دەمەقاڵە و چەندوچۆن کردنی هاوژینەکان دەبێتە هۆی باشتر بوونی پەیوەندییەکەیان.
تا ئێستا بووە کە دوو هاوژین لەو فیزنانە ببینن کە بە بزەیەکی هێمنەوە دەڵێن تا ئێستا قەت دەمەقاڵەیان نەبووە و هیچکات قسەیان لەیەک گیر ناکات؟
ئەگەر جارێکی دی کەسێکی واتان بینی پێیان بڵێن ئای چەن خراپە، بەڕاست بەداخم بۆتان!
تویژیندەوەکان پیشانی داوە کە ئەو هاوژینانەی پێکەوە دەمەقاڵە و چەندوچۆنیان هەیە، زۆربەی جار دڵخۆشتر و شادومانترن لەوانەی قەد تووشی دەمەقڕە نابن. ئەگەرچی شەڕی بەردەوام پیشاندەری هەبوونی کێشە و ناکۆکییە بەڵام لادان و خۆدزینەوە لە چەندوچۆن کردن و شاردنەوەی هەستەکان، لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی تەنگژی و دڵەڕاوکێی زۆرتر.
کەوابوو ئایا دەمەقاڵە و چەندوچۆن کردن، نهێنی گەیشتن بە دڵخۆشی و ئەوینێکی بەردەوامە؟
هەندێ توێژەران پشتڕاستی دەکەنەوە و دەڵێن جارنەجار هەبوونی دەمەقاڵە بۆ ژیانی ئەوینداریمان بەسوودە؛ لە باشتر کردنی لایەنی تایبەت بە سێکس لە ژیاندا هەتا بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆ.
لێرەدا شرۆڤەی دەکەین کە بۆچی چەندوچۆن کردن دەتوانێت شتێکی زۆر بەسوود بێت بۆمان.
دامرکاندنی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی
مت کردن و بێدەنگ بوون هەمیشە باشترین ڕێگەچارە نییە کاتێک کێشەکە پەیوەندی بە هاوژینەکەتەوە هەبێت. ئەو هەست و وشانەی دەیانشاریتەوە و بەریان پێدەگری بۆ ئەوەی دەمەقاڵەیەک درووست نەبێت، دەتوانن زۆرتر لە ڕوودانی شەڕەقسە و دەمەقڕەیەک ببنە هۆی گوشار لەسەر جەستە و ڕۆح و ژیانت. بە پێی کات ئەو هەستە سەرکوتکراوانە دەبنە هۆی درووست بوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کە بۆ دۆخی تەندرووستی باش نییە.
کاتێک جەستەت هەوڵ دەدات بەرانبەری ئەو هەستە پەنگخواردووانە ببێتەوە، دۆخی شەڕ یان بەرپەرچدانەوە چالاک دەبێتەوە و هۆرمۆنەکانی تایبەت بە تەنگژی و دڵەڕاوکێ دەبنە هۆی سەرێشە و خەوزڕان. باشترە کە بۆ ڕزگاربوون لەو گوشار و کێشە درێژخایەنانە، دەمەقاڵەیەکی کورت دەستپێبکەن.
بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆ
کاتێک دەمەقاڵەیەک ڕوودەدات و تەواو دەبێت، کەواتە ئێوە پێکەوە دەتوانن کێشە و ناکۆکییەکان تێبەڕێنن و بە ڕێکەوتن بگەن تەنانەت ئەگەر کێشەکە قورس و ئاڵۆز بێت.
تێگەیشتن و قەبووڵ کردنی ڕای جیاواز وادەکات هەردوو لایەنەکە هەست بە بەهێزی بکەن و هەروەها دەبێتە هۆی متمانەی دوولایەنە چونکە هیچکامەتان نەتاندەتوانی بەبێ ئەوی دی بەو ئەنجامە بگەن.
دەمەقاڵەیەکی تەندرووست دەتوانێت سۆز و هەست لەنێوان دوو هاوژیندا درووست بکات لەڕێگای بەرز کردنەوەی ئاستی وزەیانەوە. ئینجا کاتێک دەبینیت پاش ناکۆکییەکان دیسان هاوژینەکەت پشتگریت دەکات و لەگەڵتە، ئاستی متمانەبەخۆت بەرز دەبێتەوە. هەڵبەت بەردەوام لەسەر یەک شت چەندوچۆن مەکەن، ئەمە پیشاندەری کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە کە پێویستی بە سەرنج و چارەسەری هەیە.
پیشاندەری گرینگیدانە
دەمەقاڵەکان بە هاوژینەکەت پیشانی دەدات کە پەیوەندییەکەتان بەلاتەوە گرینگە. ڕاستگۆ بوون و باس کردن لە کێشەکان و شتە ناڕێکەکان ئیشێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر هاوژینەکەت و پەیوەندییەکەتانت بۆ گرینگ نەبایە تۆش باست نەدەکرد و سەرێشەی دەمەقاڵەشت بۆ خۆت درووست نەدەکرد.
گرینگە کە دەمەقاڵەکان درووست و دادوەرانە بن؛ گوێ لە یەکدی بگرن و پێکەوە گۆڕانکاری درووست بکەن. باشترین ڕێگا بۆ گوێبیست بوون ئەوەیە کە خاوەنی هەسەتەکانی خۆت بیت و بەرانبەرەکەت بەهۆی هەستەکانی خۆتەوە لۆمە نەکەیت.
گوتنی “هەست دەکەم ئەو کاتەی…” زۆر چاکترە لەوەی کە دەمەقاڵەیەک بە “کاتێک ئەوەت کرد…” دەستپێبکەیت و هەروەها خەساری کەمتر دەبێت بۆ پەیوەندییەکەتان.
بەهێزکردنی هاوژینەکان
توێژینەوەکان پیشانی داوە کە هەرچەندە زۆرتر لە دەمەقاڵەکانەوە بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی، پەیوەندییەکەتان بەهێزتر دەبێتەوە. وەکوو چۆن ئاسنێک هەر جار کە بتوێتەوە پاش گیرسانەوە قایمتر دەبێت، ئێوەش هەرجار لە دەمەقاڵەیەک بێنە دەرەوە، پەیوەندییەکەتان قایمتر دەبێتەوە چونکە دەزانن کە دەتوانن بەرگەی دۆخە نالەبار و ڕووداوە ناخۆشەکان بگرن و تێیانپەڕێنن. بەم چەشنە هەست دەکەن پێکەوە تیمێکی تەبان کە دەتوانن پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەن. هەروەها دەمەقاڵە ئەو دەرفەتە بە هاوژینەکان دەدات کە ڕاستەقینەی یەکدی ببینن و تێبگەن کە هێشتا یەکدییان خۆش دەوێت.
تیندان بە بواری سێکسی ژیان
دەمەقاڵە زۆربەی جار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تینسەندنی هەستەکان، کە ئەگەر چارەسەر ببێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لیبیدۆ١ کە زۆرجار دەبێتە هۆی هەبوونی سێکسێکی بەتینتر و بەسۆزتر. هەروەها سێکس کردنی پاش دەمەقاڵەکان دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین٢ کە هۆرمۆنێکە هەستی خۆشیت پێ دەبەخشیت و یارمەتیش دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشە و ناکۆکییانە و گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی ئاسایی.
باشترکردنی تەندرووستی
ڕاستگۆبوون و فێربوونی دەماقەڵەکردن بە چەشنێکی دادوەرانە، دەتوانێت هەندێک سوودی تەندرووستی بەدواوە هەبێت. دامرکاندنی تووڕەیی دەبێتە هۆی دەردانی کۆرتیزۆل و ئەدریناڵین لە جەستەدا کە دەتوانێت کێشەی هەرسکردنی بەدوادا بێت و تەنانەت ببێتە هۆی هەڵە بەکارهێنانی دەرمانەکان بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەل کێشەکەدا. ئەمە دەتوانێت خواردنی چۆکلێتێکی زۆر بێت یان بوتڵێک و دوو بوتڵ بیرە.
باس کردن سەبارەت بە کێشەکان و ئەو شتانەی زویریان کردووی دەبێتە هۆی خاوێن کردنەوە و شۆردنەوەی ئەدریناڵین و کۆرتیزۆل (هۆرمۆنی تەنگژی و سترێس) لە جەستەدا و هەروەها دەبێتە هۆی دەردانی ئەندرۆفین کە ئەمەش دەبێتە هۆی شادتر و تەندرووستتر بوونت.
Clare Dunwell / 2017 / ‘Arguing With Your Other Half Is Good For Your Relationship’ / New York Post
پەراوێز:
- لیبیدۆ: حەز و ویستی سێکس. لیبیدۆ پاڵنەری سێكسی یان حەز و ویستە بۆ سێکس و هۆکارگەلی بایۆلۆجیایی و دەروونی و کەلتووری کاریگەرییان لەسەری هەیە.
- Oxytocin – ئۆکسیتۆسین هۆرمۆنێکی پڕۆتینییە کە لە لە هیپۆتالامووسدا درووست دەبێت و لە درووست بوونی پێوەندی کۆمەڵایەتی و وەچە خستنەوە و منداڵدار بووندا و هەروەها لە سووڕی مانگانەی پاش زاندا دەوری هەیە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.