هەڵبژاردن لەنێوان مۆبایل و کتێبدا
تیکتۆک ڕێگە دەدات ڤیدیۆی تاکوو 10 خولەک بڵاو بکەیتەوە، بەڵام ڕووپێوییەکان دەری خستووە کە نێزیک بە نیوەی بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە بە دیتنی هەر شتێکی زۆرتر لە یەک خولەک تووشی سترێس دەبن. ڤیدیۆیەکی ئینستاگرام دەکرێت تاکوو 90 چرکە بێت، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە کە ئەوپەڕی ماوەیەک کە زۆرترین سەرنج لە خۆ بگرێت کەمترە لە 15 چرکە. تویتەر لە 2017ـدا قەبارەی تویتەکانی بۆ 280 پیت زیاد کرد بەڵام بەگشتی قەبارەی تویتەکانی خەڵک دەوروبەر 33 پیتە.
نوقمبوون لەنێو بابەتی کورت و سەرنجڕاکێشدا شتێکی ئاسانە. بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە (مەودای سەرنج) و پێویستە ئاگادار بیت. بەڵگەی قایم هەیە کە داواکارییەکی زۆر لەسەر سەرنجدان دەبێتە هۆی درووستبوونی دڵەڕاوکێ، ئەوەش کە بەراوردکردنە کۆمەڵایەتییەکان وا دەکەن هەستێکی خراپمان سەبارەت بە خۆمان هەبێت.
(مەودای سەرنج1) ئەو ماوەیەیە کە تەرکیز دەکەیتە سەر ئیشێک پێش ئەوەی کە سەرنجت بڕەوێتەوە.
بۆ دەرووندرووستییەکی باشتر، کتێب بخوێنەوە.
توێژینەوەکان کۆمەڵێک قازانجی دەروونییان لە کتێب-خوێندنەوەدا بینیوەتەوە. چیرۆک لە ڕێگای سەیرکردنی جیهان لە چاوی کەسایەتییەکی نێو چیرۆکەکەوە، وا دەکات کە هێز و توانت بۆ هاوسۆزی پەرە بستێنێت. دەرکەوتووە کە کتێب دەتوانێت بەقەد یۆگا لە ئاستی دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە. وەکوو ڕێگایەک بۆ چارەسەری خەمۆکی پێشنیاز دەکرێت – چارەسەرییەک کە پێی دەگوترێت (چارەسەری بە کتێب).
(چارەسەری بە کتێب2) واتە بەکارهێنانی خوێندنەوە و نووسین بۆ مەبەستی باشترکردنی دەرووندرووستی، گەشەپێدانی و پاڵپشتی دەروونی.
کتێب-خوێندنەوە هەروەها ڕێگایەکی بەهێزی درووستکردنی زانینخوازییە – تایبەتمەندییەک کە زۆر نرخی بۆ دادەنرێت لەلایەن خاوەنکارە مەزنەکان وەکوو گووگڵەوە. توێژینەوەکەمان پێشانی داوە کە چەندە مەراق بۆ زانست گرێدراوی زانینخوازییە، خوێندنەوەش هەر ئەوەندە، هەروەها ئەم پەیوەندییە لە خوێندنەوەدا، زۆر بەهێزترە لە ئەوەی توانای بیرکاری.
ئینجا هەر ئەوەش نییە کە مێشکە زانینخوازەکان زۆرتر حەزیان لە خوێندنەوە بێت لەبەر ئەوەی کە تینووی زانست و تێگەیشتنن. ئەمەش ڕاستە، بەڵام توێژینەوەکەی ئێمە بەتایبەتی بۆ کۆڵینەوە لە ڕۆڵی خوێندنەوە بوو لە گەشەکردنی مێشکی زانینخوازدا.
شوێنگرتنی خوێندنەوە و زانینخوازی
زانیارییەکانی ئێمە لە شیکردنەوەی داتای ڕووپێوییەکانی (Longitudinal Surveys of Australian Youth)ـەوە وەرگیراون کە شوێنی پرۆسەی گەشەکردنی لاوانی تەمەن 15 بۆ 25 ساڵی ئوستورالیا دەگرێت.
ڕووپێوییە درێژمەوداکان بۆ ماوەیەکی درێژ ورد دەبنەوە لەسەر گەشەکردنی جەماوەرێک. ئەم شێوازە کۆڵینەوەیە لە ڕێگای سەرنجخستنەسەر هەمان خەڵکی دەستنیشانکراوەوە زانیارییەکی بەنرخ و قووڵ پێشکەش دەکەن. کە لەم کۆڵینەوەیەدا سەرنج خراوەتە سەر گرووپێکی دەورووبەر 10,000 لاو. بە درێژایی دە ساڵ، هەموو ساڵێک سەبارەت بە دەستکەوتەکانیان، ئاواتەکانیان، پەروەردە، دامەزران و ڕەزامەندیان لە ژیان پرسیاریان لێ دەکرێت.
داتا یان توێژینەوەی (درێژمەودا3) ئەو زانیارییانەیە سەبارەت بە تاک یان کۆمەڵێک کە بە درێژاییی ماوەیەکی دیاریکراو کۆ دەکرێنەوە.
لە 1998ـەوە پێنج ڕووپێوی ئەنجام دراوە کە دواینیان لە 2016ـدا دەستی پێ کردووە. شیکاریمان بۆ سیانیان کرد – ئەوانەی کە لە ساڵەکانی 2003 و 2006 و 2009ـوە دەستیان پێ کردبوو، سەیری داتاکانی تاکوو تەمەنی 20 ساڵیمان کرد، تەمەنێک کە زۆرینەی خەڵک ئیشێکیان هەیە یان بە دوای ئیشدا دەگەڕێن.
داتای ڕووپێوییەکە ئەوەندە دەوڵەمەندە کە بکرێت کەڵکیان لێ بگیرێت بۆ پێکهێنانی پێواندنێکی ناڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندی نێوان ئاستی زانینخوازی و خوێندنەوە. ئەم ڕووپێوییە بریتییە لە دەرەجەکانی بەشداربووان لە تێستەکانی (پرۆگرامی OECD بۆ مەزەندەکردنی خوێندکارە نێونەتەوەییەکان) لە بواری خوێندنەوە و بیرکاری و توانا زانستییەکاندا. ڕووپێوییەکە پرسیاری تێدایە سەبارەت بەوەی کە چەندە کات، بۆ مەبەستی چێژوەرگرتن، تەرخانی خوێندنەوە دەکرێت. هەروەها ماوەی خوێندنەوەی ڕۆژنامە یان گۆڤار و بەکارهێنانی کتێبخانە.
بۆ مەزەندەکردنی ئاستی زانینخوازی، وەڵامی بەشداربووانمان بەکار هێنا سەبارەت بە مەراقیان بۆ ئەمانەی خوارەوە:
- فێربوونی شتی نوێ
- بیرکردنەوە لەوەی کە بۆچی دونیا لەم دۆخەدایە کە دەیبینین
- تێگەیشتنێکی زۆرتر سەبارەت بەو شتانەی کە لێیان تێناگەیت
- تێگەیشتن لە بیرۆکەیەکی نوێ
- تێگەیشتن لەوەی کە شتێک چۆن ئیش دەکات
لە مۆدێلسازیی ئاماری کەڵمان گرت بۆ کۆنترۆڵی گۆڕاوە ژینگەیی و دیمۆگرافییەکان و ناسینەوەی کاریگەرییەکانی چالاکیی خوێندنەوە وەکوو هەرزەکارێک لەسەر زانینخوازییەکی زۆرتر وەکوو لاوێکی تازەپێگەیشتوو. ئەم مۆدێلسازییە دڵنیای کردینەوە کە خوێندنەوە و زانینخوازی بەس گرێدراوی یەکدی نین، بەڵکوو خوێندنەوەی کتێب یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێکهێنانی زانینخوازی.
سووڕانەوە لەنێو ئنتەرنێت و مۆبایلدا
ئاخۆ ئەمە واتە ئەگەر تەمەنت زۆرتر بێت ئیدی درەنگە بۆ ئەوەی دەست بکەیت بە خوێندنەوە؟ نا. ئەنجامەکانمان سەبارەت بە گەنجانە چونکە داتاکان لەسەر ئەوان بەردەست بوون. گرینگ نییە لە چ تەمەنێکدا بیت، کتێب-خوێندنەوەیەکی قووڵ زۆر بەسوودترە لە گەڕان بەنێو سۆشیال میدیادا.
ئەو دەردانە کورتخایەنەی دۆپامین کە لە کاتی سەرقاڵبوون بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا ڕوو دەدات، فێڵمان لێ دەکات. لەجیاتی ئەوەی دڵخۆشمان بکات، کاسمان دەکات. (سیستەمی لیمبیک) لە مێشکماندا – ئەو بەشەی مێشک کە پەیوەندی هەیە بە کاردانەوە سۆزداری و ڕەفتارییەکانەوە – لە بازنەیەکی داخوازی بۆ چێژوەرگرتندا گیر دەخوات.
توێژینەوەکان پەیوەندییەکی قووڵیان لەنێوان فرەکرداری (ئەوەی کە بۆ نموونە لەگەڵ ئەنجامدانی ئیشێکدا هاوکات سەرقاڵی ئامێرێکی دیجیتاڵی بیت) و گرفتەکانی تەرکیزکردن بەهۆی بارگرانیی مەعریفییەوە بینیوەتەوە. ئەم کاریگەرییە لەنێوان لاوەکاندا زۆر بەرچاوترە کە بە درێژایی گەورەبوونیان بەرکەوتنێکی لەڕادەبەدریان لەگەڵ سۆشیال میدیاکاندا هەبووە.
(بارگرانیی مەعریفی4) دۆخێکی شەکەتبوونی دەروونییە و کاتێک ڕوو دەدات کە ئەو داواکارییانەی دەخرێنە سەر یادگەی ئیشکەر زۆرتر بێت لە تواناکەی.
(جۆناتان هایدت)، دەروونناسێکی کۆمەڵایەتیی ئەمەریکی، یەکێکە لەو توێژەرانەی کە هۆشداری دەدات سەبارەت بەوەی کە زۆر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دابەزینی ئاستی دەرووندرووستیی لاوەکچان:
کوڕانیش ئەم کێشەیەیان هەیە بەڵام ڕێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە کوڕاندا ئەوەندەی کچان بەرز نییە و ئەم بەرزبوونەوەیەش لە ساڵی 2011ـەوە لە کوڕاندا کەمتر بووە.
ئەم “هۆکارە گەورە و بەرچاو و نێونەتەوەیی و ڕەگەزییە” چییە؟ (هایدت) دەڵێت:
ئینستاگرام لە 2010ـدا درووست کرا. ئایفۆن 4ـیش، وەکوو یەکەم مۆبایلێکی زیرەک کە کامێرای پێشەوەی هەبێت، هەر ئەوسا بڵاو بووەوە. لە 2012ـدا فەیسبووک ئینستاگرامی کڕی و ئیدی لەو ساڵەدا بەکارهێنەرانی ئینستاگرام بەیەکجاری زیادی کرد. بۆ ساڵی 2015 وردەوردە ئاسایی دەبووەوە کە کچانی 12 ساڵان ڕۆژانە چەندین کاتژمێر تەرخان بکەن بۆ گرتنی وێنەی سێلفی، ئێدیتکردنی وێنەکان و بڵاوکردنەوەیان بۆ دۆست و دوژمن و ئاشنا و بێگانە تاکوو کۆمنتی لەسەر بکەن. هەروەها چەندین کاتژمێر لە ڕۆژدا خەریکی سەیرکردنی وێنەی کچانی دیکە و ژنە دەوڵەمەند و ناودارەکان بن کە ژیان و جەستەیەکی (بە ڕواڵەت) یەکجار چاوڕفێنیان هەیە.
لە 2020ـدا (هایدت) توێژینەوەیەکی بڵاو کردەوە کە پێشانی دەدا کچان لاوازترن بەرانبەر (ترسی بێبەشبوون) و ئەو ڕق و تووڕەییەی کە سۆشیال میدیا زەقی دەکاتەوە. لە ئەوساوە تەنانەت زۆرتر دڵنیا بووەتەوە لە هەبوونی ئەم پەیوەندییە.
سۆشیال میدیا، بە ئەنقەست، ئالوودەکەرە.
بۆ نموونە لە (تیکتۆک)ـدا ڤیدیۆکان خۆکار دەستپێ دەکەن بەپێی ئەو شتانەی کە ئالگۆرتیمەکە لەسەرت دەیزانێت. بەڵام ئەوە نییە کە تەنیا حەزەکانت بەرچاو بگرێت و بیر و بۆچوونێک بخاتە بەرچاوت کە جەخت لەسەر ڕوانین و لایەنگرییەکانت بکاتەوە. بابەتەکانیش دەگۆڕێت، بۆیە نازانیت ئاخۆ ڤیدیۆی دواتر چی دەبێت. ئەمە هەر هەمان فێڵە کە قومارچییەکان ئالوودەی قومارکردن دەکات.
هەندێک ڕێنوێنی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو کتێبەکان
ئەگەر هەڵبژاردن لەنێوان مۆبایل و کتێبدا زەحمەتە بۆت، ئەمەی خوارەوە ڕێکارێکی ساکارە کە لەلایەن (زانستی هەڵسووکەوت)ـەوە سەلمێندراوە. گۆڕینی دەوروبەرت یارمەتیدەر دەبێت بۆ بۆ گۆڕینی هەڵسووکەتەکانت.
ئەمەی خوارەوە تاقی بکەوە:
- هەمیشە با کتێبێکت لەگەڵ بێت یان لە هەموو شوێنێکی ماڵەکەتدا کتێب دابنێ با بەردەست بن.
- ڕۆژانە ماوەیەک دابنێ بۆ خوێندنەوە. 20 خولەک بەسە. ئەمە خووگرتنت بە خوێندنەوە بەهێزتر دەکات و نوقمبوونت لە جیهانی کتێبدا مسۆگەر دەکات.
- ئەگەر لە کتێبێک چێژ وەرناگریت، کتێبێکی تر بێنە. زۆر لە خۆت مەکە.
وردەوردە خوو دەگریتەوە بە کتێبخوێندەوە و هەستێکی خۆشت دەداتێ و ئیدی ئامادە بە لە داهاتوودا خاوەنکارێک پرسیارت لێ بکات کە خەریکی خوێندنەوەی چ کتێبێکیت.
پەراوێز:
- مەودای سەرنج (Attention Span)
- چارەسەری بە کتێب (Bibliotherapy)
- درێژمەودا (Longitudinal)
- بارگرانیی مەعریفی (Cognitive Overload)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.