دەروونناسیی پۆزەتیڤ (یان دەروونناسیی ئەرێنی) چییە و بۆچی گرینگە؟
ڕەنگە زاراوەی دەروونناسیی پۆزەتیڤتان بیستبێت بەڵام تەواو دڵنیا نەبن کە چییە و بە چی دەڵێن. هەندێک تێگەیشتنی هەڵە لەسەر ئەم بوارە لە زانستی دەروونناسیدا هەیە هەم سەبارەت بەوەی کە چییە هەم ئەوەی کە چی نییە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەڵەتێگەیشتنانە و ناسینی ئەم بوارە، هەوڵ دەدەین سەرنج بخەینە سەر مانا و شرۆڤەیەک لەسەر بزووتنەوەی دەروونناسیی پۆزەتیڤ و باس لە چییەتی، داهێنەرەکەی، سوودەکانی، تیۆرە و بیرۆکەکان، ئامانجەکانی، و مانای گەشەکردن و لێشاو دەکەین.
دەروونناسیی پۆزەتیڤ چییە: پێناسە
دەروونناسیی پۆزەتیڤ بە شێواز و بە وشەی جۆراوجۆر شرۆڤەی بۆ کراوە، بەڵام مانا و پێناسەیەک کە باوتر و قەبووڵکراوترە ئەمەیە:
دەروونناسیی پۆزەتیڤ خوێندنەوەیەکی زانستییانەیە بۆ ئەو شتەی کە وا دەکات ژیان زۆرترین نرخی بەسەرکردنی هەبێت.
(پەتەرسۆن، ٢٠٠٨)
بۆ ئەوەی ئەم پێناسە کورتە کەمێک بەربڵاوتر بکەینەوە: دەروونناسیی پۆزەتیڤ ڕوانینێکی زانستییانەیە بۆ خوێندنەوە لەسەر بیر و هەست و هەڵسووکەوتەکانی مرۆڤ بە سەرنجخستنەسەر هێزەکانی لەجیاتی لاوازییەکانی، هەروەها بە مەبەستی درووستکردنی شتی چاک لە ژیاندا بەجێگەی چاککردنەوەی خراپی و چەوتییەکانی، بەرزکردنەوەی ژیانی خەڵکی مامناوەندی بۆ ئاستێکی مەزن بەجێگەی بەس سەرنجخستنە سەر گواستنەوە و بەرزکردنەوی ژیانی ئەوانەی هەوڵ و تەقالایان بۆ گەیشتن بە ئاستێکی “ئاسایی”ـیە (پەتەرسۆن، ٢٠٠٨).
بە کورتی، دەروونناسیی پۆزەتیڤ سەرنج دەخاتە سەر چی؟
دەروونناسیی پۆزەتیڤ سەرنج دەخاتە سەر ڕووداو و کاریگەرییە پۆزەتیڤ و ئەرێنییەکانی نێو ژیان، کە بریتین لە:
- ئەزموونە ئەرێنییەکان (وەکوو دڵخۆشی و شادومانی و ئیلهام و ئەوین)
- دۆخ و تایبەتمەندییە ئەرێنییەکان (وەکوو سوپاسگوزاری و خێرا چاکبوونەوەی پاش ئازار و دڵسۆزی)
- ڕێکخستنە ئەرێنییەکان (هەبوونی یاسای ئەرێنی لەنێوان هەموو دەزگا و ڕێکخراوەکاندا)
دەروونناسیی پۆزەتیڤ وەکوو بوارێکی زانستی، زۆربەی کاتی تەرخان دەکات بۆ بیرکردنەوە سەبارەت بە بابەتگەلێک وەکوو هێزی کەسایەتی، گەشبینی، ڕەزامەندی لە ژیان، دڵخۆشی، تەندرووستی، سوپاسگوزاری، دڵسۆزی (هەروەها دڵسۆزی بەرانبەر بە خۆت) و سەرکەوتن.
لەسەر ئەم بابەتانە خوێندنەوە دەکرێت بە مەبەستی فێربوونی ڕێگا و چۆنییەتی یارمەتیدان بە خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بکەن و باشترین ژیانی خۆیان بژین.
سەبارەت بە داهێنەری ئەم بوارە دەروونناسییە: مارتین سەلیگمان
مارتین سەلیگمان توێژەرێکە بە ئەزموونێکی زۆرەوە لە بواری دەروونناسیدا. ئەگەر تا ئێستا ناوی بزووتنەوەی دەروونناسیی پۆزەتیڤتان نەبیستبێت، ئەگەری هەیە کە ناوی ئەوتان بیستبێت. توێژینەوەکانی سەلیگمان لە شەستەکان و حەفتاکاندا بوو بە بنەمایەک بۆ دامەزرانی ئەو تیۆرە دەروونناسییە بەناوبانگەی فێربوونی بێدەرەتانی١.
ئەم تیۆرەیە کە پاڵپشتیی دەیان ساڵ توێژینەوەی لە پشتە، شرۆڤەی دەکات کە چۆن مرۆڤ و ئاژەڵان دەتوانن فێری بێدەرەتانی و هەژاری ببن و هەست بکەن کە ئیدی کۆنترۆڵیان نەماوە لەسەر ئەو شتانەوەی بۆیان ڕوو دەدات.
سەلیگمان ئەم دیاردەیە پێوەندی دا بە خەمۆکییەوە؛ ئاماژەی بەوە دا کە زۆربەی ئەو خەڵکانەی لە خەمۆکی ئازار دەبینن، هەست بە بێدەرەتانی و بێچارەییش دەکەن. ئیشەکەی ئەو لەسەر ئەم مژارە، بوو بە هۆی ئیلهام و بیرۆکە و بەڵگە بۆ پاڵپتشتی لە زۆرێک ڕێگەدەرمانی نیشانەکانی خەمۆکی و هەروەها ڕێکارگەلێک بۆ بەرگری لە تووشیاربوون بە خەمۆکی.
ئەگەرچی هەر ئەمە خۆی ئیشێکی زۆر گەورە و بەرچاو بوو، بەڵام سەلیگمان دەیزانی کە شتی زۆرتری هەیە بۆ پێشکەشکردن بە کۆمەڵەی دەروونناسی و هەروەها بە جیهان و زۆرتر ئیشی کرد لەسەر لایەنە ئەرێنی و بەرزکردنەوە و ئیلهامەکان. پاش ئەوەی کە ناوبانگێکی دەکرد بە هۆی تیۆرەی فێربوونی بێدەرەتانییەوە، سەرنجی خستە سەر خوو و تایبەتمەندییەکان و ڕوانگەکانی دیکەوە کە ئەوانیش دەکرا فێر ببن.
ئەو شتەی دۆزیەوە کە بۆی دەگەڕا لە بواری چاکبوونەوەی خێرا (ئەوەی کە کەسێک ئەو توانایەی هەبیت پاش ئازارێک یان ڕووداوێکی دلتەزێن خیرا چاک ببیتەوە و بگەڕێتەوە دۆخی ئاساییی ژیان) و فێربوونی گەشبینیدا، دۆزینەوەیەک کە بوو بە بنەمای پرۆگرامە بەربڵاوەکانی چاکبوونەوە بۆ منداڵان و ئەندامانی سوپا و کەسانی دیکەش.
سەلیگمان خەریک بوو ماندوو دەبوو لەو هەموو سەرنجی دەروونناسییە بۆ لایەنە نەرێنییەکان، سەرنجێکی هەرە زۆر دەدرا بە نەخۆشییە دەروونییەکان، دەروونناسیی نائاساییەکان٢، کۆسپی دەروونی٣، زام و ئازار، کەچی سەرنجێکی کەم دەدرا بە دڵخۆشی، شادومانی، بەهێزی و گەشەکردن.
کاتیک لە ساڵی ١٩٩٨ـدا وەکوو سەرۆکی کۆمەڵەی تەندرووستیی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، لەو دەرفەتە کەڵکی وەرگرت بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو بوارە زانستییە. لقێکی نوێ بۆ دەروونناسی پێشنیار کرد بە مەبەستی سەرنجخستنە سەر ئەو شتانەی ژیان بە مرۆڤی دەبەخشێت نەک کۆسپ و نەهامەتییەکانی ژیان. وتاری بنەمایی ئەم لقە نوێیە، واتە دەروونناسیی پۆزەتیڤ، لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا لەلایەن سەلیگمان و میهالی سیکزەنتمیهالی (باوکی مژاری لێشاو٤) بڵاو کرایەوە.
لە پاش ساڵی ٢٠٠٠ـەوە و بانگەشەی سالیگمان بۆ زۆرتر سەرنجخستنە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی ژیان لەلایەن دەیان هەزار توێژەرەوە وەڵام دراوەوە و بوو بۆ هۆی دەستپێکردنی هەزاران توێژینەوە و خوێندنەوە لەسەر دیاردە ئەرێنییەکان و هەروەها بوو بە بنەمایەک بۆ بەکارهێنانی یاسا و ڕیساکانی ئەم زانستە لە بوارگەلی جۆراوجۆر وەکوو ڕاهێنان، فێرکاری و پەروەردە، پەیوەندییەکان، ئیش و بوارەکانی دیکەی ژیان.
١٧ خاڵی بەسوودی دەروونناسیی ئەرێنی
تا ئێستا لەوانەیە زانیبێتتان کە هەوڵەکانی سەلیگمان و سیکزەنتمیهالی تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە. ژمارەی هەرە زۆری پڕۆژەکان و وتارەکان لەسەر بابەتە ئەرێنییەکان، کۆگایەکی مەزنی لە زانست و زانیاری پێک هێناوە لەسەر ئەوەی کە چۆن خۆمان و ئەوانەی دەورووبەرمان هان بدەین کە باشترین ژیانی خۆیان بژین.
ڕێزکردنی هەموو سوودەکانی دەروونناسیی پۆزەتیڤ، نەکردەیە بەڵام هەوڵ دەدەین ڕوانین و سەرنجێکمان هەبێت لەسەر هەندێک لە کاریگەرترین ئاکامەکانی بەکارهێنانی دەروونناسیی پۆزەتیڤ.
بەگشتی، بەهێزترین سوودی دەروونناسیی پۆزەتیڤ ئەوەیە کە فێرمان دەکات چۆن هێزی ئەوەمان هەبێت ڕوانگە و بۆچوونمان بگۆڕین.
ئەمە سەرنجی زۆربەی تەکنیکەکان و پرۆڤەکان و تەنانەت کۆی ئەو پرۆگرامانەیە کە لەسەر بنەمای دەروونناسیی پۆزەتیڤ پێک هێنراون، چونکە گۆڕانێکی هەرە بچووکیش لە ڕوانین و بۆچوونی کەسێکدا دەتوانێت تا ئاستێکی زۆر، تەندرووستی و چۆنییەتی ژیانی ئەو کەسە بەرز بکاتەوە. نەختێک گەشبینی و سوپاسگوزاری بکەیتە نێو ژیانتەوە، کاریکی ئاسانە کە دەتوانێت ڕوانین و بۆچوونێکی ئەرێنیتر ببەخشتێت بە ژیانت.
هەڵبەت هیچ دەروونناسێکی پۆزەتیڤ پێت ناڵێت کە بیر و کردارەکانت بەس لەسەر شتی ئەرێنی بێت؛ دیارە کە هاوسەنگی شتێکی زۆر گرینگە. دەروونناسیی پۆزەتیڤ بۆ ئەوە بنیات نەهێنرا کە جێگای دەروونناسییە سونەتییەکە بگرێتەوە، بەس بۆ تەواوکردن و کامڵترکردنی ئەو دەروونناسییە پێک هێنرا؛ ئەویش بە هەست و وزەیەکی ئەرێنییەوە لە ئاستی هێز و وزەی نەرێنیی دەروونناسییە کۆنەکەی ئەو چەند دە ساڵەی ڕابردوودا.
توێژینەوە و خوێندنەوەکان
دەروونناسیی پۆزەتیڤ فێرمان دەکات کە چۆن لە هێزی گۆڕینی شێوازی ڕوانینمان کەڵک بگرین بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی توانامان بۆ درووستکردنی هەستی دڵخۆشی لەنێوان زۆربەی کردارە ڕۆژانەکانماندا. بۆ نموونە هەر یەک لەم زانیارییانە بیرۆکەیەکی ڕاستەقینە سەبارەت بە باشترکردنی چۆنییەتی ژیانمان پێ دەبەخشن:
- زۆرێک خەڵک، لەڕادەبەدەر پارە بە کاریگەر دەزانن بۆ هەبوونی دڵخۆشی. پارە تا ڕادەیەک کاریگەری هەیە بەڵام نەک لەو ئاستەدا کە بیری لێ دەکەینەوە، کەواتە کەمتر سەرنجخستنە سەر کۆکردنەوەی سامان وا دەکات دڵخۆشتر بیت. (ئاکنین، نۆرتۆن و دوون، ٢٠٠٩)
- سەرفکردنی پارە بۆ چالاکی و ئەزموونکردن، ئاستی دڵخۆشی هەرە زۆرتر بەرز دەکاتەوە تاکوو سەرفکردنی پارە بۆ کڕینی شتومەک. (هاوەل و هیڵ، ٢٠٠٩)
- سوپاسگوزاری کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر دڵخۆشی لە ژیاندا، واتە هەرچەندە زۆرتر پەرە بە هەستی سوپاسگوزاری بدەین، شادومانتر دەبین. (سەلیگمان، ستین، پارک، پەتەرسۆن، ٢٠٠٥)
- یۆکسیتۆکین دەتوانێت ئاستی متمانە و سۆز و مرۆڤایەتی لە مرۆڤەکاندا بەرز بکاتەوە، واتە لە ئامێزگرتن و شێوازە فیزیکییەکانی دیکەی دەربڕینی خۆشەویستی، دەتوانێت ئاستی تەندرووستی خۆت و هەروەها کەسانی دیکەش بەرز بکاتەوە. (باڕازا و زاک، ٢٠٠٩)
- ئەوانەی کە خۆویست هەوڵ دەدەن دۆخێکی ئەرێنی درووست بکەن تاکوو ئەو هەستەی کە پێویستیانە لە خۆیاندا پیشان بدەن، هەستێکی ڕاستەقینە لە دۆخە ئەرێنییەکە لایان درووست دەبێت. واتە نواندنی “ڕوومەتێکی دڵخۆش” ڕەنگە مەرج نەبێت بۆ درووستبوونی هەستێک لە دڵخۆشی، بەڵام ئەگەر نەختێک هەوڵ بدەن لەوانەیە ئەو ئەنجامەی لێ بوەشێتەوە. (سکۆت و بارنەس، ٢٠١١)
- دڵخۆشی تەشەنەکەرە؛ ئەوانەی کە هاوڕێی دڵخۆش و شادومانیان هەیە یان لەگەڵ کەسێکی دڵخۆشدا لە پەیوەندیدان، ئەگەری زۆرترە کە لە داهاتوودا دڵخۆش و شادومان بن. (فاولەر و کریستاکیس، ٢٠٠٨)
- ئەو کەسانەی کە بەرانبەر خەڵک میهرەبان و دڵسۆزن نەک هەر ئاستی دڵخۆشییان بەرز دەبێتەوە، بەڵکوو لە لای هاوڕێکانیشیانەوە خۆشەویستتر دەبن. (لایسۆن، نەلسۆن، ئۆبرلی، شۆنەرت-ڕیچل و لیوبۆمیرسکی، ٢٠١٢)
- تەرخانکردنی کات بۆ ئەو شتانەی بڕوات پێیە، ئاستی تەندرووستی و ڕەزامەندیت لە ژیان باشتر دەکات و هەروەها دەتوانێت لە ئاستی نیشانەکانی نەخۆشیی خەمۆکی کەم بکاتەوە. (جەنکینسۆن ئەت ئال، ٢٠١٣)
- سەرفکردنی پارە بۆ کەسانی دیکە دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی دڵخۆشی لە بەخشەرەکەدا. (دوون، ئاکنین، نۆرتۆن، ٢٠٠٨)
دەروونناسیی ئەرێنی لە شوێنی ئیشیشدا هەوڵی چاکسازی دەدات، توێژینەوەکان لەم بوارەدا پیشانیان داوە:
- هەستە ئەرێنییەکان ئاستی ئیش و کارەکانمان بەرز دەکەنەوە.
- هەستە ئەرێنییەکان لە شوێنی ئیشدا تەشەنەکەرن؛ واتە ئەگەر کەسێک یان گرووپێکی ئەرێنی لە شوێنێکدا ئیش بکەن، کاریگەریی ئەو هەستە ئەرێنییەیان وەکوو شەپۆلێک بە نێو هەموو ڕێكخراوەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
- کردەوەگەلێکی ساکار و بچووک دەتوانن کاریگەرییەکی هەرە زۆریان لەسەر ئاستی دڵخۆشیمان هەبێت، کەواتە هەوڵ و ئیشێکی زۆری ناوێت بۆ ئەوەی شوێنی کارکردنەکەت بکەی بە شوێنێکی شادومانتر و ئەرێنیتر. (کژەرولف، ٢٠١٦)
یەکێک لە سوودەکانی پرۆڤەکردنی ڕوانگەیەکی دەروونناسیی پۆزەتیڤ، بەرزکردنەوەی ئاستی سەرکەوتووییە. نەک هەر سەرکەوتوویی دەبێتە هۆی دڵخۆشی زۆرتر، هەروەها هەستکردن بە دڵخۆشی و هەبوونی هەستە ئەرێنییەکان ئەگەری سەرکەوتووبوونمان زۆرتر دەکەنەوە. (لیوبۆمیرسکی، کینگ، دیانەر، ٢٠٠٥)
هەڵبەت پێتان وا نەبێت بەرگریکردن لە دەرکەوتنی هەست یان ڕوانگە نەرێنییەکان یارمەتیتان دەدات سەرکەوتوو بن. دەستکەوتێکی گرینگ لە توێژینەوەیەکی دەروونناسیی پۆزەتیڤـدا ئەوەیە کە ناچارکردنی ئەو خەڵکانەی کە بە شێوازی سرووشتی گەشبین نین بۆ ئەوەی کە بەس “ئەرێنی بیر بکەنەوە” دەتوانێت زۆرتر لە سوود، زیانی هەبێت؛ گەشبینییەکی ناڕاستەقینە و دەستکرد مەترسیدار و ڕووخینەرە و هەروەها ڕەشبینییەکی چڕی بەدواوە دەبێت. (دەل ڤالە و ماتیۆس، ٢٠٠٨؛ دیلارد، میدبۆ، و کلەین، ٢٠٠٩)
سوودێکی دیکەی بزووتنەوەی دەروونناسیی پۆزەتیڤ، بیرۆکە و مانایەکی ڕوونترە بۆ چییەتیی “ژیانێکی باش”.
دەروونناسی پۆزەتیڤی ناودار، ڕۆی ئف. باومایستەر و هاوکارەکانی لێکۆڵینەوەیەکیان بەڕێوە برد لەسەر مەزەندەکردنی ئەوەی کە چ شتێک ژیانێکی باش درووست دەکات و هەندێک دەستکەوتی سەرنجڕاکێشیان هەبوو کە ئێوەش دەتوانن لە ژیانی خۆتاندا بەکاری بێنن (٢٠١٣). توێژینەوەکەیان پیشانی دا کە “دڵخۆشی” و “هەستکردن بە مانا” لە ژیاندا مەرج نییە کە پێکەوە گرێ درابن، واتە بەس سەرنجخستنە سەر هەستە ئەرێنییەکان ئەو ژیانە دڵخواز و دڵخۆشکەرە کە ئاوتی پێوە دەخوازن پێک ناهێنێت.
هەندێک لە دەستکەوتە تایبەتەکانیان ئەمانە بوون:
- گەیشتنی کەسێک بە ویست و پێداویستییەکانی، هەستی دڵخۆشیی بەرز دەکاتەوە بەڵام کاریگەرییەکی لەسەر ماناداربوون نییە. ئەمە واتە سەرنجخستنە سەر بەدەستهێنانی ئەو شتانەی دەتەوێت، دەبێتە هۆی زیادکردنی دڵخۆشیت بەڵام لەوانەیە پێویستت بە شتی تەواوکەر هەبێت بۆ گەیشتن بە هەستێکی قووڵتر لە مانا.
- دڵخۆشی شتێکی هەنووکەییە و ڕیشەی لە ئێستادایە، لە کاتێکدا مانا زۆرتر بەستراوە بە ڕابردوو و داهاتوو و شێوازی پەیوەندییان بە ئێستاوە. ئەم دەستکەوتە دەڵێت کە تۆ بۆ زیادکردنی ئاستی دڵخۆشیت، دەتوانیت سەرنج بخەیتە سەر ئێستا بەڵام بۆ دۆزینەوەی مانا دەبێت زۆرتر بیر لە ڕابردوو و داهاتووت بکەیتەوە.
- “بەخشەرەکان” زۆرتر هەست بە مانا دەکەن، کەچی “وەرگرەکان” زۆرتر هەست بە دڵخۆشی دەکەن. ئەگەر هەست بە کەمیی مانا دەکەیت، هەوڵ بدە بەخشەر بیت و شتێک پێشکەشی کەسانی دیکە بکەیت، بەڵام ئەگەر هەست بە کەمبوونی دڵخۆشی دەکەیت هەوڵ بدە بەخشندەیی کەسانی دیکە قەبووڵ بکەیت بۆ ئەوەی ئاستی دڵخۆشیت بەرز ببێتەوە.
- هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و پەرۆشی لەو کەسانەدا زۆرترە کە ژیانیان لە بواری ماناوە لە ئاستێکی بەرزدایە و ئاستی دڵخۆشییان نزمە؛ ئەمە ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت زۆر نیگەران بیت سەبارەت بە ئەزموونکردنی هەستە نەرێنییەکان. ئەگەر هەستێکی تۆخ لە مانات هەیە، لە ڕاستیدا کەمێک هەستی نەرێنی دەتوانێت شتێکی چاک بێت!
- ویستی دەرخستنی خودی ڕاستەقینەت و هەستێک لە شووناسی کەسایەتییەکی بەهێز گرێدراوە بە ماناوە نەک بە دڵخۆشییەوە؛ ئەگەر بە دووی مانادای، هەوڵ بدە لەسەر ئەزموونی ڕاستەقینەییەوە ئیش بکەیت.
ئەم چەشنە دەسکەوتانە بوونەتە هۆی زیادکردنی ژمارەیەک تیۆرەی سەرنجڕاکێش کە بواری دەروونناسیی پۆزەتیڤ پتەوتر دەکەن.
تیۆرە و چەمکەکان
گرینگترین شت سەبارەت بە دەروونناسیی پۆزەتیڤ کە پیویستە لێی تێبگەین ئەوەیە کە ئەم بوارەش زانستە؛ ژێرپۆلێکە لە دەروونناسی. ئەگەرچی هەندێ جار بە لاقرتێوە پێی دەڵێن “زانستی نەرم” یان زانستئاسا، بەڵام دیسان لەسەر بنەمای ڕێکارە زانستییەکانەوە و بە پێی بەڵگەکان بۆ نرخاندنی تیۆرەکان ئیش دەکات. کریستۆفەر پەتەرسۆن مامۆستای زانکۆی میشیگان و مامۆستایەکی پایەبەرزی بواری دەروونناسیی پۆزەتیڤ دەڵێت:
دەروونناسیی پۆزەتیڤ شتێک نییە کە لەگەڵ خۆیارمەتییەکی تاقینەکراوە، پشتڕاستکردنەوەیەکی بێبنەما یان ئایینێکی سکوولاردا تێک بچێت، گرینگ نییە ئەمە چەندە هەستێکی خۆشمان پێ بدات. دەروونناسیی پۆزەتیڤ نە وەشانێکی دیسان پوختەکراوی هێزی بیرکردنەوەی ئەرێنییە نەک درێژەیەک لە نهێنییەکە٥.(٢٠٠٨)
پەتەرسۆن ئەو تیۆرە و چەمکانەی دەرەنجامی توێژینەوەکانن ئاوا شی دەکاتەوە (تا ساڵی ٢٠٠٨):
- بەگشتی، زۆربەی خەڵک دڵخۆشن
- دڵخۆشی یەکێک لە هۆکارەکانی شتە باشەکانی نێو ژیانە و دیسان دەبێتە هۆی پەرەسەندی زۆرتری دڵخۆشی.
- زۆربەی خەڵک، توانای خێرا چاکبوونەوەیان زۆرە.
- دڵخۆشی و کەسایەتیی بەهێز و پەیوەندی کۆمەڵایەتیی چاک، وەکوو پارێزەر دەردەکەون بەرانبەر نائومێدی و بێهیوایی.
- قەیرانەکان کەسایەتی مرۆڤ دەردەخەن.
- خەڵکانی دیکە گرینگن (لەو ڕوانگەیەوە کە چ شتێک وا دەکات ژیان نرخی بەردەوامبوونی هەبێت)
- ئایین گرینگە
- ئیشکردن گرینگە بۆ ئەوەی وا بکەیت ژیان نرخی بەردەوامبوونی هەبێت، تا کاتێک کە سەرقاڵی بیت و مانا و ئامانجی لێ بکەوێتەوە.
- پاش خاڵێکی دیاریکراو، پارە دڵخۆشییەکی کەممان پێ دەداتەوە، بەڵام دەتوانین هەندێک دڵخۆشی بکڕین لە ڕێگای پارە سەرفکردن بۆ کەسانی دیکەوە.
- بۆ هەبوونی ژیانێکی باش، یوودایمۆنیا٦ (تەندرووستی، شێوازێکی چڕتر لە ڕەزامەندی نەک دڵخۆشی) گرینگترە لە هیدۆنیزم٧ (بەس سەرنجخستنە سەر چێژبردن و هەستە ئەرێنییەکان).
- “دڵ” گرینگترە لە “سەر”، بەو مانایە کە شتگەلێک وەکوو میهرەبانی و دڵسۆزی بە قەد بیرکردنەوەی مەنتیقی گرینگن.
- تا ڕادەیەک، هەموو ڕۆژێکی باش سێ شتی هاوبەشیان هەیە: هەستی سەربەخۆیی، بەهێز و بەتوانابوون، پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە.
- ژیانی باش، دەکرێ فێری بیت.
مانای بابەتگەلێک وەکوو لێشاو و گەشەکردن
پێشتر ئاماژەیەکی کورتمان بە بابەتی گەشەکردن و هەروەها لێشاو کرد. تێگەیشتن لەم بابەتانە زۆر گرینگ و بنەماییە بۆ تێگەیشتن لە بواری دەروونناسیی پۆزەتیڤ. لە خوارەوە وردتر شرۆڤەیان دەکەین:
گەشەکردن٨
گەشەکردن یەکێک لە بەرچاوترین چەمکەکانی دەروونناسیی پۆزەتیڤە، چونکە تاکوو بازنەیەکی بەربڵاوتر لە زۆر چەمکی دیکەی دەروونناسیی پۆزەتیڤ پەرە دەستێنێت.
بەکورتی، گەشەکردن ئاماژەیە بە ئەو دۆخەی کە تێیدا سەرنج و هەوڵمان دەخەینە سەر درووستکردنی هەستێکی چڕ لە تەندرووستی. ئێمە گەشە دەکەین کاتێک پەرە بە بەهرە و تواناکانمان دەدەین، پەیوەندیگەلێکی چڕ و پڕمانا درووست دەکەین، هەست بە چێژ و دڵخۆشی دەکەین و بە شێوازێکی مانادار بەشداری جیهان دەبین و شت پێشکەشی جیهان دەکەین.
ئێمە گەشە دەکەین کاتێک ئاواتەکانمان لە ژیان دەدۆزینەوە، هاوکات لەگەڵ گەیشتن بە ئامانجە سونەتیترەکانی پێوەست بە سەرکەوتنەوە لەکاتێکدا کە بەڕاستی “ژیانێکی باش” دەژین. (سەلیگمان، ٢٠١١)
پڕۆفیسۆر و دەروونناسیی پۆزەتیڤ دکتۆر لین سووتس گەشەکردن بەم چەشنە شی دەکاتەوە:
گەشەکردن بەرهەمی شوێنگرتن و سەرقاڵبوون بە ژیانێکی ڕەسەنە کە دەبێتە هۆی دڵخۆشیی و شادوومانییەک لە ناختدا لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان و پەیوەندی لەگەڵ حەزەکانی ژیان و چێژبردن لە سەرکەوتنەکان بە درێژایی بەرزی و نزمییەکانی ژیان.
پاشان، سووتس جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەشەکردن خوویەک یان تایبەتمەندییەک نییە کە هەتبێت یان نەتبێت، بەڵکوو گەشەکردن پرۆسەیەکە کە پێویستی بە کردارە. ئەگەرچی لەوانەیە هیوابڕانە بێت زانینی ئەوەی کە ئیشێکی ئاسان نییە، بەڵام دڵخۆشکەر دەبێت ئەگەر بزانین بەڕاستی هەموو کەسێک دەتوانێت گەشە بکات.
لێشاو
چەمکی لێشاو بۆ یەکەم جار بە شیوازێکی زانستی لەلایەن میهالی سیکزەنتمیهالی (دووهەم باوکی داهێنەری دەروونناسیی پۆزەتیڤ) شرۆڤە و لێکۆڵینەوەی بۆ کرا.
لە چەن دە ساڵی ڕابردوو لە ساڵەکانی ١٩٠٠ـدا سیکزەنتمیهالی سەرنجی دا کە زۆرێک لە هونەرمەندان لە کاتی ئیشکردندا دەکەوتنە دۆخێکی تایبەتەوە؛ ئەم دۆخە بە شێوازێک بوو کە وەها نوقمی ئیشەکەیان دەبوون و هەموو سەرنجیان دەخستە سەر ئیشەکەیان تا ئەو ئاستەی کە بۆ چەند کاتژمێرێک هەستیان بە تێپەڕینی کات نەدەکرد.
ئەو بەردەوام بوو لەسەر ئەم بابەتە و ئەمەی لە کەسانی دیکەشدا بینییەوە. وەرزشوانە پسپۆڕەکان، مۆسیقارەکان، نووسەرەکان و خەڵکانێک لە هەموو چەشنە ئیشێکی هونەری و داهێنرانەوە بەردەوام ڕایاندەگەیاند کە هەر بەو شێوازە خۆیان لەنێو ئیشەکەیاندا ون دەکەن. کاتێک کە شرۆڤەیەکی زۆرتری لەم دیاردەیە کۆ کردەوە، شەش خاڵی بینییەوە کە پێناسەی ئەزموونی لێشاو دەکەن:
- سەرنج و قووڵبوونەوەیەکی چڕ لە ئێستادا
- تێکەڵکردنی کردەوە و ئاگایی، یان بەتەواوی ئامادەبوون لەنێو چالاکییەکانتدا
- نەمانی خۆئاگایی (سەرنجنەدان بە خۆ)
- هەستێک لە هەبوونی کۆنترۆڵ یان بەڕێوەبەری لەسەر دۆخەکە
- گۆڕانی هەستکردن بە تێپەڕینی کات
- سەیرکردنی چالاکی یان دۆخەکە وەکوو خەڵاتێکی سرووشتی (سیکزەنتمیهالی، ١٩٧٥)
ئەوانەی کە دەچنە نێو دۆخێکی لێشاوەوە بەتەواوی نوقمی ئیشەکەیان دەبن. ئەم نوقمبوونە کاتێک بەرجەستە و بەرچاو دەبێت کە کێشمەکێش و ئاڵۆزی ئیشەکە بۆمان دەردەکەوێت و قەت بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئاستی پسپۆڕی و لێزانی ئێمە لەو چالاکییەدا.
کاتێک پسپۆڕیمان زۆر و کێشمەکێشمان کەم بێت، بێتاقەت دەبین. کاتێک کێشمەکێشمان زۆر و پسپۆڕیمان کەم بێت، وەڕز دەبین. کاتێک پسپۆڕیمان کەم و کێشمەکێشیش کەم بێت، خەمسار دەبین. بەس ئەو کاتەی کە هەم پسپۆڕی و هەم کێشمەکێشیشمان زۆر بێتە کە دەچینە نێو دۆخی لێشاوەوە.
چوونە نێو دۆخی لێشاوەوە زۆر بەسوودە و زۆربەی جار ئەزموونێکی چێژبەخشە؛ وا دیارە کە لێشاو پەیوەندی بە دڵخۆشی و تەندرووستی زۆرتر و سەرکەوتوویی ئەکادیمی (هەروەها لە ئیشدا) و هەروەها درووستکردنی پەیوەندیگەلێکی ئەرێنی و تەندرووستترەوە هەبێت. (سیکزەنتمیهالی و سیکزەنتمیهالی، ١٩٨٨)
پەراوێز:
- Learned Helplessness – فێربوونی بێدەرەتانی کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک بەردەوام ڕووبەرووی دۆخێکی نەرێنی و بەدەر لە کۆنترۆڵ و دۆڕان دەبێتەوە و ئیدی واز لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخەکە دێنێیت تەنانەت کاتێک کە هێزی گۆڕانی هەبێت.
- Abnormal Psychology – دەروونناسیی نائاساییەکان لقێکە لە دەروونناسی کە سەرنج دەخاتە سەر هەڵسووکەوتە نائاساییەکان و بوارگەلێکی بەربڵاو لە ناکۆکییە دەروونییەکان دەگرێتە خۆی.
- کۆسپی دەروونی (ترۆما): دۆخێکی دەروونی کە بەهۆی شۆکی توند و قورسەوە درووست دەبێت، بەتایبەت کاتێک ئاسەوارە زیانبەخشەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە.
- Flow – لە دەروونناسیدا، لێشاو دۆخێکی دەروونییە کە کەسێک بەتەواوی نوقمی ئیش یان چالاکییەک دەبێت. لەم دۆخەدا ئەو کەسە بەتەواوی نوقمی چالاکییەکەی دەبێت بەجۆرێک کە هەموو سەرنجی لەسەر ئەو شتە دەبێت کە سەرقاڵیەتی.
- The Secret
- Eudaimonia – وشەیەکی یۆنانییە کە زۆرتر بە مانای “دڵخۆشی” وەردەگێڕدرێت بەڵام وەرگێڕانێکی ڕێکتر لەم وشەیە دەبێت بە “گەشەکردنی مرۆڤ، سەرکەوتوویی، بەختەوەری”
- هیدۆنیزم تیۆرەیەکی ئەخلاقییە کە دەڵێت “چێژ” بەرزترین ئاستی چاکە و باشترین ئامانجە بۆ ژیانی مرۆڤ.
- Flourishing
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.