دەشێت نووسین بە دەست زۆرتر لە تایپکردن ببێتە هۆی زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێو مێشک
هەندێک لە توێژەران لە نەرویج، پاش تۆمارکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێو مێشکی خوێندکارانی زانکۆ، گەیشتنە ئەو دەرەنجامە کە نووسین بە دەست دەشێت ببێتە هۆی باشتربوونی یادگە و فێربوون.
ڕەنگە تایپکردن خێراتر بێت لە نووسین بە دەست، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری [Frontiers in Psychology]ـدا بڵاو کرایەوە، کەمتر پاڵنەر دەبێت بۆ چالاکی و گەشەی مێشک.
هەندێک لە توێژەران لە زانکۆی زانست و تەکنۆلۆجیای نەرویج، پاش تۆمارکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێو مێشکی 36 خوێندکاری زانکۆ، گەیشتنە ئەو دەرەنجامە کە نووسین بە دەست لەوانەیە ببێتە هۆی باشتربوونی یادگە و فێربوون.
لە دەستپێکی تاقیکردنەوەکەدا، بە خوێندکارەکان گوترا کە بە شێوەی (کێرسڤ) و بە پێنووسی دیجیتاڵی وشەکان لەسەر شاشەیەک بنووسن یاخود هەمان ئەو وشانە بە کیبۆرد تایپ بکەن.
کێرسڤ یان نووسینی پێکەوە-نووساو شێوازێکی نووسینە [لە ئەلفوبێی لاتینیدا] کە تێیدا پیتەکان پێکەوە دەلکێن بۆ مەبەستی خێراتر نووسین.
کاتێک وشەیەک وەکوو “دارستان” یان “ژووژک” لەسەر شاشەکەی بەرامبەریاندا دەربکەوتایە، 25 چرکە کاتیان دەبوو تاکوو، دووبارە و دووبارە، ئەو وشەیە تایپ بکەن یاخود بە دەست بینووسنەوە.
لەم ماوەیەشدا کڵاوێک کە هەندێک هەستەوەری تێدایە شەپۆلەکانی مێشکیانی دەپێوا. 256 ئەلیکترۆدی کڵاوەکە دەخرانە سەر پێستەسەر و سیگناڵە ئەلیکترییەکانی مێشکی خوێندکارەکانیان تۆمار دەکرد، وەکوو ئەوەی کە خانەکانی مێشک لە کوێدا چالاکن و بەشەکانی مێشک چۆن پێکەوە پەیوەندی دەکەن.
(ئۆندرەی ڤان دەر میر) هاو-نووسەری توێژینەوەکە و مامۆستایەکی (دەروونناسیی دەمار) لە زانکۆی NTNU دەلێت: “دەستکەوتی سەرەکیمان ئەو تێگەیشتنە بوو کە نووسین بە دەست نێزیک بە هەموو بەشەکانی مێشک چالاک دەکاتەوە بەڵام تایپکردن وا نییە و بەشەکانی مێشک لە کاتی تایپکردندا بەقەد ئەوەی کاتی نووسین چالاک نابنەوە. مێشک لە کاتی تایپکردن و دەستنان بە دوگمەکاندا وەکوو ئەوەی کاتی نووسین و کێشانی پیتەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری نابێتەوە.
بەتایبەت، لەم توێژینەوەیەدا تێگەیشتن کە نووسین بە دەست پێویستی بە پەیوەندیی نێوان توێژەکانی بینایی و هەست و جووڵە هەیە. ئەوانەی بە پێنووسە دیجیتاڵییەکە دەیاننووسی دەبا شێوەی پیتەکان بهێننە پێش چاویان و لە تواناکانیان بۆ جووڵە کەڵک بگرن و شێوەی جووڵەی دەستیان لە کاتی نووسیندا کۆنترۆڵ بکەن.
(ڤان دەر میر) دەلێت ”کاتێک بە دەست پیتەکان دەکێشیت، شێوازی پیتی (ئا) تەواو جیاواز دەبێت لەوەی پیتی (ب) و پێویستی بە شێوە جووڵەیەکی تەواو جیاواز دەبێت.”
کەچی لە کاتی تایپکردندا، کلیلەکان بۆ هەر پیتێک بێت هەموو هەر وەکوو یەکن. وەکوو دەرەنجامێک، توێژینەوەکە دەریخست کە تایپکردن پێویستی بە چالاکییەکی کەمتری مێشک لە توێژی بینایی و جووڵەدا هەیە.
(ڤان دەر میر) دەلێت “لەبەر ئەوەی کە بەس هەندێک بەشی کەم لە مێشک لە کاتی تایپکردندا چالاک دەبێت، ئیدی پێویست ناکات بەشە جیاوازەکانی مێشک پێکەوە پەیوەندی بکەن.”
توێژینەوەیکی پێشتری (ڤان دەر میر)ـیش کە لەسەر منداڵان و نەوجەوانان ئەنجام درابوو، دەریخستبوو کە مێشک لە کاتی نووسین بە دەستدا چالاکتر دەبێت لەوەی کاتی تایپکردن. هەروەها توێژینەوەیکی ساڵی 2017 لە زانکۆی ئیندیانا نیشانی دابوو کە نووسین بە دەست دەتوانێت ببێتە هۆی گرێدانی تواناکانی بینین و جووڵە، کە ئەمەش دەکرێت لە منداڵاندا یارمەتیدەر بێت بۆ باشتر ناسینەوەی پیتەکان.
بەڵام هێشتا بەڵگەی جۆراوجۆر هەیە سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ یاداشتنووسین لەسەر کاغەز زۆرتر لە لاپتۆپ یارمەتیدەر دەبێت بۆ لەبیرمان و تێگەیشتن لە زانیارییەکان یاخود بۆ باشتربوون لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەدا.
(ڕامیش بالاسوبرامانیام) زانایەکی بواری زانستی مێشک و دەمار لە زانکۆی کاڵیفۆرنیا کە لەم توێژینەوەیەدا بەشدار نەبووە دەلێت “ئەوەش زەحمەتە کە بزانین ئاخۆ دەکرێت یان چۆن دەکرێت ئەم چالاکیی مێشکەی نێو ئەم توێژینەوە نوێیە بگوازرێینەوە بۆ نێو ژیانی ڕاستەقینە بۆ مەبەستی باشتربوونی ئاستی فێربوون یاخود یادگە.”
هەروەها گوتی “توێژینەوەکە پێشانی داوە کە کاتێک خوێندکارەکان بە دەست دەنووسن، زۆربەی پەیوەندییەکان لە بەشەکانی (ناوچەوانە پل) و (لاجانگە پل)ـەوە دەبن کە ئەم بەشانە زۆرتر پەیوەستی ئیشی یادگەن. بەڵام توێژینەوەیەک لە داهاتوودا دەکرێت ئەوە تاقی بکاتەوە کە ئاخۆ بەشداربووان لەو شتانەی بە دەست دەینووسن و ئەو شتانەی کە تایپی دەکەن چییان لە یاد دەمێنێت.”
(بالاسوبرامانیام) دەلێت “کەسانی بەتەمەنیش لەوانەیە سوودی مەعریفی لە نووسین بە دەست ببینن، بەڵام پێموایە کە زۆرترین سوود لەو تەمەنەدا بێت کە مێشک هێشتا خەریکە گەشە دەکات، چونکە بەجۆرێک دەکەوێتە ئەو ساتانەی کە پرۆسە سەرەکییەکانی دیکەی فێربوون ڕوو دەدەن.”
لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ستانداردە ئەکادیمییەکانی (Common Core) کە زۆربەی ویلایەتەکان ڕەچاوی دەکەن، داوا دەکات کە منداڵان لە قۆناغی باخچە و پۆلی یەکەمدا فێری نووسین ببن. هەروەها فێربوونی تایپکردنیش دادەنێت بۆ پۆلی چوار و پێنج و شەش.
(مۆرگان پۆلیکۆف) مامۆستایەکی یاریدەدەری بواری پەروەردە لە قوتابخانەی پەروەردەی (USC Rossier) دەڵێت “لە ئیستادا منداڵان فێری نووسین بە دەست دەکرێن. ئەمەش هەروا دەبێت و بۆ هەمیشە منداڵان هەر فێری نووسین بە دەست دەکرێن. دواجار ئەوەی کە چەندە کەڵک لە نووسین بە دەست بگرن، سەرەتا بەپێی حەزی تاکەکەسی خۆیان دەبێت و دواتر ئەوەی کە ئەو پۆلانەی تێدا دەخوێنن زۆتر چی داوا بکەن.”
گوتیشی کە نووسین بە دەست دەکرێت بۆ هەندێک لە منداڵان لەوانەی تر قازانجی زۆرتر بێت.
(پۆلیکۆف) دەلێت “هەندێک لە منداڵان لەوانەیە کێشەی جووڵەیان هەبێت، ئیدی ئەوانە لە نووسین بە دەستدا گرفتیان دەبێت. لە سەرێکی دیکەوە هەندێک بەڵگە هەن کە نووسین بە دەست، بەتایبەت نووسینی (کێرسیڤ)، زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو خوێندکارانەی تووشی (دیسلێکسیا)ـن.”
(دیسلێکسیا / Dyslexia) گرفتێکی فێربوونە کە کار دەکاتە سەر تواناکانی گرێدراوی خوێندنەوە و حونجەکردنی وشەکان بە درووستی و پاراوی.
ویلایەتە یەکگرتووەکان هەندێک گوشاری سیاسیی خستووەتە سەر قوتابخانەکان سەبارەت بە نووسینی کێرسیڤ. بۆ نموونە ویلایەتی کاڵیفۆرنیا یاسایەکی پەسەند کردووە کە فەرمان دەداتە مامۆستایانی قوتابخانە گشتییەکان تاکوو لە پۆلی یەک تا شەشی سەرەتایی قوتابییان فێری نووسینی کێرسیڤ بکەن. (پۆلیکۆف) مەزەندە دەکات کە نێزیکی 20 ویلایەت، چەشنێک لە فێرکاریی نووسینی کێرسیڤ ڕەچاو دەکەن.
بەڵام زانایان نازانن کە ئاخۆ نووسینی کێرسیڤ، بەراورد بە نووسینی ئاسایی، قازانجێکی مەعریفیی زیاتری هەبێت یان نا.
(پۆلیکۆف) دەڵێت کە هەندێک خەڵک هاندەری فێرکردنی نووسینی (کێرسیڤ)ـن بەس لەبەر ئەوەی کە بەڵگەنامە مێژووییەکان بەم شێوازە نووسراون، وەکوو نەریتێک بۆ واژۆکردن خەڵکی ناوی خۆیان بەم شێوازە دەنووسن، یان ئەوەی کە “هونەرێکی جوانە و خەریکە نامێنێت.”
لە سەرێکی دیکەوە، (ڤان دەر میر) دەلێت زۆرجار لەبەر ئەوەی کە هاندەری ئەوەیە قوتابییان لە قوتابخانە بە دەست بنووسن، ڕەخنەی لێ دەگیرێت کە گوایە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. خۆی دەڵێت کە نووسین بە دەست و تایپپکردن هەردووکیان دەبێت لە ژووری خوێندندا دەوریان هەبێت.
دەلێت “ئێمە لە جیهانێکی دیجیتاڵیدا دەژین و ئەم جیهانە دیجیتاڵییەش هەر دەمێنێتەوە. ئەگەر دەتەوێت وتار یان بابەتێکی دوورودرێژ بنووسیت، ئیدی بێگومان زۆر باشترە کە کۆمپیوتەر بەکار بێنیت.”
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
[…] […]