هایلایت بەکار بێنە بەڵام بێتامی مەکە!
لەوانەیە بینیبێتتان زۆربەی قوتابیان لە کاتی سەعیکردندا قەڵەمێکی هایلایت بە دەستیانەوەیە، ناوبەناو سەرەکەی دەکەنەوە و شتێکی پێ هایلایت دەکەن. بۆ هەندێک کەس ئەمە دەبێت بە خوو و یەکسەر حەز لە ڕەنگکردنی نووسینەکان دەکەن، بەجۆرێک کە لێیان بپرسی دەڵێن ئەگەر ئەوە نەکەن هەر ناتوانن تەرکیز بکەنەوە سەر خوێندنەکەیان و بەتەواوی خێیان داوەتە هایلایتکردن! بەڵام ئایا بەکارهێنانی هایلایت چەندە بەسوودە؟ بێگومان لە سەعیکردندا هایلایت دەتوانێت سوودێکی بەرچاوی هەبێت و کاتێکی زۆرت بۆ بگەڕێنێتەوە بەڵام ئەمەیان بەس بە مەرجێک کە بەشێوازێکی درووست بەکاری بهێنیت. بیری لێ بکەوە ئەگەر تۆ بێیت و هەموو ڕستە و پەڕەگرافێک سوور بکەیتەوە و هایلایتی بکەیت! یەکسەر هەموو لاپەڕەکە ببێتە ڕەنگی هایلایتەکە! دەی ئەمە چ سوودێکی هەیە؟ یان جیاوازی چییە لەگەڵ ئەوەی کە لاپەڕەکە هەر هایلایتی لەسەر نەبێت؟ جیاوازی چییە هەمووی سپی بێت یان سوور یان زەرد! کەواتە گرینگ شێوازی بەکارهێنانی هایلایتە. دیارە کە مەبەست لە هایلایت کردن زەقکردنەوەی بابەتە گرینگەکانە، ئەو شتانەی کە ناواخنی کتێبەکەن، بەجۆرێک کە ئەگەر ویستت بۆ جاری دووهەم کتێبەکە بخوێنیتەوە، بە چاوپێداخشاندنێکدا شتە سەرەکییەکان ببینیتەوە و لە کاتێکی زۆر کەمتردا بتوانیت بابەتە سەرەکییەکان بەسەر بکەیتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین باسی شێوازی درووستی بەکارهێنانی هایلایت و کەڵکگرتن لە هێماکان و پەراوێزنووسین بکەین لە کاتی سەعیکردندا.
بەگشتی هایلایتکردن و پەراوێزنووسین لەنێو کتێب و مەلزەمەکانی خویندندا ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکان. وا دەکات بەوردی و بە سەرنجەوە بابەتەکان بخوێنیتەوە. بەڵام ئەگەر بە درووستی نەیکەیت وەکوو پێویست ناتوانیت سوودەکانی وەربگریت. ئەگەر تۆش لە کاتی سەعیکردندا هایلایت بەکار دێنیت، فەرموو ئەم بابەتە تا کۆتایی بخوێنەوە کە تێیدا باسی ڕێگا درووست و هەڵەکانی هایلایتکردن و پەراوێزنووسین دەکەین.
بۆ هایلایتکردن لە چەند ڕەنگی جۆراوجۆر کەڵک بگرە
هەروەکوو چۆن لە یاداشتەکاندا باشترە ڕەنگی جیاواز بەکار بێنیت، بۆ هایلایتکردنیش دەبێت هەمان شت بکەیت. کەڵکگرتن لە پێنووسێکی ڕەش بۆ شتنووسین لە پەراوێزی کتێبەکاندا کیشەی نییە، بەڵام ئەگەر ڕەنگی جیاواز بەکار بێنیت وا دەکات خێراتر لایەنە جیاوازەکانی نووسینەکانت بدۆزیتەوە. بۆ نموونە دەکرێت پێنووسێکی سوور بەکار بێنیت و هێڵێک بکێشیتە ژێر ئەو مژارانەی کە لێیان تێناگەیت و دەتەوێت دواتر قووڵتر لەسەریان بخوێنیتەوە، لە هایلایتێکی زەرد کەڵک بگریت بۆ ئەو وشانەی کە نوێن و نایانزانیت، بۆ بابەت و مژارە هەرە گرینگ و سەرەکییەکان ڕەنگی سەوز بەکار بێنیت و بۆ بەڵگەکانیش بۆ نموونە لە ڕەنگی نارنجی کەڵک بگریت و هتد.
دەستنیشانکردنی مانایەک بۆ هەر ڕەنگێک و بەکارهێنانیان بە درێژایی خوێندنەکانت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکوپێککردنی زانییارییەکانت و پێداچوونەوەش زۆر ئاسانتر دەکاتەوە.
لەکاتی سەعیکردندا بەس هێڵ مەکێشە ژێر بابەتە گرینگەکان!
لەجیاتی ئەوەی کە هەر شتێکی گرینگت بینی بەس هێڵێکی بە ژێردا بکێشیت، هێماکانیش بەکار بێنە. (ناوەندی فێربوون لە زانکۆی کارۆلینای باکوور) پێشنیاز دەکات کە هێما جیهانییەکان و ئەوانەی کە دەیانناسیت بەکار بێنیت، بۆ نموونە بۆ ئەو شتانەی کە بەتەواوی لێیان تێناگەیت و ئاڵۆزن هێمای پرسیار دانێ و بۆ ئەو شتانەش کە هەست دەکەیت لەوانەیە لە تاقیکردنەوەکاندا ببن بە پرسیار، دەتوانیت لە هێمای سەرسووڕمان کەڵک بگریت.
تەنانەت ئەگەریش پێنووس و هایلایت لە ڕەنگی جۆراوجۆرت لە بەردەست نەبێت، دەتوانیت هەر بە دانانی هێمای جیاواز بابەتەکان بۆ خۆت ڕێک بخەیت. بۆ نموونە دەتوانیت بازنەیەک بە دەوری وشە نوێکاندا بکێشیت، ئەو وشانەی ماناکانیان نازانیت بخەیتە نێو کەوانەوە، بیرۆکە سەرەکییەکانی بابەتەکەش هێڵێک بە ژێریاندا بکێشیت. ئەمە وا دەکات لە کاتی سەعیکردندا زۆرتر تێکەڵی بابەتەکە ببیت تاکوو ئەوەی کە هەر شتێکت بینی خێرا هێڵێک بە ژێریدا بکێشیت.
پوختەیەک بۆ ئەو شتانەی کە دەیانخوێنیتەوە بنووسە، بەڵام با زۆر دووروودرێژ نەبێت
ئەگەر پەراوێز بۆ بابەتەکان دەنووسیت، هەر بابەتێکت خوێندەوە، لە پەراوێزی هەمان لاپەڕەدا پوختەیەکی بۆ بنووسە. (ئەگەر کتێبەکە هی خۆت نییە، پوختەکان لەنێو کاغەزێکدا بنووسە، بەڵام هەر لە نێو کتێبەکەدا هەڵیبگرە با لەلای ئەو بابەتەدا بێت.) نووسینی پوختە بۆ بابەتەکان ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی کە زانیارییە نوێکان و شتە سەرەکییەکان بنووسیتەوە و ئیدی پێداچوونەوەش ئاسانتر دەبێت، بەڵام ئەگەری هەیە لە بابەتەکە لا بدەیت و نووسینەکان درێژ بکەیتەوە. ئەگەر نووسینەکەت درێژ ببێتەوە ئیدی وەکوو پێویست سوودی نابێت، بۆیە هەر باشترە بۆ نووسینی پوختەکان لە پەراوێزی کتێب و مەلزەمەکان کەڵک بگریت، چونکە شوێنەکە سنووردارە و شوێنێکی کەمترت بەردەست دەبێت بۆ نووسین. هەوڵ بدە کورتەیەک لە مژارە سەرەکییەکانی هەر لاپەڕەیەک لە پەراوێزی هەمان لاپەڕەدا بنووسیت و دواتر کورتەیەکیش بۆ هەر بەشێکی کتێبەکە لە کۆتایی ئەو بەشەدا بنووسە.
لە کاتی پەراوێزنووسیندا لەڕادەبەدەر شت هایلایت مەکە یان هێمای زۆر دامەنێ
شتێک هەیە کە پێی دەڵێن (هایلایتکردنی لەڕادەبەدەر). هایلایتکردن بابەتێکی گرینگە لە بواری فێرکاریدا، مامۆستایان نیگەرانی ئەوەن کە ئەگەر بێت و خوێندکاران کاتێکی زۆر تەرخانی هایلایتکردن بکەن، چیدی بەقەد پێویست بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان نابێت تاکوو بابەتەکان لێک جیا بکەنەوە کە چی گرینگە و پێویستی بە هایلایتە و چی نا. دواجار شتێک کە هەمووان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە هایلایتکردن شتێکی بەسوودە ئەگەر بە بیر و سەرنجەوە بەکار بهێنرێت. بەس تەنیا کاتێک سەری هایلایتەکەت بکەوە ئەگەر دەتەوێت شتێکی گرینگ هایلایت بکەیت کە دەزانیت دواتر پێویستت دەبێت؛ وەکوو بیرۆکەیەکی نوێ، وشەیەکی نوێ، یان زانیارییەک کە دەزانیت ئەگەری هەیە لە تاقیکردنەوەدا ببێتە پرسیار. خۆت لە هایلایتکردنی هەموو ڕستە و پەڕەگرافەکان لابدە، بەس سەرنج بخە سەر ئەو شتانە کە لە هەموویان گرینگترن.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.