هەموومان لە ژیانماندا شتێکمان کردووە کە لەو ساتەدا درووست هاتبێتە پێش چاو بەڵام دواجار دەرکەوتبێت کە تەواو هەڵە بووە. ئەوسا ترسی داننان بە هەڵەکەمان دێتە ئاراوە. بۆچی ئەمەیان ئەوەندە قورسە؟ قەت نامانەوێت ئەو کەسە بین کە هەڵەکەی کردووە، تووشی نائارمی و گینگڵی ببین و بە سەرشۆڕییەوە داوای لێبوردن بکەین. دەروونناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە فێربوونی مامەڵەکردن لەگەڵ داننان بە هەڵەکاندا زۆر گرینگە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان و گەشەی تاک.
دەکرێت چ کاردانەوەیەکمان بەرانبەر هەڵەکان هەبێت؟
سەرەتا دەبێت لێی ئاگادار ببیتەوە. لەوانەیە بینیبێتتان کە هەندێک خەڵک بەشی ئەوەندە (خۆ-ئاگایی1)ـیان نییە کە تێبگەن دڵی کەسێکیان ئێشاندووە یان بەهەڵە لە دۆخێک تێگەیشتوون.
بەربەستێکی دیکەی بەرانبەر داننان بە هەڵەکاندا ئەوەیە کە کاتێک (وێنەی-خود) بکەوێتە مەترسییەوە، کاتێک لەوە بترسن لاواز یان بێدەرەتان دەربکەون، خەڵکی بەگشتی لەسەر بابەتەکە پێداگرتر دەبن.
(وێنەی-خود / Self-Image): شێوازی بیرکردنەوە و بۆچوونی کەسێک سەبارەت بە کەسایەتی خۆی، دەستکەوتەکانی و ئەو پێگەیەی کە لە کۆمەڵگادا هەیەتی.
(جەختکردنەوە لایەنگرانە)ـکەیان لەوانەیە وا بکات لەڕادەبەدەر بیانەوێت قەرەبووی شتەکان بکەنەوە و بەم جۆرە گرفتی تر درووست بکەن، نکۆڵی لە هەڵەکانیان بکەن و بەس ئەو بەڵگانە ببینن کە پشتگیری لە بۆچوونەکانی خۆیان دەکات.
(جەختکردنەوەی لایەنگرانە / Confirmation Bias) ئەوەی کە دەتەوێت بەو زانیارییانەدا بچیتەوە و بۆ ئەو زانیارییانە بگەڕێیت کە لەگەڵ بۆچوونەکانتدا تەبان.
ئەوەی دواتر ڕوو دەدات (نەسازانی مەعریفی)ـیە. ئەمە گوشارێکی سایکۆلۆژییە کە دەکەوێتە سەر ئەو کەسەی کە ڕووبەڕووی دوو بۆچوون یان بڕوای دژبەیەک دەبێتەوە. تووشی ئاژاوە و پەشێوی دەبن کاتێک دەبینن ڕوانین و بەهاکانیان ڕووبەڕووی کرداری پێچەوانە و ناکۆک بوونەتەوە. با بڵێین ڕۆژێک بەتەواوی هیوات بە پارتێکی سیاسی بووە و لەسەری پێداگر بوویت و کەچی دواتر بەڕوونی بۆت دەردەکەوێت کە ئەوەیان هەڵەیەکی زەق بووە. ئەگەرچی بەگشتی سیاسەتوانەکان هەر پەن دەدەن، بەڵام لەوانەیە تەواو تووشی بێهیوایی ببیت و دڵتەنگت بکات. یان ئەوەی کە سەبارەت بە بابەتێک لەگەڵ هاوژینەکەت ببێتە مشتومڕتان کە ئەو ڕوانینێکی زۆر ڕوونتری بۆ شتەکە هەیە. ئیدی بۆ چارەسەرکردنی شتەکە لەوانەیە پێداگری بکەیت و دان بە ڕاستییەکەدا نەنێیت و دەست بکەیتە پاساوهێنانەوە.
(نەسازانی مەعریفی / Cognitive Dissonance) کاتێک ڕوو دەدات کە هەڵسووکەوتەکان و بڕواکانی کەسێک یەک ناگرنەوە یان کاتێک کە دوو بڕوای دژ بە یەکی هەبێت.
(کارۆل تاڤریس)، دەروونناسێکی کۆمەڵایەتی، لە وتووێژێک لەگەڵ (نیویۆرک تایمز)ـدا دەڵێت کە کێشەکە کاتێک درووست دەبێت کە هەستمان سەبارەت بە خۆمان ڕووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە.
(نەسازانی مەعریفی) هەستێکە و لەو کاتانەدا درووست دەبێت کە (وێنای-خود)مان — وەکوو من زیرەکم، من میهرەبانم، دڵنیام کە ئەم بۆچوونەم ڕاستە — ڕووبەڕووی بەڵگەیەک دەبێتەوە کە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت و پێشانی دەدات شتێکمان کردووە کە زیرەکانە نەبووە، شتێکمان کردووە کەسێکی ئازار داوە، یان ئەو بۆچوونەمان ڕاست نییە.
(وێنای-خود / Self-concept) یان (شووناسی خود / Self-identity) کۆمەڵێک بۆچوون و بیروڕایە کە سەبارەت بە خۆمان هەمانە. بەگشتی ئەو وێنایەی لە مێشکماندا هەمانە سەبارەت بە خۆمان و ئەوەی کە کێین و چ توانایەکمان هەیە.
چۆن لە ئاستی نەسازانی مەعریفی کەم بکەینەوە؟
سەرەتا پێویستە کە وێنا و بۆچوونت سەبارەت بە خۆت بگۆڕیت، بۆ دەستپێک هەوڵ بدە دەست بەو بەڵگانەوە بگریت کە بەردەستن، یان ئەوەی کە پاساو بهێنەوە بۆ هەڵەکانت! هەموومان دەزانین کە دەمانەوێت کامە ڕێکار بگرینە بەر. فێربوونی ڕێکخستنی ئەو نەسازانە دەکرێت تەواو ئازاربەخش بێت بۆ نەفسمان (ئیگۆ).
لە دیمانەیەک لەگەڵ (ئن بی سی نیووز)ـدا، دوکتۆر (سەنەم حافیز)، (دەروونناسێکی دەماری2)، نەفسی وەکوو (هەستێک لە ڕێزگرتن-لە-خۆ3 یان خۆ-بە-گرینگ-زانین) مانا کردەوە. ئینجا نەفس دەیەوێت براوە بێت و بەلایەوە گرینگ نییە لەنێو چ مشتومڕێکدایە.
(خۆ بە گرینگ زانین / Self-importance): هەستێکی لەڕادەبەدەر سەبارەت بە نرخ و گرینگی خۆت. ئەوەی کە لەڕادەبەەر خۆت بە گرینگ بزانیت.
کۆنترۆڵی نەفس تا ئاستێک پەرە دەستێنێت کە پسپۆڕان پێی دەڵێن (بەرهەڵستی دەروونی4) – کەمتر کەس حەزی لێ بێت پێی بڵێن چی بکات. (جەین پەرمۆتۆ ئەهرمان) چارەسازێکی (تەندرووستیی ڕەفتاری) دەڵێت:
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەرگری لەنێو کەلتوور و مێشکماندا دەچەسپێت. هەموو کەسێک جۆرێک لە یاخیبوونێکی لە ناخدا هەیە کە پێی خۆشە پرسیار لەو شتانە بکات کە پێی دەگوترێت یان پێچەوانەی ئەو شتە ئەنجام بدات.
(تەندرووستیی ڕەفتاری / Behavioral Health) بریتییە لەو هەست و ڕەفتارانەی کە کار دەکەنە سەر کۆی گشتیی تەندرووستیت.
لە لایەکی دیکەوە، پێداگری لەسەر کەللـەڕەقبوونت دەکرێت هەستێکی خۆشی هەبێت. بەپێی توێژینەوەیکی ساڵی 2012 خۆلادان لە داوای-لێبوردن-کردن دەتوانێت هەستی (ڕێزگرتن لە خۆ) بەرز بکاتەوە و ببێتە هۆی “زۆربوونەوەی هەستی دەسەڵات/کۆنترۆڵ و شکۆ.” ئەمەش دەکرێت بەهۆی ئەو ڕاستییەوە بێت کە داوای-لێبوردن-کردن هێزێکی زیاتر پێشکەشی ئەو کەسە دەکات کە داوای لێبوردنی لێ کراوە. بەهەرحاڵ، ئەم گەشانەوەی نەفسە دەکرێت کورتخایەن بێت و ببێتە هۆی ڕووخانی پەیوەندییەکانت و کاردانەوەی توندی لێ بکەوێتەوە.
هەروەها بەردەوام پێداگربوون لەسەر دژایەتی (پێوەرەکان5) و دژایەتیکردنی ئەو کەسانەی کە وا هەست دەکەیت خەریکن پێت دەڵێن کە چی بکەیت، دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ژیانت. (ئەهرمان) دەڵێت:
وەکوو کەسێکی پێگەیشتوو پێویستە کە تێبگەین چ کاتێک چالاکییەکانی ئەو ناخە یاخییەمان قازانجی بۆمان نابێت یان ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئازاردانی کەسانی دەورووبەرمان. کاتێک هەست بە ویستێکی بەهێز بۆ یاخیبوون و بەرهەڵستکاری دەکەین، زۆربەی جار ئەوە ئێمەین کە دەمانەوێت بەرگری لە نەفسی خۆمان بکەین چونکە نامانەوێت لاواز دەربکەوین.
هەروەها ڕوونە کە داننەنان بە هەڵەکاندا وا دەکات کەمتر ئەزیەتی (باشترکردنی خۆت) بکێشیت. بێگومان هەندێ کەس هەر نایانەوێت باشتر ببن و خۆیشیان دەزانن. توێژینەوەکان پێشانی داوە کە گرینگە سەرەتا هەست بکەیت دەتوانیت ڕەفتارەکانت بگۆڕیت تاکوو بتەوانیت دان بە هەڵەکانتدا بنێیت.
لەوانەیە پێت وا بێت هەندێک خەڵک بەبێ ئەوەی قەت دان بە هەڵەکانیاندا بنێن هەموو شتێک تێدەپەڕێنن، وەکوو ئەوەی هەموو ژیانیان بێباکانە گوێ بە هیچ نەدەن و شەرم لە هیچ نەکەن. بەڵام دەروونناسەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە تەنانەت ئەم خەڵکانەش لە نەستیاندا هەستی شەرمەزاری و تاوان کۆ دەبێتەوە؛ ئازارێکی دەروونی کە دواجار دەکرێت ببێتە هۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
وەکوو دوکتۆر (حافیز) دەڵێت “داننان بە هەڵەکاندا لەوانەیە هەمیشە هەستێکی خۆشی تێدا نەبێت، بەڵام دەتوانێت پێشانی بدات کە سۆز و بەزەیی و میهرەبانیمان هەیە و گوێگرێکی باشین. هەروەها پێشانی دەدات کە دەتوانین بێلایەنانە سەیری خۆمان بکەین و ئەوەی کە ئێمە بێخەوش نین و هەمیشەش ڕاست نین.”
ئیدی ئەگەر شتێکت کردووە کە مایەی شەرمەزاریتە، بچۆ و بیڵێ کە هەڵە بوویت. ئەمە دەکرێت هەستێکی بارسووکیت بداتێ و خۆت و ئەوانەی لە ژیانتدان بخاتە سەر ڕێگایەک بەرەو داهاتوویەکی باشتر.
پەراوێز:
- خۆ-ئاگایی / Self-awareness
- دەروونناسیی دەماری / Neuropsychologist
- ڕێزگرتن لە خۆ / Self-esteem
- بەرهەڵستی دەروونی / Psychological Reactance
- پێوەر / Norm
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.