ماوەی 4.6 بلیۆن ساڵە کە کۆمەڵەی خۆر بە دەوری کونی ڕەشی ناوەڕاستی ڕێگای شیریدا دەسووڕێتەوە. بەڵام زەحمەتە بە وردی بزانین کە خۆر لەم ماوەیەدا چەند جار بە دەوری گەلەئەستێرەی ڕێگای شیریدا گەشتی کردووە.
لە زەوییەوە کە سەیر دەکەین ڕێگای شیری وەکوو تەنێکی تەواو جیا و دابڕاو لە هەسارەکەمان دەردەکەوێت بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە بەردەوام ڕێک بە ناوی ئەم گەلەئەستێرەیەدا دەجووڵێین.
لەوانەیە تێگەیشتن و قەبووڵکردنی ئەو ڕاستیەی کە زەوی بەنێو بۆشاییی ئاسماندا دەجووڵێت هەندیک قورس بێت. بەڵام شتی سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە هاوکات خەریکین دوو گەشت دەکەین، یەکێکیان بە دەوری خۆردا و یەکێکیان بەنێوی ڕێگای شیریدا.
هەر وەکوو چۆن مانگ بە دەوری زەوی و زەویش بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، خۆریش بە نێو ڕێگای شیریدا دەسووڕێتەوە، یان ڕێکتر بڵێین، بە دەوری ئەو کونە ڕەشە زەبەلاحەی لە چەقی گەلەئەستێرەکەماندایەدا دەسووڕێتەوە. لە ڕاستیدا کۆی هەموو گەلەئەستێرەی ڕێگای شیری بەردەوام بە دەوری ئەو کونە ڕەشەی ناوەڕاستی گەلەئەستێرەکەدا دەسووڕێتەوە.
کەوابوو بەوردی تا ئیستا چەند جار کۆمەڵەی خۆر بە دەوری ئەو کونە ڕەشە زەبەلاحەی چەقی ڕێگای شیریدا سووڕاوەتەوە؟ وەڵامەکە شتێکی ئەوەندە ساکار نییە.
بەراورد لەگەڵ سووڕانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆردا، ڕێگای سووڕانەوەی خۆر بەنێو ڕێگای شیریدا ئێجگار دوورودرێژتر و ناسەقامگیرترە، ئەمەش ژماردنی ئەوەی کە چەند جار بە دەوری چەقی گەلەئەستێرەکەدا سووڕاوینەتەوە قورستر دەکات.
بە بەکارهێنانی ماتماتیکێکی ساکار دەتوانین بزانین کە ئێستاکە چەندە دەخایەنێت تاکوو کۆمەڵەی خۆر دەورێک بە نێو گەلەئەستێرەکەدا بسووڕێتەوە، کە ئەمەش دەریدەخات کە ئەم گەردوونەی دەورووبەرمان بەنێزیکەیی چەند جار ئەم گەشتەی کردووە. بەڵام وەڵامێکی وردتر شتێکی قورس دەبێت.
هەموو شتێکی نێو ڕێگای شیری بە دەوری کونە ڕەشی زەبەلاحی (ساگیتاریوس ئا / Sagittarius A)ـدا دەسووڕێتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی (space.com) خۆر و هەموو بەشەکانی دیکەی کۆمەڵەی خۆر ئێستاکە بە خێراییی نێزیکەی 720,000 کم لە کاتژمێرێکدا بەنێو گەلەئەستێرەکەماندا گەشت دەکەن. ئەمە یەکجار خێرا دەنوێنیت بەڵام هەندێک ئەستێرە لەنێو ڕێگای شیریدا هەن کە بە خێراییی 8.2 ملیۆن کم لە کاتژمێرێکدا بەنێو گەلەئەستێرەکەدا گەشت دەکەن. بەم ئەستێرانە دەڵێن (ئەستێرەی زێدە-خێرا1).
بەم خێراییەی ئێستای خۆرەوە، دەورووبەر 230 ملیۆن ساڵ دەخایەنێت تاکوو خۆر دەورێکی تەواو بە نێو ڕێگای شیریدا گەشت بکات. ئەمەش زۆرترە لە مێژووی دەرکەوتنی دایناسۆرەکان لەسەر عەرز و 750 جار زۆرترە لە مێژووی دەرکەوتنی مرۆڤ (هۆمۆ ساپییەنـەکان).
بەپێی (The Planetary Society) تەمەنی خۆر نێزیکەی 4.6 بلیۆن ساڵە و زەوی نێزیکەی 100 ملیۆن ساڵ دواتر لەدایک بووە. ئەمە واتە ئەگەر ڕاڕەوی سووڕانەوەی خۆر بەنێو گەلەئەستێرەکەدا لە هەموو ئەم ماوەیەدا نەگۆڕ مابایەوە، تا ئێستا نێزیکەی 20 جار دەوری دابووەوە و زەوی بۆ نێزیکەی 98%ـی ئەم گەشتانە لەگەڵیدا دەبوو.
بەڵام ڕاڕەوی گەشتکردنی خۆر، بە درێژایی ژیانی، وەکوو خۆی نەماوەتەوە. وا دیارە کە خۆر لە ڕۆژی درووستبوونییەوە ڕێژەیەکی بەرچاو لە شوێنی خۆی جووڵاوە.
(ڤیکتۆر دیباتیستا) ئەستێرەناسێکی زانکۆی لانکشایەری ناوەندی لە بەریتانیا کە شارەزاییەکی بواری (ئڤڵووشنی گەلەئەستێرەکان)ـە دەڵێت: “خۆر لەوانەیە لەو شوێنە لەدایک نەبووبێت کە ئێستا تێیدا دەیبینینەوە، بەڵکوو لەوانەیە لە شوێنێکی زۆر نێزیکتر لە چەقی ڕێگای شیری لەدایک بووبێت.”
ئێستا ئێمە لە دووریی نێزیکەی 26,100 ساڵی-تیشکی لە چەقی گەلەئەستێرەکەوەداین. بەڵام بەپێی مەتالیسیتی یان کیمیای خۆر، وا دیارە کە لە دووریی نێزیکەی 16,300 ساڵی-تیشکی لە چەقی گەلەئەستێرەکەوە لەدایک بووبێت.
(مەتالیسیتی / Metallicity) چڕی هەبوونی ئەو توخمانە ئەندازە دەگرێت کە لە هیدرۆجین و هیلیۆم قورسترن وەکوو کاربۆن، ئۆکسجین، ئاسن و هتد. لە فیزیای ئەستێرەناسیدا زۆرتر ئاماژە دەدات بە هەبوونێکی زۆری ئاسن و وەکوو ڕێژەی ئاسن-بۆ-هیدرۆجین شرۆڤە دەکرێت. لە ئەستێرەناسیدا (مێتالیسیتی / کانزایی) تەنێک ئەو ڕێژەیەیەی مادە پێکهێنەرەکانی ئەو تەنەیە کە لە توخمی کیمیاییی بێجگە لە هیدرۆجین و هیلیۆم پێک هاتبێت.
بەم جووڵەیەی بەرەو دەرەوە دەڵێن (کۆچی نیوەتیرەیی2)، کە تێیدا ئەستێرەکان، بە هێزی سووڕانەوەکە، بە درێژاییی (باسکە لوولپێچەکان)ـی گەلەئەستێرەکان وەکوو ڕێگای شیری، پاڵیان پێوە دەنرێت. بەجۆرێک وەکوو چۆن “وەرزشوانێک بەسەر شەپۆلێکی دەریادا دەڕوات”.
کاتێک خۆر لەدایک بوو ماوەی تەواوکردنی سووڕێک زۆر کورتتر بوو. دەبێت نێزیکەی 125 ملیۆن ساڵی خایاندبێت تاکوو خۆر گەشتێک تەواو بکات. لەگەڵ کۆچکردنی خۆر بەرەو دەرەوە، ماوەی تەواوکردنی سووڕانەوەکانیشی درێژ بووەتەوە، بەڵام بلیۆنان ساڵی خایاندووە تاکوو گەیشتووەتە ئەو شوێنەی ئێستا لێیە.
ئەمەش واتە خۆر لە ئەو شتەی کە پێشتر مەزەندەمان کرد ژمارەیەکی زۆرتر جار بە نێو ڕێگای شیریدا سووڕاوەتەوە، بەڵام چەندە زۆرتر، ئەوەیان ڕوون نییە.
(کۆچی نیوەتیرەیی) بۆ ژمارەیەکی زۆر ئەستێرەی دیکەش ڕوو دەدات. دیباتیستا دەڵێت: “نێزیکەی نیوەی ئەستێرەکان لە بۆشاییی دەوروبەری کۆمەڵەی خۆر، پێ دەچێت کە لە شوێنێکی دیکە لەدایک بووبێتن [و بەرەو دەرەوە پاڵیان پێوە نرابێت].” هەرچەندەش لە چەقی ڕێگای شیری دوور ببینەوە، ڕێژەی ئەو ئەستێرانەی کە بەرەو دەرەوە کۆچیان کردووە زۆرتر دەبێتەوە.
ئێستا وا بیر دەکرێتەوە کە خۆر لەسەر ڕاڕەوێکی تا ڕادەیەک سەقامگیر بە دەوری گەلەئەستێرەکەدا بێت. بەڵام ئەو ئەگەرەش هەیە کە هێشتا بەتەواوی جووڵانی بۆ دەرەوەی تەواو نەکردبێت.
دیباتیستا دەڵێت “ئەگەر هەیە کە خۆر هەر بەردەوام بێت لە کۆچکردن بۆ دەرەوە. بەڵام پێشبینیکردنی ڕێژەکەی شتێکی نەکردەیە.”
پەراوێز:
- (ئەستێرەی زێدە-خێرا / hypervelocity stars)
- (کۆچی نیوەتیرەیی / radial migration)
بابەتی پێشتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.