گرینگ نییە چەندە خۆت بە سەرقاڵ دەزانیت، دەبێت کات بدۆزیتەوە بۆ خوێندنەوە ئەگینا بەدەستی خۆت، خۆت ڕادەستی نەزانی دەکەیت.
کۆنفوشیوس، فەیلەسۆفێکی چینی
ئەرێ تۆ لەو کەسانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا تەنانەت یەک کتێبیشیان نەخوێندووەتەوە؟ ئەگەر ئا! ئەم بابەتە بخوێنەوە با بزانیت خوێندنەوە چەندە سوودی هەیە بۆ ژیان و دۆخی تەندرووستیت بەتایبەت ئەگەر پێش خەوتن بێت. ئەگەریش لەو کەسانەیت کە کتێب دەخوێننەوە، ئافەرەم بۆ تۆ، دیارە ڕێزی خۆت دەگریت و بەباشی ئاگاداری دۆخی تەندرووستی خۆتیت. لێرەدا باس لە شەش شتی نایاب دەکەین کە ئەگەر پێش خەوتن هەندێک کات دابنێیت بۆ خوێندنەوە، بۆت ڕوو دەدەن.
باشتر خەوت لێ دەکەوێت
خوێندنەوە زەینی وشیار دوور دەخاتەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی خەولێکەوتن. سەیری منداڵان بکە چەندە حەزیان لە چیرۆکە لە کاتی خەوتندا، بۆ ئەوەیە کە دەبێتە هۆی خەوێکی خۆشتر و ئاسوودەتر بۆیان. ڕۆیشتنە نێو جیهانێکی خەیاڵییەوە لە گوشار و تەنگژە دوورمان دەکاتەوە و ئاسوودەگیمان پێ دەبەخشێت. ئەمە یەکێکە لە ڕێگاکانی هەبوونی خەوێکی خۆش و ئاسوودە. مخابن کە کاتێک گەورە دەبین و تەمەنمان دەچێتە سەرەوە ئەم نەریتە چاکە لەبیر دەکەین و لە چیرۆکخوێندنەوە دوور دەبینەوە.
ئاستی سترێسەکانت دادەبەزێت
توێژەران لە زانکۆی ساریی بەریتانیا توێژینەوەیەکیان ئەنجام دا بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ بە خوێندنەوە، بەتایبەت پێش خەوتن، ئاستی سترێس دادەبەزێت یان نا. لە ئەنجامدا گەیشتن بەوەی کە ئاستی سترێس تا ڕێژەی ٦٨ لەسەد دادەبەزێت. کەواتە ئەگەر تووشی سترێس و تەنگژەیت بۆچی کتێبێک هەڵناگریت و پێش خەوتن دەست ناکەیت بە خوێندنەوە؟ تا ڕادەیەکی زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ خەوێکی خۆش و ئاسوودە.
داهێنەرتر دەبیت
لەوانەیە پێتوا بێت کە بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەکان پێش خەوتن کتێب و وتار لەسەر بازرگانی دەخوێننەوە. لەڕاستیدا داهێنەران پێش خەوتن لە هەموو چەشنە کتێبێک دەخوێننەوە. بۆچی؟ توێژینەوەکان پیشانی داوە کە ئەمە دەبێتە هۆی داهێنەرتربوونیان و ویست و حەزیان بۆ پڕۆژەکانیان دەورووژێنێت. وەکوو ئەوەیە هەر جار و بە چاویلکەیەکەوە سەیری جیهان بکەیت. وردەوردە بە نیگایەکی داهێنەرانەتر و تایبەتترەوە سەیری کێشە و دۆخە جیاوازەکان و خەڵکی دەورووبەر دەکەیت. مێشک پێویستی بە پرۆڤەیە، هەرە زۆرتر لەو پرۆڤەیەی کە لە ساڵۆنەکان بۆ لەشجوانی دەیکەین و زۆریش گیرۆدەی بووین.
دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی ئاستی سەرنجدانت
ئەو هەموو پەیام و سەرقاڵبوونانە بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە و هەوڵی ئاگاداربوونەوە لە هەموو ڕووداوەکانی جیهان، خەریکە ئاستی سەرنجدانمان دەڕووخێنێت. لەڕاستیدا سەرنج ناخەینە سەر هیچ شتێک. لەم وێنە و فلیمەوە خێرا دەچین بۆ وێنە و کورتەکلیپێکی دیکە. زانیاریی بێکەڵک و کورت! بەڵام خوێندنەوەی پێش خەوتن ناچارمان دەکات بەبێ یارمەتیگرتن لە وێنەی سەر کۆمپیوتەر و مۆبایلەکان، داتا و زانیارییەکان شی بکەینەوە. بەم چەشنە مێشکمان فێری سەرنجدانی چڕ دەکەین. ئەمەش بۆ سەرنجخستنە سەر ئیشەکانی سبەینێمان یارمەتیدەر دەبێت. هەرشتێک کە بەکاری نەهێنیت، لاواز دەبێت و لەدەست دەچێت.
تەلەفیزیۆن بەلامەوە شتێکی زۆر بەسوودە، هەرکاتێک کەسێک تەلەفیزیۆنەکە هەڵدەکات من دەچمە ژوورێکی دیکەوە و کتێبێک دەخوێنمەوە.
گرووچۆ مارکس، کۆمیدیانێکی ئەمەریکی
بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسۆزی
چی وا دەکات توانای هاوسۆزیت هەبێت؟ بەساکاری بڵێین، ئەوەی کە بتوانیت جیهان لە ڕوانگە و گۆشەنیگای کەسانی دیکەوە ببینیت و هەستێکی چڕترت هەبێت بەرانبەر دۆخ و شێوازی ژیانیان. خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان ڕێگایەکی بێوێنەیە بۆ تێگەیشتن و هەستکردن بەوەی کە کەسانی دیکە چ هەستێکیان هەیە و چۆن دەجووڵێنەوە. توێژینەوەیەکی ڕایمۆند مار، دەروونناسێکی زانکۆی یۆرکی کەنادا، پشتگری لەم تیۆرەیە دەکات کە خوێندنەوە دەتوانێت بمانکات بە کەسێکی بەسۆزتر:
گێڕانەوە دەرفەتێکی تایبەتمان دەداتێ بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ ئەم بابەتە، لەبەر ئەوەی کە ئاوات و ویست و ماندووبوونەکانی کەسایەتییەکان دەناسینەوە، هەست بە هاندەرە شاراوەکانی ناخیان دەکەین و شوێنی هەڵسووکەوتەکانیان لەگەڵ هاوڕێ، دوژمن، جیران و خۆشەویستەکانیان دەگرین.
ڕایمۆند مار
ئاسوودەگی و هێمنایەتی بۆ خۆت درووست دەکەیت
باشترین کار پێش خەوتن چییە؟ بەدڵنیاییەوە سەیرکردنی فلیمێکی پڕ لە شەڕ و توندوتیژی یان سەیرکردنی هەواڵەکان نییە کە پڕن لە خەمۆکی و شتی دڵتەزێن. پێویستت بە شوێنێکی هێمن و بێدەنگە تاکوو مێشکت بحەسێتەوە و ئامادە ببێت بۆ خەوتن. ئەو شەپۆلی تیشکە شینەی لە شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانەوە بڵاو دەبێتەوە پێچەوانەی ئەمە دەکات. بۆیە هیچ شتێک بە قەد کتێب ناتوانێت هەموو شتێک ئەهوەن بکاتەوە و هێمنایەتی درووست بکات. هەرچەند پسپۆڕەکان دەڵێن کە ئەگەر بتەوێت کتێبێکی ئەلیکترۆنی بخوێنیتەوە بەجێگەی کتێبێکی کاغەزی، خێرایی خوێندنت لەوانەیە تاکوو ٣٠لەسەد داببەزێت.
Robert Locke / ‘These 6 Amazing Things Will Happen If You Read Before Bed’ / Life Hack
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.