خەوی کەم پەیوەندی هەیە لەگەڵ دابەزینی ئاستی گەشە کردن لە منداڵانی تەمەنی خوێندکاریدا.
لە توێژینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری پەدیاتریکسدا بەوە گەیشتوون کە خەوی کەم و ناکامڵ کاریگەری دەبێت لەسەر گەشەی ئەرێنی و پێویستی منداڵان و ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵی قوتابییان هەیە دەبێت سەبارەت بەم بابەتە زۆر وشیار بن. توێژینەوەکانی پێشووتر پیشاندەری پەیوەندی نێوان کەم بوونی خەوی منداڵان بوون لەگەڵ زیاد کردنی خەمۆکی و کەم بوونەوەی ئاستی وریایی و لاواز بوونی بڕیار دان.
ئەم توێژینەوەیە لە زانکۆی براون یەکێک لەو ژمارە توێژینەوانەیە کە سەرنجیان خستووەتە سەر کاریگەری مەودای خەو لەسەر ئاستی گەشەی منداڵان و ویستوویانە پێوەندی ناکامڵی خەو و دابەزینی ئاستی گەشەکردن پیشان بدەن.
گەشە کردن چییە؟ ئەم زاراوەیە زۆرتر بە مانای گەورە بوون و تەندرووست بوون بەکار دەچێت، یان باشتر بڵێین گەورە بوون بە شێوازێکی تەندرووست. گەشە کردن پەیوەندی هەیە بە کۆی تەندرووستی جەستەیی و هەستییەوە، گەشە و پەرە سەندنی توانای تێفکرین و ساز کردنی پەیوەندییەکی تەندرووستانە. زۆرتر لەلایەن توێژەرانی بواری دەروونناسیـی پۆزەتیڤەوە لەسەری توێژینەوە دەکرێت.
سەبارەت بە توێژینەوەکە
لە داتا و زانیارییەکانی پشکنینی نەتەوەیی تەندرووستیی منداڵان (NSCH) کەڵک وەرگیرا و داتاکانی تایبەت بە ٧١،٨١١ منداڵی ٦ تا ١٧ ساڵان بەکارهێنرا. داتای کاتی خەوی بەشداربووان لەگەڵ پێشنیارەکانی ئەکادیمیای دەرمانی خەوی ئەمەریکا (AASM) و ئەکادیمیای نەخۆشینەکانی منداڵانی ئەمەریکا (AAP) بەراورد کرا. بە پێی ڕێنوێنییەکانی ئەم ڕێکخراوانە خەوی کەم و ناکامڵ واتە: کەمتر لە نۆ کاتژمێر بۆ منداڵانی ٦ تا ١٢ ساڵان و کەمتر لە هەشت کاتژمێر بۆ منداڵانی ١٣ تا ١٧ ساڵان.
توێژەرەکان سەرنجیان خستە سەر وەڵامی دایک و باوکەکان لە پرسیارنامەکاندا سەبارەت بە پێنج خاڵی گەشەکردن:
- هەبوونی حەز و ویست بۆ فێر بوونی شتی نوێ
- ئیش کردن بۆ تەواو کردنی ئەو کارانەی دەستی پێ کردووە
- هێمن و خۆڕاگر مانەوە لە کاتی بەرانبەر بوونەوە لەگەڵ کێشە و ململانێدا
- گرینگیدان بە سەرکەوتوو بوون لە قوتابخانەدا
- ئەنجامدانی هەموو ئەرکەکانی خوێندن
ئەم پێنج خاڵە ئاماژەن بۆ هەبوونی ویست و وزە و سەرنج دان و توانای کۆنترۆڵی هەستەکان لە منداڵدا؛ کە خاڵگەلێکی گرینگن لە گەورە بوون و گەشە کردنێکی تەندرووستدا.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە
دەرکەوت کە یەک لە سێی منداڵانی تەمەن ٦ تا ١٧ ساڵ بە قەد پێویست خەویان نەبووە. ئەو منداڵانەی تەمەن ٦ تا ١٢ ساڵ کە خەوی پێویستیان نەبوو تا ڕادەیەک ئاستێکی نزمتریان هەبوو لە حەز و ویست بۆ فێر بوون، گرینگی دان بە سەرکەوتوو بوون لە قوتابخانە، ئەنجامدانی هەموو ئەرکەکانی خوێندن و ئیش کردن تا تەواو کردنی ئەرکەکان. مندالانی تەمەن ١٣ تا ١٧ ساڵ کە خەوی کامڵ و پێویستیان نەبوو ئاستێکی نزمتریان هەبوو لە ویست و حەز بۆ فێر بوون، ئەنجام دانی هەموو ئەرکەکانی خوێندن، تەواو کردنی ئیشەکان و هێمن و خۆڕاگر مانەوە لە کاتی بەرانبەر بوونەوە لەگەڵ کێشە و گرفتدا.
هەندێ دەرەنجامی دیکەش شایەنی سەرنجدانە. خەوی ناتەواو هەروەها پەیوەندی لەگەڵ زۆرتر بوونەوەی بەکارهێنانی میدیا دیجیتاڵییەکانیشەوە هەبوو. بۆ نموونە منداڵانی هەر دوو گرووپە تەمەنییەکە، ئەوانەی ئاستێکی پێویست لە خەویان نەبوو نێزیک بە چوار کاتژمێر یان زۆرتر کاتیان لەگەڵ میدیا دیجیتاڵییەکان بێجگە لە تەلەفیزیۆن بەسەر بردبوو. ئەو مندالانەی خەوی تەواویان نەبوو هەرەوەها ئاستێکی زۆرتر لە کێشەی دەروونییان هەبوو بە تایبەت لە کاتی باڵق بووندا.
ئەم توێژینەوەیە پەیوەندیگەلێکی گرینگ لە نیوان خەوی پێویست و دابەزینی ئاستی گەشەکردن لە منداڵانی خوێندکاردا پیشان دەدات. لەگەڵ ئەو توێژینەوانەی کە پێشتر لەسەر پەیوەندی نەبوونی خەوی پێویست و درووست بوونی کێشەی دەروونی لە منداڵاندا کراوە، بنەماڵەکان ئاگادار دەکاتەوە کە وشیار بن و ڕێنوێنییەکانی خەو بەرچاو بگرن و وریا بن سەبارەت بەو نیشانەگەلەی کە پیشانی دەدات منداڵەکەیان لەوانەیە بە قەد پێویست نەخەوێت و خەوێکی تەواو و کامڵی نەبێت.
Marilyn Price-Mitchell / 2021 / ‘Why Students Need More Sleep’ /Psychology Today
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.