لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا بۆ بەرگری لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە ناوەندە تەندرووستییەکان داوایان لە خەڵک دەکرد کە خۆیان لە کۆبوونەوەکان بپارێزن و ڕێنوێنییە تەندرووستییەکان بەرچاو بگرن. لە ویلایەتی ئۆهایۆ هەندێک لە کریستیانەکان کە هاتووچۆی کڵێسەیان دەکرد دژی ئەم بڕیارە دەبوونەوە و بڕوایان وابوو کە ئیمانەکەیان بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیانپارێزێت، تەنانەت ژنێکی کریستیان لە ڕاپۆرتێکی (سی ئن ئن)ـدا پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە تووشی ڤایرۆسەکە نابێت چونکە خوێنی ڕژاوی عیسا دەیپارێزێت. ئەمەش شتێکی سەیر نییە و شتی هاوشێوە لەنێوان موسوڵمانەکان لە کوردستان و شوێنی دیکەی جیهانیشدا بینرا کە بڕوایان وابوو ئیمانەکەیان لە کۆرۆنا دەیانپارێزێت، یان ئیمانداران پارێزراون بەرانبەر پەتاکە.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، ئیمان و وەهم لە چ خاڵێکدا یەکدی دەگرنەوە؟
وەهم واتە بڕوایەکی هەڵە سەبارەت بە ڕاستەقینەیەکی دەرەکی سەرەڕای هەبوونی بەڵگەیەکی قایم بۆ دژی ئەو بڕوا یان بۆچوونە.
کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمەریکا بەم شێوەیە “وەهم” لێک دەداتەوە:
بڕوایەکی هەڵە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی نادرووست لە ڕاستەقینەیەکی دەرەکی کە لەسەری پێداگر بیت سەرەڕای ئەوەی کە پێچەوانەی بڕوای هەموو کەسێکی دیکە بێت، سەرەڕای ئەوەی کە بەڵگەی ڕوون و قایم بۆ دژی ئەو بڕوایە بەردەست بێت. بڕوایەک کە ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگای ئەو کەسە، قەبووڵیان نەبێت.
ئەمە شرۆڤەیەکی باوە بەڵام مشتومڕی زۆریشی لەسەرە، ئەوانەی کە بڕوایان وا بێت کە ئیمان بە هەبوونی خوا شتێکی وەهمییە، کێشەیان لەگەڵ ڕستەی کۆتاییدا دەبێت. ڕۆبەرت پیرسیگ فەیلەسۆف و نووسەرێکی ئەمەریکی لەم بوارەدا بۆچوونێکی هەیە دەڵێت:
کاتێک کەسێک تووشی وەهم دەبێت، پێی دەگوترێت شێتی. کاتێک جەماوەرێک تووشی وەهمێک ببن، پێی دەگوترێت ئایین.
وا دیارە سنووری نێوان وەهم و ئایین کەمێک ئاڵۆز بێت و پێویستی بە وردبوونەوەیەکی زۆر بێت.
چووکی دزراو و نەخۆشیزانی
بەپێی شرۆڤەکەی سەرەوە، بڕوایەک بە وەهم دادەنرێت کە لەلایەن جەماوەر یان کەلتوورێکەوە پاڵپشتی نەکرێت و بڕوایەکی هەڵە لە مێشکی بەس یەک کەسدا بێت. جارێکیان لە ئوستورالیا پیاوێک پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە چووکی دزراوە و چووکی کەسێکی دیکەیان لە جێی داناوە. چووکی خۆی دەبڕێت و ئاوەکوڵ دەکات پێیدا و ئینجا تێدەگات چەندە ئازاری زۆرە. بەڵام لە ئەو وڵاتە شتی لەم چەشنە تەواو نامۆیە و کەس شتی وای نەبیستووە. بەڵام بیر و بۆچوون سەبارەت بە “دزرانی ئەندامی زایەندی” لە هەندێک وڵات و کەلتووردا هەیە و پەتای بڕوای لەم چەشنە کە پێی دەگوترێت “بزربوونی چووک” لە چەندان وڵاتدا بەدی کراوە. ڕەنگە شتێکی لەم چەشنە لە کەلتوورێکی تایبەتدا بە وەهم دابنرێت و لە کەلتوورێکی دیکەدا وەکوو وەهم سەیری نەکرێت. دەی دەکرێت وەهمێک چیدی بە وەهم دانەنرێت ئەگەر کۆمەڵێک خەڵک تووشی ئەو وەهمە بن؟ ئەو پێناسەیەی کە لە سەرەوە بوو وا دەڵێت! ئەم سەرنجە لەسەر بڕوای هاوبەشی نێوان جەماوەرێک لەوانەیە بڕوادارنی ئایینە سەرەکییەکانی جیهان لەم مانایە دەربکات بەڵام ئەمە دامەزرێنەرانی ئەو ئایینانە ناگرێتەوە، واتە لانیکەم تا کاتێک کە شوێنکەوتوویەکی بەرچاویان کۆ نەکردبێتەوە بڕواکانیان وەکوو وەهم پێناسە دەکرێت بەپێی ئەو مانایەی کە کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمەریکا دەیخاتە ڕوو.
بۆچوونی پزیشکی و کەلتووری
پێ دەچێت بڕیاردان بەپێی جەماوەر و لایەنگرانی بڕوایەک مشتومڕی زۆری لەسەر بێت، بەڵام ئەو ڕستەیەی کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمەریکایە سەبارەت بە کەلتوور لە بواری پزیشکی و دەرماندا بەرنرخ دێتە بەرچاو. دواجار پێناسەیەک لە وەهم کە زۆربەی خەڵکی جیهان بە نائاسایی و تووشیاری کێشەی دەروونی دابنێت لە بواری پزیشکی و دەرمانەوە بێنرخ دەبێت.
سەرنجێکی ورد لەسەر بابەتە کەلتوورییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە جیاکردنەوەی ئەو بڕوایانە کە پیویستیان بە دەرمانە لە ئەو بڕوایانەی کە پێویستیان نییە. بۆ نموونە ژنێکی بەنگالی بڕوای وا بوو کە شووەکەی لەلایەن هەندێک بوونەوەری نادیار بەناوی جنـەوە داگیرکراوە، ئەو بڕوایە کە جن دەست بەسەر جەستەی خەڵکدا بگرێت لە هەندێک کەلتووری ئیسلامیدا هەیە، بۆ ئەم دۆخەش لە ئوستورالیا پزیشکەکان بۆ دەرمانی ئەو ژنە لە پسپۆڕێکی موسوڵمانی بەنگالی ڕاوێژیان وەرگرت سەبارەت بەو فاکتەرە کەلتوورییانەی کە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژنەکە هەبوو.
ئەم سەرنجەش لەسەر وەرگرتنی لایەنی کەلتووری هاوتەریب دەبێت لەگەڵ زیادکردنی هۆشیاری سەبارەت بە ئیش و کاریگەریی بڕواکان. لە ڕێگای بڕواکانەوە ئێمە بەس جیهانی دەوروبەرمان پێناسە ناکەین، بەڵکوو ئەم بابەتە تێکەڵی ئامانجەکانیشمان دەبێت. لە ڕێگای باوەڕەکانەوە وەکوو ئەندامی کۆمەڵەیەک دەناسرێین و ئەم باوەڕانەش یارمەتیدەر دەبن تاکوو متمانە و بنەمایەکی پێکەوە ئیشکردن لە نێوانماندا درووست بکەین.
سەبارەت بە بابەتە ئایینییەکە، ئەم ئاڵۆزییە دەروونییانە کێشە لە کۆمەڵگادا درووست دەکەن، لە لایەکەوە ئایین دەتوانێت کاریگەر بێت لە درووستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام لە ڕوانگەی دەروونناسیی هاوچەرخەوە وەهم دەبێتە هۆی تاکگەرایی، پەراوێزخستن و ڕق و نەفرەت کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی توانای لێکتێگەیشتن، درووستکردنی هاوپەیمانی و هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی. ئێستا دەکرێت بڵێین کە ئەو شتەی بڕوایەکی ئایینیی تەندرووست لە وەهم جیا دەکاتەوە تا ڕادەیەک دەرەنجامی ئەو بڕوایە و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەوەی کە ئاخۆ دەتوانێت ببێتە هۆی پتەوترکردنی پەیوەندییەکان یاخود نا. ئەگەر بڕوایەکت هەبێت و پێداگری لەسەری ببێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانت لەنێو کۆمەڵگادا تێک بدات، لەوانەیە ئەو بڕوایە زۆرتر وەکوو وەهم پێناسە بکرێت.
دواجار سنووری نێوان بڕوایەکی ئایینیی تەندرووست و ئەوەی وەکوو نەخۆشییەکی دەروونی دەستنیشان بکرێت شتێکی ڕوون و دیار نییە. ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ئەمەش پێویستی بە تێگەیشتنێکی بەردەوام لە ئایین و تێگەیشتنە لە ناڕێکییە دەروونییەکان.
لێرەدا ئامانج ڕەشکردنەوە یان لایەنگری لە بڕوا ئایینییەکان نییە. هەرچەند ئایین سەرچاوەیەکی هێوربوونەوە و ئاسوودەگییە بۆ ملیۆنان کەس، بەڵام هەندێک بڕوای ئایینیی تایبەت هەیە کە دەکرێت زۆر کوشندە و مەترسیدار بن و ببنە هۆی کەم نرخاندن و لەناوبردنی ژیانی مرۆڤەکان. بەداخەوە ئەو بڕوا کوشندانەی کە زۆر کەس بڕوایان پێیە زۆر مەترسیدارترن لەوانەی کە بڕوای هاوبەشی جەماوەرێکی کەمە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
[…] دەکات. بەڵام باسەکە ئەوە نییە: کرۆکی پێناسەی زانستی بۆ باوەڕێکی وەهمی ئەوەیە کە خەڵکانی دیکە، بە هەمان پاشخانی کۆمەڵایەتی […]