هەندێک ڕێگەچارەی ڕاستەقینە بۆ باشترکردنی ساڵانی داهاتوو.
خاڵە بنەڕەتییەکان: هەبوونی سۆز بەرانبەر بە خۆت، خاڵێکی بنچینەییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و هەبوونی تەندرووستی. ئەم سێ ڕێکارە یارمەتیت دەدەن بۆ: پێشخستن و گرینگی دان بە بەرهەمهێنان، قەبووڵکردنی ئەوەی کە بە قەد پێویست باش بوون چاکترە لە بێخەوش بوون، کۆنترۆڵ و ڕێکخستنی هێز و وزەت لە ئیشەکاندا.
ئیشە گەورەکان بە کۆمەڵێک چالاکی بچووکەوە، جێبەجێ بکە.
تائۆتی چینگ
زۆربەمان ماندوو و وەڕزین لە کێشمەکێش و ئاڵۆزییەکانی ساڵی ڕابردوو؛ لە کەرەنتین و تەنیایی و بێهیواییەکانی. تا ئەو ئاستەی کە ڕەنگە ساڵی ٢٠٢٠ بە خراپترین و ناخۆشترین ساڵی ژیانمان بزانین. کەواتە ئاساییە کە دڵخۆش بین لە تێپەڕاندنی ئەم ساڵە پڕ لە کۆسپ و نەهامەتییە.
گرینگە کە بزانین ساڵی نوێش وەکوو هەموو ساڵێکی دیکە ساڵێکی بێکێشە و تەواو هێمن نابێت. با وا سەیری بکەین کە ئەمساڵ بریتی دەبێت لە ئەنجامگەلێکی ئەرێنی و نەرێنی، ئەم ڕوانگەیە وادەکات لە بواری دەروونییەوە لەگەڵ دۆخەکان ڕابێین و بزانین کە ئەم ساڵە ساڵێکی خۆش دەبێت کەچی دەرفەت و ئەگەری ڕووداوی ناخۆشیشی تێدا دەبێت، ئەمە وادەکات چاوەڕوانییەکانمان لە داهاتوو ئاسایی و سرووشتی ببنەوە.
هەموو ساڵێکی نوێ ئەو دەرفەتەمان پێشکەش دەکەن کە بیربکەینەوە تا ئێستا لە کوێ بووین، ئێستا لە کوێداین و دەمانەوێت بۆ کوێ بچین. ئەمانە دۆخگەلێکن بۆ تێڕامان لەسەر ئەو چەشنە چاکسازییانەی ژیان کە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەشەکردن و تەندرووستی و چاکتر بوونمان؛ ئەو چاکسازییانەی کە وادەکەن پێ بنینە نێو ڕێگاگەلێکی مەزنتر و هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانمان و بەردەوامبوونمان بۆ گەیشتن بەو شتەی کە دەمانەوێت.
زۆربەمان بە باشترین مەبەستەکانەوە دەستپێدەکەین، بە زانینی ئەوەی کە چیمان دەوێت و تێگەیشتن لەوەی کە دەبێت چی بکەین. دەستدەکەین بەو چالاکییانەی هەڵسووکەوتەکانمان دەگۆڕن و بەشداری لەو ئیشانەدا دەکەین کە ململانێ و کێشمەکێشیان لەگەڵ بێت.
تۆ دەتوانیت ئەگەری سەرکەوتووبوونت بەرز بکەیتەوە لەڕێگای سەرنج خستنە سەر ئەو شتانەی کە دەتوانیت بیانگۆڕیت یان کاریگەرییان لەسەر دابنێیت. ڕەنگە ئەمانە بچووک بێنە بەرچاو بەڵام کۆمەڵێکی زۆر لە گۆڕانکاریگەلێکی بچووک دەتوانن ببن بە ئەو لووتکەیەی کە گۆڕانێکی گەورە درووست دەکات. ئەم چەشنە گۆڕانکارییە بچووک بەڵام بەهێزانە بریتین لەم ڕێکارانەی خوارەوە.
١. بە وریاییەکی زۆرترەوە ئیشەکان پێشبخە. هەموومان هێز و کاتێکی سنووردارمان لەبەردەستە و بەس ئەندازەیەکی دیاریکراومان لە هەردووکیان هەیە. لە ڕاستیدا کات تاکە شتێکە کە بەڕاستی جێگری نییە. کەواتە زۆر گرینگە سەرنج بدەین بزانین کاتمان بۆ چی یان چ کەسێک تەرخان دەکەین. ئەو ئیشانەی کە زۆر گرینگن بۆت، بدۆزەوە و هەوڵ بدە بە درێژای ڕۆژ یان حەوتە، کات و دەرفەتێکی زۆرتریان بۆ دابنێیت.
هەوڵ بدە وازبێنیت لەو چالاکی و ئیشانەی کە مانایەکی ئەوتۆیان نییە، تەنانەت ئەوانەش کە بەشێکی بەردەوامی ژیانت بوون. وازهێنان لە ئەو ئیشانەی کە پێیان ڕاهاتووین، تەنانەت ئەگەر بزانین سوودێکی ئەوتۆیان بۆمان نییە، شتێکی زەحمەتە و دەبێتە هۆی خەمباری و پێویستی بە گونجاندن و ڕێکخستنە. ئاگایانە واهێنان لەم ئیشە لاوەکیانە دەبێتە هۆی زیادبوونەوەی کات و هێز بۆ ئیشە گرینگەکان کە دەبنە هۆی گەشەکردنی زۆرتر.
٢. قەبووڵی بکە کە “جێبەجێکردن” باشترە لە “بێخەوشی”. زۆربەی جاران لە ململانێی نێوان تێکەڵەیەک لە دواخستن و بێخەوشخوازیداین. ئەم دوو شتە زۆرجار یەکدەگرنەوە. بینیوتانە هەندێ جار لە شتێک دەگەڕێن و دایدەنێن تاکوو لە کاتێکی دیکە و بە سەرێکی فەراخەوە بەباشی یان تەنانەت بەبێخەوشی جێبەجێی بکەن؟ کێشە لە ویست بۆ ئاستێکی بەرز لە چۆنێتی ئیشەکانماندا نییە، کێشە لەو دواخستنەدایە کە بۆ دەستپێکردن و تەواو کردنی ئیشەکان دەمانبێت، چونکە ئێمە چاوەڕوانییەکی نموونەیی خۆکردمان بۆ بەرهەمە کۆتاییەکە درووست کردووە. ئەمە وادەکات هەستێک لە ناتەواوی و ڕخنەگرتن لە خۆ تێماندا درووست ببێت، هۆکارەکەشی ئەوە نییە کە ئەو ئیشەمان بەباشی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئیشەکەمان جێبەجێ نەکردووە.
هەوڵی فێربوون بدە و ڕاهێنان بکە بۆ ئەوەی نەهێڵیت ویستی بێخەوشبوون ببێت بە دوژمنێک بەرانبەر جێبەجێکردنێکی چاک و پەسەندکراو. ئەو هەستی تەواوکردن و ڕازیبوون و ئاسوودەگییەی پاش جێبەجێکردنی تەنانەت ئیشگەلێکی بچووک، نابێت بە کەمی بزانین و هەرەوەها لە بواری هەستییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندرووستیمان دەبێت.
٣. هێز و وزەت کۆنترۆڵ بکە. گرینگە ئەوە بزانیت کە هەر کەسێک و خێرایی خۆی هەیە. هەوڵدان بۆ زۆر ئیش کردن یان ئەوەی کە زۆرتر لە ئاستێکی ئاسایی ئیش بکەیت، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ شەکەتییەکی زەینی و هەستی و جەستەیی. ئەو شەکەتییەی پاش چالاکییەکان هەستێکی خۆشی بەدواوەیە بەڵام ئەگەر زیادەڕەوی تێدا بکرێت، دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی هیلاکی و نیگەرانی یان تەنانەت ئازار. ئەمە بۆ هەموو کەسێک ڕاستە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی تووشیاری ئازار یان نەخۆشینێکی درێژخایەنن.
کۆنترۆڵی هێز و وزە واتە ئیشەکان و چالاکییەکان لە ڕۆژ، یان هەر ماوەیەکی دیاریکراودا، بڵاو بکەیتەوە و لە سنووری ئاستی توانای ڕاستەقینەی خۆتدا بمێنیتەوە بێئەوەی گوشار بۆ خۆت بێنیت. یان بە چەشنێکی دیکە، کۆنترۆڵی هێز و وزە ڕێکارێکە بۆ بەکارهێنان و کەڵک گرتن لە هێزە سنووردار و بەنرخەکانت بە شیوازێکی ژیرانە و بە پلانەوە و لەسەر بنەمای ئەو شتانەی پێت جێبەجێ دەکرێن کە دەبێتە توانای هەنووکەیی تۆ. توانای هەنووکەیی هەرکەسێک جیاوازە و لە گۆڕاندایە؛ زۆر گرینگە کە فێر بیت چۆن لەگەڵ هێزی خۆتدا کۆکی بکەیت چونکە بە پێی کات و چالاکی، دەگۆڕێت.
کۆنترۆڵی هێز و وزە بریتییە لە پشتسەریەک خستنی چالاکییەکان، چ چالاکی جەستەیی بێت چ زەینی، هەروەها لەگەڵ پشووگەلێکی کورت بۆ هێزگرتنەوە. ئەو شتەی دەتوانی جێبەجێی بکەیت، لەو کاتەدا بیکە کە دەتوانیت و ئینجا پشوویەک بە خۆت بدە، ئینجا ئەگەر ئەنجامەکان لەو ئاستە چاوەڕوانییەی کە بۆ خۆتت دانابوو کەمتر بوون، خۆ-هاوسۆزی و لە خۆبوردەییت هەبێت. زۆرێک خەڵک بەردەوام خۆیان دەڕەتێنن و بە هۆکارگەلێکی ناوەکی و دەرەکی گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر خۆیان بۆ تەواو کردنی ئیشەکان. لەڕاستیدا ئەگەر تۆ لە ماوەی ڕۆژێکدا سێ ئیش لە پێنج ئیش کە بۆ خۆت دیاریت کردوون جێبەجێ بکەیت، ئەگەری ئەوەی کێشەیەکی ڕاستەقینە ڕووبدات زۆر کەمە.
بەرچاوگرتن و بەکارهێنانی ئەم سێ ڕێکارە لە ڕۆژ و کاتەکانی ژیاندا دەتوانێت ببێت بە بەشێکی گرینگ لە پلانێکی بەردەوام بۆ میهرەبانتر بوون و لێبوردەتر بوون و بەسۆزتر بوون و لە کۆتایدا زۆرتر گرینگی دان بە خۆت. ئیدی چۆنێتی ژیانت زۆر باشتر و بەرزتر دەبێتەوە.
Dan Mager / 2021 / ‘3 Practices to Improve the Quality of Your Life’ / Psychology Today
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.