متمانەبەخۆ هەستێکی دڵنیاییە لەسەر لێهاتوویی، لێوەشاوەیی و بڕیارەکانت. ڕێکخراوی دەروونناسیی ئەمەریکا ئاوا متمانەبەخۆ مانا دەکاتەوە: ئەو بڕوایەی کە دەتوانیت و پێت دەکرێت داخوازییەکانی ئەرکێک بە سەرکەوتوویی بەدی بێنیت.
دەکرێت ئاماژە بێت بە هەستێکی گشتی لە دڵنیابوون لە لێهاتووییت بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیان، یان دەکرێت زۆرتر تایبەت بە دۆخێکی دیاریکراو بێت. بۆ نموونە لەوانەیە لە بوارێکدا متمانەبەخۆیەکی زۆرت هەبێت کەچی لە بوارەکانی دیکەدا هەست بە متمانەبەخۆیەکی کەمتر بکەیت. توێژینەوەکان دەلێن کە متمانەبەخۆ شتێکی گرینگە بۆ تەندرووستی و دەرووندرووستی مرۆڤ.
هەبوونی ئاستێکی تەندرووست لە متمانەبەخۆ دەتوانیت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کە لە ژیان و لە ئیشدا سەرکەوتووتر بیت. بۆ نموونە توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە ئەوانەی متمانەبەخۆیەکی زۆرتریان هەیە، ئاستێکی بەرزتر لە خوێندنی ئەکادیمی دەبڕن. ئاستی متمانەبەخۆت تەنانەت کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی خۆدەرخستن و خۆناساندنت.
ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆ
خۆشبەختانە هەندێک ڕێگا هەیە کە دەتوانن ئاستی متمانەبەخۆتان بەرز بکەنەوە. چ ئەوەی کە لە بوارێکی تایبەتدا متمانەبەخۆت لاواز بێت چ ئەوەی کە بە کۆی گشتی سەبارەت بە هەموو شتێک کێشەی متمانەبەخۆت هەبێت، ئەم 9 ڕێنماییەی خوارەوە دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی ئاستی متمانەبەخۆت.
واز لە بەراوردکردنی خۆت لەگەڵ کەسانی دیکە بێنە
ئایا ڕوواڵەت و ڕوومەتی خۆت لەگەڵ هی ئەوانەدا بەراورد دەکەیت کەوا لە ئینستاگرام فۆڵۆت کردوون؟ یان ڕەنگە داهاتی خۆت لەگەڵ هی هاوڕێکانت بەراورد دەکەیت. تیۆرەی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی دەلێت کە بەراوردکردن شتێکی ئاساییە. بەڵام لەوە ناچێت کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆت. تەنانەت دەکرێت کاریگەرییەکی پێچەوانەی هەبێت.
توێژینەوەیەکی ساڵی 2018 کە لە گۆڤاری (Personality and Individual Differences)ـدا بڵاو کراوەیە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی دۆزییەوە لەنێوان ئێرەییبردن و بۆچوونەکانمان سەبارەت بە خۆمان. بەتایبەت، توێژەران ئاماژەیان بەوە کرد کە کاتێک خەڵک خۆیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەراورد دەکەن هەست بە ئێرەیی دەکەن. تا زۆرتریش ئیرەیی ببەن، هەستێکی خراپتر و ناخۆشتریان سەبارەت بە خۆیان دەبێت.
چۆن متمانەبەخۆ لە خۆتدا درووست بکەیت کاتێک دەستت کردووەتە بەراوردکردن؟ سەرەتا وەبیری خۆتی بهێنەوە کە ئەمەیان چ سوودێکی بۆت نییە. هەر کەسە و ڕێگای خۆی دەڕوات و ژیان کێبڕکێ نییە.
ئەگەر ئێرەیی بە ژیانی کەسێک دەبەیت، باشترە ئاوڕێک لە سەرکەوتنەکان و لایەنە بەهێزەکانی ژیانی خۆت بدەیتەوە. سەرکەوتنەکانی ژیانت لەنێو تێنووسێکدا بۆ خۆت بنووسە با قۆناغە خۆشەکانی ژیانت بێنێتەوە یاد. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت تاکوو تەرکیز بکەیتە سەر ژیانی خۆت لەجیاتی ژیانی خەڵکی.
کەسانی پۆزەتیڤ لە دەوری خۆت کۆ بکەوە
سەرنج بدە بزانە ئاخۆ هاوڕێکان چ هەستێکت تێدا درووست دەکەن. دەبنە هۆی دڵخۆشیت یان جەوت تێک دەدەن؟ ئایا بەردەوام لۆمەت دەکەن یان تۆیان وەکوو خۆت قەبووڵە؟
ئەوانەی کە کاتیان لەگەڵ بەسەر دەبەیت، ڕەنگە زۆرتر لەوەی کە بیری لێ بکەیتەوە، کاریگەرییان لەسەر بیروبۆچوون و ڕوانینت سەبارەت بە خۆت هەبێت. بۆیە سەرنج بدە بزانە خەڵک چ هەستێکت تێدا درووست دەکەن. ئەگەر لەپاش هەندێک کات تێپەڕکردن لەگەڵ کەسێکی تایبەتدا، هەستێکی ناحەزت سەبارەت بە خۆت هەبوو، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کۆتایی بەو پەیوەندییە بێنیت.
لەجیاتی ئەم جۆرە کەسانە، هەوڵ بدە لەگەڵ کەسانێک پەیوەندیت هەبێت کە خۆشیان دەوێیت و هیوای باشترینەکانت بۆ دەخوازن. هاوڕێتی ئەوانە بکە کە کەسانێکی پۆزەتیڤن و یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆت. متمانەبەخۆ و هەڵسووکەوتێکی پۆزەتیڤ پێکەوە گرێدراون.
ئاگاداری جەستەت بە
ئەم ڕێکارە وەکوو ڕێگایەکی بەرزکردنەوەی متمانەبەخۆ لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیەیە کە زەحمەتە هەستێکی باشت سەبارەت بە خۆت هەبێت ئەگەر جەستەت ئازار بدەیت. کاتێک پەرە بە گرینگیدان-بەخۆ دەدەیت، ئاگاداریت لەوەی کە خەریکی شتێکی باش و ئەرێنی دەکەیت بۆ زەین و ڕۆح و جەستەت، لە ئەنجامیشدا ئاساییە کە هەست بە متمانەبەخۆیەکی زۆرتر بکەیت.
(گرینگیدان-بەخۆ / Self-care) واتە ئەوەی کە کات تەرخان بکەیت بۆ ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە یارمەتیدەر دەبن تاکوو ژیانێکی باشتر بژیت و هەم تەندرووستی جەستەت و هەم دەرووندرووستیت باشتر دەکەن.1
هەندێک ڕێکاری (گرینگیدان-بەخۆ) کە پەیوەستە بە ئاستێکی بەرزتر لە متمانەبەخۆوە:
- ڕجیم: خواردنی تەندرووست سوودی زۆری بەدواوەیە، لەوانەش بەرزبوونەوەی ئاستی متمانەبەخۆ و ڕێزگرتن-لەخۆ2. کاتێک خواردنی تەندرووست و سرووشتی دەخۆیت، سەلامەتتر و بەهێزتر و پڕوزەتر دەبیت و ئەمانەش وا دەکەن هەستێکی باشترت سەبارەت بە خۆت هەبێت.
- ڕاهێنان: توێژینەوەکان بەردەوام پێشاندەری ئەوەیە کە ڕاهێنانی جەستەیی ئاستی متمانەبەخۆ بەرز دەکاتەوە. بۆ نموونە توێژینەوەیەکی ساڵی 2016 پێشانی دا کە ڕاهێنانێکی بەردەوامی جەستەیی (وێنەی جەستە)ـی بەشداربووانی باشتر کردبوو. کاتێکیش (وێنەی جەستە)ـیان باشتر بوو، ئاستی متمانەبەخۆیان بەرز بووەوە.
(وێنەی جەستە)3 تێکەڵەیەکە لە بۆچوون و هەستەکانت سەبارەت بە جەستەت. ئەو هەستەی سەبارەت بە جەستەت هەتە دەکرێت لەنێوان ئەرێنی و نەرێنیدا بگۆڕێت. دەکرێت لە کاتە جیاوازەکاندا هەستێکی ئەرێنی، نەرێنی، یاخود تێکەڵەیەک لە هەردووکیانت هەبێت.
- تێڕامان (مەدیتەیشن): مەدیتەیشن سەرەڕای بەس ڕێکارێک بۆ حەسانەوە، دەتوانێت بە چەندین شێواز یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆ. یەکێکیان، یارمەتیت دەدات تاکوو خۆت بناسیت و خۆت قەبووڵ بکەیت. مەدیتەیشن هەروەها فێرت دەکات واز لە خۆدواندنە4 نێگەتیڤەکان بێنیت و خۆت لەو دەنگەدەنگە بێسوودانەی نێو مێشکت ڕزگار بکەیت کە متمانەبەخۆت تێک دەدەن.
- خەو: پشتگوێخستنی خەو دەتوانێت هەستەکانت تووشی کێشە بکات. بە پێچەوانەوە، خەوێکی باش پەیوەستە بە تایبەتمەندییە پۆزتیڤەکانی کەسایەتییەوە، لەوانە: گەشبینی و ڕێزگرتن-لەخۆ.
گرینگیدان بە خۆت گرینگە بۆ متمانەبەخۆ. بۆ ئەوەی سەبارەت بە خۆت و لێهاتووییەکانت هەستێکی باشت هەبێت، هەوڵ بدە ئەو شتانەی پێویستە وەربگریت.
بەرانبەر خۆت دڵسۆز و میهرەبان بە
دڵسۆزی-بەرانبەر-خود5 بریتیە لەوەی کە کاتێک هەڵەیەک دەکەیت، دەدۆڕێیت یان تووشی گرفتێک دەبیت بەرانبەر خۆت میهرەبان بیت. وا دەکات باشتر خۆت لەگەڵ هەستەکانت بگونجێنیت و یارمەتیدەر دەبێت تاکوو چاکتر ئەو هەستە ئاڵۆزانە کۆنترۆڵ بکەیت و پەیوەندیت لەگەڵ خۆت و کەسانی دیکەدا بەهێزتر بکەیتەوە.
توێژینەوەیەکی ساڵی 2015 دڵسۆزی-بەرانبەر-خود پەیوەست دەکات بە متمانەبەخۆوە. ئیدی جارێکی دیکە ئەگەر کەوتیتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، بزانە کە هەندێک جار تووشی گرفت بوون و ئەوەی کە بێگەرد نەبیت و نەتوانیت لە هەموو شتێکدا وەکوو ئەوەی دەتەوێت سەرکەویت، بەشێکە لە مرۆڤبوون. هەموو هەوڵی خۆت بدە تاکوو بە میهرەبانییەک بەرانبەر خۆت، ئەم دۆخانە کۆنترۆڵ بکەیت و بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت.
ڕاهێنانی خۆدواندنی پۆزەتیڤ
خۆدواندنی نێگەتیڤ دەتوانێت لێهاتووییەکانت سنووردار بکات و متمانەبەخۆت دابەزێنێت لەڕێگای قایلکردنی نەستت لەوەی کە (تۆ ئەوەت پێ ناکرێت)، یان ئەوە ئیشێکی (زۆر قورسە) و تەنانەت (نابێت هەوڵی بۆ بدەیت). کەچی، خۆدواندنێکی گەشبینانە دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەی دڵسۆزی-بەرانبەر-خود و یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر گومانبەخۆدا6 و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشمەکێشی نوێدا.
ئەم جارەکەیان ئەگەر هاتوو وات بیر کردەوە کە لە دانیشتنێکدا تۆ پێت ناکرێت هیچ بلێیت و ڕای خۆت دەرببڕیت یان لەشت ئەوەندە ناشرین بووە بە کەڵکی ڕاهێنان نایە، ئەوە بزانە کە بیرەکانت هەمیشە ڕێکوڕاست نین. ئینجا ڕێگایەک بدۆزەوە ئەو بیرانە بگۆڕیت بۆ خۆدواندنێکی پۆزەتیڤ.
ئەم نموونانەی خوارەوە هەندێک لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی خۆدواندنی ڕەشبینانە و گۆڕینی بیرکردنەوەکانن بۆ شێوازێکی ئەرێنیتر کە هاوکات دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆیش:
- (ئەمەم پێ ناکرێت) یان (ئەمە نەکردەیە) ببێتە (ئەمەم پێ دەکرێت) یان (دەبێت هەوڵی خۆم بدەم.)
- (ناتوانم هیچ شتێک بەباشی جێبەجێ بکەم.) ببێتە (جاری داهاتوو دەکرێت باشتر بم.) یان (لانیکەم شتێک فێر بووم.)
- (ڕقم لە قسەکردنی نێو کۆمەڵە.) ببێتە (حەزم لە قسەکردنی نێو کۆمەڵ نییە.) و (هەموو کەسێک هەندێک لایەنی بەهێز و لاوازی هەیە.)
بەرەنگاری ترسەکانت ببەوە
شتەکان وەلا مەنێ تاکوو کاتێک هەست بە متمانەبەخۆیەکی زۆرتر بکەیت، وەکوو داوای ژوانێک کردن یان داواکاری بۆ بەرزکردنەوەی پلە لە ئیشدا. یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆ لەم چەشنە دۆخانەدا ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ بەرنگاری ترسەکانت ببیتەوە.
هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی هەندێک لەو ترسانەت بدە کە بناغەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونی متمانەبەخۆ. ئەگەر دەترسێیت ئابڕووبەرە بیت یان پێت وایە ئیشەکە تێک دەدەیت، هەر بیکە. نەختێک گومانبەخۆ تەنانەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی ئاستی جێبەجێکردنی شتەکە. بە خۆت بڵێ ئەمە هەر تاقیکردنەوەیەکە و دواتر بزانە چی ڕوو دەدات.
لەوانەیە تێبگەیت کە تۆزێک دڵەڕاوکێ و هەندێک هەڵە ئەونەدەش کە بیرت دەکردەوە خراپ نییە. هەر کاتێکیش کە بەرەو پێش دەچیت، متمانەبەخۆت زۆرتر دەبێتەوە. دواجار ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرگری لەوەی کە هەندێک ڕیسک بکەیت و دەرەنجامی نێگەتیڤی گەورەی لێ بکەوێتەوە.
ئەو شتانە بکە کە تێیاندا شارەزایت
چی ڕوو دەدات کاتێک ئەو شتانە دەکەیت کە تێیاندا شارەزایت؟ متمانەبەخۆت دەگەشێتەوە. خاڵە بەهێزەکانت، بەهێزتر دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربوونی بڕوات بە خۆت. ئەم ڕێکارە سوودێکی دیکەشی هەیە: دەتوانێت ئاستی دڵخۆشی و ڕەزامەندیت لە ژیان بەرز بکاتەوە.
توێژینەوەیەک پێشانی داوە کە هەبوونی بڕوا بە لێهاتووییت بۆ گەشەپێدانی لایەنە بەهێزەکانی کەسایەتیت، تا ڕادەیەک پەیوەستە بە ئاستی ڕەزامەندیت لە ژیان. ئەمەش بە ناسینەوەی ئەو لایەنە بەهێزانەوە دەست پێ دەکات. پاشان هەوڵ بدە بەهێزتریان بکەیتەوە لە ڕێگای بەردەوام خستنەگەڕ و بەکارهێنانیان.
بۆ نموونە ئەگەر لە وەرزشێکدا باشیت، هەوڵ بدە لانیکەم هەفتەیەک جارێک ئەو وەرزشە بکەیت. ئەگەر لە شوێنی ئیشدا، لە کارێک باش دەزانیت، هەوڵ بدە زۆرتر ئەوەیان بکەیت. گەشەپێدانی لایەنە بەهێزەکانت دەکرێت بۆ درووستکردنی متمانەبەخۆیش یارمەتیدەر بێت.
بزانە کە کەی بڵێیت نا
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەنجامدانی ئەو شتانەی تێیاندا شارەزایت متمانەبەخۆت بەرز دەکەنەوە، بە هەمان شێوە گرینگە کە ئەو دۆخانە بناسیتەوە وا دەتوانن متمانەبەخۆت دابەزێنن. لەوانە زانیبێتت کە هەر کات لە چالاکییەکی تایبەتدا بەشداری دەکەیت، هەستێکی ناحەز و نەرێنیت سەبارەت بە خۆت هەیە.
گوتنی نا بۆ ئەو چالاکییانەی کە دەبنە هۆی ڕووخانی متمانەبەخۆت ئاساییە. دیارە کە ناتەوێت خۆت لە هەموو ئەو چالاکییانە لا بدەیت کە هەستێکی نائارمیت تێدا درووست دەکەن، چونکە ئەو هەستی نائارامییە زۆر جار بەشێکن لە پرۆسەی گەشەکردنی کەسایەتیی مرۆڤ. لەگەڵ ئەمەشدا، شتێکی خراپ نییە کە سنوورەکانی خۆت بناسیت و بەرچاویان بگریت.
دابینکردنی سنووری کۆمەڵایەتی و سنوور بۆ هەستەکان وا دەکات لە بواری دەروونییەوە هەست بە ئارامی و پارێزراوبوونێکی زۆرتر بکەیت. هەروەها یارمەتیدەر دەبێت تاکوو هەست بە کۆنترۆڵێکی چاکتر بکەیت. متمانەبەخۆ، تا ڕادەیەک، ئەوەیە کە هەست بکەیت کۆنترۆڵت لەسەر ژیانت هەیە. سنوورەکان یارمەتیدەر دەبن بۆ پێکهێنانی ئەم هەستی هەبوونی کۆنترۆڵە.
ئەم جارەکەیان کە کەسێک پێشنیازی کرد شتێک بکەیت و تۆیش دەتزانی ئەوە دەبێتە هۆی دابەزینی متمانەبەخۆت، بە ڕێزەوە ڕەتی بکەوە. هەڵبەت ناچار نیت بۆ هەمیشە خۆت لەو شتە لا بدەیت. کاتێک فێر بوویت چۆن متمانەبەخۆت بەرز ڕابگریت، لەوانەیە ئەوەندە هەست بە بەهێزی بکەیت کە بتوانیت دیسان تاقی بکەیتەوە، بەبێ ئەوەی متمانەبەخۆت دابەزێت.
ئامانجی واقیعی بۆ خۆت دەستنیشان بکە
شوێنکەوتنی ئامانجەکان زۆربەی جار بریتیە لە چەندین جار دۆڕان تاکوو ڕێگاکە دەدۆزیتەوە و تێدگەیت کە شتەکە چۆن دەبێت بکرێت. ئەمەش وا دەکات سەرنج بدەیت بزانیت ئاخۆ ئەوەی پێویستە بۆ سەرکەوتنت هەیە. هەروەها دەکرێت ئەو پرسیارەت لا درووست بکات کە چۆن متمانەبەخۆت زۆرتر بێت و بە خەونەکانیشت بگەیت. وەڵامەکە لەوەدایە کە ئامانجی واقیعی دەستنیشان بکەیت.
دەستنیشانکردنی ئامانجی ناواقیعی و نەگەیشتن پێیان دەبێتە هۆی ڕووخانی ئاستی متمانەبەخۆ. بەپێچەوانەوە دەکرێت بگەین بە ئامانجە واقیعییەکان. هەرچەندەش زۆرتر بە ئامانجەکانت بگەیت، متمانەت بە خۆت و لێهاتووییەکانت بەهێزتر دەبێتەوە.
بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجی واقیعییانە، ئەو شتانەی دەتەوێت بیانگەیتێ بنووسە. پاشان لە خۆت بپرسە ئاخۆ چەندە ئەگەری هەیە پێی بگەیت. (ڕاستگۆ بە!) ئەگەر ئەگەرەکە زۆر لاواز بوو، لەوانەیە ئەو ئامانجە تەواو دوورەدەست بێت. هەندێک لە ئامانجەکە کەم بکەوە تاکوو واقیعیتری لێ دەرچێت و ئەگەری گەیشتن پێی زۆرتر ببێتەوە.
ئەمەیان لەوانەیە پێویستی بە هەندێک پێداچوونەوە و کۆڵینەوە هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر دەتەوێت کێش دابەزێنیت، پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن، بۆ دابەزاندنێکی تەندرووست و درێژخایەن، هەفتەیەک 400 بۆ 900 گرام دابەزێنیت. بەم جۆرە ئامانجێک دیاری دەکەیت کە لەگەڵ ڕاستییەکاندا بگونجێت و کاتێک پێی دەگەیت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی متمانەبەخۆت.
متمانەبەخۆ بەرانبەر هەستی نائارامی
بۆ فێربوونی ئەوەی کە چۆن دەتوانین متمانەبەخۆمان بەرز بکەینەوە، زانینی جیاوازییەکانی نێوان کەسێکی خاوەن متمانەبەخۆ لەگەڵ کەسێکدا کە هەستی قەلەقبوون تێیدا زاڵترە، دەتوانێت بەسوود بێت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە جیاوازییەکانی ئەم دوو جۆرە کەسانەن:
ئەوانەی متمانەبەخۆیان هەیە
- لە سەرکەوتنی کەسانی دیکە دڵخۆش دەبن
- مێشککراوەن
- گەشبینن
- ئامادەن ڕیسک بکەن
- بە خۆیان پێدەکەنن
- بڕیاردەرن
- بەردەوام فێر دەبن و گەشە دەکەن
- دان بە هەڵەکانیاندا دەنێن
- بەرپرسیارێتی شتەکان لە ئەستۆ دەگرن
ئەوانەی قەلەقن
- ڕەخنە دەگرن و ئێرەیی بە کەسانی دیکە دەبەن
- مێشکداخراون
- ڕەشبینن
- لە گۆڕان دەترسن
- هەڵەکانیان دەشارنەوە
- بێبڕیارن
- وا خۆیان دەردەخەن کە هەموو شتێک دەزانن
- بیانوو بۆ شتەکان دەهێننەوە
- کەسانی دیکە لۆمە دەکەن
سوودەکانی متمانەبەخۆ
ئەوەی کە بڕوا و متمانەت بە خۆت هەبێت هەستێکی خۆشە. سەرەڕای ئەمە، هەبوونی متمانەبەخۆ هەندێک سوودی دیکەشی هەیە لە ژیان و ئیشکردن و پەیوەندییەکانتدا. هەندێک لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی هەبوونی متمانەبەخۆ:
- دەرەنجامی باشتر لە ئیشەکاندا: لەجیاتی ئەوەی کە کات و هێزی خۆت بەفیڕۆ بدەیت و یەکسەر نیگەرانی ئەوە بیت کە ئاخۆ تۆ کەسێکی گونجاوی بۆ ئەو ئیشە، دەتوانیت هێزی خۆت تەرخانی شتەکە بکەیت. دواجار، کاتێک متمانەبەخۆت زۆرتر بێت، شتەکان باشتر جێبەجێ دەکەیت و دەرەنجامێکی باشتری دەبێت.
- پەیوەندیی تەندرووستتر: هەبوونی متمانەبەخۆ سەرەڕای ئەوەی کە وا دەکات هەستێکی باشتر و خۆشترت سەبارەت بە خۆت هەبێت، یارمەتیت دەدات تاکوو باشتر لە کەسانی دیکەش تێبگەیت و خۆشت بوێن. هەروەها هێزی ئەوەت دەداتێ تاکوو واز لە پەیوەندییەک بێنیت ئەگەر ئەوەی تێدا نەبێت کە دەتەوێت.
- کراوەیی بەرانبەر تاقیکردنەوەی شتی نوێ: کاتێک بڕوات بە خۆت هەبێت، مەراقت بۆ تاقیکردنەوەی شتی نوێ زۆرتر دەبێت. چ بتەوێت لە خولێکی فێرکاریدا بەشدار بیت یان ئیشێکی نوێ دەست پێ بکەیت یان هەر شتێک، ئەگەر متمانەت بە خۆت و لێهاتووییەکانت هەبێت دەستپێکردن و خۆ لە قەرەی شتی نوێ دان زۆر ئاسانتر دەبێت بۆت.
- خۆڕاگری: هەبوونی بڕوا بە خۆ دەتوانێت ئاستی خۆڕاگری و بەهێزبوونت بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی کە پاش تووشبوونی گرفت و ئاڵۆزییەکانی ژیان خێراتر بگەڕێیتەوە دۆخی ئاسایی.
پەراوێز:
- سەرچاوە: پەیمانگای نیشتمانیی دەرووندرووستیی ئەمەریکا
- ڕێزگرتن-لەخۆ (Self-esteem)
- وێنەی جەستە (Body Image)
- خۆدواندن (Self-talk)
- دڵسۆزی-بەرانبەر-خود (Self-compassion)
- گومانبەخۆ (Self-doubt)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.