەفسانەی “دیکتاتۆری نیازپاک”، بیرۆکەی هەبوونی دیکتاتۆرێک کە هەموو دەسەڵاتێکی هەیە کەچی بەس بۆ مەبەستی بەرژەوەندیی گشتی بەکاری دەهێنیت، بۆ باشتر ناسینەوەی گرفتەکان و بنیاتنانی حکوومەتێکی دادوەرانە. بەڵام ئاخۆ ئەمڕۆکە دەکرێت دیکتاتۆرێکی نیازپاک بوونی هەبێت؟
وڵاتان دیموکراسییەتی مۆدێرنیان داهێنا وەکوو بەرگرییەک بەرامبەر ئارەزووە ڕووخێنەرەکانی تاکەکان. دیموکراسی کاتێک بە درووستی جێبەجێ بکرێت، وا دەکات کۆمەڵگا ئازادتر بێت و سەقامگیرییەک پێشکەشی کۆمەڵگا دەکات بە ڕێگریکردن لە گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەساڵت. ئەمەش لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و دادوەرانە و سنووردانان بۆ خولەکانی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستەمی بەهێزی یاسادانان و سیستەمەکانی دادوەرییەوە بەدی دێت. هەروەها هەبوونی میدیای ئازاد یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە سیاسەتوانەکان بەرپرسیار بن سەبارەت بە کردەوەکانیان و خەڵكیش هان دەدات تاکوو بەشدار بن لە حکوومەتەکەیاندا. بەڵام لە دیکتاتۆریەتدا هەموو دەسەڵاتەکان یاخود نێزیک بە هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی تاکێکدایە و دەتوانێت بە کەیفی خۆی بۆچوون و ڕوانینەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنیت. لە هەندێک دۆخی تایبەتدا دەکرێت بیرۆکەی دیکتاتۆرییەت جوان دەربکەوێت، وەکوو کاتێک کە دیموکراسیەت بەهۆی گەندەڵی و ناسەقامگیریی ئابووری و جەمسەرگیریی لەڕادەبەدەریی سیاسییەوە وەکوو پێویست بەجوانی ئیش نەکات. لەم چەشنە دۆخانەدا لەوانەیە خەڵكی، بەهیوای گەیشتن بە داهاتوویەکی گەشتر، ئامادە بن واز لە هەندێک لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بێنن.
دیکتاتۆرەکان چۆن درووست دەبن و دەسەڵات بۆ خۆیان قۆرغ دەکەن؟
سەرۆکە دیکتاتۆرەکان خۆیان وەکوو کەسێک دەردەخەن کە دەتوانن هەموو گرفتەکان چارەسەر بکەن. کێشە ئاڵۆزەکان کورت دەکەنەوە بۆ هەندێک قسەی سادە و ساکار و بەڵێنی چارەسەری خێرا دەدەن. هەندێک لە سەرۆکە دیکتاتۆرە دیارەکانی مێژوو کەڵکیان لەم ستراتیجییە وەرگرتووە، بریتی لە دیکتاتۆرە میلیشیاییەکان کە لەڕێی کۆدیتاوە گەیشتوونەتە دەسەڵات، لەوانە ئۆگوستۆ پینۆچیت، مۆبوتۆ سیسی سیکۆ و موعەمەر قەزافی.
بۆ نموونە قەزافی سەرەتاکان خۆی وەکوو پاڵەوانێکی شۆڕش دەناساند، گرێبەستە نەوتییە نادادوەرانە بیانییەکانی هەڵدەوەشاندەوە. بەڵام هەرچی زیاتر لە دەسەڵاتدا دەمایەوە زۆرتر تووشی پارانۆیا دەبوو. ئەویش وەکوو (پینۆچیت) و (مۆبوتۆ) دەسەڵات و هێزەکەی بەکار دەهێنا بۆ سەرکوتکردن و ئەشکەنجەدانی ڕکابەرەکانی. هەڵیدەکوتایە سەر خەڵکی ناڕازی و پارە و سامانێکی زۆری بۆ خۆی کۆ کردەوە. دیکتاتۆرە مۆدێرنەکانی دیکە سەرەتا بە شێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵبژێردران، پاشان بە شێوەیەکی ستراتیجی و بە کەڵکگرتن لە شێوازە تۆتالیتاری و دیکتاتۆرییانەکانی کۆنترۆڵکردن، هێز و دسەڵاتیان بۆ خۆیان کۆ کردەوە.
بەنیتۆ موسۆلینیی ئیتاڵی و ئادۆڵف هیتلەری ئەڵمانی بۆ نموونە لە ساتەکانی ناڕەزاییی گشتگیری خەڵکدا خۆشەویستیی خەلکیان بۆ خۆیان کۆ کردەوە. هەردووکیان گرفتە ئابوورییەکانیان گواستەوە بۆ ڕەگەزپەرستی و باوەشیان بۆ فاشیزم گرتەوە؛ چەشنێک لە دیکتاتۆرییەت کە بایەخی نەتەوە یاخود ڕەگەزێک یەکجار زۆر بەرز دەکاتەوە و ستایشی دەکات و بە باشتر و بەرزتر لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی دادەنێت.

ئەم چەشنە سەرۆکانە کاتێک لە دەسەڵاتدان وردەوردە پێداچوونەوە لەسەر هێز و دەسەڵاتیان لەناو دەبەن، بریتی لە لابردنی ئەو دادوەرانەی کە ئەگەری هەیە دژ بە ئەوان بجووڵێنەوە. سنووری خولەکانی دەسەڵات لادەبەن یاخود ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەی کە بەدڵیان نەبێت ڕەت دەکەنەوە. لەبەر ئەوەی بۆچوون و دەنگە جیاوازەکان سەرکوت دەکەن، دیکتاتۆرەکان زۆربەی جار دەوریان پڕ دەبێت لە کەسانی بەڵێ-قوربان، کە پلەیان بەپێێ وەفادارییان بەرز دەبێتەوە لەجیاتی لێهاتوویی و ئاستی پسپۆڕییان. ئەمەش دواجار داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی بەدواوە دەبێت. بەڵام دەشکرێت ئەم زیانانە بشاردرێنەوە.
دیکتاتۆرەکان دەست دەکەن بە درووستکردنی کەسایەتیی دەستکرد و کەمکردنەوەی نیشانە نەرێنییەکان و بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگاندا بۆ پێشاندانیان وەکوو کەسێکی بەهێز یاخود پاڵەوان. ئەمەش دەتوانێت وا بکات کە نەکرێت بە درووستی ئاستی سەرکەوتووبوونیان هەڵبسەنگێندرێت. ئایا موسۆلینی بەڕاست وای کرد کە شەمەندەفەرەکان لە کاتی خۆیاندا هاتووچۆ بکەن؟ زانینی زەحمەتە چونکە ئەوانەی بیانگوتایە وا نییە سزا دەدران. ئەگەرچی ژمارەیەکی کەم لە دیکتاتۆرە مۆدێرنەکان هەندێک پەرەیان بە ئابووری و پیشەسازیی وڵاتەکەیان داوە، زۆربەیان گەشەیەکی کەمیان بە وڵات داوە و ڕووخان و وێرانکارییەکی زۆریان لەدوای خۆیان بەجێ هێشتووە. تەنانەت ئەو دیکتاتۆرانەی کە گوایە نیازپاکن و ڕژێمەکەیان توندوتیژیی ئاشکرای تێدا نەبووە، تۆمەتی ئەوەیان لەسەرە کە سانسۆر دەخەنە سەر ڕۆژنامەنووسان و ماف و ئازادیی هاوڵاتییان سنووردار دەکەن.

با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆمی کۆن، لەوانەیە گرینگترین لایەنی دیکتاتۆرییەتی نیازپاکانەی سینسیناتوس ئەوە نەبێت کە هەموو دەسەڵاتی گرتە دەست بەڵکوو ئەوە بێت کە پاش 16 ڕۆژ وازی لە دەسەڵات هێنا. کاتێک ڕۆم پارێزرا و مەترسیی لەسەر نەما، وازی لە دەسەڵات هێنا و گەڕایەوە بۆ نێو کێڵگەکەی. هەڵوێستی بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ سینات بە هەمان ئەندازەی توانای بۆ پاراستی وڵات بەرامبەر داگیرکەران لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا گرینگ بوو. بە کردەوە هیچ دیکتاتۆرێکی مۆدێرن ئاوها نەجووڵاوەتەوە. دیکتاتۆرەکان بە ویستی خۆیان واز لە دەسەڵت ناهێنن و بەردەوام خەون بە دەسەڵات و هێزی زۆرترەوە دەبینن. هەر بۆیە ئەو دامەزراوانەی کە پێداچوونەوە لەسەر کردەوەکانی سەرۆکەکان دەکەن دەبێت بپارێزرێن. لە کاتی دەسەڵاتی سەرۆکێکدا کە ویستی دیکتاتۆرانەی هەیە، تەنانەت ئەو دیموکراسییەتەی کە تەندرووست دەنوێنیت، دەکەرێت داببەزێت بۆ ڕژێمێکی دیکتاتۆری و سەرکوتکار.

