زیرەکیی سۆزداری ئاماژەیە بۆ ئەو توانایەی ناسینەوە و کۆنترۆڵکردنی هەستەکانی خۆت و هەروەها هەستی کەسانی دیکەش. زیرەکیی سۆزداری بەگشتی بریتییە لە هەندێک کارامەیی، لەوانە: ئاگامەندیی سۆزداری یان توانای ناسینەوە و دەستنیشانکردنی هەستەکانی خۆت، توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو هەستانە و بەکارهێنانیان لە کردارگەلێک وەکوو بیرکردنەوە و چارەسەریی کێشەکان، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی هەستەکان کە بریتی دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی هەستەکانی خۆت لە کاتی پێویست و هەروەها یارمەتیدانی کەسانی دیکەش بۆ ئەنجامدانی هەمان شت واتە کۆنترۆڵکردنی هەستەکان.
بناغەکانی زیرەکیی سۆزداری
تیۆرەی زیرەکیی سۆزداری لە نەوەدەکاندا و لەلایەن پیتەر سالۆڤەی و جۆن د. مایەر ناسێندرا. دواتریش دەنیەل گۆلمان گەشەی پێ دا و بە کۆی خەڵکی ناساند. ئەم بیرۆکەیە قەبووڵکردنێکی بەرفراوان قەبووڵ کراوە. هەرچەند هەندێک دەروونزان مشتوومڕیان هەیە لەسەر ئەوەی کە زیرەکیی سۆزداری بێوەرییە لە هێزێکی شرۆڤەکەری ڕاستەقینە چونکە ناکرێت لە ڕێگای تاقیکردنەوە دەروونییەکانەوە دەربکەوێت (وەکوو ئەوەی کە بۆ نموونە بۆ زیرەکیی گشتی دەکرێت.)
کەسێکی خۆ-ئاگا چۆن کەسێکی زیرەکی سۆزدارە؟
کەسێکی زیرەکی سۆزدار کەسێکە کە زۆر باش ئاگاداری دۆخی سۆز و هەستەکانی خۆیەتی، ئەمە هەستە نەرێنییەکانیشی دەگرێتەوە؛ لە وەڕزی و خەمبارییەوە تاکوو هەستە کاڵ و وردەکانی دیکە. کەسێکی وا دەتوانێت هەستەکانی خۆی بناسێتەوە و لە هەستەکانی خۆی تێ بگات، ئیدی ناسینەوە و تێگەیشتن لە هەستێک یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هەستە. لەبەر ئەمەش ئەو کەسانەی کە زیرەکیی سۆزدارییان هەیە، واتە توانای ناسینەوە و تێگەیشتن لە هەستەکانی خۆیانیان هەیە، ئاستی متمانەبەخۆیان بەرزتر دەبێت و ڕوانینێکی ڕاستەقینەتریان سەبارەت بە خۆیان هەیە.
ئایا کەسێک کە زیرەکیی سۆزداریی لە ئاستێکی بەرزدایە، کۆنترۆڵێکی باشتری لەسەر خۆی هەیە؟
کەسێک کە زیرەکیی سۆزداریی لە ئاستێکی بەرزدا بێت لە بڕیاەکانیدا بەپەلە نییە و لەپڕ بڕیار نادات یان لەناکاو شتێک ناکات. بەڵکو بەر لەوەی شتێک بکات یان بڕیارێک بدات، بیر دەکاتەوە. ئەمەش واتە کۆنترۆڵێکی سەقامگیر لەسەر هەستەکان یان توانای کەمکردنەوە لە ئاستی گرژی و چڕیی هەستێک. دابەزاندنی هەستی تووڕەیی یان دڵەڕاوکێ دەبێتە کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوە لە گرژیی و تۆخیی ئەو هەستە. کەسانی زیرەکی سۆزدار دەتوانن دۆخەکان و گرژییەکان ئەهوەن بکەنەوە؛ هەم بە شێوازی ناوەکی واتە لە ناخی خۆیاندا و هەم دەرەکی و لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
ئایا کەسانی زیرەکی سۆزدار باشتر لە هەستی خەڵکی تێدەگەن؟
ئەم کەسانە بەباشی لەو هەستانە تێدەگەن کە کەسانی دیکە هەیانە و ئەزموونی دەکەن. ئاساییە کە ئەوانەی تێگەیشتنێکی باشیان لە هەستەکان هەبێت، هەم هەستە دەروونییەکانی خۆیان و هەمیش ئەوانەی کەسانی دەورووبەریان، دەبن بە هاوڕێیەکی باشتر، دایک یان باوکێکی باشتر، سەرۆکێکی باشتر، یان هەروەها خۆشەویستێکی باشتر. ئەوەی کە لە هەستی خەڵکی تێبگەیت ئیشەکەت بۆ ئاسانتر دەکاتەوە.
کەسانی زیرەکی سۆزدار هاوسۆزییان زۆرترە؟
ئەم کەسانە دەتوانن هەستی کەسانی دیکە بناسنەوە و لێیان تێبگەن، ئەمەش توانایییەکە پەیوەندی بە هاوسۆزییەوە هەیە. کەسێک کە ئاستی زیرەکییەکی سۆزداری بەرزتری هەبێت دەتوانێت ڕوونتر ڕوانگەی کەسێک ببیستێت و لێی تێبگات. کەسانی هاوسۆز بەگشتی یارمەتیدەر و پاڵپشتیکەری کەسانی نێو ژیانیان دەبن و ئاسان دەتوانن هەستەکانیان بگۆڕن بەجۆرێک کە بەباشی لەگەڵ جەو و دۆخی کەسێکی دیکەشدا بگونجێت.
ئایا زیرەکیی سۆزداری تیۆرەیەکی ڕەوایە؟
ئەمە بابەتێکە لە بواری دەروونناسیدا بەردەوام مشتوومڕی لەسەرە. هەندێک دەروونناسی کەسایەتی پێداگرن لەسەر ئەوەی کە زیرەکیی سۆزداری دەکرێت زۆرتر بە تایبەتمەندیگەلێکەوە ببەسترێتەوە وەکوو تەبابوون یان تەنانەت کاریزما. بۆ نموونە کەسێک کە کاریزمایەکی زۆری هەبێت کەسێکە لە بواری کۆمەڵایەتییەوە زۆر لێهاتووە و خێرا دەتوانێت لە دۆخ و هەستی کەسانی دەورووبەری تێبگات.
چۆن گەشە بە زیرەکیی سۆزداری بدەین؟
بە شێوازێکی سرووشتی ئێمە حەزمان لەو کەسانەیە کە زیرەکیی سۆزدارییان زۆرە و خێراتر گیرۆدەیان دەبین. ئاسان تێکەڵمان دەبن و پەیوەندی ساز دەکەن و ئێمەش لەگەڵیان ئاسوودە دەبین. دەلێی بە تواناییەکی سەرووسرووشتیییەوە ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان لێک دەدەنەوە. ڕەنگە تەنانەت تا ڕادەیەک بتوانن بیری خەڵک بخوێننەوە و تێبگەن کە چ هەستێکیان هەیە. ئەم ئاسانییە لە پەیوەندیسازکردندا لە هەموو بوارێکی ژیاندا شتێکی دڵگیر دەبێت، لە ماڵ و لە نێو خێزاندا، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە شوێنی کاردکردنیشدا. کێ حەزی لە بەڕێوەبەرێک نییە کە لێی تێبگات و بزانێت چی دەوێت و دەیەوێت چی بکات؟
دەکرێت فێر ببم کە چۆن ئاستی زیرەکی سۆزداریم بەرز بکەمەوە؟
بەڵێ دەکرێت. دەتوانیت بە ناسینەوەی هەستەکانت و هەروەها تێگەیشتن لێیانەوە دەست پێ بکەیت. ئەگەر بتوانیت ئەو هەستەی کە هەتە بناسیتەوە و بڵێیت چ هەستێکە، ئەگەری زۆرترە کە لەو هەستەت تێبگەیت و تێگەیشتنێکی قووڵترت لە هەستەکانت هەبێت. دەشتوانیت کۆنترۆڵێکی باشترت لەسەر هەستەکانت هەبێت، بە جۆرێک کە پێش بڕیاردان و پێش ئەوەی شتێک بکەیت بیر بکەیتەوە و لە هەستەکانت ڕابمێنیت. ئەم تواناییانە یارمەتیت دەدەن بڕیارەکانت بەهێزتر بکەیت و سەرنج بخەیتە سەر لایەنە گرینگەکانی ژیان.
ئایا ئەوانەی ئاستێکی بەرزتر لە زیرەکی سۆزدارییان هەیە لەسەر ئیش سەرکەوتووترن؟
هەرچەند هەندێک توێژینەوە پەیوەندییەکیان لەنێوان زیرەکیی سۆزداری و کارامەیی لە ئیشدا دۆزیوەتەوە، بەڵام توێژینەوەیەکی زۆری دیکەش هەن کە هیچ پەیوەندییەکی ئەوهایان پێشان نەداوە، ئیدی نەبوونی بەڵگەیەکی قایمی زانستی وا دەکات نەکرێت هەروا ئاسان مەزەندە یان پێشبینییەک بکەین سەبارەت بە ئاستی کاریگەریی تێگەیشتنی سۆزداریی کەسێک لەسەر ئیش و بوارەکانی دیکەی ژیان.
ئایا کەسێکی زیرەکی سۆزدار مەراقی زۆرترە و سوورترە لەسەر شتەکان؟
ئەم کەسانە دەتوانن هەستەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و بە کاریان بهێنن و سوورن لەسەر ئەوەی کە ئیشەکانیان جێبەجێ بکەن و کێشە و بەربەستەکان چارەسەر بکەن. ئەوان پەیوەستن بە ئەو شتەی کە هەن و ئەو شتەی کە لە ژیاندا بە لایانەوە بەنرخە، کە ئەمەش خاڵێکی بنەڕەتییە لە دەستنیشانکردن و گەیشتن بە ئامانجەکان. ئەوەی کە بزانیت چ شتێک گرینگە یان گرینگترە خاڵێکی بنچینەییە بۆ ڕێژەی بەرهەمهێنان.
دەکرێت تاقیکردنەوە بۆ زیرەکیی سۆزداری لە شوێنی ئیشکردندا ئەنجام بدەیت؟
لەم ساڵانەدا، هەندێک خاوەنکار تاقیکردنەوەگەلێکی زیرەکیی سۆزدارییان لەنێو چاوپێکەوتن و پرۆسەی دامەزراندنی کارمەندانەکاندا داناوە، لەسەر ئەو تیۆرەیەی کە گوایە کەسانێک کە ئاستێکی بەرزتر لە زیرەکیی سۆزدارییان هەبێت دەتوانن بەڕێوەبەر یان هاوکارێکی باشتر بن. هەرچەند ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەم پێوەرانە ڕێک بن یان تەنانەت بەسوود بن یاخود نا.
دەکرێت زیرەکیی سۆزداری ئەندازە بگیردرێت؟
تاقیکردنەوە بۆ ئاستی زیرەکیی سۆزداری، بۆ نموونە لە شوێنی ئیشکردندا، شتێکی ئەستەمە، چونکە هیچ تاقیکردنەوە یان هەڵسەنگاندنێکی دەروونناسیی پشتڕاستکراوە بۆ ئەم بابەتە نییە وەکوو ئەو شتەی کە بۆ هەڵسەنگاندنی زیرەکیی گشتی هەیە. هەروەها کەسانێکیش پێداگرن کە زیرەکیی سۆزداری تیۆرەیەکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو شێوازێکە بۆ دەربڕین و شرۆڤەکردنی تواناکانی تایبەت بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان کەسەکان.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.