بۆچی پێمان ناخۆشە کەس پێمان بڵێت چی بکە؟ ئینجا ڕێکلامە بازرگانییەکان چۆن قایلمان دەکەن بە قسەیان بکەین؟
لەوانەیە بۆتان ڕووی دابێت کە لە منداڵەکەتان دەپرسن: سێوت دەوێ یان مۆز؟
ئەویش دەڵێت: هیچیان، پرتەقاڵم دەوێ.
یان منداڵەکەتان هەمووکات دەیەوێت دژی ئەو شتەی کە پێ دەگوترێت بکات، یان ئەو شتە هەڵدەبژێرێت کە نییە لە ناو بژاردەکاندا.
ئەم چەشنە ویستی دژ بوونەوەیە پێ دەگوترێ بەرهەڵستی دەروونی١. زۆربەی جار ئەم دۆخی بەرهەڵست بوونەوە کاتێک چالاک دەبیتەوە کە هەست بکەین ئازادیمان لە مەترسیدایە. کاتێک تێبگەین کەسێک یان شتێک دەیەوێت لەسەرمان کاریگەری دابنێت تاکوو شتێک بکەین دژی ویستی خۆمان، ئەم هەستە چالاک دەبێتەوە. بەرهەڵستی دەروونی هانمان دەدات کە بیر و ڕا و بۆچوونی خۆمان بپارێزین و هەندێ جار پێچەوانەی ئەو شتە بکەین کە لێمان داوا کراوە.
هەندێ کەس هەمیشە ئامادەن بۆ بەرگری و دژایەتی هەرچەشنە کاریگەری و باندۆڕێک کە هەست بکەن سەربەخۆییان سنووردار دەکات. ئەو کەسانە بە سرووشتی لە خوویاندا ئاستێکی بەرز لەم چەشنە دژکردەوەیانە هەیە؛ چەشنێک کەسایەتی کە بەرگری دەکەن بەرانبەر هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ کاریگەری دانان لەسەریان. ئەو کەسانەی هەستی بەرهەڵستیان لە سەرەوەیە و زۆر چالاکە، کەسانێکن کە حەز ناکەن پێیان بڵێن چی بکەن و نایانەوێت هیچ کەس لەسەریان کاریگەری هەبێت.
هەروەها ئەوەی کە پێت ناخۆش بێت پێت بڵێن چی بکە لە کەلتوورەکاندا جیاوازە. با پێی بڵێین بەرهەڵستی کەلتووری. بۆ نموونە هەست و ڕۆحی ئازادی جەخت لەسەر کەلتوورێک دەکاتەوە کە دەیەوێت ئازادی تاک بپارێزێت هەروەها سەرنجێکی زۆر دەخاتە سەر سەربەخۆ بوون. کێشەی دەمامک بەستن لە کاتی کۆرۆنادا نموونەیەک لەو کێشانە بوو کە زۆرێک لە خەڵک دەیانویست خۆیان هەڵیبژێرن چی بکەن نەک کەسێکی دی پێیان بڵێت.
بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگا سۆشیالیزمییەکاندا کە بەرژەوەندی کۆمەڵ لەسەرووی تاکدایە، خەڵک زۆرتر ئامادەن بڕیار و یاساکان بەبێ سەرنجدان بە ویستی خۆیان جێبەجێ بکەن. بۆ نموونە لە کۆمەڵگاگەلێکی سۆشیالی وەکوو هیندستان خەڵک زۆرتر ئامادە بوون دەستوورەکانی حکوومەت سەبارەت بە دەمامکبەستن قبووڵ بکەن و لە ئەنجامدا ئاستی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە تا ڕێژەیەکی بەڕچاو دابەزی.
ئەم جیاوازی کەلتوورییانە لە شێوازی پەروەردە کردنی منداڵیشدا دەردەکەون. دایک و باوکان لە نێو کەلتوورێکی سۆشیالیزمیدا منداڵەکاندیان فێر دەکەن کە گوێڕایەڵ بن و ڕێز بۆ دەسەڵات دابنێن بەڵام لە کەلتورە سەربەخۆخوازییەکان وەکوو ئەمەریکادا، دایبابەکان منداڵەکان سەربەخۆتر پەروەردە دەکەن و هاندیان دەدەن کە بۆ خۆیان بیر بکەنەوە و کردەوەکانیان بە ویستی خۆیان بێت.
بەڵام سەرەڕای هۆکار و کاریگەرییە سرووشتی و کەلتوورییەکان هەندێ جار بەرچاو گرتنی یاساکان بە سوودی خۆمانە. وەکوو ئەوەی کە دەبێت لە کاتی لێخوڕینی ترۆمبیلدا قایشی دڵنیایی ببەستین، لە لایتی سوور نەدەین، لە کاتی لێخوڕین بە مۆبایل قسە نەکەین و هتد. هەروەها لە کاتی تەشەنەی نەخۆشییەکدا ڕێنوێنییە تەندرووستییەکان بەرچاو بگرین. لەم نموونەیەدا، ویستی سرووشتی یان کەلتووری هەندێ کەس بۆ دژ بوونەوە بەرانبەر هەر چەشنە کاریگەرییەک، دەبێتە هۆی مەترسی بۆ دۆخی تەندرووستی هەموو خەڵک. ئەوانە کە نەیاندەویست دەمامک ببەستن لەوانەیە هەستیان کردبێت بە گوێڕایەڵی بەرانبەر ئەو دەستوورانە ئازادی هەڵبژاردن و بڕیاردانیان سنووردار دەبێت.
لێکۆڵینەوەگەلێک پیشانیان داوە کە چۆن بەرهەڵست هۆکاری دۆڕانی زۆربەی کۆمەڵە تەندرووستییەکان دەردەخات. ئەو کۆمەڵانە چ هەوڵ بدەن بۆ هان دانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی پەتی ددان یان نەخواردنەوەی کحوول، ئەگەر پەیام و وتەکانیان دۆخی بەرهەڵست چالاک بکاتەوە کاریگەرییان لاواز دەبێت یان بەتەواوەتی پووچەڵ دەبێتەوە.
وانەگەلێک لە ڕێکلامە بازرگانییەکان
شارەزایانی بواری تەندرووستی گشتی کە دەیانەوێت خەڵک ڕێنوێنییە تەندرووستییەکان بەرچاو بگرن یان ئەو باوک و دایکانەی دەیانەوێت منداڵەکەیان کە هەستی بەرهەڵستی زۆر چالاکە ئەو شتانەی بکات کە پێویستن، دەتوانن هەندێک شت لە کتێبی ڕێکلامە بازرگانییەکان فێر ببن. دەمێکە ڕێكلامکەرەکان بۆ کاریگەری دانان لەسەر کردەوەکانمان لە هێزی قایل کردنی شاراوە کەڵک دەگرن، بێ ئەوەی هەستی بەرهەڵستمان چالاک بکەنەوە. ئەوان دەزانن چۆن پەیامەکەیان ڕابگەیەنن تاکوو سەرنجمان ڕابکێشێت و ئەو خەیاڵە لامان درووست بێت کە ئەو شتە هەر لە سەرەتاوە بیرۆکەی خۆمان بووە.
ڕێکلامکەرەکان چی دەکەن؟ ئەوان لە هەستی بەرگریمان تێدەپەڕن. زۆر کەم ببینین کە لە ڕێکلامێکدا ڕستەیەکی دەستووری بەکار بهێنن یان فەرمان بکەن، ناڵێن “ئێوە دەبێت ئەم بەرهەمە بکڕن” بەڵکوو بە چەشنێک ناڕاستەوخۆ لەسەر سەرنجی خەڵک کاریگەری دادەنێن. بۆ نموونە دەڵێن “هەموو کەسێک ئەم بەرهەمە دەکڕێت” و ئەمە بە چەشنێکی ناڕاستەوخۆ سەرنجی بەردەنگەکان ڕادەکێشێت. یان “ژمارەیەکی کەم ماوە، خێرا بە تاکوو تەواو نەبووە” ئەمەش هەستێک دەورووژێنێت کە خێرا ئەو شتە بکڕیت تاکوو تەواو نەبوووە و لەدەست نەچووە. یان “سەیر کەن فڵانە ئەکتەر چی لەبەر کردووە” و هتد
تەنانەت ئەو کەسانەی ئاستی بەرهەڵستیان زۆر لە سەرەوەیە، بەم ڕێگا زیرەکانە و شاراوانەی ڕێکلام کردنەوە فێڵیان لێ دەکرێت. چونکە پەیام و وتەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەگەری زۆر کەمە کە وەکوو فەرمان و دەستوورێک بنوێنێت، ئەم پەیامانە مەترسییەکیان بۆ سەر ئازادی هەڵبژاردنمان نابێت. ئێمە بە بیستنی ئەم چەشنە پەیامانە ئەو وێنایە لامان درووست دەبێت کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، لە کاتێکدا بە شێواز و ڕەوتێکی دەروونناسانە قایل کراوین کە بۆ نموونە شتێکمان پێویستە و دەبێت بیکڕین بێئەوەی هەست بە مەترسی بکەین لەسەر شووناسمان وەکوو کەسێکی سەربەخۆ.
باشترین درووشمی بازرگانی ئەوەیە کە وەڵامێکی هەستیارانە بجووڵێنێت و وا بکات مشتەرییەکان کردەوەیان هەبێت بێئەوەی هەست بە زەبر و زۆرەملێ بکەن. ڕێکلامکەرەکانیش دەزانن کە بەرهەمی زۆرتر دەفرۆشن ئەگەر وا بکەن خەڵک لێیان بکڕن بێئەوەی بەڕاستەوخۆ داوایان لێ بکەن.
هەندێ جار بەرهەڵست دەکرێت بەسوود بێت و دەرەنجامی ئەرێنی هەبێت. ئەم هەستە دەروونییە هەندێک توانای بەسوودی لە خۆیدا هەیە. ئاگادار بوون و بەرگری کردن بەرانبەر ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن کاریگەرییەکی لەڕادەبەدەر لەسەرمان دابنێن وا دەکات منداڵان و تەنانەت گەورەساڵانیش خۆیان بپارێزن بەرانبەر گوشاری چاولێگەری و خۆ هاوڕەنگی کەسانی دی کردن و هەروەها کوێرانە بە دووی ویستی ڕێکلامەکانەوە نەکەون. پاشان پرسیار کردن لە دەسەڵاتداران و بەرپرسان گۆڕانی کۆمەڵایەتی چاک و ئەرێنی درووست دەکات.
بەڵام کاتێک کە هەوڵی کاریگەری دانانەکە بە سوودمان بێت وەکوو ئەوەی کە بنەماڵەکان ئامۆژگاری منداڵەکانیان دەکەن و هەوڵی پەروەردەی منداڵەکانیان دەدەن یان ئیدارەی تەندرووستی گشتی ڕێنوێنیگەلێک بۆ خەڵک دەڵێنەوە و هەوڵ دەدەن شتە باشەکان بکەین، ئەو ویستە دەروونییە بۆ بەرەنگار بوونەوە و ڕەت کردنەوە ئیدی بەسوود نابێت. بە تێگەیشتن لەو شتانەی وا دەکەن خێرا و بێ بیرکردنەوە بڕیارێک بدەین کە لە بەرژەوەندیماندا نییە، دەتوانین بڕیارگەلێکمان هەبێت کە هەم ویستی سەربەخۆیمان پارێزرابێت هەم باشترین دەرەنجامی هەبێت.
Cristel Antonia Russell / 2021 / “Why We Don’t Like to Be Told What to Do” / Psychology Today
پەراوێز:
- [Brehm & Brehm, 1981] Phsycological Reactance – دژەکردەوەیەکە بەرانبەر داواکاری یان پێشنیاری خەڵک، کاتێک کە کەسێک هەست دەکات خەریکە ئازادی هەڵبژاردنی سنووردار دەکرێت یان شتێک بەسەریدا دەسەپێندرێت کە دژی بیر و ڕا و ویستەکانی خۆیە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
[…] پسپۆڕان پێی دەڵێن (بەرهەڵستی دەروونی / Psychological reactance) – کەمتر کەس حەزی لێ بێت پێی بڵێن چی بکات. (جەین پەرمۆتۆ ئەهرمان) چارەسازێکی (تەندرووستیی […]