دیاردەی لەئامێزگرتنی دارەکان لە وڵاتی چیندا
ڕۆژێکیان لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم دەکرد و هەستم کرد شتێک گۆڕاوە! چەند ڕۆژێک بوو بڕدرابوون! بەڵام لەبەر ئەوەی زستانە و گەڵاکان وەریون دێر دەکەوتە بەرچاو کە بەشێک لە کۆڵانەکە تاشراوە!
سێ داری هەر نەبێت تەمەن بیست ساڵ، چنارێکی بەرز کە لە نهۆمی سێهەمی بینای بەرامبەری ماڵەکەمان بەرزتر چووبوو، لەگەڵ دوو داری تەنیشتی. ئەو بینایە بەو سێ دارەوە جوان بوو، دیار بوو ئەوەی باڵەخانەکەی کردۆتەوە هەر لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی ماڵەکە ئەو دارانەشی چاندووە، کەچی ئێستا، دیار نییە لەبەر چی هۆکارێک، خاوەنی ماڵەکە دارەکانی بڕیوە بەبێ ئەوەی هیچ کەس یان یاسایەک ڕێگریی لێ بکات!
لە نەخشەی گۆگڵەوە سەیری شەقامەکانی وڵاتە ئەورووپییەکان بکەیت یەکسەر سەوزە. خانووەکان، بەتایبەت ڤێلاکان، دەوروپشتیان یەکسەر دار و درەختە، شەقامەکان یەکسەر سەروزە، دێیتە سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یەکسەر ڕەش دەکاتەوە، هەموو شتێک ڕەنگی تەپوتۆزە. خۆ لەخۆڕا نییە شێرزاد حەسەن پێی دەلێت (ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست).
ڕاستە کوردستان سەوز و ئاوەدانە بەڵام ئەوە هیی سرووشتەکەیە کە هێشتا دەستی ئینسانەکان پێی نەگەیشتووە تێکی بدات. ئەم کۆڵانەی ئێمەش ئەوەی دار هەیە زۆربەیان هیی سەردەمێکن کە ناوچەکە هێشتا گوند بووە و لێرە و لەوێ دارێکیان چاندووە. ڕاستییەکەی زۆر حەزم لە باسی ژینگە نییە بەڵام بڕینی دارەکان و نەمانی چۆلەکە و پەلەوەرەکانی نێو شار بۆ هەموو کەسێک و منیش هەستێکی تاڵ و ناخۆشە و بێگومان گرینگیدان بە ژینگە پێویستە بەشێکی سەرەکیی پەروەردە بێت. بەڵام دواجار هەر جاروبار هەواڵ و باسی ژینگە دەخوێنمەوە. شتێک کە ماوەیەک لەمەوبەر کەوتە بەرچاوم ڕاپۆرتێک بوو کە لەوانەیە بۆ ئێمەومانان زۆر سەیروسەمەرە بێت. ئەویش لەئامێزگرتنی دارەکانە لە وڵاتی چیندا. وڵاتێک کە هەر بە بیستنی ناوەکەی وێنەی شوێنی پیشەسازی و کارگە و دووکەڵ دێتە بەرچاومان. بەڵام ناکرێت وڵاتێکی وا پێشکەوتوو ژینگەی وەکوو ئێمە پشتگوێ خستبێت، هەر نەبێت لەبەر ئەوەی کە بتوانێت بەردەوام بێت لە پیشەسازییەکەی و لەنێو دووکەڵدا قڕ نەبێت.

پوختەی ڕاپۆرتەکە:
لە پەکین، پێتەختی چین، لە هەموو شوێنێکدا دار دەبینیت، لەنێو پارکەکاندا، لەسەر شەقامەکان، لە نێو حەوشەی ماڵان و زۆربەی شوێنەکانی شارەکەدا. ئەم دارانەش زۆربەیان لەم چەند دەیەیەی ڕابردووەدا چێندراون. ئەوانەی دیکەش قەدێکی ئەستووریان هەیە و سەدان ساڵ تەمەنیانە. دەتوانیت لەگەڵ هاوڕێیەکدا بە دەورییەوە دەستی یەک بگرن و زنجیرێک بەدەوریدا درووست بکەن. گوێ لەسەر پێستی دارەکان دابنێیت و لە ئامێزیان بگریت. دەڵێن کە لەئامێزگرتنی دارەکان هونەرێکە بە غەریزە ناکرێت، دەبێت فێری ببیت. گوایە بەتایبەت لە کاتی کۆرۆنادا خەڵکی ڕوویان کردووە لە شتێک بەناوی (چارەسەری بە دارستان)، کە تێیدا دەچنە نێو سرووشت و ئامیز بە دارەکاندا دەکەن و بەم جۆرە لە سترێس و دڵەڕاوکێکانی ژیانیان کەم دەکەنەوە. ڕاهێنەرەکانی ئەم جۆرە چالاکییانە خەڵکی هان دەدەن لە نێزیکەوە سەیری دارەکان بکەن و لە جیهانی ناوەوەی دارەکان، هاتووچۆی مێروولەکان لەسەریان و شێوەی پێستی دارەکان ورد ببنەوە. پاشان پێیان دەڵێن کە باوەش بە دارەکاندا بکەن. لە پەکیندا دارە پیرەکان پەرژینیان بۆ دانراوە بۆ پاراستنیان بەڵام ئەوانەی گەنجترن بەردەستن و خەڵکی دەچنە لایان و لە ئامێزیان دەگرن.
لەوانەیە ناماقووڵ بێتە پێش چاو خەڵکی ببینیت لەسەر شەقامەکان دەچنە تەنیشت دارەکان و قسەیان لەگەڵ دەکەن! یان لەئامێزیان دەگرن. لەم چالاکییانەدا خەڵکی هەوڵ دەدەن لەگەڵ یەکدی هەروەها دارەکاندا ببن بە هاوڕێ. توێژەران پێیان وایە کە دارەکان وا دەکەن گەنجان هەست بە زیندووبوون و هەبوونی ڕەگ و ڕیشە بکەن.
شتێکی سەرنجڕاکێشی دیکە ئەوەیە کە لەم چالاکییانەدا بۆ نموونە هەر کەسە و داری دڵخوازی خۆی هەڵدەبژێرێت و ئەو ڕۆژە تا کۆتاییی چالاکییەکە بە ناوی ئەو دارەوە بانگی دەکەن.
هەندێک لەو گەنجانەی بەشداریی ئەم چالاکییانە دەکەن لەپاش تێکچوونی پەیوەندییەکی خۆشەویستی تووشی خەمۆکی و داڕمانێکی عاتیفی بوون. ئیدی ڕەخنە لەو کولتوورەی وڵاتەکەیان دەگرن کە دڵداری لە سەرەتای گەنجیدا لۆمە دەکەن و ئیدی کە گەورەتر دەبن گرفتیان دەبێت لە بنیاتنانی خۆشەویستییەکی سەقامگیر یان دۆزینەوەی خۆشەویستیدا. پێیان وایە ئەگەر لە تەمەنی هەرزەکاریدا وردەوردە فێری دڵداری بان ئاسانتر دەیانتوانی کەسێک بۆ ژیانی هاوبەشیان بدۆزنەوە و لانیکەم پاش دڵشکان و تێکچوونی پەیوەندییەکی سۆزداری، ئاسانتر دەیانتوانی لەگەڵ دۆخەکەدا ڕابێن و ئەوەندە شتەکە تێکیان نەشکێنێت.
ئەگەرچی چین لە خەیاڵی خەڵکدا تێکەڵ بووە بە دووکەڵ و ئاو و هەوای پیس و پۆخڵ بەڵام نەوەی نوێ خەریکە شتەکە دەگۆڕێت و دەیەوێت لەڕێگای هاوڕێتی و پێکەوەبوون و خۆشەویستی بۆ سرووشتەوە تا ئاستی لەئامێزگرتنی دارەکان، شتەکە بگۆڕن و وڵاتەکەیان بکەنە شوێنێکی پاک و خاوێن بۆ ژیان.
جێی سەرنجە کە ئێستا گەنجان لە چین هەوڵ دەدەن پێکەوە ئیش بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدی پتەوتر بکەن و پێکەوە ئاگایان لە سرووشت و ژینگە بێت تا ئاستێک کە لەگەڵ هاوڕێکانیان و تەنانەت کەسانی نەناسراودا دارەکان لەئامێز بگرن!
