سیندرۆمی بزربوونی ئەندامی زایەندی کە بەگشتی وەکوو سیندرۆمێکی بەستراو بە کەلتوورێکی تایبەتەوە سەیری دەکرێت، حاڵەتێکی دەروونییە کە تێیدا تووشبووەکان بەتەواوی بڕوایان بەوە هەیە کە ئەندامی زایەندییان، لە هەندێک ژناندا، مەمکیان، دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو جەستەیان، بچووک ببێتەوە یان لە هەندێک حاڵەتی پیاواندا بەتەواوی بقرتێت یان نوقم ببێت. تۆقانی بزربوونی چووک هەندێک جار هیستریا یان دڵەڕاوکێیەکی بەکۆمەڵە کە تێیدا جەماوەری پیاوانی کۆمەڵگایەک لەناکاو نیشانەکانی ئەم سیندرۆمەیان تێدا دەردەکەوێت.
ئەم سیندرۆمە لە جیهاندا بەتایبەت لە ئەفریقا و ئاسیا ڕووی داوە. خەڵکی ئەو ناوچانە بڕوایان لەسەر ئەوەیە کە ئەم حاڵەتە زۆرجار کوشندەیە.
سیندرۆمی بزربوونی ئەندامی زایەندی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پێی دەگوترێت کۆرۆ (Koro) کە وشەیەکی مالاییـە و واتە “سەری کیسەڵ”. کە بەهۆی هاوشێوەیی دەرکەوتنی چووکێکی نوقمبوو لەگەڵ دەرکەوتنی سەری کیسەڵێکە لەنێو پشتەڕەقەکەیەوە.
لە چینیدا زاراوەی شووک یانگ (suo yang) بۆ ئەم حاڵەتە بەکار دەهێندرێت. لە ساڵانی ١٩٤٨، ١٩٥٥، ١٩٦٦،١٩٧٤ ١٩٨٤/٨٥دا ئەم سیندرۆمە لە چیندا ڕووی داوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە ئەم حاڵەتە نەبینراوە.
ئەم دیاردەیە زۆربەی جار، نەک هەمیشە، پەیوەندی هەیە بە بیروبڕوای سەروسرووشتییەوە، وەکوو بڕوا بە سیحر و جادوو. ئەم سیندرۆمە زۆرتر لەو شوێنانە ڕوو دەدات کە دەستپێگەیشتن بە پەروەردە، بەتایبەت زانست و زیندەوەرزانی، سنووردار کرابێت، بۆ نموونە ئەو شوێنانەی کە بەهۆی سیاستەکانی حکوومەتەکەیەوە، بەرگری لەو زانستانە دەکرێت. نموونەش هەیە کە بە هۆی کاریگەریی مادە هۆشبەرەکانەوە بووە.
ئەورووپا
فۆلکلۆری ئەورووپا پڕە لە چیرۆک سەبارەت بەو جادووگەرانەی کە چووکی پیاوان دەدزن. ئەم ترس و تۆقان لە بزربوونی چووکە پێ دەچێت لە پاش سەردەمی ڕووناکبیرییەوە کۆتایی پێ هاتبێت. لە کتێبی چەکوشی جادووگەران نووسینی هاینریچ کرامەر کە قەشەیەکی کاتۆلیکی ئەلمانی بوو و ئەم کتێبەش ناودارترین کتێبە سەبارەت بە جادووگەری و لە ساڵی ١٤٨٦ـدا بڵاو بووەتەوە. لەم کتێبەدا بە وردی باسی بەسەرهاتی پیاوێک دەکات کە بە شوێن چووکیدا دەگەڕێت کە لە جادووگەرێکی بسێنێتەوە کە لێی دزیوە و لەنێو هێلانەی مەلێکدا لەگەڵ چووکی کەسانی دیکەدا شاردوونییەوە.
باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: کۆرۆ
سیندرۆمی بزربوونی چووک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا بە “کۆرۆ” دەناسرێت کە وشەیەکی زمانی مالاییە بە مانای “سەری کیسەڵ”. مرۆڤناسان ئەمە بە سیندرۆمێکی بەستراو بە کەلتوورێکی تایبەتەوە ناوزەد دەکەن، بەڵام ئەم سیندرۆمە وەکوو دیاردەیەک دەقاودەقیش نەبووبێت، هاوشێوەی ئەو سیندرۆمی بزربوونی چووکەیە کە لە کەلتوورەکانی دیکەدا دەرکەوتووە. بەگشتی “کۆرۆ” ئاماژە بە ترسێکی قووڵ دەکات لەوەی کە چووک خەریکە دەگەڕێتەوە نێو جەستە، بریتی لەو ترسەش کە ئەم گەڕانەوەیە ببێتە هۆی مردن. هەروەها دەشکرێت بۆ ئاماژە بە دزرانی چووک بەکار ببرێت کە تێیدا کەسێک بڕوای وایە چووکی دزراوە یان چەشنێک جادوو بووەتە هۆی بزربوونی چووکی. هەندێک جار گونیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم بڕوایەوە.
هەندێک جار کۆرۆ لە هەندێک گرووپدا پەیوەندی دەدرێت بە جۆرێک لە ترس لە بیانییەکان (زەنۆفۆبیا) کە تێیدا کەسی تووشبوو کەسانی بیانی بە هۆکاری هێرشەکان و بزربوونی چووکی دەزانێت.
هەرچەند کۆرۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی کۆن بەڵام دیاردەکە بەجۆرێک گۆڕاوە تاکوو لەگەڵ جیهانی مۆدێڕندا بگونجێت. لە ڕابردوودا هۆکارەکان زۆرتر گرێ دەدران بە شتی سەروسرووشتییەوە، لەوانە سیحر و جادوو، بەڵام لە حاڵەتێکی کۆرۆ کە لە تایلاندی باکووردا دەرکەوت، تووشبووان سیخوڕە کۆمیونیستەکانی ڤێتنامیان تاوانبار دەکرد کە گوایە مادەی کیمیاییان کردووەتە نێو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خەڵکەوە.
کەسی تووشبوو ئەگەری هەیە ڕێکاری قورس و ئازاربەخش بگرێتە بەر بۆ بەرگری لە بزربوونی چوکی وەکوو بڕوای پێیە و لێی دەترسێت. سیندرۆمەکانی لەم چەشنە وەکوو چۆن دەکرێت تاک تووشیان ببێت، دەشکرێت وەکوو پەتایەک لەنێو کۆمەڵێکدا دەربکەوێت.
کۆرۆ زۆرتر لە پیاواندا دەردەکەوێت، بەڵام حاڵەتی دەگمەنیش لە ژناندا دەرکەوتووە کە کەسی تووشبوو بڕوای وا بووە کە ئەندامی زایەندی یاخود مەمکی دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو جەستەی.
بێجگە ئەو ئازارە دەروونییەی کە هەیەتی، کۆرۆ هیچ ئازار و کێشەیەکی فیزیایی و جەستەیی نییە و بزربوون و ڕۆچوونەوەی چووک بۆ نێو جەستە ڕوو نادات و ئەوە بەس بڕوا و ترسی کەسی تووش بووە. لە هەندێک لە تووشبوواندا بینراوە کە کەسی تووشبوو ئامرازگەلێک وەکوو دەرزی، قەیتانی پێڵاو یان قولاپی بەکار هێناوە بۆ بەرگری لە بزربوونی چووکی.
پەتایەکی لەم چەشنە لە ساڵی ١٩٦٧ـدا لە سینگاپۆر ڕووی دا کە هەزاران کەس تووشی ئەم حاڵەتە بوون. حکوومەت و دەزگاکانی تەندرووستی بەس بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و دڵنیاکردنەوەی پیاوان لەوەی کە بە شێوازێکی ئەناتۆمی رۆچوونەوەی چووک بۆ نێو جەستە نەکردەیە و هەروەها بە بەرگریکردن لە باسکردنی دۆخەکە لە میدیاکاندا، ئاستی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
ڕوانگەی پزیشکی
لەو حاڵەتانەیدا کە تۆمار کراون، ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە نموونەیەک هەبووبێت کە بەڕاست ئەندامی زایەندیی تووشبوویەک کورت بووبێتەوە یان ڕۆچووبێتەوە نێو جەستەی. ئەگەریش کەسێک بریندار بووبێت بەهۆی ئەو هەوڵانەیەوە بووە کە بۆ بەرگری لە ڕۆچوونی چووکی گرتوویەتیە بەر. ڕێگەچارەی دەرمانیش بەس ئاگادارکردنەوە و دڵنیاکردنەوەی کەسی تووشبووە لەوەی کە ئەندامی زایەندی بە شێوازێکی ئەناتۆمی ناگەڕێتەوە نێو جەستە و ئەمە نەکردەیە، تاکوو ئەو ترس و وەهمەی نەمێنێت. پێدەچێت لەو کۆمەڵگایانەی کە ترس و تۆقان سەبارەت بە بابەتی سێکسی هەیە و ئەو چیرۆکانەی سەبارەت بە مردن بەهۆی گەڕانەوەی ئەندامی زایەندی بۆ نێو جەستە بەربڵاون، پیاوێک کە لەژێر کاریگەرییەکی زۆری کەلتوور و دۆخەکەدا بێت، ئەگەری هەیە تووشی تۆقان و ترس بێت لەوەی کە لەکاتی شڵەژان یان سەرمادا چووکی کورت دەبێتەوە.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
[…] هەیە و پەتای بڕوای لەم چەشنە کە پێی دەگوترێت “بزربوونی چووک” لە چەندان وڵاتدا بەدی کراوە. ڕەنگە شتێکی لەم چەشنە لە […]