گەشبینی نیشانەیەکی بەرچاوە بۆ دەرەنجامە چاکە تەندرووستییەکان.
خاڵە سەرەکییەکان
• ئاکارە چاکە تەندرووستەکان دەبنە هۆی گەشەسەندنی هەستێکی بەهێزتر لە یەکگرتوویی و ئاستێکی بەرزتر لە گەشبینی و لەخۆڕابینی١.
• جووڵە و کردارە چێژبەخشەکان دەتوانن پرۆسەی دەربڕینی جینەکان٢ بەرەو چاکە بگۆڕن. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە.
• ئەگەر دەتەوێت هاوڕێ و هاوکارەکانت حەزیان لێت بێت و ڕێزت بگرن، هەستێکی چاکت بەرانبەر بە خۆت هەبێت.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی هێڵسینکی، کاتێک هۆگرانی مۆسیقای کلاسیک گوێ دەگرن بۆ پارچە مۆسیقای ژمارە ٣، جی-ماژۆری ڤایۆلینی مۆتزارت، ئاستی چالاکی جینەکانی بەشدار لە دۆپامین، دەردان و گواستنەوە، دەمارگواستنەوەکان، بیر و فێربووندا بەرز دەبنەوە و ئاستی چالاکی جینەکان دادەبەزێن بۆ ئەهوەنکردنەوەی ڕێژەی ڕووخانی دەمارەخانەکان کە ئەمانە هەمووی بەسوودن. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەگەر شتێک بدۆزیتەوە کە چێژی لێ ببینیت، دەتوانێت دەربڕینی جینەکانت بگۆڕێت، نەک مۆتزارت خۆی.
ئەوەی کە چۆن ژیانی خۆمان دەژین کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر شێوازی پیربوون و تووشبوونمان بە نەخۆشییەکانی وەکوو شێرپەنجە. لە لایەنی فیزیایی هاوکێشەکەشەوە سەیری بکەین، لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵەدا، توێژەرانی زانکۆی باسەل بەوە گەیشتن کە ئاسپیرین و چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆنی ئاستی ڕێژەی مەتیلاسیۆنی جینەکانی تایبەت بە شێرپەنجەی ڕێخۆڵە دادەبەزێنن، کەچی جگەرەکێشان و زۆربوونی کێش بەپێی بەرزی باڵا، زۆرتری دەکەنەوە.
ستیڤ کۆڵ مامۆستای دەرمان، پزیشکی دەروونی و زانستەکانی بایۆلۆژی-ئاکارەکان سەبارەت بە بابەتی خۆگونجاندن٣ زۆری نووسیوە. ئەو لەسەر ئەم بڕوایەیە کە ئێمە زۆرتر لەو شتەی بیری لێ بکەینەوە تەلارسازی ژیانی خۆمانین. لە ڕاستیدا ئەزموونە سۆبژەییەکانمان هێزێکی زۆرتر دەگوازنەوە تاکوو دۆخە ئۆبژەکانمان. ئەگەر ئێمە هەستێکی ئەرێنی و چاکمان سەبارەت بە خۆمان هەبێت نەک هەر دۆخی تەندرووستیمان بەرەو چاکە دەڕوات هەروەها پەیوەندییەکانیشمان باشتر دەبن. لە ئەنجامیشدا، هاوڕێ و هاوکارەکانمان خۆشیان دەوێین و ڕێزمان دەگرن کە ئەمەش دیسان دەبێتەوە هۆی ئەوەی کە هەستێکی خۆشتر و باشترمان سەبارەت بە خۆمان هەبێت. بەم چەشنە، سیستەمێکی پاداشتی خۆبەهێزکەرەوە لەسەر بنەمای ئێپیجەنەتیک٤ درووست دەکەین.
توێژینەوەیەکی زانکۆیەکی ویلایەتی ئۆریگۆن سەبارەت بە تەمەن و پیری، پیشانی دا کە چەشنی بیرکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە خۆیان لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا بازنەیەکی بەربڵاو لە دۆخی تەندرووستییان تا ٤٠ ساڵی داهاتوو پێشگۆیی دەکات–نەخۆشییەکانی تایبەت بە دڵ و دەمار، بیر، دۆخی ئاساییی تەندرووستی، هیوا بۆ ژیان، خەواندن لە نەخۆشخانە و تەنانەت مردن.
بەگشتی، کەسانی گەشبین زۆرتر لە کەسانی ڕەشبین دەژین. تێبینی و خوێندنەوەیەکی ورد لەنێو بابەتە پزیشکییەکاندا بەمەبەستی دۆزینەوەی ئاستی هێزی پەیوەندیی نێوان گەشبینی و تەندرووستی جەستە، پیشانی داوە کە گەشبینی نیشاندەرێکی بەهێزی ئەنجامی نەخۆشییەکانی تایبەت بە دڵ و دەمارە؛ وەکوو سیستەمی پاراستن، جەڵتە، شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە دووگیانی، نیشانە فیزیاییەکانی وەکوو ئازار یان مەترسیی نەخۆشکەوتن.
ئەو کەسانەی کە دڵخۆش و بەهیوا و شادومانن—ئەو شتەی کە دەروونناسەکان پێی دەڵێن ‘کارتێکردنی ئەرێنی’—بە تێپەڕینی تەمەن و پیرتربوونیان کەمتر تووشیاری لاوازبوونی بیر دەبن. ئەمە بەو مانایە نییە کە قەت نەخۆش ناکەون (چ نەخۆشیی جەستەیی چ دەروونی)، بەڵام کەسانی گەشبینی تووشیاری ئاڵۆزیی دووجەمسەری٥ باشتر لە کەسانی ڕەشبین دەتوانن نەخۆشییەکەیان کۆنترۆڵ بکەن. مێتا-ئەنالیزێک لەم ماوەیەدا ئەم پەیوەندیانەی پشتڕاست کردووەتەوە.
توێژینەوەیەک لە پۆڵەندا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕەکگەلێک وەکوو خووە تەندرووستەکان، هەستی پێکەوە گونجان، ئاستی گەشبینی و لەخۆڕابینی لە ٤٥٥ خوێندکاری کۆلێجدا کۆڵیوەتەوە. ئەم ئەندازە جیاوازانە بۆ درووستکردنی پێکهاتەیەکی نوێ لە بۆچوونە ئەرێنییەکانی تەندرووستی بەکار هێنران.
ئەنجامەکان ئاماژە بە جیاوازییەکی بەرچاوی ئاماری لەنێوان ئەم چوار گۆڕکەدا (p<0.001) دەکەن: بۆ نموونە ئاکارە تەندرووستییەکان دەبنە هۆی هەستێکی بەهێزتر لە پێکەوە گونجان، گەشبینی و لەخۆڕابینی. لەخۆڕابینین شێوازی هەستکردن، بیرکردنەوە و هەڵسووکەوتەکانت دەستنیشان دەکات.
ئەمانە و زۆر توێژینەوەی دیکە لەم بوارەدا جەخت دەخەنە سەر ئەوەی کە بۆچوونێکی گەشبینانە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی تەندرووستی.
دیارە کە مەبەست ئەوە نییە کە “نواندن بکەیت تاکوو جێگر دەبێت” و ئەم شتانە. گەشەدان بە داهێنەری، خەیاڵ، بیرکردنەوە و بەخۆداچوونەوە، ژیانێکی مانادار ژیان، ئەمانە هەمووی هەوڵ و ئیشی دەوێت بەڵام سەرمایەگوزارییەکە لە تەندرووستیماندا و هەروەها لە تەندرووستی منداڵەکانماندا.
Thomas R. Verny / 2021 / ‘We Are the Architects of Our Lives’ / Psychology Today
پەراوێز:
- self-efficacy: ئەوەی کە کەسێک بڕوای بە خۆی هەبێت کە دەتوانێت ئاکار و کردەوەگەلێکی پێویستی هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو و ئەو توانایە لەخۆیڕا ببینێت.
- Gene Expression
- Self-regulation
- لقێکی بواری زیندەوەرزانییە سەبارەت بەوەی کە چۆن ئاکار و ڕووداوەکانی دەورووبەرت لە ژیاندا، کاریگەرییان هەیە لەسەر شێوازی ئیشکردنی جینەکان.
- ئاڵۆزیی دووجەمسەری کە پێشتر بە خەمۆکی خولیایی دەناسرا، ئاڵۆزییەکی پەیوەندیدار بە دۆخی دەروونییەوەیە کە تووشیارەکە کاتگەلێکی خەمۆکی و کاتگەلێکی بەشێوازێکی نائاسایی دڵگەشی هەیە و مەودای نێوان کاتەکان لە چەند ڕۆژەوە تا چەند هەفتە دەبێت.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.