بە گۆشەنیگایەکی نوێ ژیانت باشتر بکە: 10 سوودی هەبوونی بیرکردنەوەی ئەرێنی
کاتێک هەست بە بێهیوایی دەکەیت دوا شتێک حەزت لە بیستنی بێت ئەو پەندەی بینینی نیوەی پڕی پەرداخەکەیە. جا ئەوە چ سوودێکی بۆت دەبێت؟
لەو ساتەدا هەست دەکەیت بیرکردنەوەی ئەرێنی چ سوودێکی بۆت نابێت. بێهیوایت چونکە پەرداخێکی پڕت دەوێت و تۆش نیتە. یانیش هەست دەکەیت تەنانەت هیچ پەرداخێکت نییە. شکاوە، دزراوە، وردوخاش بووە و ئەمانە.
تووڕە، شەکەت، بێهیوا، خەمبار و ترساو، هەندێک کاتت پێویستە تاکوو لەگەڵ ئەم هەستە نەرێنییانە بەسەری بکەیت. کلیل و ڕێگەچارە، ناسینەوەی ئەم هەستە نەرێنییانە و بەردەوامبوونە.
کاتێک کەسێک پێت دەڵێت “ورەت بەرز بێت” یان “ئەرێنی بیر بکەوە” لەوانەیە بێهەست و بێمانا بێتە پێش چاو. ئەرێنیبوونی بێبڕانەوە و بەبێ بەرچاوگرتنی واقیع بە ئاستەم سوودبەخش بێت. بۆیە ئەرێنیبوونێکی ژەهرین گومانی خستووەتە سەر بیرکردنەوەی ئەرێنی.
ئەگەرچی لەوانەیە دەستبەجێ موعجیزەی پێ نەکرێت، بەڵام بیرکردنەوەیکی ئەرێنی کە واقیع ڕەچاو بکات لە درێژخایەندا دەتوانێت بۆ هەموومان بەسوود بێت. هیوا و گەشەکردن شتی چاکن بۆ تەندرووستی و سەلامەتیت.
هەندێک خەڵک لەوانی دیکە گەشبینترن بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ناتوانیت فێری ئەوە ببیت کە دەرفەتەکانی ژیان و خاڵە ئەرێنییەکانی نێو گرفتەکان ببینیتەوە.
بیرکردنەوەی ئەرێنی چییە؟
یەکەم شتێک سەبارەت بە بیرکردنەوەی ئەرێنی دەبێت بیزانین ئەوەیە کە بەو مانایە نییە کە مەنتیق و ڕاستییەکان پشگوێ بخەین یان ئەوەی کە زۆر لە خۆمان بکەیت تا تەنیا هەستی ئەرێنیمان هەبێت. شتی وا گونجاو نییە و هەر ناشکرێت.
بیرکردنەوەی ئەرێنی واتە بە گۆشەنیگایەکی ئەرێنییەوە بڕوانیتە بابەتە نەرێنییەکان و دۆخە تەنگژاوییەکان. ئەوەی کە بتوانیت ئەوپەڕی کارەسات یان گرفتەکە ببینیت نەوەک نوقمی ببیت.
لەوانەیە ناچار ببیت لایەنە نەرێنییەکان قەبووڵ بکەیت و لێیان بکۆڵیتەوە بەڵام دەزانیت کە دەتوانیت تێیانپەڕێنیت و بە سەریاندا سەرکەویت. ئەوەش دەزانیت کە هەواڵی خراپ بەو مانایە نییە کە هەموو دونیا تێک چووە یان ئەوەی کە چیدی شتی چاکە نابینیتەوە.
کەسێک کە بیرکردنەوەی ئەرێنی هەبێت باشترین مەبەستەکان لە خەڵکیوە وەردەگرێت و کردارەکان بە ڕوانینێکی ئەرێنییەوە وەردەگرێت نەوەک لەپڕ بیر لە شتی نەرێنی بکاتەوە و خراپترین ئەگەرەکان لە خەیاڵی خۆیدا وێنا بکات. کەسێکی خاوەن بیرکردنەوەی ئەرێنی دەتوانێت دەرەنجامی چاک لە مێشکی خۆیدا وێنا بکات.
بیرکردنەوەی ئەرێنی زۆربەی جار بە خۆدواندنەوە دەست پێ دەکات. بیرەکانی نێو مێشکمان قەت دوایی نایە. هەندێکیان لەوانەیە سەبارەت بە ڕاستەقینەیەکی ڕوون و نیوتراڵ بن، واتە هاوسەنگییەکیان تێدا بێت (نە ئەرێنی بن و نە نەرێنی)، بەڵام زۆربەیان بۆچوونێکی ئەرێنی یان نەرێنییان لەگەڵە.
ئەگەر خۆدواندنێکی زۆرت هەبێت و یەکسەر بیر لە لایەنە نەرێنییەکان بکەیتەوە، لەوانەیە زۆرتر کەسێکی ڕەشبین بیت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ناتوانین ئاکارەکانمان بگۆڕین و ڕوانگەیەکی ئەرێنیتر بگرینە بەر.
هەندێک هەوڵ و تێکۆشانی دەوێت، بەلام پاش تۆزێک ڕاهێنان بۆ وەرگرتنی ڕوانگەیەکی ئەرێنیتر، ئیدی مێشکت وردەوردە شێوازی نوێ بۆ بیرکردنەوە پێک دێنێت. هەندێک لە گەشبینەکان هەوڵێکی چڕوپڕ دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەستە نەرێنییەکان، بەڵام شێوازی بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەکرێت لە ڕێگای (وریایی) و (دڵسۆزی-بەرانبەر-خود)ـەوە بگۆڕدرێت.
10 لە سوودەکانی بیرکردنەوەی ئەرێنی
بۆچی هەبوونی ڕوانگەیەکی ئەرێنی ئەوەندە گرینگە؟
هێزی بیرکردنەوەی ئەرێنی دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندرووستی و دەرووندرووستی دابنێت. سوودەکانی بیرکردنەوەی ئەرێنی تووشی سەرسووڕمانت دەکات.
ئەم لیستەیەی خوارەوە بخوێنەوە و ببینە کە بیرکردنەوەی ئەرێنی دەتوانێت چ قازانجێکی بۆ سەلامەتیت هەبێت و بیر لەوە بکەوە کە چۆن دەتوانن ژیانت باشتر بکەن:
- توانایەکی باشتر بۆ کۆنترۆڵکردنی سترێس و هەبوونی لێهاتووییەکی زۆرتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە دۆخە تەنگژاوییەکاندا
- ئەگەرێکی کەمتر بۆ تووشبوونی خەمۆکی
- پارێزراوتر بوون بەرانبەر پەتا و هەڵامەت و درووستبوونی سیستەمێکی بەرگریی بەهێزتر
- دابەزینی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی دڵ
- دابەزینی تووشبوون بە پەستانی خوێن
- ئاستێکی باشتر لە چارەسەرکردنی-کێشەکان
- توانایەکی زۆرتر بۆ گونجان و گۆڕان
- بەرزبوونەوەی ئاستی بیرکردنەوەی داهێنەرانە
- هەڵسووکەوتی سەقامگیر و شڵەژانی کەمتر
- توانای بەڕێوەبەرایەتییەکی بەهێزتر
هەموومان دەمانەوێت سوودەکانی بیرکردنەوەی ئەرێنی وەربگرین، بەڵام هەندێک جار بۆ دەستپێکردن پێویستمان بە یارمەتی دەبێت.
6 ڕێنوێنی بۆ دەستپێکردنی بیرکردنەویەکی ئەرێنی
هەبوونی ڕوانگەیەکی ئەرێنی پێویستی بە پرۆڤە و ڕاهێنانە. ئەگەر بیرکردنەوەی ئەرێنی زەحمەتە بۆت، ئەوە بزانە کە ناتوانیت لەپڕ بەتەواوەتی شێوازی خۆدواندنت بگۆڕیت. بۆ ئەو کەسانەی کە بیرکردنەوەی ڕەشبینانەیان زۆرترە لەوانەیە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەیان هەندێک قورستر بێت.
سەرنج بدە کە هەندێک جار دیسان دەگەڕێیتەوە سەر خووەکەی جاران و بیرکردنەوە لە شتی نەرێنی، بەڵام ئەوە کێشە نابێت. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە هەوڵ دەدەیت خۆت بەهێزتر بکەیت تاکوو ڕوانگەیەکی ئەرێنیترت هەبێت ئەویش بە ناسینەوە و ئاگامەندی سەبارەت بە بیرە نەرێنییە خۆکارەکانت و گۆڕینیان بۆ بیری ئەرێنیتر.
ئاگامەندبوون و وریابوونەوە وا دەکات بتوانیت پرسیار لە بیرە نەرێنییە خۆکارەکانت بکەیت. زۆربەی ڕاهێنەر و چارەسەرکارەکان هەندێک لەم پرسیارانە بۆ پرسیارکردن لە بیرەکانت پێشنیاز دەکەن:
ئاخۆ ڕاست بێت؟ واتا: ئەرێ ئاسمان دەڕووخێت یان دەکرێت لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ بکەیت؟
سوودێکی هەیە؟ واتا: ئەم لێکدانەوەیە یارمەتیم دەدات ئەم دۆخە تێپەڕێنم یان ئاخۆ هاندەرم دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی نوێ؟
ئاخۆ میهرەبانە؟ واتا: ئەم بیرکردنەوەیە وا دەکات بتوانم داوای یارمەتی و پاڵپشتی لە کەسانی دیکە بکەم؟
لێرەدا 6 ڕێنوێنیی دیکە هەیە کە یارمەتیت دەدەن بتوانیت دەست بکەیت بە بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی:
- لە بیرت نەچێت کە سوپاسگوزار بیت
دەتوانیت بۆ زۆر شت لە ژیانتدا سوپاسگوزار بیت، هەم بۆ شتە بچووکەکان هەم گەورەکان؛ وەکوو بۆ ئەوەی کە لەگەڵ بنەماڵەکەتدا دەژیت یان ئەوەی کە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ئیش بارانەکە خۆش دەکات. هەموو ئەو شتانەی کە دڵخۆشیت لە هەبوونیان بۆ خۆت لەنێو تێنووسێکدا بنووسە. هەر کاتێک ڕەشبینی داتدەگرێت یان خەمبار دەبیت، بیر لەو شتانە بکەوە کە دڵخۆشیت لە هەبوونیان و بەمجۆرە جەوی خۆت بگۆڕە.
- بە قەد پێویست بخەوە
هەموو شەوێک بە قەد پێویست دەخەویت یان لانیکەم هەوڵی بۆ دەدەیت؟ ئەوەی کە پشوویەکی باشت هەبێت ئامادەت دەکات بۆ دەستپێکردنی ڕۆژێکی باش و پڕ لە وزە. خەوێکی باش یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشانەوە و باشتر جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان. یەکسەر بیرکردنەوە لەوەی کە چەندە ماندوو و شەکەتیت سوودێکی بۆ باشترکردنی جەو و ڕوانینت بەرانبەر ژیان نابێت. ئەم ماندوویەتییە وا دەکات خۆدواندنت پڕ ببێت لە ویست و مەراق بۆ خێرا دواییهێنانی ئەو ڕۆژە، بۆیە هەوڵ بدە بەرنامەیەکی باش بۆ خۆت دابین بکەیت کە تێیدا ئەولیەت بۆ خەوێکی باشی شەوانە بێت.
- دۆخەکان وەکوو هەن قەبووڵ بکە
ئەگەر لە دۆخێکی نەرێنیدایت، مەنتیقی نییە کە نکۆڵی لێ بکەیت و وا بنوێنیت کە ئەو شتە قەت ڕووی نەداوە. بۆ نموونە، ئەگەر براکەت ئۆتۆمبێلەکەی بردووە و ئێستا تۆ ناچاریت بە پێ بچیت بۆ شوێنێک، بابەتەکە بۆ خۆت بگۆڕە، بۆ نموونە بەم شێوازە: ئێستا دەرفەتی ئەوەت هەیە هەندێک پیاسە بکەیت و جەوێک بگۆڕیت.
ناوەندی کۆنترۆڵی خۆت بناسە. ئەو شتانەی کە ناتوانیت بیانگۆڕیت قەبووڵ بکە و هەموو هەوڵی خۆت بدە تاکوو بیر لە لایەنە ئەرێنییەکان بکەیتەوە.
- ئەو لایەنانە بدۆزەوە کە پێویستە زۆرتر ئیشیان لەسەر بکەیت
ئایا دۆخ یان شوێنێکی تایبەت هەیە کە وا بکات تەواو ڕەشبین ببیت؟ ئەگەر بتوانیت ئەو دۆخانە بناسیتەوە کە ڕوانینە ئەرێنییەکانت سەبارەت بە شتەکان لاواز دەکەن، دەتوانیت ڕێکاری نوێ بگریتە بەر بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی دۆخە. دەکرێت بۆ نموونە شێوازی ڕۆیشتنت بۆ شوێنی ئیشەکەت بێت کە بیرکردنەوەی نەرێنیت دەداتێ.
هەوڵ بدە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا هەست بە کەیفخۆشی بکەیت. بۆ نموونە ئەمجار لە ڕێگای ڕۆیشتن بۆ شوێنی ئیشەکەت هەندێک گۆرانی شاد گوێ بگرە. خۆت لەو کەسانە یان شوێنانە لادە کە جەوت تێک دەدەن و هێزت لێ دەبڕن، هەوڵ بدە زۆرتر لەگەڵ کەسانی ئەرێنیدا کات بەسەر ببەیت.
- پێکەنین لەبیر مەکە
هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بزە و پێکەنین لە ژیانی ڕۆژانەدا وا دەکات دڵخۆش و گەشبین بیت. هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی پەستانی دەروونی و دابەزینی ڕێژەی لێدانی دڵ کە ئەمانەش دەبنە هۆی باشتربوونی تەندرووستیت.
ئەگەر ناتوانیت پێبکەنیت لانیکەم بزەیەک بگرە. پێکەنین یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەبووڵکردنی هەڵەکان و هێوربوونەوەت. ئەگەر پێویست بوو دەتوانیت سەیری فیلمێکی پێکەنیناوی بکەیت یان تەلەفۆن بۆ هاوڕێیەک بکەیت کە دەتوانێت بزەیەک بخاتە سەر لێوت.
- مەنتیقی بیر بکەوە
ئەگەرچی زۆر حەزمان لە قازانجەکانی بیرکردنەوەی ئەرێنییە بەڵام دەبێت هەوڵ بدەیت ڕوانگە و بیرەکانت مەنتیقی بن. ئەوەی کە تەنیا بیرکردنەوەی ئەرێنیت هەبێت دەبێتە ئاستەنگێک بەرانبەر بیرەکانی سەبارەت بەوەی کە چۆن بەرپەرچی شتێکی نەرێنی بدەیتەوە یان چۆن خۆت ئامادە بکەیت بۆ شتە نەرێنییەکان.
هەروەها، بێهیوایی زەبرێکی توندتری لەسەرت دەبێت کاتێک شتەکان وەکوو ویستووتە نەبن. لە ژیاندا ناتوانیت خۆت لە هەندێک ڕۆژی خراپ و دەرەنجامی نەرێنی بدزیتەوە، ژیان هەمیشە شتی ناخۆش و نەرێنیشی تێدا دەبێت، بۆیە ڕوانگەیەکی ئەرێنیی مەنتیقی باشترین شتە.
چۆن بیرکردنەوەی نەرێنی بناسینەوە
بیرکردنەوەی نەرێنی دەتوانێت لە هەندێک ڕێگای جیاوازەوە پەلامارمان بدات. ئەگەر خووت بە خۆدواندنی نەرێنی گرتبێت، لەوانەیە کاتێک ڕوو دەدات تەنانەت هەستیشی پێ نەکەیت. دەبێتە کردارێکی خۆکار و دەبێتە هۆی درووستبوونی (بەلاڕێبردنی درکپێکردن) لە شێوازی ڕوانینماندا بۆ جیهان. لێرەدا دوو نموونە لەو ساتانە باس دەکەین کە دەکرێت بیرکردنەوەی نەرێنی تێیاندا ڕوو بدات:
پەراوێزخستنی بیرە ئەرێنییەکان
لەوانەیە کاتێک ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس و نالەبار دەبیتەوە، بەس لایەنە نەرێنییەکان ببینیت. لەوانەیە بە شێوازێکی خۆکار هەموو لایەن و ئەگەرە ئەرێنییەکان پەراوێز بخەیت و بەس تەرکیز بکەیتە سەر شتە نەرێنی و خراپەکان. کاتێک خاڵە ئەرێنییەکان لەبیر دەکەین، لێهاتووییی خۆمان لەبیر دەکەین و بیر لەوە ناکەینەوە کە هەندێک کۆنترۆڵمان بەسەر ژیانی خۆمانەوە هەیە.
هەروەها لەبیری دەکەین لەو دۆخە نالەبارەدا بە شوێن هەندێک پێکەنین و شتی خۆشەوە بگەڕێین. لەوانەیە بیرە ئەرێنییەکان پەیوەستی دۆخەکە بن، بەڵام نایانبینیت چونکە یەکسەر تەرکیزت کردووەتە سەر بیرە نەرێنییەکان. بزە و پێکەنین ڕێگایەکی زۆر چاکە بۆ ئەوەی بیرە ئەرێنییەکان بەرجەستە بکەیت و بواریان پێ بدەیت دەرکەون.
جیاکردنەوەی بیر و کاردانەوەکانمان بۆ دوو جەمسەری تەواو دژ بە یەک
کاتێک تا شتێک ڕوو دەدات دەستبەجێ هەموو شتەکان لە دوو جەمسەردا دەبینیتەوە، دەکرێت بیرکردنەوەی نەرێنی ڕوو بدات. بە جۆرێک کە شتەکان بەس دەتوانن باش یان خراپ بن و هیچ شتێک لەو نێوانەدا نابینیتەوە! کاتێک شتێک ئەزموون دەکەین، لە گۆڕانە بچووکەکانەوە تاکوو شتە ئاساییەکان کە هەموو کات ڕوو دەدەن، وەکوو ئەرێنی یان نەرێنی وەردەگیرێن. یان شتەکان ڕێک وەکوو ئەوەی ویستووتە دەبن، یان ئەوەی کە تەواو هەڵە و بێکەڵکن و مایەی کات بە فیڕۆدانن. ئەمە واقیع نییە. لەڕاستیدا ژیان خۆڵەمێشییە و زۆربەی دەرەنجامەکان تێکەڵەیەکن لە بەرزی و نشێوی. هەردووکیان دەرفەتن بۆ فێربوونی ئەوەی کە چۆن قۆناغی دواتر باشتر بکەین.
هەندێک نموونە بۆ بیرکردنەوەی ئەرێنی
بیرکردنەوەی ئەرێنی یارمەتیت دەدات تاکوو ڕوانگە و هەڵسووکەوتت بەرانبەر ئەو دۆخەی کە تێیدایت بگۆڕیت.
ئەم دوو نموونە بیرکردنەوەی ئەرێنییە بخوێنەوە و سەیر کە گۆڕانێک لە ڕوانگە و گۆشەنیگادا چەندە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بابەتەکە هەبێت:
-
تاقیکردنەوەی شتێکی نوێ
هەر ئێستا هاوکارەکەت تەلەفۆنی کردووە کە نەخۆشە و ناتوانێت ئیش بکات، ئیشەکەش پێویستە لەسەر کاتی مەبەستدا دوایی بێت. تۆش تا ئێستا ئەو ئیشەی ئەوت نەکردووە و نیگەرانیت نەکوا نەتوانیت ئەوە بکەیت و هەموو پڕۆژەکە تێک بچێت. لەجیاتی ئەوەی یەکسەر بیر لە خراپترین ئەگەرەکان بکەیتەوە، وەکوو دەرفەتێک سەیری دۆخەکە دەکەیت.
تیمەکەت پێویستی پێتە و دەرفەتێک دەبێت تاکوو هەندێک شتی نوێ فێر ببیت، لەگەڵ کەسانی نوێدا ئیش بکەیت و ئەو شتانە ئەزموون بکەیت کە هاوکارەکەت جێبەجێیان دەکات. لەوانەیە تەواو سەرکەوتوو بیت و لەوانەشە بەس ئاسایی تێیپەڕێنیت کە هەردووکیان هەر چاک دەبێت.
-
تووشی دۆخێکی نائاسوودەبوون
داوەت کراویت بۆ میوانیی هاوڕێیەکت. هەندێک لە هاوڕێ هابەشەکانتان بڕیار بوو کە بێن بەڵام لە دوا ساتەکاندا هەڵیانوەشاندووەتەوە و لەوێ ئامادە نابن. دەڕۆیت بۆ جێژنەکە و تەنیا خاوەنماڵەکە دەناسیت و هەستێکی ناخۆش و نامۆت هەیە و بێتاقەت دەبیت.
لەجیاتی ئەوەی کە خوێنی خۆت تاڵ بکەیت و ڕق لە هاوڕێکانت هەڵگریت کە نەهاتوون، ئەوە قەبووڵ دەکەیت کە زۆرێک لەو میوانانە ناناسیت و دڵخۆشیت کە لە جێژنی لەدایکبوونی هاوڕێکەتدایت. تەرکیز بخە سەر جێژنی هاوڕێکەت و هەوڵ بدە لەگەڵ کەسانی نوێدا ئاشنا ببیت.
لە بیرت نەچێت کە: لە ساتە نائاسوودە و گرژەکاندایە کە گەشە دەکەیت.
گۆڕینی ڕوانگە
بۆچی نەجووڵێیت کاتێک باسی فێربوونی سوودوەرگرتن لە بیرکردنەوەی ئەرێنی بێت؟ دەستی پێ بکە و ببینە چ هەستێکی هەیە کاتێک ژیانت پڕ دەکەیت لە خۆدواندنی ئەرێنی. فێر دەبیت کە بیرە نەرێنییە ڕووخێنەرەکان لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە، ئەوپەڕی هێزی خۆت تاقی بکەیتەوە و بەبێ لەمپەر بگەیت بە ئامانجەکانت.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بیرکردنەوەی ئەرێنی چ کاتێک پێویستە؟
ئەوەتا هەموو عالەم ئێستا باسی بیرکردنەوەی ئەرێنی دەکەن و بەجۆرێک کاتێک باسی کێشەکانت دەکەیت، یەکەم ڕاوێژ دەبێتە ئەوەی کە ئەرێنی بڕوانە و ئەم شتانە. بەڵام دواجار وەکوو هەموو شتێکی دیکە (بیرکردنەوەی ئەرێنی)ـیش دەکرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەبێت، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ (کات) و (شێواز)ـی بەکارهێنانی، بۆیە پرسیارەکەت زۆر پرسیارێکی جوانە، دواجار دەبێت هەموومان بپرسین چ کاتێک پێویستە؟ ناکرێت بۆ هەموو ئان و ساتێک گونجاو بێت، وەکوو لەم بابەتەشدا ئاماژەی پێ کراوە، گرینگە کە بیرکردنەوەی ئەرێنی، بیرکردنەوەیەکی مەنتیقی بێت. ئەگەر بێت و لە کاردانەوەمان بەرانبەر کێشە و گرفتێک بە شێوازێکی نامەنتیقی و دوور لە لۆجیک بیری ئەرێنی بەسەر خۆماندا بسەپێنین، ئەمەیان زۆرتر لە خۆخڵاواندن و خۆفریودان دەچێت. بەگشتی وای بۆ دەچم کاتی پێویست واتە ئەو کاتەی کە بیری نەرێنی و ڕەشبینی خەریکە بەسەرماندا زاڵ دەبێت، ڕەشبینییەک کە دەبێتە هۆی دابەزینی ورە و هیوامان بە چارەسەربوونی کێشەکە، لەم ساتانەدا گۆڕینی ئەو ڕەشبینییە بۆ ڕوانینێکی ئەرێنیتر دەکرێت ورەمان بەرز بکاتەوە و مێشکمان بۆ ماوەیەک ئاسوودە بکات، ئەوەندەی کە بتوانین ڕێگەچارەکان ببینین و یان ئەوپەڕی بتوانین کراوەتر لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵە بکەین و تەنانەت ئەگەر گەیشتین بەو قەناعەتە کە کێشەکەمان بۆ چارەسەر ناکرێت، لایەنیکەم بتوانین لەگەڵی ڕابێین و بەم جۆرە لایەنەکانی دیکەی ژیانیشمان تێک نەدات و تێبگەین ژیانی هیچکەس بێگرفت نییە، یان با بڵێین ژیانی بێگرفت ژیانێکی بێمانایە! کەواتە ئەرکی ئێمە چارەسەرکردنی گرفتەکانە تا ئاستێک کە پێمان بکرێت.
بەهیوای سوود.