توێژینەوەیەکی نوێ پیشانی داوە کە ژیانێک بەتاڵ لە تەنگژی شتێکی ئەوەندەش ئەرێنی نییە کە بیری لێ دەکەینەوە.
- نێزیک بە ١٠ لەسەدی ئەو کەسانەی لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون، بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ هەستیان بە هیچ چەشنە هۆکارێکی تەنگژی نەکرد.
- ئەوانەی هیچ هۆکارێکی تەنگژییان نەبوو، بەراورد بە بەشداربووانی دیکە، گوتیان کە هەستی ئەرێنییان لە هەستی نەرێنی زۆرتر بووە.
- بەڵام ئەنجامێکی کەمتریشیان ورگرت لە تاقیکردنەوەی توانای تێگەیشتن١ و گوتیان کە وەرگرتن و پێشکەشکردنی پاڵپشتی سۆزدارانەیان کەمتر بووە.
“زۆر پەشۆکاوم”، “ئەم هەموو کێشە و تەنگژییە چییە”، “ئیدی بەرگە ناگرم” و هتد. چ کەسێک هەیە ئەم چەشنە بیرانەی نەبووبیت لە قۆناغێکی پڕ لە تەنگژی٢ و دڵەڕاوکێ لە ژیانیدا؟
لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنگژی بەشێکی نەبڕاوەی ژیانی هەندێک خەڵکە. هەزاران توێژینەوەی زانستی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاریگەرییە دەروونییە نەرێنییەکانی تەنگژی لەڕادەبەر کردووە؛ لە ماندوویەتی و خەمۆکییەوە تا نەخۆشییەکانی دەروونی-جەستەیی٣. ئەمە گوایە لووتکەی تەندرووستی دەروونی تاکێک لەوەدایە کە هیچ تەنگژی و سترێسێکی نەبێت!
بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟ چی دەبێت ئەگەر تەنگژییەکی کەمترت هەبێت یان هیچ تەنگژییەکت نەبێت؟
ئەم پرسیارە خاڵی سەرنجی توێژینەوەیەکی نوێ بوو لەلایەن توێژەر سووزان تی و چارلز لە لقی زانستە دەروونییەکانی زانکۆی کالیفۆڕنیا و ئیرڤین و تیمەکەی. لە توێژینەوەکەدا داتاییەکی بەربڵاو لە ژیانی گەورەساڵانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هی توێژینەوەیەک لەسەر دەفتەری یادەوەرییەکانی ڕۆژانە، ڕاڤەکرا. بەگشتی داتای تایبەت بە ٢،٨٠٤ بەشداربووی خۆبەخش لە تەمەنی ٢٥ تا ٧٥ ساڵەوە بەرچاوگیرا. لە هەر یەک لەم بەشداربوانە پرسیار کرا سەبارەت بەوەی کە ئایا لە هەشت ڕۆژی پشتسەریەکدا هەستیان بە یەک یان چەند چەشنی جۆراوجۆری تەنگژە کردووە:
- هەبوونی دەمەقاڵە یان چەندوچۆن
- خۆلادان لە چەندوچۆن
- تەنگژە و سترێس لەلایەن ماڵەوە
- تەنگژە لەلایەن ئیش یان خوێندنگەوە
- هەستکردن بە نادادوەری
- تەنگژە لەلایەن تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە
- تەنگژەکانی دیکە
بەگشتی، ٩.٧ لەسەدی بەشداربووان ئاماژەیان بە هیچ یەک لەم تەنگژانە نەکرد لە ماوەی توێژینەوەکەدا.
ئایا هیچ جیاوازییەکیان هەبووە؟
بەبێ تەنگەژە بوون لەم توێژینەوەدا پەیوەندی هەبوو بە چەند دەرەنجامی پۆزەتیڤەوە. بەگشتی ئەم کەسانەی نەخۆشینی قورس و درێژخایەنی کەمتریان هەبوو و هەستی ئەرێنییان لە هەستی نەرێنی زۆرتر بوو. ئەگەرچی ئاستی توانای تێگەیشتینیان نزمتر بوو کە بەپێی تاقیکردنەوەیەکی ٢٠ خولەکی، لەسەر ئاستی گونجاندن و ئامادەیی بیر و تێفکرین، بەراورد کرا. پاشان کەمتر لەو کەسانەی تەنگژەیان هەیە، ئاڵووگۆڕی هەست و سۆزیان هەبوو.
ئەوانەی کە هیچ لە هۆکارەکانی تەنگژەکانیان گوزارشت نەکردبوو، زۆرینەیان بەتەمنتر بوون و خوێندەوارییان کەمتر بوو، هەروەها زۆرینەیان پیاو بوون، و کەمتریان هاوسەرگیریان کردبوو بەراورد بە ئەوانەی سترێسیان هەبوو.
توێژەرەکان گەیشتن بەو ئاکامەی کە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانیت هۆکارێکی گرینگ بێت سەبارەت بە پەیوەندی نێوان تەنگژە و تەندرووستی. هەبوونی پەیوەندییەکی زۆری کۆمەڵایەتی و وەرگرتن و پێشکەش کردنی پاڵپشتی سۆزدارانە و ئاڵوگۆڕی هەست و سۆز دەکرێت پەیوەندی هەبێت بە هەست کردن بە هەندێک تەنگژە لە ژیانی ڕۆژانەدا. ئەگەرچی ئەم کێشمەکێشانە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەوانەیە هەستە نەرێنییەکان زیادبکەنەوە بەرانبەر بە بێتەنگژەبوون، دەتوانن ببن بە هۆی هاندانمان بۆ ململانێ لەسەر ڕوانینەکان و بۆچوونەکانمان و هەروەها بەهێزتربوونمان لە چارەسەری کێشەکان و ئاڵۆزییەکاندا.
کەواتە ئەگەر ئەم جارەکەوە هەستت بە تەنگژە و سترێس کرد بزانە کە ئەگەر هیچ چەشنە سترێسێکیشت نەبێت، شتێکی تەواو ئەرێنی نییە.
Sebastian Ocklenburg / 2021 / ‘The Dark Side of Having No Stress’ / Psychology Today
پەراوێز:
- Cognitive Skills – توانای تێگەیشتن، ئەو توانایانەی تایبەت بە مێشکە کە پێویستن بۆ وەرگرتنی زانیاری، لێکدانەوەی زانیارییەکان، و بیرکردنەوەی مەنتقی. زۆرتر پەیوەندییان هەیە لەگەڵ چۆنیەتی فێربوون، وەبیرهێنانەوە، دۆزینەوەی ڕێگەچارە، و سەرنجدان تاکوو خودی زانست.توانای تێگەیشتن، بوارەکانی تێگەیشتن، سەرنجدان، بیر، فێربوون، بڕیاردان و تواناکانی تایبەت بە زمان لە خۆدەگرێت.
- تەنگژی/سترێس: گوشار و نیگەرانی کە بەهۆی کێشەکانی ژیانەوە درووست دەبن.
- دەروونی-جەستەیی/سایکۆسۆماتیک: ئەو نەخۆشینانەی کە پەیوەندییان هەم بە دۆخی دەروونییەوە هەیە هەم بە تەندرووستی جەستەییەوە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.