دەرووندرووستی زاراوەیەکە بۆ ڕاڤەکردنی ئاستی سەلامەتیی سۆزداری و دەروونی و کۆمەڵایەتی. مەزەندەکردنی ئاستی کوالیتیی دەرووندرووستیی کەسێک زۆربەی جار بەپێی ئەوە دەبێت کە ئاخۆ چەندە دەتوانێت بە شێوازێکی خۆگونجێن هۆکارەکان و سەرچاوەکانی سترێس لە ژیانی ڕۆژانەیدا کۆنترۆڵ بکات.
دەرووندرووستی وا دەکات مرۆڤ بتوانێت لە بەهرەکانی کەڵک بگرێت، بەرهەمهێنەر و بڕیاردەر بێت و لە پەیوەندی و ئەو کۆمەڵانەی تێیاندا بەشدارە، دەورێکی چالاکی هەبێت.
زۆر جار ئاستێکی لاواز لە دەرووندرووستی لەگەڵ تووشبوون بە نەخۆشییەکی دەروونی بە هەڵە تێکەڵ دەکرێن. بەڵام دەرووندرووستی ئاماژە دەکات بە ئاستی سەلامەتیی دەروونی کەسێک، چ ئەو کەسە نەخۆشییەکی دەروونی هەبێت یاخود نا.
مێژووی دەرووندرووستی
وتارێکی گۆڤاری (وۆرڵد سایکیاتری) دەڵێت کە دەرووندرووستی لە ساڵی 1946 و لە (کۆنفرانسی تەندرووستیی نێونەتەوەیی)دا بە فەرمی وەکوو لقێکی زانستیی تایبەتی دەرکەوت.
لەم کۆنفرانسەدا بوو کە ڕێکخراوەی تەندرووستیی جیهانی (WHO) دامەزرا. بەپێی بنەماکانی (WHO)، (سەلامەتی)ـی دەروونی بەشێکی بنەڕەتیی کۆی گشتی تەندرووستییە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە هیچ نەخۆشییەکی دەروونیشی نەبێت.
پێش (دەرووندرووستی)1، لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا زاراوەی (پاکژیی دەروونی2) بەکار دەهێنرا بۆ ئاماژەکردن بۆ ئەو کاریگەرییەی کە پرۆسە زەینییەکان لەسەر کۆی تەندرووستی هەیانە.
لە ساڵی 1908 لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بزووتنەوەیەکی پاکژیی دەروونی پێک هێنرا. ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە پاڵپشتی لەو کەسانە بوو کە تووشی گرفت و نەخۆشیی دەروونی بوون بەجۆرێک کە بە شێوازێکی مرۆییانەتر لەگەڵیان مامەڵە بکرێت، چونکە لە مێژوودا نەخۆشانی دەروونی ئازار دەدران، پشتگوێ دەخران و وەکوو پێویست چاوەدێری نەدەکران.
ئەگەرچی ڕوانینی نەرێنی سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان ئێستاش لەنێو کۆمەڵگادا هەر ماوە، بەڵام خەڵکانێکی هەرە زۆرتر لەوە تێگەیشتوون کە بۆ پاراستنی دۆخی دەرووندرووستیان، وەرگرتنی چارەسەریی دەروونی شتێکی گرینگە، ئێستا چ خۆیان نەخۆشیی دەروونیان هەبێت یان نا.
هەروەها ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە دەریان خستووە کە دەرووندرووستییەکی باش گرێدراوی ژیانێکی کوالیتی-بەرزە، بریتی لە هەبوونی ئاستێکی بەرزتر لە بەرهەمهێنان، هەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی چڕوپڕتر، وەرگرتنی ئاستێکی بەرزتر لە پەروەردە و هەبوونی پەیوەندیگەلێکی باشتر.
تایبەتمەندییەکان
دەرووندرووستی سەرەڕای بابەتی سەلامەتیی سۆزداری ئاماژە بەوەش دەکات کە خەڵکی چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن هەڵسوکەوت دەکەن. چەندان فاکتەری جۆراوجۆر هەن کە کاریگەری لەسەر دەرووندرووستی دادەنێن.
ڕەزامەندی لە ژیان
تەوانایی کەسێک بۆ چێژبینین لە ژیان زۆر جار وەکوو دەرخەرێکی ئاستی دەرووندرووستی و سەلامەتی بەکار دەبردرێت. زۆربەی جار وەکوو ئاستی چێژبینینی کەسێک لە گرینگترین لایەنەکانی ژیانی مانا دەکرێتەوە.
هەندێک لەو فاکتەرانەی کە دەورێکی گرینگیان لە هەبوونی (ڕەزامەندی لە ژیان)ـدا هەیە بریتین لە نەبوونی نەخۆشی، هەبوونی پەیوەندیگەلێکی باش، هەبوونی ئینتیما (یان پەیوەستبوون)، چالاکبوون لەسەر ئیش و لە کاتی بێئیشیدا، هەستی شانازی و سەرکەوتن، تێگەیشتنێکی ئەرێنی لە خود، هەستی سەربەخۆیی و هەبوونی هیوا.
سەرهەڵدانەوە
بە توانای چاکبوونەوە و بەهێزبوونەوە لەپاش کارەسات و نەهامەتییەکان دەگوترێت سەرهەڵدانەوە3. ئەوانەی توانای سەرهەڵدانەوەیان هەیە هەروەها ڕوانینێکی ئەرێنیشیان سەبارەت بە هێز و تواناکانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵنگارییەکاندا هەیە و هەر کات پێویست بکات داوای یارمەتی لە بنەماڵە و هاوڕێکانیان دەکەن. ئەوانەی کە توانای سەرهەڵدانەوەیان زۆرترە، نەک هەر لە بەرەنگاربوونەوەی سترێسەکاندا باشترن، لەم کاتانەدا بەهێزتریش دەبن.
پاڵپشتی
پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی گرینگە بۆ هەبوونی دەرووندرووستییەکی باش. تەنیایی پەیوەندی بە کێشە تەندرووستی و هەم دەرووندرووستییەکانەوە هەیە، لەوانە: نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، خەمۆکی، کێشەی یادگە، بەکارهێنانی کحوول و مادە هۆشبەرەکان، گۆڕان لە کرداری مێشک.
دابەزینی ئاستی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی نێو ژیان وەکوو ڕۆیشتنە کۆلێج، تووشبوونی گرفتی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی ئیش یان تەڵاق دەتوانن کاریگەرییەکی نەرێنیان لەسەر دەرووندرووستی هەبێت.
خۆشبەختانە، توێژینەوەکان دەڵێن کە، لە بابەتی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتیدا، ئەوەی گرینگتر بێت ژمارەی پەیوەندییەکان نییە بەڵکوو چۆنێتی پەیوەندییەکانە، واتە چۆنێتی لە چەندێتی گرینگترە.
گونجان
هەبوونی چاوەڕوانیی نەگۆڕ هەندێک جار دەکرێت سترێسێکی زیادە درووست بکات. لەوانەیە گونجانی عاتیفی بەقەد گونجانی مەعریفی گرینگ بێت. ئەوانەی لە بواری دەروونییەوە تەندرووستن، هەست بە سۆزی جۆراوجۆر دەکەن و ڕێگە بە خۆیان دەدەن ئەم هەستانەیان دەرببڕن. بڕێک لە خەڵک، بەر بە هەندێک لە هەستەکانیان دەگرن چونکە بە نەشیاویان دەزانن.
نەبوونی گونجانی سایکۆلۆژی پەیوەندی هەیە بە هەندێک لە زانستەکانی نەخۆشییە دەروونییەکانەوە و توێژینەوەکان دەڵێن کە ئاستێکی بەرزتر لە گونجان پەیوەستە بە هاوسەنگییەکی باشتر و خۆڕاگرییەکی زۆرتر لە ژیاندا.
ئاڵنگارییەکانی بەرانبەر دەرووندرووستی
بەپێی ڕێکخراوی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان (NAMI) هەموو ساڵێک، بە نێزیکەیی، لە پێنج گەورەساڵی ئەمەریکی یەک کەسیان تووشی گرفتێکی دەرووندرووستی دەبێت. هەندێک فاکتەر هەن کە دەکرێت ئەگەری ئەزموونکردنی ئاستێکی لاواز لە دەرووندرووستی بەرز بکەنەوە.
هەڵاواردن
ئەوەی کە لەبەر تایبەتمەندییە کەسییەکان وەکوو تەمەن، ڕەگەز (نەژاد)، نەتەوە، کەمئەندامی، ئاڕاستەی سێکسی، یان ناسنامەی ڕەگەزی (جێندەر)ـەوە نادادوەرانە هەڵسووکەوتت لەگەڵ بکرێت، پەیوەستە بە پەرەسەندنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە.
تووشبوونی ترۆما
ترۆما پەیوەستە بە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، گۆڕانی جەو (زۆربوونی تووڕەیی و هەڵچوون)، هەستی بێهیوایی و نارێکیی پەشێویی پاش-کارەسات (PTSD).
مێژووی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بنەماڵەدا
توێژینەوەکان پێشانی داوە بڕێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان بنەماڵەیین، وەکوو ناڕێکیی فرەجووڵەیی کەمتەرکیز (ADHD)، ناڕێکیی دووجەمسەری، ناڕێکیی خەمۆکیی گەورە (MDD) و سکیزۆفرینیا.
کەمدەرامەتی
کەمدەرامەتی پەیوەندی هەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی پەستانی دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. کەمدەرامەتی هەروەها دەکرێت هۆکار بێت بۆ ئەوەی کە کەسێک دەستی نەگات بە خزمەتگوزارییە دەرووندرووستییە پێویستەکان.
نەخۆشیی جەستەیی
نەخۆشییەکان بەتایبەت نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە نەخۆشەکە ناچار دەکەن ژیانی لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت، دەکرێت پەشێوییەکی دەروونی (بەتایبەت خەمۆکی) لێ بکەوێتەوە.
بەردەستنەبوونی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان
دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان پەیوەندی هەیە لەگەڵ دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی تەندرووستی لە درێژخایەندا. بەهەرحاڵ، کاتێک خەڵک دەستیان ناگاتە خزمەتگوزارییە تەندرووستییە پێویستەکان، لەوانەیە دۆخی دەروونی یان جەستەییان تووشی کێشە ببێت.
ئاستێکی نزمی ڕێزگرتن لە خۆ
ئەوەی کە ئاستێکی نزم لە ڕێزگرتن لە خۆت هەبێت، زۆربەی جار بەو مانایەیە کە خۆت بە شایەنی دڵخۆشی و هەبوونی پەیوەندیگەلێکی پۆزەتیڤ نازانیت. ئەوانەی ئاستێکی نزم لە ڕێزگرتن لە خۆیان هەیە، هەڕەشەی تووشبوون بە ناڕێکیی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، دڵەڕاوکێ و خەمۆکییان زۆرترە.
ئاستێکی نزمی لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکان
ئاستێکی نزمی لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەستە لەگەڵ تەنیایی و بەرزبوونەوەی ئاستی پەستانی دەروونی و هەروەها تووشبوون بە کێشە و گرفتی تەندرووستیی جەستەیی.
نایەکسانیی کۆمەڵایەتی
دەستنەگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان لە کۆمەڵگادا بەهۆی تایبەتمەندییە کەسییەکانەوە، وەکوو تەمەن، جێندەر، ئایین، ڕەگەز، هەبوونی پێداویستی تایبەت و هتد، دەکرێت ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی بەرز بکاتەوە.
بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان پەیوەستە بە ڕێژەیەکی بەرز لە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و خەوزڕانەوە.
کاریگەریی دەرووندرووستی
دۆخی دەرووندرووستی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کوالیتیی ژیان هەیە. پاراستنی دەرووندرووستیت وا دەکات بتوانیت شت پێشکەش بە کۆمەڵەکەت بکەیت، بەرەنگاری پەستانی دەروونی ببیتەوە، پەیوەندی کوالیتی-بەرزت هەبێت و تەندرووستیت بپارێزیت.
دەرووندرووستی دەکرێت یارمەتیدەر بێت تاکوو لە هەموو بوارێکی ژیانتدا بەرەو پێشکەوتن و ئەوپەڕی تواناکانت هەنگاو بنێیت. دەرووندرووستییەکی باش هەروەها گرێدراوە بە ئاستێکی بەرزی تەندرووستیش. توێژینەوەکان پێشانی داوە کە ئاستێکی بەرزی دەرووندرووستی دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەم بکاتەوە.
بەپێچەوانەشەوە، ئاستێکی نزم لە دەرووندرووستی، گرێدراوە بە کێشەگەلێکەوە وەکوو سترێسی زۆر، گرفتی نووستن، جگەرەکێشان و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان. ئەگەر دەرووندرووستیت تووشی کێشە ببێت، لەوانەیە خێراتر هەست بە بەزین و شپرزەبوون بکەیت، لە پەیوەندییەکانتدا کێشە درووست ببێت و ئاستی ڕێزگرتن لە خۆت داببەزێت.
چۆن دەرووندرووستیی خۆت بپارێزیت
بەپێی وەزارەتی تەندرووستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانـی ئەمەریکا، هەندێک لە ڕێگاکانی گەشەکردن و پاراستنی دەرووندرووستی بریتین لەمانەی خوارەوە:
ڕاهێنانی جەستەیی
ڕاهێنانی جەستەیی دەتوانێت لە ئاستی سترێس کەم بکاتەوە و تەنانەت دۆخی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی باشتر بکات. ئاستی هۆڕمۆنەکانی سترێس لە جەستەدا دادەبەزێنێت و ئاستی هۆڕمۆنی ئەندۆرفین بەرز دەکاتەوە کە کۆنترۆڵی جەو و هەستکردن بە تەندرووستی باشتر دەکات.
پێویستیش ناکات ڕاهێنانەکانت قورس بن. 20 خولەک پیاسە بکە و خۆت ببینە چەندە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاسوودەییی دەروونیت هەبێت.
خەوی پێویست
بەقەد پێویست نەخەوتن دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی دەرووندرووستی و پەشێویی دەروونی درووست بکات بەتایبەت لەو کەسانەیدا کە نەخۆشی دەروونییان هەیە. ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ دەرمانی خەو دەلێت کە دەبێت هەموو شەوێک لانیکەم هەفت کاتژمێر بخەویت.
نەخۆشی و گرفتە دەروونییەکان دەتوانن شێواز و بڕی خەو تووشی کێشەیەکی گەورە بکەنەوە، بەڵام ڕێکارگەلێک هەن بۆ باشترکردنی دۆخی خەوتنت.
هەوڵ بدە خەوتنەکانت لەسەر بەرنامەیەکی نەگۆڕ ڕێک بخەیت (هەموو شەوێک لە یەک کاتدا بخەویت و بەیانیانیش لە یەک کاتدا لە خەو هەڵسیت)، پێش خەوتن واز لەو شتانە بێنیت کە سەرنجت دەڕەوێننەوە؛ وەکوو مۆبایل. بەدرێژایی ڕۆژیش هەندێک ڕاهێنانت هەبێت. ئەگەر کەمبوونی خەو بووەتە هۆی تووشبوونی پەشێویی دەروونی، لەگەڵ پزیشکێکی پسپۆڕدا ڕاوێژ بکە.
یارمەتی کەسانی دیکە بدە
توێژینەوەیک پێشانی داوە کە خووی یارمەتیدان و شێوازەکانی دیکەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرێدراوە بە دابەزینی سترێس و تەنانەت تەمەندرێژیشەوە.
هەوڵ بدە بۆ یارمەتیدان بە کەسانی دەوروبەرت دەستپێشخەر بیت و تەنانەت ئامادە بیت بۆ یارمەتیدان بەوانەش کە ناسیاوت نین و پێویستیان بە یارمەتییە. میهرەبانی و چاکەیەکی بچووک بەرانبەر خەڵکی، وا دەکات هەم خۆت و هەم وەرگری ئەو بەخششەت دڵخۆش ببن و جەو و دەرووندرووستیتان باشتر ببێت.
فێربوونی بەرەنگاربوونەوە
فێربوونی ڕێکارە تەندرووستەکانی کۆنترۆڵکردنی سترێس دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر باشتربوونی دەرووندرووستیدا هەبێت.
هەندێک لە ڕێکارە بەرهەمدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە بریتین لە وەرگرتنی پاڵپشتیی سۆزداری لەلایەن خۆشەویستەکانتەوە، دۆزینەوەی بزە و پێکەنین لە ژیانی ڕۆژانەتدا و هەنگاونان بۆ باشترکردنی دۆخی خۆت. دواجار دەبێت بیدۆزیتەوە کە چ شتێک بۆ تۆ گونجاوترە.
لە چارەسەریی ڕەفتاری و مەعریفیـدا (CBT) چارەسەرکارەکە لەگەڵ نەخۆشەکەدا هەوڵ دەدات تاکوو باشترین ڕێکار و توانای بەرەنگاربوونەوە بۆ ئەو دۆخە تایبەتەی نەخۆشەکە بدۆزێتەوە.
پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکیدا بپارێزە
پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ئاستی سترێسـمان دابەزێنیت، نیشانەکانی خەمۆکی کاڵ بکاتەوە و تەنانەت سوود بە تەندرووستی جەستەییمان بگەیەنێت.
توێژینەوەکان پێشانی داوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بوارەکانی تەندرووستی وەکوو شێرپەنجە، کۆنترۆڵکردنی کێش، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنـدا هەیە.
هەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە شێوازێکی، وەکوو چارەسەریی بەکۆمەڵ، دەتوانێت سوودێکی تایبەتی بۆت هەبێت ئەگەر تووشی نەخۆشییەکی دەرووندرووستیی تایبەت وەکوو نارێکیی پەشێویی پاش-کارەسات یان ناڕێکیی خواردن بیت.
ڕوانینێکی ئەرێنیت هەبێت
گەشبینی و بیرکردنەوەی ئەرێنی لە ژیانی ڕۆژانەدا سوودێکی زۆری بۆ سەلامەتیت هەیە.
لە توێژینەویەکدا، بە بەشداریی کۆمەڵێک تووشبووی (ناڕێکیی دڵەڕاوکێی گشتاندن)، دەرکەوت کە ئەو بەشداربووانەی هەوڵیان دابوو لەجیاتی بیرە نەرێنییەکان، بیر لە دەرەنجامی ئەرێنی بکەنەوە و بیری ئەرێنی بنێنە جێی بیرە نەرێنییەکانیان، بەراورد بەوانەی بیریان لە دەرەنجامی ئەرێنی نەکردبووەوە، بە تێپەڕینی کات کەمتر هەستیان بە دڵەڕاوکێ کردبوو.
پەراوێز:
- دەرووندرووستی (Mental Health)
- پاکژیی دەروونی (Mental Hygiene)
- سەرهەڵدانەوە (Resilience)
بابەتی پێشتر
سەرجاوەکان کوا تکایە
لە بەشی کۆتاییی بابەتەکەدایە
[…] دەربارەی کاریگەریی (پەیوەندییە لاوازەکان) لەسەر دەرووندرووستیمان زەق […]