بۆچی زۆربەی هەسارە و مانگەکان خڕن؟
بۆچی مانگ و هەسارەکان کاتێک وێنەیان پێشان دەدرێت بۆ بەراوردکردنی قەبارەیان لەگەڵ خۆردا ئەوەندە خڕن؟
لەڕێگای تەلەسکۆپەکانی سەر زەوی و نێو بۆشاییی ئاسمانەوە، گەردوونناسەکان دەتوانن چاو لە ئەوپەڕی دوورترین بەشەکانی گەردوون بکەن. هەسارەکان چەندە دوور و سەیر بن، لە بۆشاییی ئاسماندا تایبەتمەندییەک هەیە کە هەمیشە وەکوو خۆی دەردەکەوێت: شتانێکی زۆر خڕن.
چی بووەتە هۆی خڕبوونی ئەم تەنە ئاسمانییانە؟ بەکورتی: هێزی ڕاکێشان.
(ئانجالی تریپاتی) زانایەکی بواری فیزیای ئەستێرەناسی، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی (لایڤ ساینس)ـدا دەلێت “زۆر ناوازەیە کە ئاگامان لە ئەو هەموو شتە خڕەی نێو بۆشاییی ئاسمانەیە.” کاریگەریی خڕکردنەوەی هێزی ڕاکێشان دەرەنجامێکی (هێزی-ڕاکێشانی-خودە) — ئەو هێزی ڕاکێشانەی کە شتێک — لێرەدا تەنێکی ئاسمانی — دەیخاتە سەر خۆی. کاتێک هەسارەیەک یان لەوانەیە مانگێک، بەقەد پێویست بارستایی لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، هێزی-ڕاکێشانی-خود وا دەکات شێوەیەکی خڕ بگرێتە خۆی.
تەنەکانی نێو گەردوون نێزیکەی 13.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر و پاش تەقینەوەی مەزن (بینگ بانگ) پێک هاتوون. گەردیلە تۆزە بچووکەکان کە لەنێو هەورگەلێکی زەبەلاحی تۆز لە شێوەی (کێکی دۆنات)دا دەسووڕانەوە، دەستیان کرد بە پێکدادان لەگەڵ یەکدی. بەپێی ناسا، ئەگەر پێکدادانەکان بەقەد پێویست هێواش بایەن، گەردیلە تۆزەکان پێکەوە دەنووسان و تێکەڵ بە یەکتر دەبوون. پێکدادانە یەک لە دوای یەکەکان کاریگەرییەک وەکوو ئەوەی تۆپەڵەبەفرێکی پێک دەهێنا؛ بێچووە هەسارەکە هەرچی بارستایی زۆرتری کۆ بکردایەتەوە، هێزی ڕاکێشان تێیدا زۆرتر گەشەی دەکرد و ماتەرێکی زۆرتری بۆ لای خۆی ڕادەکێشا.
(بروونۆ مەرین) گەردوونناس و بەڕێوەبەری داتاسەنتەری زانستی لە ناوەندی دەزگای بۆشاییی ئەورووپی (ESAC) لە مەدرید، دەڵێت: “ئەو هێزی ڕاکێشانە هەموو ماتەرەکە بەرەو چەقی هێزەکە ڕادەکێشێت. هەر وەکوو سینکی چێشتخانە. هەموو ئاوەکە دەڕژێتە نێو کونی سینکەکەوە. لە هەسارەکاندا، هەموو ماتەرێک هەوڵ دەدات تا دەکرێت لە چەقی هێزی ڕاکێشانەکە نێزیک ببێتەوە.
هەسارەکان بەردەوام دەبن لە گۆڕینی شوێنی ماتەرەکان تاکوو دەگەنە ئاستێک لە هاوسەنگی، دۆخێک کە تێیدا هەموو پنتێک تاکوو دەکرێت نێزیکی چەقەکە بێت. تاکە شێوەیەکیش کە لەنێو بۆشاییدا ئەم چەشنە هاوسەنگییە پێک بێنێت (گۆ)ـیە.
هەسارەی مێرکری و ڤینۆس تا ڕادەیەکی زۆر تەواو خڕن چونکە لە بەردن و خاوتر دەسووڕێنەوە. هەسارە سەهۆڵینەکانیش تا ڕادەیەک تەواو خڕن، چونکە چینی سەهۆڵ زۆر بەیەکسانی بڵاو دەبێتەوە.
بەڵام خڕبوون بەو مانایە نییە کە هەموو هەسارەیەک گۆیەکی تەواوە؛ هەسارە زەبەلاحە گازییەکانی جوپیتەر و ساتورن لە هێڵی کەمەرەییدا دەرپەڕیون لەبەر ئەوەی کە زۆر خێرا دەسووڕێنەوە. بەپێی ناسا، ساتورن لەجیاتی ئەوەی تەواو خڕ بێت، لە تۆپێکی باسکە دەچێت کە کەسێک لەسەری دانیشتبێت. تەنانەت هەسارەی زەویش دەرپەڕینێکی بچووکی هەیە بەقەد 1% بەهۆی (هێزی دژەچەق)ەوە1، ئەو هێزی دوورخەرەوەیە کە لە کاتی سووڕانەوەدا دەکەوێتە سەر شتێک. کەواتە زەوی گۆیەکە کە لە جەمسەرەکاندا تۆزێک پان بۆتەوە.
ئەگەرچی گەردوون پڕاوپڕە لە شتی خڕ، تەنێکی زۆر لە بۆشاییدا هەن کە تۆزێکیش چییە خڕ نین، ئەستێرە و ئەستێرە کلکدارەکان لە هەموو شێوەیەکدا هەن کە لەبەر پێکدادان و سووڕانەوە لە نێوان ئەستێرەکاندا شێوەیان گۆڕاوە. مەریخ مانگێکی هەیە لەسەر شێوەی پەتاتە بە ناوی (فۆبۆس)، لە ڕاستیدا لەو 300 مانگەی نێو کۆمەڵەی خۆر کە دەیانناسین تەنها 20 دانەیەکیان ئەو خڕە باوەن کە چاوەڕێ دەکەین، ئەوانەی دیکە جیاوازترن. هۆکاری ئەم تەنە ناخڕانە: (تریپاتی) دەڵێت: بارستاییەکی کەمیان هەیە و ئەمەش واتە بەقەد پێویست هێزی ڕاکێشانیان نییە تاکوو بتوانن شێوەی خۆیان ساف و یەکدەست بکەن.
پەراوێز:
- (هێزی دژەچەق / centrifugal force)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.