تێگەیشتن لە نووسراوی سەر کاغەزی چاپکراو ئاسانترە لە نووسراوی ئەلیکترۆنی.
لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا خوێندکارانی هەموو جیهان لە ژووری خوێندنەوە گواستیانەوە بۆ خوێندنی ئۆنڵاین. زۆربەی خەڵک کتێب و لاپەڕەکانیان گۆڕییەوە بۆ ماڵپەڕ و سەرچاوە دیجیتاڵییەکانی دیکە. دەیەیەکە کتێبە ئەلیکترۆنییەکان لەگەڵمانن، بەڵام چەندە تێکەڵی بووین؟
دەرکەوتووە کە تێگەیشتن لە نووسراوی سەر کاغەزی چاپکراو ئاسانترە لە نووسراوی ئەلیکترۆنی.
(ئان مانگەن) مامۆستایەکی خوێندن لە زانکۆی ستاڤانگەر لە نەرویج دەڵێت “خوێندنەوە لەسەر کاغەز بەجۆرێک وەکوو مەدیتەیشنە، ئەوەی کە تەرکیزمان بخەینە سەر شتێک کە ڕاوەستاوە. ئەم تێکەڵبوونەش تەواو جیاوازە لەو کاردانەوانەی بەرامبەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. پێموایە شتیکی تەندرووستە بۆ ئێمە وەکوو مرۆڤ کە لەگەڵ شتێکدا دابنیشین کە نەجووڵێت، زەنگ لێ نەدات و سەرنجمان نەڕەوێنێتەوە.”
پرینت کەمتر لە نووسراوی دیجیتاڵی خواست بۆ سەرنج دەخاتە سەر مێشک. ئاماژەی (شوێنەکی) و دەستلێدان پێشکەش دەکات بۆ یارمەتیدانی خوێنەر لە پرۆسەسکردنی وشەکان لەسەر لاپەڕەکەدا. خوو و عادەتیش دەکرێت فاکتەرێک بێت. ئەگەر خەڵکی خوێندنەوە لەسەر شاشە گرێ بدەن بە سووڕانەوە بەنێو ئینتەرنێتدا، ئەوە وەکوو خوویەکی لێ دێت بۆیان و لەوانەیە لە کاتی خوێندنەوە لەسەر شاشەکاندا پەلە بکەن و ناوەڕۆکی دەقەکە بەتەواوی وەرنەگرن.
(شوێنەکی / spatial): هەستکردن بە شوێن و شێوە و قەبارەی شتەکان لە شوێنێکدا.
پێت وایە تۆ ئاوارتەی؟ زۆربەی خەڵک وا بیر دەکەنەوە. توێژینەوەکان پێشانی داوە کە خوێندنەوە لەسەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان دەبێتە هۆی متمانەبەخۆی-لەڕادەبەدەر.
(لۆرەن سینگەر تراخمان) کە لە زانکۆی ماریلاند، کۆلێج پارک، لە (تێگەیشتن لە خوێندنەوە) دەکۆڵێتەوە، دەلێت “دەقی سەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان خێراتر دەخوێنینەوە، ئیدی وادەزانین باشتر لێی تێدەگەین. ئەمە یەکێکە لە باشترین لایەنەکانی ئەم جیهانی دیجیاڵەمان، هەموو شتێک لەبەردەستماندایە و دەتوانین لە چرکەیەکدا دەستمان بگاتە سەردێڕەکان، بەڵام ئەوە دەکرێت یەکێک لە لایەنە خراپەکانیشی بێت. هەموو شتێک ئەوەندە خێرا و بەردەستە کە لەوانەیە چیدی بەوردی لەو شتانەی دەیانخوێنینەوە تێنەگەین.”
هەر دوو زاناکە کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئامێرە دیجیتاڵییەکان شتی چاکن بۆ چاوخشاندن بەسەر سەردێڕی هەواڵەکان و ئاگاداربوونەوە لە بیرۆکە سەرەکییەکان، بەڵام دەقی درێژتر و ئاڵۆزتر باشترە لەسەر کاغەز و بە چاپکراوی بخوێنرێتەوە، بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لە وردەکارییەکان.
خوێندنەوەی دیجیتاڵ یەکسانە بە پرۆسەسکردنێکی ڕووکەش
لە ساڵی 2016ـدا (سینگەر تراخمان) لە ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان لە خوێندنەوە کۆڵییەوە پاش ئەوەی کە هەندێک بابەتیان لەسەر ئامێری دیجیتاڵی و بەشێوازی چاپکراو خوێندەوە. فۆرمات [شاشە یان کاغەز] کاریگەرییەکی لەسەر تێگەیشتنیان لە بیرۆکە سەرەکییەکان نەبوو، بەڵام کاتێک لەسەر شاشە دەیانخوێندەوە وردەکارییەکانیان لەدەست دەچوو.
(مانگەن) دەڵێت “خوێندنەوە لەسەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان تێگەیشتن تێک دەدات، بەتایبەت بۆ دەقە دوورودرێژ و ئاڵۆزەکان. ئەمە دەکرێت بە هۆی (گریمانەی بەڕووکەشکردن)ـەوە بێت — بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ خوێندنەوەی خێرا و میدیا دیجیتاڵییەکان پاڵ بە مێشکەوە دەنێت تاکوو زانیارییەکان خێراتر بەڵام ڕووکەشتر پرۆسەس بکات، بەم جۆرەش لە ئاستی قووڵبوونەوە لە بابەتەکان کەم دەبێتەوە.
بەپێی گریمانەی (بەڕووکەشکردن / Shallowing) میدیا و سۆشیال میدیا کورتەکان وەکوو ئێکس (تویتەری پێشوو) و ئەو میدیایانەی هەموو شتێک خێرا و بە کورتی تێدەپەڕێنن دەبیتە هۆی بیرکردنەوەی ڕووکەش و لە دەرەنجامدا بەرکەوتنی زۆر لەگەڵ ئەم چەشنە میدیایانە و بەکارهێنانی زۆریان لە ڕۆژدا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی تێگەیشتن و مۆراڵ.
مارگەن دەلێت “ئەوەندە (توێژینەوەی دەمارناسی) لەسەر خوێندنەوەی دەقی چاپکراو ئەنجام نەدراوە بەڵام ئەوەی ئەنجام دراوە هەندێک سەرەداو پێشکەش دەکات.” لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2009ـدا، کۆمپانیای (میلوارد بڕاون)، کۆمپانیایەکی توێژینەوەی مارکێتینگ، تێگەیشت کە مێشک بابەتە فیزیکییەکان و دیجیتاڵییەکان بە شێوازی جیاواز پرۆسەس دەکات. بەشداربووان هاوکات کە سکانی fMRIـیان لەسەر دەکرا، لەسەر شاشەیەک یان لەسەر کاغەزێکی چاپکراو سەیری ڕێکلامیان دەکرد. نووسراوە چاپکراوەکان زۆرتر (توێژی ناوەندی پێشەوە1)ـی مێشک و (توێژی سینگولات2)ـیان چالاک دەکردەوە کە هەردووکیان بەشداریی پرۆسەسکردنی هەستەکان دەکەن. خوێندنەوەی نووسراوەی چاپکراو هەروەها دەبووە هۆی چالاکییەکی زۆرتر لە (توێژی پاریتاڵ3) کە ئاماژە (وێنەیی) و (شوێنەکی)ـیەکان پرۆسەس دەکات.
لەسەر شاشەکان سکرۆڵ بکەین یان لاپەڕەکان هەڵبدەینەوە؟
سکرۆڵکردن بەنێو دەقە دیجیتاڵییەکاندا، بە ئاڵۆزکردنی شوێنی شتەکان، دەکرێت پرۆسەی تێگەیشتن تێک بدات. توێژینەوەیەکی ساڵی 2017 پێشانی دا کە تێگەیشتنی بەشداربووان لە کاتی خوێندەوەی کتێبێکی کۆمیکدا تێک دەچوو کاتێک لەجیاتی ئەوەی هەموو لاپەڕەکە پێکەوە ببینن بەنێو بەشەکانی لاپەڕەکەدا سکرۆڵیان دەکرد. لە کاتی خوێندنەوەدا مێشک (نەخشەیەکی مەعریفی) لە دەقەکە درووست دەکات، وەکوو بیرهێنانەوەی ئەوەی کە بابەتێک لە لاپەڕەیەکی لای چەپ و نێزیک سەروەی لاپەڕەکەدا بووە. ئێستا بیر لەوە بکەوە نەخشەیەک درووست بکەیت کە خاڵەکانی بەردەوام بجووڵێن، وەکوو لاپەڕەیەکی سەر ئینتەرنێت. درووستکردنی نەخشەیەک لە وشەگەلێک کە لە شوێنێکدا ناوەستن زەحمەتترە، چونکە لایەنە بیناییە گرینگەکانمان لەدەست دەچێت.
سکرۆڵکردن خواستێکی زۆرتر دەخاتە سەر (یادگەی ئیشکەر4)ـمان. (تراخمان) دەڵێت “لە (یادگەی ئیشکەر)ـدا دەتوانین هەر جار و دەوروبەری 7 شت هەڵبگرین، ئیدی لە کاتی خوێندنەوەدا ئامانج دەبێتە ئەوەی کە تا دەکرێت خواستەکان کەم بکرێنەوە. کاتێک پێویستمانە ئەو شتانەی هەر ئێستا خوێندوومانەتەوە لەبیرمان بمێنێنن و ئاماژەی (شوێنەکی)ـش نییە کە یارمەتیمان بدات، ئەمە هەندێک لە (باندویس / bandwidth)ـەکەمان دەبات.”
سەرەڕای ئەمەش، پرتەپرتی بەردەوامی ڕووناکیی شاشەکان هێزێکی زۆرتر لە چاومان دەبڕێت و دەبێتە هۆی شەکەتبوونی مێشک و چاومان.
هەڵبەت، ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان وەکوو کیندڵ پێویستیان بە سکرۆڵکردن نییە و بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای (مەرەکەبی-ئەلیکترۆنی) زەختێکی کەمتر دەخەنە سەر چاو. مارگەن دەلێت کە “ئەمانە باشترن لە دەقە دیجیتاڵییەکانی دیکە. بەڵام بێوەرین لە لایەنێکی گرینگی ئەزموونی خوێندنەوە: هەڵدانەوەی لاپەڕەکان.
لە یەکێک لە توێژینەوەکانی (مانگەن)ـدا، بەشداربووان چیرۆکێکیان لەسەر کیندڵ یاخود کاغەز خوێندەوە و دواتر هەندێک تاقیکردنەوەی تێگەیشتنیان ئەنجام دا. دەقەکە هەر یەک شت بوو بەڵام بەکارهێنەرانی کیندڵ دەبا دەست بە دوگمەیەکدا بنێن بۆ بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی کتێبەکە، بەڵام خوێنەرانی کتێبە چاپکراوەکە لاپەڕەکانیان هەڵدەدایەوە. خوێنەرانی کتێبی چاپکراو وردتر چیرۆکەکەیان بەپێی ڕوودانی ڕووداوەکان وەبیر دەهاتەوە. (مانگەن) دەڵێت ئەمە لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە چاپ ئاماژەی (سێنسەرماتۆر / sensorimotor) پێشکەش دەکات کە ئاستی پرۆسەسکردنی مەعریفی بەرز دەکاتەوە. کاتێک کتێبێک دەگرین بە دەستەوە ئاماژەگەلێک وەردەگرین کە بیرمان دەخاتەوە چەندمان لێ خوێندووەتەوە و چەندی ماوە. هەر کات پێویستمان بێت دەتوانین لاپەڕەکان هەڵبدەینەوە و دەقێک دیسان بخوێنینەوە. هەندێک توێژینەوە باسی ئەوە دەکەن کە لە کاتی فێربووندا، کاتێک چەندین هەست و چەندین ناوچەی مێشک دەخەینە گەڕ، مێشک بە شێوازێکی کاریگەرتر زانیارییەکان پرۆسەس دەکات — دیتنی وشەکان، هەستکردن بە کێشی لاپەڕەکان و تەنانت بۆنکردنی کاغەزەکە.
دواتر چی دەبێت؟
لەجیاتی ئەوەی باشتر ببین لە خوێندنەوەی دیجیتاڵیدا، لەوانەیە خراپتر ببین. توێژینەوەیەک لە نێوان ساڵانی 2000 و 2017 کە لە تێگەیشتنی خوێندنەوە دەکۆڵییەوە، دەریخست کە تێگەیشتن لە دەقی دیجیتاڵی قورسترە. توێژەران تێگەیشتن کە سوودەکانی خوێندنەوەی شتی چاپکراو لە ئێستادا زۆرترە لە ساڵانی 2000. یان با بڵێین ئەم گرفتەی خوێندنەوەی-دیجیتاڵییە لا ناچێت.
مانگەن دەڵێت “ئەم تێگەیشتنە لەوانەیە پەیوەندی هەبێت بە (گریمانەی بەڕووکەشکردن)ـەوە. ئەو خووانەی کە لە کاتی خوێندنەوە لەسەر شاشەکاندا لامان درووست دەبن بڵاوە دەکەن و ئیدی هەوڵ دەدەین خێراتر و ڕووکەشانەتر نووسراوەکان بخوێنینەوە.
مانگەن و سینگەر تراخمان هەردووکیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ناکرێت واز لە خوێندنەوەی دیجیتاڵی بێنین، بەس کاتێک دەمانەوێت شێوازی خوێندنەوەکە هەڵبژێرین دەبێت دۆخەکە بەرچاو بگرین.
سینگەر تراخمان دەڵێت “قەت ناڵێم هەمووان دەبێت هەموو کات نووسراوەی چاپکراو بخوێننەوە. خەڵکی سەریان دەسووڕمێت کاتێک دەڵێم (کیندڵ)ـم هەیە و زۆریش کیندڵەکەم خۆش دەوێ. بەڵام بەس ئەو کاتانە بە کاری دەهێنم کە بۆ چێژبینین بخوێنمەوە.”
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە زانیارییەکانی سەر شاشەکان، سینگەر تراخمان و مانگەن پێشنیاز دەکەن کە خوێندنەوەکەت هێواش بکەیتەوە و بیرۆکە سەرەکییەکان لەسەر کاغەز بنووسیتەوە. [دەشکرێت تایپی بکەیت بەڵام نووسین پێدەچێت ئامرازێکی بەهێزتر بێت بۆ یادگە.]
کاتێک ماندوویت لە جیهانی دیجیتاڵ و دەتەوێت پشوویەک بدەیت، هێزی کاغەز و مەرەکەب بە کەم مەزانە. ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بوکژێنەوە، کتێبێک بگرە بە دەستەوە و لاپەڕەکان هەڵدەوە.
پەراوێز:
- (توێژی ناوەندی پێشەوە / medial prefrontal cortex)
- (توێژی سینگولات / cingulate cortex)
- (توێژی پاریتاڵ/ parietal cortex)
- (یادگەی ئیشکەر / working memory)
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.