چۆن ژیریی جەستە، دۆستایەتیمان لەگەڵ کەسانی دیکەدا قووڵتر دەکاتەوە.
خاڵە سەرەکییەکان
• پەیوەندی لەگەڵ جەستەمان یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ خۆماندا.
• پەیوەندییەک لەگەڵ خۆمان کە جەستەمان هەستی پێ بکات یارمەتیمان دەدات بۆ پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
• بیرکردنەوەیەکی خاوێن گرینگە بەڵام ئەگەر زۆربەی جار نوقمی بیرکردنەوە ببین، دۆستایەتییەکی قووڵ لەگەڵ خۆمان لە دەست دەدەین.
• زانیاریی بیرمەندانە بەس یەکێکە لە ڕێگاکانی سەرکەوتووبوون. ئاگامەندییەکی سۆزدارانە و جەستەیی شێوازێکی دیکەی ژیرییە.
زۆرێک خەڵک شانازی بەو زانیارییانەوە دەکەن کە کۆیان کردووەتەوە یان بەوەی کە کەسێکی زیرەکن. کۆکردنەوەی زانیاری شتێکی بێوێنە و دڵخۆشکەرە بەڵام لەوانەیە لایەنێکی قووڵتری بوونی خۆمان لەبیر بکەین—لایەنی جەستەیی و ژیریی سۆزدارانە؛واتە توانای تێگەیشتن، هەستپێکردن، بەکارهێنان و کۆنترۆڵکردنی هەستەکان. ئەوەی کە زانیاری بخەینە پێشی گۆڕانکارییەوە دەتوانێت ژیانێکی ئاسوودەمان لێ بستێنێت.
سیستەمی پەروەردەکەمان سەرنج دەخاتە سەر ناسینی جیهان نەک ناسینی خۆمان. هانمان نادەن تاکوو گەشە بدەین بە توانا و ئاگامەندییە پێویستەکان بۆ درووستکردنی ژیانێکی دڵخۆشکەری تاکەکەسی بە هەموو پەیوەندییەکانییەوە. فێرمان ناکەن چۆن ژیانێکی بەرهەست بژین—ژیانێک بە بەرچاوگرتنی هەستەکان، ویست و ئاواتەکان، هەموو ئەو شتانەی یارمەتیمان دەدەن هەست بە زیندووبوون بکەین. ژیانێک کە تێیدا لە پەیوەندی نێوان جەستە، ڕۆح، زەین تێبگەیت و هەوڵ بدەیت بۆ گەشەکردنیان و ئاسوودەگی و هێمنایەتییەکی ناوەکی درووست بکەیت.
دەروونناسیی جەستە
مەنشووریی ڕێکارە بوونگەرایی و جەستەییەکان بۆ چارەسەری دەروونی، وەکوو سەرنجخستن، ئەزموونی جەستەیی، چارەسەری گەشتاڵت١ و هاکۆمی٢ ئاماژە بە پێداویستییەک بۆ ڕێکارە جەستەییەکان دەکەن بۆ چارەسەری دەروونی و گەشەی کەسایەتییەکان کە هەردووکیان هاندەری قووڵبوونەوەیەکی زۆرترن لەگەڵ ژیان.
دەرمانکاری گەشتاڵت، فریتز پەرلز لە وتەیەکی ناوداریدا دەڵێت “دەستبەرداری ئاوەز ببە و وشیار ببەوە.” ئەمە ئاماژە بە گرینگێتی ژیانێکی جەستەیی دەکات. زۆرتر وەکوو شۆخییەک بڵێین، گێلبوونیش خۆی نرخێکی هەیە. ئەمە بەمانای فڕێدانی تێگەیشتن یان گەمژە و بێمێشکبوون نییە. بەڵام چەندە کات تەرخان دەکەیت بۆ ڕاگرتنی ئەو پرۆسەی بیرکردنەوە هەمیشەییە و هەوڵ ەدەیت بۆ گەیشتن بە لایەنێکی قووڵتر لە بوونی خۆت و چێژبردن لە پەیوەندییەک لەگەڵ جەستە و ناخی ئەو بوونەوەرە زیندوەدا کە خۆتی؟
دەروونناسیی بوودی ئەو ڕوانگەیە پێشکەش دەکات کە بۆ ئەوەی مرۆڤێکی وریاترت لێ دەرچێت دەبێت زۆرتر جەخت بخەیتە سەر بەتاڵکردنەوە و وازهێنان تاکوو کۆکردنەوەی شتی زۆرتر؛ ئاگایی زۆرتر، دەسەڵاتی زۆرتر، سەرمایە و زانیاری زۆرتر. پرۆڤەگەلێکی تێڕامانی قووڵ (مێدیتەیشن) و وریایی باویان سەندووە چونکە ئاماژە بە لایەنێکی لەبیرکراو دەکەن لە ئەو کەسەی کە هەین. پرۆڤەکانی وریایی وەکوو ئەوانەی کە ژۆن کابات زین٣ پەرەی پێ دەدان، هانمان دەدەن بۆ گەشەپێدان و سەرنجدانێکی زۆرتر بە هەست و ئەزموونەکانی ناخمان. هاتنەدەر لەنێو سەرمان و پەیوەندیگرتن لەگەڵ جەستە و هەناسەمان، جیا لە دابینکردنی ئاسوودەگی، دەبێتە هۆی ئامادەبوون و وریاتربوونیشمان بەرانبەر ژیان و هەروەها یەکدی.
خۆبەتاڵکردنەوە ڕێگەمان پێ دەدات تاکوو بە چەشنێکی چڕوپڕتر لەگەڵ خۆمان و کەسانی دیکە و سرووشتدا پەیوەندی بگرین. بۆ نموونە خۆبەتاڵکردنەوەمان لە بڕوا نەرێنییەکانمان سەبارەت بە خۆمان، وادەکات بتوانین بە شکۆ و خۆبەنرخزانینێکی زۆرترەوە بژین. دەستهەڵگرتن لە پێشبیرەکانمان سەبارەت بە کەسانی دیکە و وازهێنان لە هەوڵدان بۆ گۆڕینیان، وا دەکات بتوانین بە شێوازێکی قووڵتر و بەگوڕتر و بە هاوسۆزییەکی زۆرترەوە لەگەڵ خەڵکدا مامەڵە بکەین.
وازهێنان لە ویست و تامەزرۆیی ئەوەی کە سەربارەت بە هەموو شتێک ڕاست بین ڕێگە دەدات تاکوو ئەو بێگەردگەراییەمان٤ ڕابگرین و ژیانێکی بێفیز و بەختەوەرانە بژین. ئێمە زۆرتر لەوەی بە بیر و بۆچوونەکانمانەوە بناسرێین بە ئەوین و خۆشەویستی نێو دڵمانەوە دەناسرێین. ئەوەی کە زۆرتر لە جەستەماندا بژین وادەکات چێژێکی زۆرتر لە هەستی کراوەیی ببینین و پەیوەندییەکی قووڵترمان لەگەڵ ژیاندا هەبێت.
ئێمە ناتوانین بە بیکردنەوە و تێفکرینەوە ڕێگای هەبوونی هاوسۆزی لەگەڵ خۆمان و کەسانی دیکە بکەینەوە. ئەم شتە لە قووڵایی ناخمانەوە سەرچاوە دەگرێت. پێویستی بە پەیوەندییەکی چڕوپڕ و لەسەر بنەمای هاوسۆزی هەیە. ئەو خووی وردبوونەوە و شیکردنەوەی ئەوەی کە چی لە خۆمان و کەسانی دیکەدا ناڕێکە، لە پەیەوەندییەکی زیندوو و پەتی دوورمان دەخاتەوە. بە خۆنووساندن بە بیر و بڕوا هەمیشەییەکانمانەوە، مەودایەک لەنێوان پەیوەندییەکانماندا درووست دەکەین بەجێگەی ئەوەی کە کراوە بین بەرانبەر بەو لایەنەی بوونمان کە تێیدا هەرە زیندووین و ئەوەی کە ڕێگە بدەین تاکوو هاوسۆزییەک لەنێوان ژیانی دەروون و ژیانی دەرەوەماندا سەرهەڵبدات. ئینجا دۆستایەتی لەگەڵ خۆمان بنەمایەک بۆ دۆستایەتی لەگەڵ کەسانی دیکەدا درووست دەکات.
بیرکردنەوەیەکی تیژ شتێکی گرینگە بەڵام ڕا و بۆچوونەکان و لۆمەکردنەکانمان زۆربەی جار دەبێتە هۆی دابڕانمان لە خۆمان و کەسانی دیکە. فێربوونی پشوودان و هەبوونی ئاسوودەگییەک لە قووڵایی بوونماندا، کاتدانان بۆ ئامادەبوونێکی هەنووکەیی لەگەڵ هەناسەدان و جەستەمان و لە دۆخێکی هێمن و فەراخدا، دەتوانێت یارمەتیمان بدات تاکوو ژیانێکی بەختەوەر و پڕ لە پەیوەندیگەلێکی چڕ بژین.
پەراوێز:
- گەشتاڵت / Gestalt— وشەکە لە ئەڵمانییەوە وەرگیراوە و لە دەروونناسیدا واتە: کۆمەڵێک شت وەکوو بیرۆکەکان یان ئەزموونەکانی کەسێک کە وەکوو سیستەمێکی تاک سەیری دەکرێت و جیاوازە لە تاکە بیر و ئەزموونەکانی نێویدا.
- هاکۆمی / Hakomi: ڕێکارێکی چارەسەریی دەروونییە کە لەسەر بنەمای لایەنی جەستەیی دامەزراوە، لە تێکەڵەیەک لە ئاگامەندیی جەستەیی و تەکنیکە ئەزموونییەکان کەڵک دەگرێت بۆ گەشەکردن و گۆڕانکاریی دەروونی.
- Jon Kabat Zinn
- Perfectionism
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.