کاتێک بۆچوونەکان گرینگترن لە ڕاستییەکان
دەمێکە ڕۆیشتوومەتە تۆڕەکۆمەڵایەتیی تیکتۆک و وەکوو چارەسەرکار هەم ئەزموونێکی خۆش بوو هەم بەرچاوڕوونییەک. زۆرتر سەبارەت بە ڕەگەزی پیاو و چارەسەریی پەیوەندییەکان پۆستم کردووە و لە ماوەی چەند مانگدا ژمارەی فۆلۆوەرسەکانم گەیشتووەتە ٣٠٠،٠٠٠ کەس. دیارە کە بابەتەکان مژارێکی هەستیاری کەلتووری دەگرنە خۆ و زۆربەی وەڵام و کاردانەوەکان کێشەی تاکەکان لەگەڵ باسکردنی ڕاستییەکانی بۆ دەرخستم و ئەمەش زۆرتر لەو شتەی بوو کە چاوەڕێم دەکرد.
من ماوەی ٣٦ ساڵە پسپۆڕێکی بواری پۆزەتیڤتەراپیی LGBT و سێکستەراپی هاوسەرانم و لەم ساڵانەدا لە نووسینگەکەمدا زۆر شتم بیستووە کە ڕوانگە کۆن و سونەتییەکان و هەروەها بۆچوونەکانی خۆیشم سەبارەت بە سێکسواڵیتی دەڕووخێنن. یەکێک لە بەرچاوەترینەکانی ئەو ڕوانینە باوەیە کە سێکسوالیتی سفر و یەکە: تۆ یان پیاوی یان ژن، جیاڕەگەزخوازی یان هاوڕەگەزخواز و تەواو، هەمووشتێکی دیکە هەڵیتوپەڵیتە. بەلام ئەوە زۆر دوورە لە ڕاستی. مرۆڤەکان لە بواری سێکسییەوە زۆر لە ئەو شتەی کە باوە و بیری لێ دەکەینەوە، جیاواز و جۆراوجۆرترن.
ئەو شتانەی سەبارەت بە سێکسواڵیتی، بەتایبەت هی پیاوان، لە هەزاران مشتەرییەوە فێر بووم لە کتێب و وتار و کۆڕەکانمدا هاوبەشم کردووە. ئەو شتەی کە لە بەشداریم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە نائاگایی و خۆبەزلزانی لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە، بۆچوون و سەرنجەکان زۆرن بەڵام زۆربەیان نەزان و نائاگان.
بۆ نموونە باسی ئەمەیان دەکەم: بەپێی توێژینەوەکان و هەروەها ئەو شتەی کە لە ئەزموونی پزیشکی خۆمدا بینیومە، پیاوانی جیاڕەگەزخواز دەتوانن سێکسیان لەگەڵ پیاودا هەبێت و ئەمەش ڕوودەدات کەچی لە ناخدا هاوڕەگەزخواز یان دووڕەگەزخوازیش نین. لەوانەیە وەکوو پیاوانێکی کونجکۆڵ و مەراقدار، ناسەقامگیری سێکسی، یان پیاوێک کە دەیەوێت جارێک سێکس لەگەڵ پیاو تاقی بکاتەوە بناسرێت و هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازیدا نەبێت. ئاڕاستەی سێکسیی بنەڕەتییان جیاڕەگەزخوازییە. کاتێک ئەمە بڵاو دەکەمەوە، بێگومان شەپۆلێک لە کاردانەوە درووست دەبن. خەڵک لەسەر ئەم مژارە هەرە پێداگرن لەسەر بۆچوونەکانیان کەچی قەت ئەو شتانەیان نەبینیووە کە من بەدرێژایی ئیش و ئەزموونەکانمدا بینیومە.
پەتای نەزانین
لەوانەیە باسی کاریگەری دوونینگ-کرووگەرتان بیستبێت. ئەم زاراوەیە لە توێژینەوەیەکی دوو دەروونناسی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ١٩٩٩دا سەری هەڵدا. “نەزانیت و ئاگات لە نەزانینەکەت نەبێت: چۆن نەناسینەوەی لاوازییەکانت دەبنە هۆی باوەڕبەخۆییەکی درۆیینە. بەگشتی توێژینەوەکە ئەوەی پیشان دا کە هەڵەتێگەیشتنێکی بەربڵاو هەیە کە تێیدا خەڵک پێیان وایە زیرەکتر و بەهێزترن لەو شتەی کە لەڕاستیدا هەن. ئەگەرچی ئەمە پێدەچێت بۆ هەموو مرۆڤێک ڕاست بێت، بەڵام ئەم چەشنە بێئاگاییە زۆرتر لەو کەسانەدا ڕوو دەدات کە توانایەکی مەنتیقی و لۆجیکی لاوازیان هەیە، کە ئەمەش لە هەندێک تاقیکاری مەنتیقیدا دەردەکەوێت، ئەم کەسانە ئەو توانایەیان نییە کە خاڵە لاوازەکان و ناتەواوییەکانی خۆیان ببیننەوە. ئەو کەسانەی کە لەم تاقیکردنەوانەدا خاڵێکی زۆرتر وەردەگرن تا ڕادەیەکی زۆر ئەو کەسانەن کە ڕەنگە پێیان بڵێن “ڕۆشنبیری بێفیز”. بەگشتی کەسانێکن کە کراوەترن بەرانبەر گۆڕانی بۆچوونەکانیان کاتێک زانیاری ڕاستەقینە بخرێتە بەردەستیان و تەنانەت دانپێدانان بەوەی کە وەڵامی شتێک نازانن. ئەوانەی کە خاڵی کەمتر وەردەگرن تەنانەت پێداگرتر دەبنەوە لەسەر بۆچوونەکانیان کاتێک ڕاستی و واقیعێکی سەلمێندراو دەخەیتە بەردەستیان کە دژی بۆچوونەکانی ئەوان بێت.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کەسانێک کە زانیارییەکی کەمیان هەیە زۆرجار دەیکەن بە هەرا و دەست دەکەن بە ڕخنەگرتن و هەڕەشەکردن، باوەڕێکی چڕیان بە بۆچوونەکانی خۆیان هەیە کەچی بەڵگەیەکی سەلمێندراو یان بەپێی ئەزموونیشیان بۆ پاڵپشتی لە بۆچوونەکانیان پێ نییە. هەندێک لەم کەسانە کاتێک پۆستێک دەبینن کە لەگەڵی هاوڕا نین، هێرش دەکەنە سەری یان دەست دەکەن بە گاڵتەکردن، پێیان وایە کە هەست و بڕوای ئەمان سەبارەت بە بابەتێک لە ئاستی هەموو کەسێکدایە تەنانەت کەسێک کە پسپۆڕی ئەو بوارە بێت.
بۆ ئەوان، بۆچوونی خۆیان بەقەد بۆچوونی نووسەرێک ڕەوایە (یان تەنانەت بە ڕەواتر و درووستتری دەزانن)، نووسەرێک کە بە درێژایی ساڵانێک زانیاری کۆ کردووەتەوە و ئیش و توێژینەوەی کردووە. ئەوان هیچ توێژینەوەیەکیان نەبووە و بەس پاش سەیرکردنی کورتەڤیدیۆیەک بۆچوونی خۆیان وەکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەردەبڕن.
نەبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە
دەڵێی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆ زۆرێک لە خەڵک خەریکە دەبێت بە شتێکی مێژوویی. ئیشکردن لەسەر جیاوازییەکان ئەستەمە، ئیدی ئاسانترە کە کەسی بەرانبەر دوور بخەیتەوە، هەڕەشەی لێ بکەیت و بە کەسێکی خراپ یان هەڵە پیشانی بدەیت بەجێگەی ئەوەی کە هەوڵ بدەیت لێی تێبگەیت.
ئەم کێشەیە زۆرتر لەوەی کە دەنوێنێت جیدی و گرینگە. بەتازەیی بینیومانە کە چۆن بەپێی بەرزبوونەوەی ئاستی نەزانین و کاریگەرییە سیاسییەکان، نائاگایی و بۆچوونە بێبنەماکان دەتوانێت بگات بە توندوتیژی و داڕمانی کۆمەڵگایەک.
کێشەی خستنەپاڵ
هۆکاری کاریگەری دوونینگ-کرووگەر، دیاردەیەکە کە پسپۆڕانی بواری تەندرووستی مێشک بە خستنەپاڵ دەیناسنەوە. ئەمە دیاردەیەکە کە تێیدا ڕێک ئەو تایبەتمەندی و ئاکارانەی نامانەوێت وەکوو تایبەتمەندی و ئاکارێکی خۆمان بیانبینینەوە دەدەینە پاڵ کەسانی دیکەوە. ئێمە ئەمە دەکەین چونکە دەترسین یان ئامادە نین کە ڕاستگۆیانە بەرانبەری چەوتییەکانی ناخی خۆمان ببینەوە و ئیدی دەیانخزێنینە بەشی ناوشیارمانەوە کە بەهەڵە پێمان وایە دەکرێت لەوێ بیانشارینەوە و هەڵیان بگرین.
بەساکاری بڵێین، کاتێک ئاماژە بە کەسێک دەکەین و بڕیاری لەسەر دەدەین، ڕووی ئاماژەی سێ قامکی دیکەمان بەرەو خۆمانە. هەروەها وتەیەک هەیە دەڵێت، “گوێز لە هەوانەی خۆیەوە دەژمێرێت.” کاتێک کە ئەمە ببینین و لێی تێبگەین، دەتوانێت ببێت بە سەرەتایەک بۆ گۆڕینی شێوازی سەیرکردمان بۆ جیهانی دەوروبەرمان.
کاردانەوەی تیکتۆکییەکان
با بگەڕێینەوە سەر باسی تیکتۆک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لێکۆڵینەوەکانم پیشانی دەدەن کە زۆربەی بینەرەکانم ئەوپەڕی ٢٦ چرکە لە ڤیدیۆکانم سەیر دەکەن و هەندێکیان کۆمنتێکی بێبنەما و لەسەر نەزانین دەنووسن و دەچن. زۆربەیان نە سەیری ڤیدیۆکانی دیکەم دەکەن و نە لە گووگڵ بۆ ئەو هەموو ئیشانە دەگەڕێن کە کەسانی دیکە سەبارەت بە بگۆڕیی ئاڕاستەی سێکسی ئەنجامیان داوە. کاتێک کاردانەوەی کەسێک بەرانبەر زانیاری و تێبینییەکانم دەبینم کە بۆ نموونە دەڵێت گاڵتەجاڕییە، ئابڕووبەرانەیە، یان تووڕە دەبێت و هەڕەشە دەکات و هتد. تێدەگەم کە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت: لە ترسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خود، ترس لە گاڵتەپێکردن، ترس لە دەکەوتنی هاوڕەگەزخوازبوونی یان ئابڕووچوون، ئێرەییبردن و هتد. بەم چەشنە ڕوونتر دەبێتەوە کە ئەو کەسانەی کە بەتوندی پێداگری دەکەن لەسەر بۆچوونی سفر و یەکانە سەبارەت بە بواری ڕەگەزێتی پیاو، لەوانەیە لەگەڵ ئاڕاستەی سێکسیی خۆیان لە کێشمەکێشدا بن یان بترسن لەوەی کە هەنگاو بنێنە دەرەوەی ئەو بۆچوونە سونەتییانەی پیاوەتی.
زۆرمان ماوە
لەکۆتاییدا، لە گەشتەکانم بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا تێگەیشتم کە سەرکەوتن بەسەر ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی دیاردەی دوونینگ-کرووگەر لەسەر کەلتوورەکەمان ویست و هێزێکی زۆری پێویستە. ئێستا دەزانم کە هەموومان، هەروەها خۆیشم، لەوانەیە وا بیر بکەینەوە کە بۆچوونەکانی ئێمە پیرۆز و تەواون، بەخۆداچوونەوە و ئاگاییەکی زۆرمان پێویستە بۆ گەشەپێدان بە ڕۆشنبیرییەکی بێفیز کە پێویستە بۆ ئەهوەنبوونەوە و دوورکەوتنەوە لە بەندی ئەو سەپاندنە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەی کە بڕیار دەدات ئێمە چۆن سەیری بابەتی سێکسوالیتە بەتایبەت سێکسوالیتەی پیاوان بکەین.
Joe Kort / 2021 / ‘The Dark Side of Social Media’ / Psychology Today
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.