گوتنی (نا) لێهاتوویەکی دەروونییە و زۆر کەس لەم کردارەدا تووشی کێشە و ململانێ دەبن.
خاڵە سەرەکییەکان
- گرینگە تێبگەین کە هەموو داواکاری و پێشنیازێک نرخێکی هەیە و دەرفەتێکت لێ وەردەگرێت.
- زۆر کەس ناتوانن بەرانبەر ئەو داواکارییانەی لێیان دەکرێت بلێن (نا) و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان بۆیان قورسە. بۆ ئەوەی کە بتوانن باشتر کاتی خۆیان ڕێک بخەن، پێویستە کە تێبگەن ئەوە چییە بەر بە گوتنی (نا) دەگرێت.
- ڕێگا و شێوازی جۆراوجۆر هەن بۆ ئەوەی کە بە ڕێزەوە بڵێیت (نا) و کەچی پەیوەندییەکانیشت بە شێوازێکی تەندرووست بپارێزیت.
گوتنی (نا) هونەرێکە کە بۆ زۆربەمان شتێکی قورسە. زۆر جار لە زۆر کەسدا سەرچاوەی دڵەڕاوکێ، پەستانی دەروونی، خۆڕەتاندن و لەڕادەبەدەر ئیشکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ گرفتیان لە گوتنی (نا) یان ئەوەی کە قەت ناتوانن بڵێن (نا). خەڵک یەکجار خۆیان بە هەندێک شتەوە دەبەستنەوە و زۆر جار هەست دەکەن کە هەر دەرفەتێک هەڵکەوت بۆیان و هەر شتێک هاتە ڕێگایان دەبێت بڵێن (ئا). ئەگەرچی هەموو بڕیارێکی نوێ، باجێکی لەگەڵە (بۆ نموونە، نەمانی هێزی پێویست بۆ تەرخانکردن بۆ بژاردە و شتانێکی دیکە). بۆ نموونە من ئەمڕۆ دەمتوانی لەجیاتی ئەوەی سەیری فیلم بکەم، هەندێک کتێب بخوێنمەوە، بچم بۆ پیاسە، بچم بۆ یۆگا، سەردانی هاوڕێیەک بکەم، سەرخەوێک بشکێنم و هتد. هەر بڕیارێک کە دەیدەین، نرخێکی ئابووری، کات و هێزی لەگەڵ دەبێت، لەبیرکردنی ئەم بابەتەش کێشەمان بۆ ساز دەکات و خەساری لێ دەکەوێتەوە.
خەڵکی بە هۆکاری جۆراوجۆر لە گوتنی (نا)ـدا کێشەیان هەیە و بۆیان زەحمەتە، لەوانە: بابەتی کۆمەڵایەتی (“نابێت بڵێیت نا”، “نابێت خۆپەرست بیت”)، چاوەڕوانی لەلایەن بنەماڵە و هاوڕێیان، ترس لەوەی کە لە خەڵک داببڕێیت و تەنیا بکەویت، لەئەستۆگرتنی ئەرکی جۆراوجۆر وەکوو ئیشکردن و چاوەدێریی منداڵان. هەندێک جار پێویستە کە بە کەسانی دیکە بڵێین نا، بەڵام هەنێک جار دەبێت بتوانین سەرەتا بە خۆمان بڵێین نا.
ئەوانەی کێشەی نا-گوتنیان هەیە هەست بە هەندێک نیگەرانی دەکەن کاتێک سەبارەت بە شتێک بیر لە گوتنی نا دەکەنەوە. هەندێک لەم نیگەرانییانە بریتین لە:
- نازانیت کەی بڵێیت نا یان بە چ شتگەلێک بڵێیت نا
- دڵنیا نیت کە چۆن بە ڕێزەوە بڵێیت نا
- نیگەرانی ئەوەیت کە لایەنی بەرانبەر ئەو (نا)ـیە چۆن وەردەگرێت و کاردانەوەی چی دەبێت (نیگەرانی ئەوەیت کە خەڵکی لە بیستنی نا خەمبار یان تووڕە ببن)
سەبارەت بەمەی دوایی، باشترە لەبیرمان بێت کە ئێمە کۆنترۆڵمان لەسەر کاردانەوەی کەسانی دیکە نییە، ئەوەی کۆنترۆڵمان لەسەری هەبێت ئەوەیە بەباشی (نا)ـکە مەزەندە بکەین و بە شێوازێکی گونجاو و بە ڕێزەوە دەریببڕین. ئەوەی کە ڕێگە بدەیت خەڵک خۆیان هەستەکانی خۆیان ئەزموون بکەن و لێکی بدەنەوە بەبێ ئەوەی خۆت بە بەرپرسیاری هەستی ئەوان دابنێیت، لێهاتووییەکی بنەڕەتییە بۆ بیرکردنەوە لە گوتنی نا بۆ شتێک. لەوانەیە بەسوود بێت سەرنج بدەیت کە زۆربەی کەسانی مەنتیقی کاردانەوەیەکی باشیان دەبێت بەرانبەر هەندێک جار بیستنی نا، ئەگەریش کەسێک مەنتیقی نەبوو ئەوە خۆی هۆکارێکە بۆ ئەوەی سنوورێکی قایمتر دابنێیت و زۆرتر نای پێ بڵێیت.
بەگشتی کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کەی بڵێیت نا، باشترە هەندێک پرسیار لە خۆت بکەیت و باجەکان و ئەو دەرفەتانەی لەوانەیە لە دەستیان بدەیت بنرخێنیت. پرسیارەکان:
- ئاخۆ لەم ساتەدا، کات و هێز و پارەی پێویستم بۆ ئەم شتە هەیە؟
- پێم خۆشە ئەمە بکەم؟
- ئەمە بەهایەک بە ژیانم زیاد دەکات؟
- ئایا ئەم شتە لەگەڵ بەهاکانم تەبایە؟
- ئایا دەمەوێت بڵێم بەڵێ بەس لەبەر ئەوەی کە لە گوتنی نا دەترسم؟
ئەگەر وەڵامی پرسیارەکان ئەوە دەربخات کە گوتنی نا شتێکی گونجاو و بەجێیە، ئەوسا گرینگە بزانین کە چۆن بڵێین نا. شتە سەرەکییەکان کە دەبێت لە کاتی نا-گوتنـدا سەرنجیان بدەینێ ئەمانەن: دۆخی پەیوەندییەکە (ئەوەی کە چەندە لێک نێزیکین و پەیوەندییەکی قووڵمان هەیە؟)، داواکارییەکە یان ئەو دەرفەتەی کە پێشنیاز کراوە، ئەوەش کە دەمانەوێت نای پێ بڵێین (لەوانەیە بمانەوێت بە بەشێک لە داواکارییەکە بڵێین نا و بەشەکانی دیکەی قەبووڵ بکەین).
هەندێک کەس بۆیان ئاسانترە کە بە کەسانی نێزیکیان بڵێن نا چونکە دەزانن لەوانەیە چ کاردانەوەیەک لەو کەسەوە وەربگرن، هەندێک کەسیش بڕوایان وایە پەیوەندییەکی قووڵ و نێزیک واتە دەبێت لەخۆبوردە بن و هەمیشە ئامادە بن بۆ پاڵپشتی و یارمەتی کەسێکی دیکە. بەگشتی، هەرچەندە پەیوەندییەکە قووڵتر بێت زۆرتر دەمانەوێت کە یارمەتی ئەو کەسە بدەین بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە قەت نەڵێین نا. لەوانەیە تەنانەت گرینگتر بێت کە سنوورێکی باش لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەستنیشان بکەین کە پەیوەندییەکی قووڵترمان لەگەڵیان هەیە، تاکوو بتوانین بەردەوامی بە پەیوەندییەکی تەندرووست و درێژخایەن بدەین. هەندێک ڕێگای ساکار بۆ گوتنی نا کە پەیوەندییەکەش بپارێزن، ئەمانەن:
زۆر سوپاس، بەڵام ئەوەیان بۆ من ناگونجێت. / زۆر سوپاس بەڵام نا.
با ساکار بێت و تێگەیشتن لێی ئاسان بێت، هەروەها با شتەکە سەبارەت بە تۆ بێت نەک کەسی بەرانبەر. هیچ کێشەیەکیش نابێت و تەواو ئاساییە ئەگەر بەس بڵێیت نا و هۆکارەکەشی ڕوون نەکەیتەوە.
ئۆفەرێکی نایابە بەڵام لە ئێستادا یەکجار سەرقاڵم و پێم ناکرێت. دەکرێت مانگی داهاتوو تاقی بکەینەوە؟
ئەمەیان ڕێگایەکی باشە بۆ کاتێک کە دەتەوێت شتەکە بکەیت بەڵام لەو ساتەدا دەرفەت و هێز و پارەی پێویستت نییە. شێوازێکی دیکەی گوتنی ئەمە دەکرێت ئاوا بێت “دڵت نەیەشێت بەڵام لە ئێستادا کاتی ئەوەم نییە و ناتوانم بەشداری بکەم.”
لە ئێستادا ئەمەم پێ ناکرێت بەڵام دەتوانم فڵانە شت بکەم؟
ئەمەش شێوازێکی باشە بۆ کاتێک کە هەست دەکەیت دەتوانیت بەشێک لە داواکارییەکە قەبووڵ بکەیت یان پێشنیازێک بکەیت (“ناتوانم ڕاپۆرتەکەت بۆ بنووسم بەڵام دەتوانم هەندێک سەرچاوەت بۆ بدۆزمەوە.”)
داوای لێبوردن، سەرقاڵی شتێکی دیکەم.
گرینگە کە بە وریاییەوە و تەنیا کاتێک کە بەڕاست سەرقاڵ بیت ئەمەیان بەکار بێنیت، نەک وەکوو درۆیەکی مەسڵەحەت بۆ خۆلادان لە گوتنی نا.
هیچم لە دەست نایە بەڵام لەگەڵ فڵانە کەس قسەت کردووە؟
هەندێک جار ئێمە کەسی گونجاو بۆ داواکارییەکە نین و ناتوانین ئەوەی داوا کراوە پێشکەش بکەین.
داوای لێبوردن بەڵام پێموا نییە من کەسێکی گونجاو بم بۆ ئەو مەبەستە.
ساکار و ڕێکوڕاست.
ببوورە هیچم لەدەست نایە بۆ یارمەتیدان بەڵام دڵنیام خۆت دەتوانیت بەباشترین شێواز جێبەجێی بکەیت. ڕەنگە باشتر بێت دواتر باسی لێوە بکەین؟
ئەمەش ڕێگایەکی باشە بۆ ئەو ساتانەی کە هەست دەکەیت کابرا زۆر ناسەربەخۆیە و بۆ شتێک داوای یارمەتی و پاڵپشتی دەکات کە بە خۆی جێبەجێ دەکرێت.
کرۆکی گوتنی نا ئەوەیە کە تێبگەیت بۆچی دەڵێیت نا، بە چی دەڵێیت نا و لە ڕێگای گوتنی (نا)ـوە لە لەمپەرەکانت تێبگەیت. ئایا لەوە دەترسێیت کە تەنیا بمێنیتەوە؟ هەست بە تاوان دەکەیت؟ نیگەرانی کاردانەوەی کەسی بەرانبەریت؟ سەرنجدان و بیرهێنانەوەی باجی دەرفەتەکان و ئەوەی کە گوتنی نا بەو پێشنیازانەی کە لەگەڵ ئامانج و بەهاکانمان تەبا نییە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهێنانی کات و دەرفەت بۆ ئەو شتانەی کە بە لامانەوە بەنرخن و ئەمەش دواجار ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی دڵخۆشی ڕەزامەندیمان لە ژیاندا.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
[…] گوتنی نا بۆ ئەو چالاکییانەی کە دەبنە هۆی ڕووخانی متمانەبەخۆت ئاساییە. دیارە کە ناتەوێت خۆت لە هەموو ئەو چالاکییانە لا بدەیت کە هەستێکی نائارمیت تێدا درووست دەکەن، چونکە ئەو هەستی نائارامییە زۆر جار بەشێکن لە پرۆسەی گەشەکردنی کەسایەتیی مرۆڤ. لەگەڵ ئەمەشدا، شتێکی خراپ نییە کە سنوورەکانی خۆت بناسیت و بەرچاویان بگریت. […]