تێنووسی مەرگ – Death Note
(لەسەر مانگای تێنووسی مەرگ؛ نووسینی سووگۆمی ئۆبا و شێوەکاری تاکیشی ئۆباتا)
دەرهێنەر: تێتسوورۆ ئاراکی
دەرچوون: ٢٠٠٧-٢٠٠٦
لایت یاگامی خوێندکارێکی زیرەکە و لە پلەی سەرەوەی پۆلەکەیدایە و ئامانج و هیوایەکی زۆری بۆ داهاتووی هەیە. بێتاقەت و وەڕزە لە جیهانی دەورووبەری و پێیوایە جیهان بەرەو پیستر بوون و نامرۆیی بوون دەچێت. کاتێک بە ڕێکەوت تێنووسێکی سەیر و سەمەرە و بە هێزێکی سەرووسرووشتییەوە لە ئاسمانەوە دادەکەوێت و ئەم هەڵیدەگرێت، دەبینێت کە لەسەری نووسراوە “تێنووسی مەرگ” و هەندێک ڕێنوێنی شێوازی بەکارهێنانی تێنووسەکە لەسەری نووسراوە، وەکوو: “ناوی هەر کەسێک لەسەری ئەم تێنووسە بنووسرێت ئەو کەسە دەمرێت”. سەرەتا پێ گاڵتەیە و دەڵێت دەشێت شتێکی وەکوو نامە زنجیرەییەکان بێت کە بڵاو دەبنەوە. بەڵام کاتێک تاقی دەکاتەوە و ڕاستییەکە دەبینێت، زۆر شت دەگۆڕێت. ئێستا خەون بەوەوە دەبینێت کە جیهان لە مرۆڤە خراپەکان و بەدکارەکان خاوێن بکاتەوە و ناشوێنێک لە سەر عەرز درووست بکات و خۆی وەکوو خودای ئەو جیهانە دەبینێت. سەرەتا بەس تاوانبارەکان دەکوژێت بەڵام پاشتر تەنانەت ئەوانەش کە بیانەوێت دژی ببنەوە دەکوژێت و ئەمەش بە ڕەوا و عەدالەت دەبینێت. لایت کە بە کیرا دەناسرێت دەبێتە سەرچاوەی ترس و شڵەژان بۆ کۆمەڵگا، سەرەڕای ئەوەی هەندێ کەس لایەنگری لێ دەکەن. پۆلیس لێکۆڵەرێکی نهێنی و شارەزا کە ئاڵۆزترین دۆسییە تاوانبارییەکانی چارەسەر کردووە بە ئیش دەگرێت کە ناوی ئێڵە و لێکۆلەرێکی هەرە زیرەکە. کیرا ئێستا دەیەوێت بۆ پاراستنی خۆی ئێڵ بکوژێت.
بە درێژایی زنجیرەکە هەندێک پرسیاری ئەخلاقی دێنە ئاراوە؛ پرسیار لە سەر خێر و شەڕ، سرووشتی خودا و شەیتان، سرووشتی مرۆڤ و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی.
خێر و شەڕ
سەرەتا لایت بە مەبەست و ئامانجی درووست کردنی جیهانێکی خاوێن لە بەدکار و تاوانکار تێنووسەکە بە کار دێنێت، بەڵام پاشتر تێکەڵ بە یاری و ململانێ لەگەڵ ئێڵ دەبێت و هەر کەسێک دژی بێتەوە بە شایەنی مەرگی دەبینێت و خودائاسا هەڵسووکەت دەکات بەرانبەر گیانی مرۆڤەکان.
هەموو ئەوانەی بە درێژایی زنجیرەکە دەستیان بە تێنووسەکە دەگات بۆ خۆیان و بۆ مەبەستی تاک بەکاری دەهێنن و کەس بە مەبەستی ئاسوودەگی گشتی بەکاری ناهێنێت ئەگەرچی لایت بەردەوام دەڵێت مەبەستی خاوێن کردنەوەی جیهانە. تاکە کەسێک کە تێنووسەکە بۆ مەبەستی پاراستنی کەسێکی دی بەکار دەهێنێت شینیگامییەکە بە ناوی گەلووس کە عاشقی کچێک بووە و بۆ ڕزگار کردنی ژیانی ئەو کچە لە تێنووسەکەی کەڵک دەگرێت کە ئەمەش دژی یاسای شینیگامییەکانە و بەم کارە خۆی قوربانی دەکات و لەناو دەچێت و درێژەی تەمەنی زیاد دەبێت بە تەمەنی ئەو کچە. کەچی کاتێک کچەکە دواجار ئەم چیرۆکە دەبیستێت زۆرتر وەکوو کۆمیدییەک و شتێکی کەمنرخ بۆی دەڕوانێت و ورووژان یان سۆزێکی تێدا درووست نابێت، ئەو بەس لە فکری دیتنی کیرایە و تەنیا گیرۆدە و هۆگری ئەوە.
شینیگامی (بە ژاپۆنی واتە خودای مەرگ) خاوەنی تێنووسەکەیە کە ئێستا کەوتووەتە دەستی لایت. ڕیووک ئەو شینیگامیەیە کە تێنووسەکەی بەردەداتەوە سەر جیهانی مرۆڤەکان. ئەویش بێتاقەت و وەڕزە و ئێستا ڕووداوەکان و بڕیارەکان لایت بۆ ئەو مایەی ڕابواردنە. تا کۆتایی وەکوو یاری و ڕابواردنێک سەیری ڕووداوەکان و هەڵویستەکانی جیهانی مرۆڤەکان دەکات. دەڵێت بێلایەنە و هیچ یارمەتی لایتیش نادات بەڵام هەندێک جار کە بڕیارەکانی لایت پێ سەرنجڕاکێش دەبێت داخوازییەکانی جێبەجێ دەکات و لە پیلانەکانیدا بەشداری دەکات. ئەوان سەیری جیهانی مرۆڤەکان دەکەن و ناوی مرۆڤەکان لەسەر تێنووسەکانیان دەنووسن و بەم ئیشە بە تەمەنی خۆیان زیاد دەبێت.
هێز؛ خاڵی هاوبەشی خودا و شەیتان
سرووشتی مرۆڤ، مەودای نیوان خێر و شەڕ، هۆکاری بوونی مرۆڤێک بە شەیتان یان خودا، وەکوو دوو هێزی دژ بە یەک، چییە!؟ ئەو شتەی کە پیشان دەدرێت خاڵێکی هاوبەشی ئەم دوو سرووشتەیە: هێز. لایت بە هێزی کوشتنی خەڵکەوە، خۆی خودائاسا دەبینێت و ئیشەکەی وەکوو شتێکی پیرۆز و بۆ مەبەستێکی پیرۆزی دەزانێت. تەنانەت کاتێک ڕیووک پێ دەڵێت هەرکەس تێنووسی مەرگ بە کار بێنێت، پاش مەرگی نە لە جەهەنەم و نە لە بەهەشت جێگای نابێتەوە، بەلایەوە کێشە نییە و خۆی وەکوو قوربانییەک پێناسە دەکات بۆ خاوێن کردنەوەی جیهان. سەرەتا خەڵک و پۆلیس کیرا وەکوو هێزێکی شەیتانی دەبینن. ئەگەرچی سەرەتا هەر تاوانکارەکان دەکوژێت، بەڵام کەس ئەو ڕەواییە نادات کە کەسێک بۆ خۆی دادگایی بکات و بڕیار بدات لە سەر ژیانی خەڵک. واتە ئەو شتەی لە چاوی لایتەوە ئیشێکی خوداییە لە چاوی پۆلیس و خەڵکەوە ئیشێکی شەیتانییە، ئەمەش پرسیاری جیاوازی خودا و شەیتان دەخاتە ڕوو. واتە ئەگەر هێزێکی خودائاسا یان بڵێین تایبەتمەندییەکی خودایی بگاتە دەستی مرۆڤێک، لەو مرۆڤەدا شەیتان درووست دەبێت و ئەمە پرسیارێک لەسەر سرووشتی مرۆڤ و هەروەها سرووشتی خودا دێنێتە ئاراوە. ئایا جیاوازی هێزی خودایی یان شەیتانی چییە! جیاوازییەکەیان لە سرووشتی خۆیاندایە یان لە ڕوانگە و بۆچوونی مرۆڤە جیاوازەکانەوەیە!؟
سرووشتی مرۆڤ
مرۆڤ چییە! مرۆڤ بوونەوەرێکە هەست دەکات، قسە دەکات، بڕیار دەدات، بیر دەکاتەوە و سۆزی هەیە و فیداکاری دەکات. ئەگەر ئەم تایبەتمەندییانە بەرچاو بگرین لایت مرۆڤە. تەنانەت ژیانی خۆی تووشی ئاژاوە و سەختی دەکات بە مەبستی چاک کردنی جیهان، لانیکەم لە ڕوانگەی خۆیەوە. کەسی بێتاوان ئازار نادات و ئەوە یاسایەکی بنەڕەتییە کە بۆ خۆی داناوە هەرچەند ئەوانەی بەرانبەری دەبنەوە و دەیانەوێ بیدۆزنەوە دەکوژێت کەچی بێتاوانن، بەڵام ئەو دژبوونەوە بەرانبەر بە ئەم بە بەتاون دەبینێت. لێرەدایە کە لە پێناسەکانی مرۆڤ بوون دوور دەبێتەوە و هەروەها ئەوەی کە دەیەوێت هەندێ مرۆڤ بکوژێت بەمەبەستی بەرژەوەندی خەڵکی دیکە کە کەس ئەم مافەی نییە.
لە لایەکی دیکەوە بڕیارەکانی لایت و کوشتنی تاوانبارەکان ناکۆکییەک لەگەڵ سرووشتی مرۆڤدا درووست دەکات. مرۆڤ هەڵە دەکات و هیچ مرۆڤێک بێخەوش نییە. هەروەها لایت خۆیشی بێخەوش و بێهەڵە نییە. کوشتنی تاوانبارەکان دەرفەتی گۆران لە مرۆڤەکان دەستێنێت و وادەکات سزا نەمێنێت و بەس هەموو تاوانێک بە مەرگ کۆتایی پێ بێت. ئەمە تایبەتمەنییەکی سەرەکی مرۆڤ، واتە هەڵە کردن، لە کۆمەڵگا دەسڕێتەوە و بەجۆرێک مرۆڤ بوون کاڵ دەکاتەوە. ئەو ناشوێنەی لە خولیای لایتدایە زۆرتر لە جیهانێکی کۆمەڵێک بووکەڵە دەچێت کە کەس لە ترسی ئەم هیچ تاوانێک ناکەن، هەڵەکان بە مەرگ کۆتاییان پێ دێت و جیهانێک دەبێت، هەرواکە خۆی ئاماژەی پێ دەکات، پڕ لە دڵنەرمی و سۆز و مرۆڤی میهرەبان کە ئەگەر ئەو دونیایەش بەدی بێت تاکە مرۆڤی بێڕەحم و دڵڕەق تێدا خودی لایت دەبێت، کەچی مرۆڤە دڵڕەقەکان سزایان مەرگ بووە لە نێو بازنەی ئەخلاقی خۆیدا. ئەگەر ئەمانە بەرچاو بگرین بەو گریمانەیە کە لایت دواجار مەرگی خۆیشی بە ڕەوا بزانێت و تەنانەت بە پیرییەەوە بچێت و لێ نەترسێت دەکرێت بڕیارەکانی بە ئەخلاقی پێناسە بکرێت بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە دەترسێت و تەواوی هەوڵی خۆی دەدات بۆ ڕزگار بوون.
بە پێی یاساکانی تێنووسی مەرگ، ئەگەر خاوەنێکی تێنووسەکە دەسبەرداری بێت، هەموو بیرەوەرییەکانی سەبارەت بە تێنووسەکە لەبیر دەچێتەوە. ئەو کاتەی لایت دەسبەرداری تێنووسەکە دەبێت بە مەبەستی ڕزگار کردنی میسا ئامانێ و لە ترسی ئەوەی کە ڕێم نەیکوژێت، کەسایەتی لایت بەتەواوی دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە کاتێک ئێڵ داوای لێ دەکات وای دەربخات کە میسای خۆش دەوێت تاکوو زانیاری سەبارەت بە کیرا بەدەست بهێنن، قەبووڵی ناکات و دەڵێت بە هیچ چەشنێک ناتوانێت یاری لەگەڵ هەستی ژنێک بکات. واتە ئەو دەسەڵاتەی تێنووسەکە پێی دەدات بەتەواوی سرووشتی دەگۆڕێت و دەبێت بە کەسایەتییەکی دی. سنوورێکی نێوان خێر و شەڕ. کاتێک تێنووسەکەی هەیە بەس یەک شت گرینگە ئەویش نەدۆڕانە و هیچ هەستێکی ڕاستەقینەی نییە. هیچ هەستێکی بە مرۆڤەکان نامێنێت، کاتێک ڕیووزاکی(ئێڵ) پێ دەڵێت تاکە هاوڕێمی، هیچ کاری تێدا ناکات کە ئەمە تەنانەت دەبێتە هۆی سەرسووڕمانی ڕیووکیش. بۆ میساش هەروا بەس دەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت و پێوەندی لەگەڵ کچەکانی دیکەشدا هەر بەو مەبەستە و بۆ سوودی تاکەکەسی خۆیە و لەوان وەکوو کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرێت. هەروا کە ئێڵ دەڵیت، کیرا ئەگەر بکەوێتە کێشەوە تەنانەت ئامادە دەبێت دایبابیشی بکوژێت.
ئەخلاقی گشتیی کۆمەڵگا
پاشان کە بۆ ماوەیەک کیرا قوربانییەکانی دەکوژێت، هەندێک خەڵک دەبن بە لایەنگری و دەلێن ئێستا ئاستی تاوان کەمتر بووەتەوە. ناوی تاوانبارەکان لە نێت بڵاو دەکەنەوە تاکوو کیرا بیبینێت و سزایان بدات. بەجۆرێک دەبێت بە هێمای ترس بۆ بەرگری لە تاوان. خەڵک ئاسانتر دەتوانن بیر لە کوشتن بکەنەوە و بۆ هەر تاوانێتک داوای سزای مەرگ دەکەن. بەجۆرێک ترس هەموو خەڵک دادەگرێت کە تەنانەت ناوێرن ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن و کاتێک کەسێک ناویان بپرسێت، دەترسن.
ئێن (لێکۆڵەرێکی دیکەی نێو چیرۆکەکە) دەڵێت تۆ وەکوو بکوژێکی زنجیرەییت بەس شێوازی کوشتنەکەت جیاوازە و ئەم تێنووسە کوشندەترین و مەترسیدارترین چەکی جیهانە، کە تێنووسەکە بەجۆرێک هێمای هێز و دەسەڵاتی تاکە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.