چۆن دەکرێت یەکسانییەکی زۆرتر لە بنەماڵە و لەسەر ئیشدا پێک بێنین.
پێدەچێت لە پەیوەندییەکاندا، لە بنەماڵە و لە ئیشدا ڕوانینێکی هەڵە بەرانبەر دادوەری هەبێت. کاتێک کەسێک هاوار دەکات “ئەوە دادوەرانە نییە!” دەستبەجێ ئامادەین وەڵام بدەینەوە “بەداخەوە! ژیانە ئیدی!” ئەمەش واتە چاوەڕێ مەبە ژیان دادوەر بێت، وانییە؟ تۆ دەبێت تا پێت دەکرێت لێی وەربگریت و ئەگەر بەرانبەر کەسێکی دی نادادوەر بوو، بە من چی!
ئەرێ ئەمە مەنتیقییە؟
ناکۆکییەکە لەوەدایە کە ئێمە ئەو توانایەمان هەیە دەستبەجێ هەست بە نادادوەری بکەین و زۆریش بەرانبەری هەستیارین. لە پەیوەندییەکاندا پێی دەڵێین “ژماردنی خاڵەکان”. بەگشتی خەڵک حەزیان لە ژماردنەکان نییە و سەیرە کە ئەوانە زۆرتر ڕقیان لێیە وا لە ژمارەکاندا لە پێشەوەن. بۆچی؟ چونکە ژماردنەکان ڕێگایەکە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و گەڕاندنەوەی یەکسانی. ئەم نەخشەڕێگایەش شتێکی تایبەت بە تەنیا مرۆڤ نییە.
شەمشەمەکوێرە خوێنمژەکانیش کێشەی هێزەکیی جیاکارییەکان بە ژماردن چارە دەکەن. تۆڵەکردنەوە، با ڕوونتر بڵێین. ئەگەرچی زۆرینەی خەڵک لێیان دەترسن بەڵام شەمشەمەکوێرە خوێنمژەکان پتر لە زۆربەی خەڵک لە پێدان–و-وەرگرتن تێدەگەن. بۆ بەرگری لە قڕانی بەکۆمەڵ، شەمشەمەکوێرەکان پێکەوە هاوکاری دەکەن و نەخشەڕێگایەکی ژیان-پارێز دەگرنە بەر. شەمشەمەکوێرەیەکی برسی دەکرێ داوای یارمەتی بکات و یارمەتیش وەردەگرێت. هاوەڵێکی ئەندامی گرووپەکە کە دەگەڕێتەوە بۆ هێلانەکەیان و لە دۆزینەوەی خۆراکدا سەرکەوتوو بووە، خوێن هەڵدێنێتەوە بۆ هاوەڵە برسییەکەی. پاشان ئەگەر شەوێکی دیکە ئەوەیان کە خۆراکی بەخشیبوو پێویستی بە یارمەتی بێت، ئەوەیان کە ئەوجار یارمەتی وەرگرتبوو لە سەرییە کە چاکەی ئەم بداتەوە. ئەمەش شتێکی دادوەرانەیە. ئەگەر چاکەکەی نەداوە، هاوڕێکەی خێرا هاوەڵێکی دیکە بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.
یاسا بنەماییەکانی ئاژەڵان بۆ ژماردنی خاڵەکان چین؟ زۆر ساکارە: (١) قەت یەکەم کەس مەبە کە کەمی دەنوێنێت، کەمینواندن وەکوو دۆڕان لە هاوکاریکردن (یان دادوەربوون). (٢) تەنیا کاتێک تۆڵە بکەوە کە هاوەڵەکەت کەمی نواندبێت، کە تۆڵەکردنەوە واتە هاوکارینەکردن (٣) تەنیا یەک چالاکی تۆڵەکردنەوە ئەنجام بدە و دواجار لێی ببوورە (دیسان هاوکاری بکەوە) (٤) تەنیا کاتێک ئەم نەخشەڕێگایە ڕەچاو بکە کە دڵنیا بیت بەردەوام لەگەڵ ئەو کەسەدا لە پەیوەندیدا دەبیت. پێت خۆش بێت یان نا، ژماردن ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هاوەڵەکەت لەو کارەدا لە ئاستێکی یەکساندا بەشداری دەکات. ئەگەر لە دادوەری تێبگەین بەجێگەی ئەوەی کە بڵێین بۆچی هاوەڵەکەمان یەکسەر خەریک ژماردنە، لەوانەیە بتوانین لە خۆمان بپرسین ئاخۆ بە شێوازێکی یەکسان ئێمەش بەشداری و هاوکاری دەکەین یاخود نا.
کە باسی بنەماڵەش دێتە ئاراوە، مامەڵەکردنێکی نایەکسان لەگەڵ منداڵەکاندا دەبێت بە هەوێنی مشتومڕ و دەمەقاڵە، چونکە منداڵەکانیش وەکوو گەورەساڵان دەژمێرن. سەرنجتان نەداوە؟ دایکوباوکەکان بەردەوام پێداگرن لەسەر ئەوەی کە هەموو منداڵەکانیان وەکوو یەک خۆش دەوێت، بەڵام زۆربەمان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان منداڵی خۆمان ژیاوین، ڕوون ڕوون دەزانین کە ئەمە ئەو شتەی نییە کە ئەزموونمان کردووە. جوچکی قەترەسە دوورفڕەکان زۆر چاک لە جیاوازیکردن تێدەگەن. بە کورتی، جوچکە نێرەکان خواردنی زۆرتریان پێ دەدرێت و وەکوو ئەنجامێکیش مانەوە و گەشەکردنیان مسۆگەرتر دەبێت. هەڵسووکەوتی جیاوازی دایکوباوکێک لەگەڵ منداڵێکیان بەراورد بەوی دی، دەکرێ هۆکاری زۆری هەبێت. ڕێگەچارەش، پەیوەندییە. دایبابەکان دەتوانن و پێویستە کە هەر چەشنە جیاوازیکردنێک لە هەڵسووکەوتەکانیاندا بۆ منداڵەکانیان ڕوون بکەنەوە و بە شێوازگەلێکی دیکە هاوسەنگییەکان بپارێزن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سەرهەڵدانی کێشە و ئاڵۆزی لە منداڵە “کەمتر-دڵخوازەکەیان”دا. جگە لە کێشە دەروونییەکان وەکوو خەمۆکی و دابەزینی ئاستی متمانەبەخۆ و کەمبوونەوەی ڕێژەی سەرکەوتن، جیاکاری و جیاوازیکردن دەبێتە هۆی درووستبوونی ڕق و ناحەزی لەنێوان منداڵەکاندا. جیاکاریکردنی لەڕادەبەدەر ڕێگەخۆشکەرە بۆ درووستبوونی پێشبڕکێ لەنێوان خوشکوبراکاندا. دایبابەکان تەنیا بە ناسینەوەی مەراقەکانیان بۆ جیاکاریکردنە کە دەتوانن هەوڵی یەکسانکردنەوەی دۆخەکان بدەن.
سوودی ژماردن تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و گەشەپێدانی دادوەری لە پەیوەندییەکان و لەنێوان خوشکوبراکاندا. لە دەوامیشدا شتێکی هەرە گرینگە. لە ٣ی ڕێبەندانی ٢٠١٨دا، ئایسلەند کەمتربوونی مووچەی ژنان بۆ ئیشێکی یەکسانی بە نایاسایی ڕاگەیاند. لە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٠١٨دا ژنان و پیاوان لە سەرانسەری جیهاندا بە مەبەستی داواکری بۆ مووچەی یەکسان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. ڕێکخراوەی یەکسانیی ڕەگەزی لە شوێنی ئیش ڕایگەیاندووە کە بە شێوازێکی مامناوەندی ژنان بەراورد بە پیاوان لە هەر دۆلار، ٨٤ سەنت وەردەگرن. کەمینەکان و ژنەکان بەراورد بە هاوتا پیاوە کاڵپێست و خاوەن زێدەمافەکانیان، مووچەی کەمتر وەردەگرن. ئەوانەش کە ئەم نایەکسانییە بە سەریاندا دەشکێتەوە مەنتقی و بەجێگەیە کە تووڕە ببن—چونکە ئەمە نادادوەرییە.
مەیموونە کاپۆچین_ـەکان هەستێکی بەهێزیان لە دادوەری هەیە و ئەم فەلسەفەیە پەیڕەو دەکەن کە ئیشی یەکسان مووچەی یەکسانی دەوێت. کاپۆچینەکان ئەو شتەی کە وەری دەگرن لەگەڵ ئەو شتەی کەسانی دیکە بۆ هەمان ئەرککێشان وەری دەگرن هەڵدەسەنگێنن و ئەگەر هەست بە هەبوونی نادادوەری بکەن واز لە هاوکاریکردن دێنن. نەک هەر ئەوە، کاپۆچینەکان ئەگەر ببینن کەسێکی دی بۆ ئیشێکی یەکسان مووچەی زۆرتر وەردەگرێت، یان لەوەش خراپتر، بۆ ئیشێکی کەمتر، زۆرتر وەردەگرێت، دەستبەجێ لە ئەنجامدانی ئیشی دواتر مان دەگرن. ئیدی جارێکی دیش لەگەڵ کەسێک کە نادادوەر بووبێت ئیش ناکەن. بابەتی سەرەکی لێرەدا دادوەرییە. ئاخۆ ئەمە لە شوێنێکی ئاسایی ئیشکردندا چۆناوچۆنە، شوێنێک کە کارمەندەکان لە پشت شاردنەوەی مووچەکانیان دەکەونە شەڕ و ململانێوە. ئەگەر خاوەنکارەکەتان مووچەکان ڕاناگەیەنێت، خۆتان پێکەوە هاوکاری بکەن و مووچەکان دەربخەن و پێداگری بکەن کە ئەوانەی وەکوو یەک ئیش دەکەن دەبێت وەکوو یەک مووچە وەربگرن.
کاتێک کەسێک جگە لە خۆمان لەسەر نایەکسانییەک زویر و تووڕەیە، بەجێگەی دەربڕینی ئەو وتە باوە کە “ژیان دادوەر نییە، لەگەڵی ڕا بێ” با شتێکی جیاواز بکەین. ئەگەر تۆ تاوانبارەکەی، ئێستا چ لە پەیوەندییەکدا بێت چ لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانتدا، هەڵسووکەوتت بگۆڕە و هاوسەنگییەکە بگەڕێنەوە. ئەگەر لە شوێنی ئیشکردن لەسەر بابەتی مووچە یان ئەرکەکان، نایەکسانی و نادادوەری و جیاکاری دەبینیت، لەگەڵ هاوکارەکانت ڕاستگۆ بە، ئەرکەکان یەکسان دابەش بکە و هاوکاری بکە. ئیدی ئاوا دادوەرانە دەبێت، هەر ئەوەندە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.