نەبوونی بۆشایی و خاڵبەندی لە ڕێنووسی زمانی یۆنانیی کۆندا
تا ئێستا نووسینێکی یۆنانی کۆنت بینیوە و لات سەیر بووبێت کە بۆچی ئەو ڕێنووسەی لە یۆنانی کۆندا بەکاریان هێناوە لەنێوان وشەکاندا بۆشایی تێدا نییە، خاڵبەندیی نییە و هەموو پیتەکانیش بە پیتی گەورە نووسراون؟ دەڵێی ڕیزێکی دوورودرێژی پیتن و هەمووش پێکەوە نووساون!
هەموو کەس دەزانێت کە یۆنانی کۆن بەرهەمێکی زۆر و ناوازەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەخشیوەتە جیهان؛ لە فەلسەفەوە تاکوو سیاسەت و زانست و هتد. بەڵام ئەو ڕێنووسەی کە دایانهێناوە بۆ تۆمارکردنی نووسینەکانیان لەوانەیە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ سەیروسەمەرە بنوێنێت.
دەقەکانی یۆنانی کۆن لەنێوان وشەکاندا هیچ بۆشاییەکیان تێدا نییە و هەموو وشەکان پێکەوە نووساون، خاڵبەندی تێدا نییە و هەموو پیتەکانیش بە پیتی گەورەن. ئەم تایبەتمەندییانە کە لەوانەیە لای خوێنەری ئەمڕۆ سەیر بن، بەهۆی هەڵە یاخود نەبوونی زانستی ڕێزمانەوە نەبوون. هۆکارەکە خۆگونجاندن و ڕاهاتن لەگەڵ دۆخ و ئەو تەکنۆلۆجیایەی ئەو سەردەمە بوو؛ شارستانییەتێک کە پێش 2000 ساڵ لەمەوبەر گەشەی کردووە.
نەبوونی بۆشایی لەنێوان وشەکاندا
توێژەرانی مۆدێرن ئەم شێوازی یەکپارچە نووسینی بەبێ بۆشاییەی نێو دەقە مێژووییەکان بە (سکریپتیۆ کۆنتینوا) ناوزەد دەکەن. وشەکان هەموویان یەک لە دوای یەک بەبێ بۆشایی لەتەنیشت یەک دەنووسران و وشەکان وەکوو ئەمڕۆ لێک جیا نەدەکرانەوە.
ئەم شێوازی نووسینە شێوازی باوی سەردەمە کۆنەکان بوو و تایبەتیش نییە بە بەس زمانی یۆنانی. شتەکە هەندێک هۆکاری هەیە و پەیوەندی بە شیان و ئەزموونی سەردەمەکەوە هەیە نەوەک تایبەتمەندییەکی ڕێنووس.
ئەو شتانەی بۆ نووسین بەکار دەهێنران وەکوو پاپیروس یاخود پێستی ئاژەڵ کە لەسەریان دەیاننووسی بۆ زۆربەی خەڵکی زۆر گران بوون و کەمیش دەستدەکەوتن. ئەمەش واتە نووسین بەبێ بۆشایی و بەبێ بڕانەوە وای دەکرد کەرەستەکە شوێنی زیاتری تێدا بمێنێتەوە بۆ نووسین و بتوانن شتی زۆرتری لەسەر بنووسن و ئەمەش لە تێچووەکەی کەم دەکردەوە.
خوێندنەوە لە یۆنانی کۆندا چالاکییەکی زارەکی بوو کە کەسانی پسپۆڕی خوێندنەوە دەیانکرد. ئەم کەسانە بەبێ ئەوەی پێویستیان بێت پیت بۆ پیت دەقەکان بخوێنەوە بەپێی دۆخ و نیشانە ڕێزمانییەکان دەیانتوانی بەبێ گرێ دەقەکان بخوێننەوە. بێدەنگ خوێندنەوە زۆر دەگمەن بوو، نەبوونی بۆشایی و خاڵبەندیش کێشەیەکی بۆ ئەم پسپۆرانە درووست نەدەکرد کە وا ڕاهێنرابوون تاکوو دەقەکان بە دەنگی بەرز بۆ گوێگران بخوێننەوە. سەرەڕای ئەمەش پێکهاتەی زمانی یۆنانی بە شێوازێکە وشەکان بەپێی ئەرکە ڕێزمانییەکە بەتەواوی دەگۆڕن لە کۆتاییی ڕستەکاندا، ئیدی ئەمە یارمەتیدەر بووە تاکوو بەبێ بۆشایی و خاڵبەندی بتوانن کۆتاییی ڕستەکان لێک جیا بکەنەوە.
تایبەتمەندییەکی دیکەی نووسراوەکانی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە هەموو پیتەکان گەورەن.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەڵکۆڵین لەسەر بەردەکان کە هەڵکۆڵینی پیتە گەورەکان لەسەر بەرد ئاسانتر بووە و خوێندنەوەشیان بەم شێوەیە ئاسانتر بووە. ئیدی نەبوونی پیتی بچووک لەو سەردەمانەدا بەهۆی سنوورداربوونی زانست یاخود نەزانینەوە نەبووە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دۆخ و ئەو کەرەستانەیە کە لەو سەردەمەدا بەردەستبوون بۆ نووسین. پیتی بچووک دواتر لە سەردەی 9ـی زایینیدا و لە سەردەمی (بیزانتین)ـدا سەری هەڵدا.
گەشەکردنی پیتە بچووکەکان وای دەکرد کە نووسەران ئاسانتر و باشتر و خێراتر بنووسن. هەروەها یارمەتیدەر بوو تاکوو لە قەبارەی بچووکتردا بنووسن و نووسینەکان جێی کەمتر بگرن و دواتر بوو بە ستانداردی نووسین.
نەبوونی خاڵبەندی
لە نووسینەکانی یۆنانی کۆندا خاڵبەندی بوونی نییە، هەڵبەت هەندێک هەوڵ هەبوو بۆ بەکارهێنانیان بەڵام شتێکی ئاسایی و باو نەبوو. بۆ نموونە (ئاریستۆفانیس)، خەڵکی شاری بیزانتیوم، هەندێک نوختەی بۆ وەستانەکان بەکار دەهێنا. بەڵام ئەم شێوازانە باو نەبوون و خوێنەران لە کاتی خوێندنەوەدا بۆ بڕیاردان لەسەر وەستانەکان و تۆنی دەنگیان لەجیاتی خاڵبەندی، پشتیان دەبەست بە تێگەیشتنی خۆیان لە ڕێزمان و ناوەڕۆکی بابەتەکە. ئیدی پرۆسەی خوێندنەوە بەتەواوی پشتی دەبەست بە خوێنەرەکە و بەم جۆرە هەستیان بە پێویستبوونی خاڵبەندی نەدەکرد. خوێنەرە پسۆڕەکان لەسەر تێگەیشتن و پسپۆڕێتیی خۆیان دەیانتوانی بەبێ خاڵبەندی لە پێکهاتەی ڕستەکان تێبگەن و بڕیار بدەن کەی بوەستن یان چ تۆنێک لە خویندنەوەی ڕستەکاندا وەربگرن.

