چۆکلێت یان شلێک؟ ژیان یان مەرگ؟ بۆ هەندێک لە بڕیارەکان خێرا و بە شێوازێکی خۆکار بڕیار دەدەین، بە پشتبەستن بە ئەو ڕێچکە فیکرییانەی کە بە درێژاییی ساڵانی ژیانمان مێشکمان گەشەی پێ داون و ئەمانەش یارمەتیمان دەدەن باشترین بژاردە هەڵبژێرین و باشترین بڕیار بدەین. تێگەیشتن لە هەندێک ستراتیجی وەکوو ئەوپەڕی سوود بەرانبەر قایلکەربوون، بیرکردنەوەی خێرا بەرانبەر خاو، هەروەها هەندێك فاکتەر وەکوو قەبووڵکردنی مەترسی و زۆربوونی بژاردەکان دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی باشتر.
هونەری بڕیاردان
کاتێک دەمانەوێت بڕیارێک بدەین، لە ڕێگای پرۆسە دەروونییەکانەوە کە حەز و مەنتیق و هەست و یادەوەرییەکانمان کاریگەرییان لەسەریان هەیە، بیرۆکەکانمان پێک دێنین و کردارەکانمان هەڵدەبژێرین. ئەم کردەوەی بڕیاردانەش بەڕوونی پاڵپشتی لەوە دەکات کە ویستی ئازادمان هەیە. تێچوو و قازانجەکانی بڕیارەکەمان هەڵدەسەنگێنین و ئینجا لە دەرەنجامەکانی قووڵ دەبینەوە. ئەو فاکتەرانەی کە توانای بڕیاردانێکی باش سنووردار دەکەن بریتین لە نەبوونی زانیاری یان کەمووکۆڕیی زانیارییەکان، کەمبوونی کات و کەمبوونی ئامراز و توانا و لێوەشاوەییەکی پێویست.
جۆرەکانی بڕیاردان
کاتێک شتێک دێتە ئاراوە کە پێشتر ئەزموونی لەو چەشنەت هەبووە، زۆرجار بڕیارەکان خێرا و بە شێوازێکی خۆکار دەبن، چونکە لە ئەزموونەکانی پێشوو بۆ بڕیاردان کەڵک دەگریت و پێویستت بە کاتێکی زۆر بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی بڕیارەکە نابێت. بەڵام کاتێک شتێکی تەواو نوێ و جیاواز ڕوو دەدات، پێویستت بە کاتێکی زۆرتر دەبێت تاکوو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بڕیارەکەت هەڵسەنگێنیت و لە ئەگەری دەرەنجامەکانی بکۆڵیتەوە، لەم دۆخانەدا ئەگەری هەڵە و دەرەنجامی نەخوازراو زۆرترە.
بڕیاردان بەپێی زانیاری
تونای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بنەمایەکی گرینگە بۆ بڕیاردانێکی باش و خۆلادان لە هەڵە باوەکان و بریاردان بەپێی حەز و لایەنگری. ئەمەش واتە بەپێی بای سک بریار نەدەیت بەڵکوو سەرنج بدەیت بزانیت چ زانیارییەکت کەمە و هەوڵ بدەیت بۆ گەیشتن بە زانیارییە پێویستەکان بۆ بڕیاردانێکی باش و درووست. کاتێک بە مێشکێکی کراوەوە سەرنجی هەموو سەرچاوەکانی زانیارییەکان دەدەیت، دەتوانیت بەپێی زانیارییەکان و لەسەر بنەمای واقیع بڕیار بدەیت نەک بەس بەپێی هەست و غەریزە.
شێوازەکانی بڕیاردانێکی باش
ڕێکاری قایلکەربوون لە بڕیارداندا بریتییە لەوەی کە بتەوێت بگەیت بە دەرەنجامێکی تا ڕادەیەک باش و قایلکەر، بەبێ گرینگیدان بەوەی کە ئاخۆ دەرەنجامەکە بێخەوش دەبێت یان نا. لە بەرانبەر ئەمەشدا ڕێکاری گەیشتن بە ئەوپەڕی سوودەکانە، لەم ڕێکارەدا چاوەڕێ دەکەیت تاکوو باشترین دۆخ و دەرفەت بێتە ئاراوە کە کەمترین مەترسی لەگەڵ بێت و بڕیارەکە ببێتە هۆی دەرەنجامێکی تا دەکرێت بێگەرد. ئەو کەسانەی کە بڕیاری چاک دەدەن زۆر باش دەزانن کە چ کاتێک دەبێت خێرا بجووڵێن و دەستبەجێ بڕیار بدەن و چ کاتێک دەرفەتیان هەیە و دەتوانن چاوەڕێ بکەن تاکوو زانیارییەکی زۆرتر لەسەر شتەکە کۆ بکەنەوە و باشترین بڕیار بدەن بە مەبەستی گەیشتن بە بێگەردترین دەرەنجام.
چۆن بڕیارێکی باش بدەین
چۆن لەنێوان دوو یان چەند بژاردەدا کە لە ڕوواڵەتدا وەکوو یەکن و لە یەک ئاستدا سەرنجڕاکێشن بڕیار دەدەین و یەکێکیان هەڵدەبژێرین؟ بڕیاردان زۆربەی جار بەستراوە بە تێکەڵەیەک لە هەستەکان و بیرکردنەوەیەکی مەنتیقییەوە. هەندێک فاکتەری بنەڕەتی بریتی لە حەز و ویستە تاکەکەسییەکان و بوارە تاریکەکان؛ واتە ئەو خاڵ و بوارانەی کە زانیاریت لەسەریان کەمە و بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆت لێیان نییە، زۆرتر بە شێوازێکی ناوشیار ئیش دەکەن و پرۆسەی بڕیاردان قورس و ئاڵۆزتر دەکەن.
بەهەرحاڵ، هەندێک ڕێگا هەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بەردەوام بڕیاری ناوازە و چاک بدەیت، لەوانەش تاکوو دەکرێت زانیاری کۆ بکەیتەوە، هەموو بژاردەکان بەرچاو بگریت و هەروەها هەموو تێچوو و دەستکەوتەکان هەڵسەنگێنیت و بەقەد پێویست کات دابنێیت بۆ وردبوونەوە لە بڕیارەکانت تاکوو بڕیاری بەهێزتر و باشتر بدەیت.
چۆن بزانیت کە ئاخۆ بڕیارێکی درووستت داوە؟
لە ژیاندا زۆربەی جار شتێک بە ناوی بڕیاری ڕاست و درووست نییە. کاتێک بە بژاردەی زۆر و جۆراوجۆر دەورە دەدرێیت، ئەگەری زۆرە کە تووشی بێدەرەتانییەک لە بڕیارداندا ببیت یان بەقەد پێویست لە بڕیارەکانت دڵخۆش نەبیت. تەنانەت کاتێک ژمارەی بژاردەکان یەکجار زۆر دەبن، لەوانەیە خۆت سەرکۆنە بکەیت. ڕێگەچارە ئەوەیە کە ڕێگایەک بدۆزیتەوە و بڕیارەکەت شی و ساکار بکەیتەوە و زۆر بیر لەو شتانە نەکەیتەوە کە دەکرا هەڵیانبژێریت و هەڵت هەڵتنەبژاردوون. بڕیارەکەت بدە و لە بژاردەکانی دیکە گەڕێ و پێویست ناکات یەکسەر لەبیری ئەوەدا بیت کە ئاخۆ ئەگەر ئەوەی ترم هەڵبژاردایە چی دەبوو و هتد.
توانا پێویستەکان بۆ بڕیاردان چین؟
بڕیاردان دەکرێت سترێس و تەنگژەی لەگەڵ بێت و لە بڕیارداندا شوێنگرتن شتێکی زۆر گرینگ و بنەڕەتییە. پێویستە سەرنج بدەیت کە زۆر جار ترس و تۆقان و کەمبوونی متمانەبەخۆ بەشێکن لە پرۆسەی بڕیاردان. زۆر گرینگە کە بەقەد پێویست خەوت هەبێت تاکوو بتوانیت بەباشی و بەڕوونی بیر بکەیتەوە. ئەو شتانەی بەلاتەوە گرینگترن بەڕوونی بۆ خۆت دەستنیشان بکە. بە وردی هەڵسەنگاندن بکە بۆ ئەو شتانەی لەپێناو بڕیارێکدا لێیان دەگەڕێیت. بڕیارەکەت بدە و دواتر شوێنی بڕیارەکەت بکەوە و لەو ڕێگایەی کە هەڵتبژاردووە بەردەوام بە.
چۆن دەکرێت تواناکانت لە بڕیارداندا بەهیزتر بکەیت؟
پرۆسەی بڕیاردانەکەت خاو بکەوە با بڕیاری لەپڕ و بەپەلە نەدەیت. ئاگادار بە لەو ستراتیجییە باوانەی فرۆشتن وەکوو تیۆرەی پاڵنان (Nudge Theory) و کاریگەریی هەڵخەڵەتێنەر (Decoy Effect) کە تێیاندا بژاردەیەک دەخرێتە بەردەستی مشتەرییەکان تاکوو هەڵبژاردنێکی دەستنیشانکراویان هەبێت. تا دەتوانی زانیاری کۆ بکەوە و ڕێگە مەدە ویست و حەزی کەسانی دیکە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانت دابنێت. ڕاوێژ بکە و زانیاری کۆ بکەوە بەڵام با بڕیاردەری کۆتایی خۆت بیت و ڕێگە مەدە کەس ویستی خۆی بەسەر بڕیارەکاندتا بسەپێنێت.
خۆلادان لە بڕیاری هەڵە
بواری هەڵسووکەوتی ئابوورییانە پێشانی داوە کە خەڵک لە بابەتی بڕیارداندا هەمیشە مەنتیقی نین. خۆشبەختانە زۆربەی بڕیارەکانی ژیانی تاکەکەسی و ئەوەی پەیوەندی بە ئیش و کارەوە هەیە، زیانێکی درێژخانی ئەوتۆی بەدواوە نییە.
هەڵسووکەوتی ئابوورییانە (Behavioral Economics): شێوازێکی توێژینەوەی ئابوورییە کە لە تێگەیشتن و زانستە دەروونناسییەکان کەڵک دەگرێت بۆ شرۆڤەکردن و تێگەیشتن لە بڕیارە ئابوورییەکانی مرۆڤەکان.
هەڵبەت هەندێک جاریش دەبێت بڕیارگەلێک بدەیت کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر داهاتووت دەبێت، لە هەڵبژاردنی هاوژینەوە تا هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و بڕیارەکانت سەبارەت بە ئیش و پیشەکەت. لەم دۆخانەدا دەبێت ئاگادار بیت کە تووشی ئەو هەڵە باوانە نەبیت کە دەکرێت ببنە هۆی هەڵبژاردن و بڕیاردانێکی لاواز. لەوانەش، گەڕان و توێژینەوەی زۆر کەم یان لەڕادەبەدەر زۆر، لێتێکچوونی بیروڕا لەگەڵ ڕاستی/ فاکت، ماندووبوون لە بڕیاردان، وانەوەرنەگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو و هتد.
ماندووبوون لە بڕیاردان ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک لە ڕۆژێکدا ژمارەیەکی زۆر بڕیار دەدەیت، هەرچەندە زۆرتر بڕیار بدەیت ماندووتر دەبیت و ئاستی توانات بۆ بڕیاردان دادەبەزێت و بڕیاری دیکە قورستر و زەحمەتتر دەبێت.
چۆن دەتوانم یارمەتی کەسێک بدەم کە بڕیاری هەڵە دەدات؟
هەوڵ مەدە ئەو بڕیارە بدات کە ئەگەر تۆ بای دەتدا، یان هانی مەدە کە پەلە بکات و خێرا بڕیار بدات ئەگەر سەبارەت بە بابەتێکی گرینگ ڕاڕا و دوودڵە و بەردەوام ڕا دەگۆڕێت. بەپێچەوانەوە، یارمەتی بدە پەرە بە ئەو لایەنانەی بیرکردنەوە و زەینی بدات کە سەرەڕای ئەم دۆخەی ئێستای بۆ هەمیشە یارمەتیدەری دەبێت، هەروەها بە ڕێزەوە و بەس بە پرسیارکردن هانی بدە تاکوو لە بژاردەکانی قووڵ ببێتەوە.
خەڵکی چۆن مەنتیق بۆ بڕیارە هەڵەکانیان دادەتاشن؟
دوو چەشنی بەمەنتیقی-کردن هەیە کە زۆربەی جار خەڵکی بەکاری دەهێنن: پێشوەخت و پاشوەخت. بەمەنتیقی-کردنی پێشوەخت ئاماژە بەو مەنتیق-داتاشینە دەکات کە پێش بڕیارەکە ڕوو دەدات، ئەوەی پاشوەختیش ئاماژە بەوە دەکات کە لەپاش بڕیاردانەکە دەست دەکەینە مەنتیق-داتاشین بۆی و بەمەنتیقی-کردنی.
دەکرێت خەڵک بژاردەیەکی یەکجار زۆریان لەبەردەست بێت؟
کاتێک بژاردەکان لە ڕادەبەردەر بن لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک کاتێکی زۆر بە فیڕۆ بدەن بۆ بەراوردکردنی بژاردەکان و سەرنجدان و بیرکردنەوە لە جیاوازییە ورد و بچووکەکان. لە ساڵانی ٢٠٠٠ـدا، باڕی شوارتز دەروونناسێکی ئەمەریکی دەستەوشەی ناکۆکیی بژاردەکانی داهێنا بۆ شرۆڤەی ئەو ڕاستییەی کە مەسرەفکەران لە ئەمەریکا بژاردەیەکی یەکجار زۆریان لە بەر دەستە بەجۆرێک کە زۆر جار کات و هێزێکی زۆر بە فیڕۆ دەدەن بۆ بەراوردکردنی جیاوازییە بچووکەکان.
دەکرێت بەشداریی کەسانێکی زۆر، پرۆسەی بڕیاردانەکە تێک بدات؟
کاتێک ژمارەیەکی زۆر کەس بەشداری بڕیاردانێک بن، دەکرێت دۆخێکی بیرکردنەوەی گرووپی بەسەر دۆخەکەدا زاڵ ببێت. بیرکردنەوەی گرووپی کاتێک ڕوو دەدات کە هەندێک کەسی نیەت-چاک بەهۆی ویستێکەوە بۆ تەبایی و خۆلادان لە بەربەرەکانێ و دابڕان، بڕیاری لاواز یان نامەنتیقی دەدەن. لە ئەنجامیشدا دەکرێت ئەندامانی گرووپەکە هەست بە گوشارێک بکەن بۆ پشتگوێخستنی بیرکردنەوەیەکی ئەخلاقی و خۆلادان لە دەربڕینی گومان و نیگەرانییە سرووشتییەکانیان.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.