چۆن هەستەکانت دەرببڕی بە چەشنێک کە لێت تێبگەن.
هاوڕێیەکم هەیە کە بەردەوام قسەم پێ دەبڕێت و ڕستەکانم تەواو دەکات. خراپترین بەشی ئەم قسە پچڕاندنە ئەوەیە کە ئەو شتانەی دەیڵێت پاش ئەوەی دەداتە نێو قسەکانمدا، ئەو شتە نین کە من ویستوومە بیڵێم. هاوڕێکەمم خۆش دەوێت بەڵام هەندێ جاڕ بەڕاست وەڕزم دەکات… ئیدی لەم ساتانەدا بێدەنگ دەبم و هیچ نالێم.
چۆن بە کەسێک دەڵێیت کە وەڕزی کردووی و دڵی ئێشاندووی یان ئازاری داوی، بە چەشنێک کە ببێتە هۆی پتەوتر بوونی پەیوەندییەکەتان نەک ڕووخاندنی؟
ئەوەی کە ڕاستەوخۆ بە کەسێک بڵێیت چ هەستێکت هەیە سەبارەت بە قسە یان کردارەکانی، شتێکی ئەستەمە بەڵام گوتنەکە ئاسوودەگییەکی زۆرتری بەدواوە دەبێت لەوەی کە ئەو پەستی و تووڕەییە لە دڵتدا کۆ بکەیتەوە. بە پێی ئەزموونەکانی خۆم، کاتێک بە مەبەستی باشتر کردنی پەیوەندییەکە نەک سزا دان یان تۆڵە کردنەوە، باسی هەستەکانت بکەیت لەگەڵ کەسێکدا، گوێت لێ دەگرن. ڕەنگە کاتێک پێیان دەڵێیت، بچنە دۆخی بەرگرییەوە و دەست بکەن بە پاساو هێنانەوە، بەڵام هەست ناکەن کە دەتەوێت دووریان بخەیتەوە. ئیدی ئەو چاکسازییەی مەبەستت بووە دەستپێدەکات تەنانەت ئەگەر نەتوانن بەتەواوەتی ئەو خووەیان بگۆڕن.
لێرەدا پێنج هەنگاو باس دەکەین بۆ درکاندنی هەستەکانمان بە چەشنێک کە گوێیان لێ بگیردرێت.
١. بەمەوە دەستپێ بکە کە بۆچی ئەو شتەی دەتەوێت باسی بکەیت گرینگە.
بۆ نموونە دەتوانیت بڵێیت “دەمەوێت باسی شتێک بکەم چونکە پەیوەندییەکەمانم بەلاوە گرینگە”. یان لە ئیشدا ڕەنگە بڵێیت “دەزانم کە ئەگەر پێکەوە بە باشی ئیش بکەین دەبێتە هۆی گەشەکردنی هەموومان و گەیشتن بە ئامانجەکانمان.” یان “دەتوانم باسی شتێک بکەم کە ببێتە هۆی باشتر بوونی هاوکارییەکانمان؟”
٢. بە کورتی باسی ئەو شتە بکە کە بووەتە هۆی دڵێشانت یان هەستت بە بێڕێزی کردووە.
بڵێ “کاتێک قسەم دەکرد، تۆ وات گوت یان وات کرد.” باسەکە دوورودرێژ مەکەوە یان بۆ خۆت پاساوی بۆ مەهێنەوە کە بڵێیت خۆ من دەزانم مەبەستێکی خراپیان نەبووە و ئەم شتانە. یەک ڕستە کە شرۆڤەی هەستەکانت بەرانبەت هەڵسووکەوتیان بکات، تەواوە.
بەرانبەرەکەت لەوانەیە بداتە نێو قسەکانتدا و بیەوێت هۆکار یان مەبەستەکانی شی بکاتەوە. پێیان بلێ کە دەتەوێت گوێ لە قسەکانیان بگریت بەڵام بهێڵن جارێ قسەکانی خۆت تەواو بکەیت. بە هێمنی بیڵێ نەک بە تووڕەییەوە، ئیدی هەستەکانت باشتر ڕوون دەبنەوە و ئەوانیش هان نادرێن بۆ بەرگری کردن.
٣. بڵێ کە هەڵسووکەوتەکەیان چ کاریگەرییەکی لەسەر هەستەکانت بووە.
ئەم ڕستەیە بەشی بنەڕەتی تێگەیاندنیان لە هەستەکانت دەبێت. ئەوان ناتوانن نکۆڵی بکەن لەوەی کە ئاکارەکانیان چ هەستێکی لە تۆدا درووست کردووە. بە ڕوونی بڵێ کە وا هەستت کردووە قسەکانت بە لایانەوە نرخێکی نییە. لەو ساتانەدا هەست بە تووڕەیی، پەستی یان ئازار دەکەیت یان هیچ ناڵێیت و لێدەگەڕێیت.
لە قسەکانتدا ئاوەڵناوی “من” بە کار بێنە. ئەوان لۆمە مەکە بۆ کەمتەرخەم بوونیان یان قەزاوەت مەکە لەسەر بێهەست بوونیان. ئەمە هەستێکە لەم دۆخانەدا دەتبێت تەنانەت ئەگەر مەبەستێکی خراپیان نەبووبێت.
٤. داوای ئەو شتە بکە کە دەتەوێت بۆ بەردەوام بوون.
دەتەوێت بە جێگەی ئەو هەڵسووکەوتەی پێشوویان چۆن لەگەڵت مامەڵە بکەن؟ دیسان ڕاشکاوانە قسە بکە، بۆ نموونە داوا بکە کە بهێڵن ڕستەکانت تەواو بکەیت، لە کۆڕەکانیاندا بەشدارت بکەن یان ڕێز لە بیر و بۆچوونی جیاواز بگرن و ڕوانگە جیاوازەکان باس بکەن نەک دەمەقاڵە بکەن لەسەر ڕاست یان هەڵە بوونی بابەتەکان. ئینجا وەڵامەکەیان قەبووڵ بکە و بزانە کە گوێیان لە قسەکانت گرتووە. ڕەنگە کاتیان پێویست بێت بۆ ئەوەی بیر لە قسەکانت بکەنەوە.
٥. لە کۆتاییدا دیسان جەخت بکەرەوە لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئەمەت باس کردووە.
دیسان پێیان بڵێرەوە کە بۆچی پەیوەندییەکەتانت بەلاوە گرینگە. تۆ دەتەوێت هەردووکتان هەستێکی باشتان هەبێت لە وتووێژەکانتاندا. وا بکە ئەوانیش هەڵسووکەوتەکانی تۆ و کاریگەری ئاکارەکانت لەسەر هەستەکانیان باس بکەن.
ئەگەر باسی هەستە ناخۆشەکانت لە پەیوەندی و وتووێژەکانتاندا نەکەیت، لە نێوانتاندا مەودایەک درووست دەبێت نەک پەیوەندییەکی چڕ. ویستت بۆ درکاندنی هەستەکان و داخوازییەکانت بورووژێنە و بزانە کە ئەوان پێداچوونەوە لە ئاکارەکانیان دەکەن تەنانەت ئەگەر ماوەیەک بخایەنێت. ئەگەر پەیوەندییەکەت بۆ گرینگە، نرخی کاتدانان و هەوڵدانی هەیە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.