وەکوو هونەرمەندێک داهێنەربوون و هەبوونی ئیلهامی بەردەوام شتێکی هەرە گرینگە و ئەگەر لە ئیشەکانماندا ئیلهامی نوێ و بیرۆکەی نوێمان نەبێت، لە بەرهەمهێناندا تووشی کێشە دەبین. ئەگەر ورد سەرنج بدەین بە دەورووبەرمان، دەبینین کە تەنانەت شتە ئاساییەکانیش دەتوانن سەرچاوەی ئیلهام بن، بەس پێویستە ڕوانینمان بۆ شتەکان داهێنەرانە بێت. بەڵام بەگشتی هەندێک خاڵ هەن کە دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ هەبوونی داهێنانی زۆرتر لە ئیشەکانماندا کە لە خوارەوە باسیان دەکەین.
شوێنێک بۆ خۆت ئامادە بکە
بۆ هەبوونی ئیلهام و داهێنان پێویستت بە شوێنێکی ئاسوودە و گونجاو دەبێت تاکوو باشترین کردەوەت لە ئیشەکاندتا هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانیت مێزەکەت بە دڵی خۆت ڕێک بخەیت یان ئۆفیسێکی نێوماڵی دابمەزرێنیت، بەجۆرێک کە داهێنان و هەبوونی ئیلهام بۆ ئیشەکانت مسۆگەر ببێت.
لەنێو پڕۆژە گەورەکانتدا پشوویەک بدە و خۆت بە شتێکی دیکەوە سەرقاڵ بکە
هەموو کاتەکانت تەرخانی یەک پڕۆژە مەکە مەگەر ئەوەی کە وزە و داهێنانێکی هەرە زۆرت لەو ئیشەدا هەبێت و ئەنجام و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدواوە بێت. بە پشوودان ئەو دەرفەتە بە خۆت دەدەیت کە داهێنەرانە سەبارەت بە شتگەلێکی جۆراوجۆر بیر بکەیتەوە و لە ڕوانگەگەلێکی دیکەوە پڕۆژەکەت ببینیت.
ڕێگایەکی دیکە بۆ پشوودان ئەوەیە کە سەرنج بخەیتە سەر پڕۆژەیەکی تەواو جیاوازی دیکە. دەستبکە بە پڕۆژەیەکی بچووکتر کە ئامانجەکەی جیاواز بێت. ئەم جیاوازییانە وادەکەن مێشکت بە چەشنگەلێکی جیاواز بیربکاتەوە کە دەتوانێت داهێنان و ئیلهامگەلێکی مەزنی بەدواوە بێت.
بچۆ بۆ پیاسە و لەو هێمنایەتییە چێژ ببینە
ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە پشوودان لەنێوان ئیشەکانتدا. بۆ ساتێک واز لە ئیشەکانت بێنە و بچۆ دەرەوە؛ بچۆ بۆ پیاسەیەک یان لەسەر مێزێک لە پارکێک دابنیشە و سەیری سرووشت بکە. خاڵێکی هەرە گرینگ ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک خۆت لە ئیشە هونەرییەکانت جیا دەکەیتەوە و لە ژیان چێژ دەبینیت. ئەمە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و داهێنان بەڵام پێویست ناکات زۆر چاوەڕێ بکەیت کە ئەم ئیشانە ببنە هاندەر بۆ چالاکییە هونەرییەکانت.
سەردانی مۆزەخانە و شوێنە مێژووییەکان بکە
مۆزە مێژوویی و هونەرییەکان دەتوانن ببن بە سەرچاوەی ئیلهام بۆت. سەرەکیترین ئامانج لە گەشتکردن لەنێو ئەم شوێنانەدا دیتنی بیرۆکەی نوێ و کۆکردنەوەی ئیلهامە بۆ پڕۆژەکانت. چ شتێک کاریگەر و بەسوودە؟ چ شتێک نییە؟ ئەو هونەرمەندانە چۆن بیریان کردووەتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە لەکاتی پیاسەکردن لەنێو ئەم شوێنانەدا دەبێت لە خۆتی بپرسیت. ئەمە ڕێگایەکی زۆر چاکە بۆ هاتنەدەر لە ماڵ، لەم گەشتانە چێژ ببینە و ئیلهام لە بەرهەمە هونەرییە مێژووییەکان وەرگرە.
سەبارەت بە هونەر و داهێنان بخوێنەوە
لەپاڵ سەیرکردنی ئاسەوارە هونەری و مێژووییەکان و مۆزەکان، بۆ بزواندنی هەستی ئیلهام و داهێنان دەتوانیت سەبارەت بە داهێنان و چیرۆکی هونەرمەندە سەرکەوتووەکان و گۆڤار و بلۆگە هونەرییەکان زۆرتر بخوێنیتەوە. سەرنج بدە بەو کەلتوورانەی سەرشارن لە ئیلهام و داهێنان و دەبنە هۆی گۆڕینی ڕوانگە و چەشنی سەیرکردنت. خوێندەوە دەتوانێت هاندەر بێت هەروەها دەرفەتێک بێت بۆ فێربوون. لەبیرت بێت کاتێک کە هونەرمەند بیت، هەمیشە هونەرمەندێکی خوێندکار و فێرخواز دەبیت.
سەردانی هونەرمەندە دڵخوازەکانت بکە
دیمانەی هونەرمەندەکان بخوێنەوە یان سەیری فلیمەکانیان بکە و بگەڕێ بە شوێن هەر شتێکدا کە بتوانێت زانیاریت پێبدات سەبارەت بە ئەو شتانەی دەبنە هۆی ئیلهام و داهێنان، هەروەها سەبارەت بە بەرهەمەکان و شێوازی ئیش کردنی هونەرمەندەکان بخوێنەوە. کاتێک لە سەرەتای ئیشێکدایت و پڕۆژەیەک دەستپێدەکەیت، لە بەرزترین ئاستی گەشبینیدا دەبیت و مێشکت ئاوەڵایە بۆ وەرگرتنی بیرۆکە نوێکان، کەواتە کەڵک بگرە لەو دۆخە و با هونەرمەندەکانی دیکەش یارمەتیت بدەن بۆ وەرگرتنی وزە و ئیلهام. لەوانەیە بەشێک یان لایەنێک لە ئیش یان شێوازی کارەکەیان هەبێت کە بتوانیت لە پڕۆژە نوێکەتدا کەڵکیان لێ بگریت و یارمەتیدەرت بن.
کۆمەڵێک لەو وێنانەی کە هەستی داهێنانت دەورووژێنن کۆ بکەوە
گرینگە کە هەمیشە لەگەڵ ئیشە هونەرییەکان پەیوەندیت هەبێت و سەیری ئیشی ئەو هونەرمەندا بکەیت کە هۆگریانی و هونەرەکەیانت بە دڵە. دەتوانیت هونەرمەندە دڵخوازەکانت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بشۆپێنیت و بەردەوام سەیری ئیشەکانیان بکەیت. دەتوانیت بوخچەیەک لەسەر لاپتۆپ یان مۆبایلەکەت دابنێیت و ئەو وێنانەی دەبنە هۆی ئیلهام و هەستی داهێنەرانەت دەجووڵێنن تێدا کۆ بکەیتەوە و دواتر لە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی پەیوەندیدار و نوێدا سەیریان بکەیتەوە.
Canada International Royal Arts College / How To Stay Inspired As An Artist
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.