ئەزموونکردنی نیشانە فیزیکییەکان لە کاردانەوەی بەرانبەر (سترێس)ـدا.
(کاردانەوەی شەڕ یان هەڵاتن1)، کە (کاردانەوەی سترێسی چڕ)ـیشی پێ دەگوترێت، ئاماژە بەو کاردانەوە فیزیۆلۆژیکییە دەکات کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی جەستەیی یان دەروونیدا ڕوو دەدات.
دۆخێکی سترێساوی، ئێستا چ دۆخێکی فیزیکی بێت یان دەروونی، دەتوانێت لێشاوێک لەو هۆرمۆنی سترێسانە چالاک بکاتەوە کە گۆڕانکاری فیزیۆلۆژی درووست دەکەن. چالاکبوونەوەی (کۆئەندامی دەماری سیمپاسێتیک2) بەم شێوازە دەبێتە هۆی ورووژاندنی کاردانەوەیەکی سترێسی چڕ کە پێی دەگوترێت (کاردانەوەی شەڕ یان هەڵاتن).3
ئەم کاردانەوەیە بە دەردانی ئەو هۆرمۆنانە دەورووژێت کە جەستەت ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی کە یان بمێنیتەوە و بەرەنگاری مەترسییەکە ببیتەوە یان هەڵبێیت بەرەو شوێنێکی پارێزراو.
قۆناغەکانی شەڕ یان هەڵاتن
(شەڕ یان هەڵاتن) سێ قۆناغی هەیە:
- قۆناغی وریاکردنەوە: لەم قۆناغەدا (کۆئەندامی دەماری ناوەندی4) دەورووژێت و جەستەت ئامادە دەکات بۆ ئەوەی کە شەڕ بکەیت یان هەڵبێیت.
- قۆناغی بەرگریکردن: ئەمە ئەو قۆناغەیە کە تێیدا جەستە هەوڵ دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی شتەکان و هاتنەدەرەوە لەو دۆخی (کاردانەوەی شەڕ یان هەڵاتن)ـەی کە پێشتر چالاک بووەتەوە.
- قۆناغی شەکەتبوون: ئەگەر ئەم دوو قۆناغەی سەرەتا لە ماوەیەکدا بەردەوام دووپات ببنەوە، وەکوو کاتێک لە ژێر سترێسێکی درێژخایەندایت، ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی شەکەتبوون و داڕمانی جەستە.
(سترێسی درێژخایەن / Chronic Stress): ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ هەست بە پەستان و شەکەتییەکی زۆر بکەیت.
پەرەسەندنی کاردانەوەی شەڕ–یان–هەڵاتن
زاراوەی (شەڕ-یان-هەڵاتن) پێشاندەری بژاردەکانی باوباپیرانمانە لە سەردەمانی زۆر کۆن، کاتێک لە ژینگەی دەوروبەریاندا ڕووبەڕووی مەترسییەک دەبوونەوە: ئەوەی کە ئاخۆ شەڕ بکەن یان هەڵبێن. لە هەر دووکیاندا، کاردانەوە فیزیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکە بەرانبەر سترێس، جەستە ئامادە دەکات بۆ کاردانەوەیەک بەرانبەر مەترسییەکە.
لە ساڵی 1920ـدا، (واڵتەر کانۆن) زانایەکی ئەمەریکیی بواری فیزیۆلۆژی، یەکەم کەسێک بوو کە باسی کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن بکات. (کانۆن) تێگەیشت کە زنجیرەیەک کارلێکی خێرا لە جەستەدا ڕوو دەدەن و یارمەتیدەر دەبن بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی جەستە بۆ مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە مەترسیدارەکاندا.
ئەمڕۆکە، کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن وەکوو بەشێکی یەکەم قۆناغی تیۆرەی (سیندرۆمی خۆگونجاندنی گشتی)ـی (هانس سەیل) دەناسرێت؛ تیرۆەیەک کە شرۆڤەی کاردانەوەی سترێس دەکات.
(سیندرۆمی خۆگونجاندنی گشتی / General Adaptation Syndrom) شرۆڤەی ئەو پرۆسەیە دەکات کە جەستەت پێیدا تێدەپەڕێت کاتێک بەرکەوتنت لەگەڵ سترێسێک هەبێت، ئێستا چ سترێسەکە ئەرێنی بێت چ نەرێنی. ئەم پرۆسەیەش سێ قۆناغی هەیە: وریابوونەوە، بەرگری، شەکەتبوون.
لە ماوەی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)ـدا چی ڕوو دەدات
لە کاردانەوەی بەرانبەر (سترێسی کورتخایەن5)ـدا، بە دەردانی لەناکاوی هۆرمۆنەکان، (کۆئەندامی دەماری سیمپاسێتیک6) چالاک دەبێتەوە. هۆرمۆنەکانی کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن بریتین لە هۆرمۆنی (هاندەری توێکڵی ئەدریناڵ7) و هۆرمۆنی (دەردانی کۆرتیکۆتڕۆپین8).
ئەم هۆرمۆنانە وا دەکەن (کۆئەندامی دەماری سیمپاسێتیک)، (ژێر مێشکە ڕژێن9) و (ڕژێنەکانی ئەدریناڵ10) چالاک بکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ورووژاندنی دەردانی هۆرمۆنەکانی (کاتیکۆلامین)؛ بریتی لە (ئەدریناڵین) و (نۆرئەدریناڵین) و (کۆرتیزۆڵ).
ئەم زنجیرە کارلێکانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و ڕێژەی هەناسەدان. پاش نەمانی مەترسییەکە، جەستەت دەکرێت بۆ ماوەی 20 تا 60 خولەک لە دۆخی (شەڕ-یان-هەڵاتن)ـدا بمێنێتەوە و (کۆئەندامی دەماری پاراسیمپاسێتیک) ئەوەندە کاتی پێویست دەبێت تاکوو دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێش–ورووژان.
(کۆئەندامی دەماری سیمپاسێتیک) هاندەری (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) دەبێت، بەڵام (کۆئەندامی دەماری پاراسیمپاسێتیک)، کاتێک مەترسییەکە نامێنێت، یارمەتیدەری جەستە دەبێت بۆ ئەهوەنبوونەوە.
نیشانە جەستەییەکانی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)
ئەو نیشانە جەستەییانە کە پێشانی دەدەن کە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) کەوتووەتە گەڕ، بریتین لە:
- فراوانبوونی بیلبیلەکان: لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدا، جەستە خۆی ئامادە دەکات تاکوو زۆرتر وریای دەوروبەری بێت. فراوانبوونەوەی بیلبیلەکان وا دەکات ڕووناکییەکی زۆرتر بگاتە چاوت و لە ئەنجامدا باشتر دەوروبەرت ببینیت.
- سپی یان سوور هەڵگەڕانی پێست: لە ماوەی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)ـدا، سووڕی خوێن بەرەو ئەندامەکانی ڕووبەری لەش کەم دەکات و سووڕی خوێن بەرەو ماسوولکەکان و مێشک و قاچ و باسک زیاد دەکات. سپی هەڵگەڕان یان یەک لە دوای یەک سپی هەڵگەڕان و سوور هەڵگەڕانی ڕوومەت، شتێکی ئاسایی دەبێت چونکە خوێن خێرا بەرەو سەر و مێشک دەڕوات.
- خێرابوونەوەی لێدانی دڵ و هەناسەدان: ڕێژەی لێدانی دڵ و هەناسەدان بەرز دەبێتەوە بۆ دابینکردنی وزە و ئۆکسجینی پێویست بۆ جەستە تاکوو بتوانێت کاردانەوەیەکی خێرای بەرانبەر مەترسییەکە هەبێت.
- لەرزین: ماسوولکەکان گرژ دەبن و ئامادە دەبن بۆ کاردانەوە، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی لەرزین.
لەوانەیە بتوانیت بیر لە یەکێک لەو ساتانە بکەیتەوە کە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)ـت ئەزموون کردووە. کاتێک ڕووبەڕووی مەترسییەک دەبیتەوە، لێدانی دڵت خێراتر دەبێتەوە، هەناسەکانت خێراتر دەبن و هەموو جەستەت گرژ دەبێت و ئامادەی کاردانەوە دەبێت.
کاریگەرییەکانی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)
(کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) هەم قازانج و هەم گرفتیشی تێدایە.
قازانجەکانی (شەڕ–یان–هەڵاتن)
(کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) ڕۆلێکی گرینگ دەگێڕێت لەوەدا کە ئێمە چۆن لەگەڵ سترێس و مەترسییەکاندا مامەڵە بکەین. کاتێک کە ڕووبەڕووی مەترسییەک دەبینەوە، ئەم کاردانەوەیە جەستە ئامادە دەکات تاکوو شەڕ بکات یاخود هەڵبێت. بە ئامادەکردنی جەستە بۆ کاردانەوە، باشتر و بەهێزتر دەتوانیت لە دۆخێکی سترێساوای و لەژێر پاڵەپەستۆدا کردەوەت هەبێت.
لە ڕاستیدا، ئەو سترێسەی لەو دۆخەدا درووست بووە دەکرێت بەسوود بێت و یارمەتیدەر بێت تاکوو باشتر بەرەنگاری مەترسییەکە ببیتەوە. ئەم چەشنە سترێسانە یارمەتیدەر دەبن تاکوو شتەکان باشتر جێبەجێ بکەیت لەو دۆخانەیدا کە لەژێر گوشار و پاڵەپەستۆدایت و پێویستە ئەرکەکان بەباشی ئەنجام بدەیت، وەکوو لەسەر ئیش یان لە قوتابخانە.
هەندێک لە پسپۆڕەکان دەڵێن کە لەوانەیە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) تەنانەت لەو دۆخانەشدا قازانجی هەبێت کە ویستێک بۆ بەشەڕهاتن لەگەڵ کەسێک بۆ بریندارکردنی ئەو کەسە بگۆڕێت بۆ ویستێک بۆ مەبەستی پاراستنیان. ئەمەیان دەکرێت لەو ساتانەدا بەسوود بێت کە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) بە هۆی هەستگەلێکی نێگەتیڤەوە، وەکوو تووڕەیی یان ترس، ورووژابێت.
لەو دۆخانەشدا کە مەترسییەکە کوشندە بێت، (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) ڕۆڵێکی گرینگ لە پاراستنی ژیانتدا دەگێڕێت. (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) بە ئامادەکردنت بۆ ئەوەی کە بەرەنگار ببیتەوە یان هەڵبێیت، بە سەلامەت دەرچوونت لە مەترسییەکە مسۆگەرتر دەکات.
گرفتەکانی (شەڕ–یان–هەڵاتن)
ئەگەرچی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) خۆکار ڕوو دەدات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەمیشە ڕێک و ڕاست بێت. هەندێک جار کاردانەوەکانمان بەم چەشنە دەبێت، کەچی هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە.
هۆکارەکەش ئەویە کە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) دەکرێت بە مەترسیی ڕاستەقینە و هەم مەترسی خەیاڵیش بورووژێت. (فۆبیا)ـکان نموونەی چاکن بۆ ئەوەی کە چۆن (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) دەکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی وەهمیدا بەهەڵە بورووژێت و بکەوێتە گەڕ.
ئەوەی کە بەردەوام لە دۆخی (شەڕ-یان-هەڵاتن)ـدا بیت، وەکوو ئەوەی کە بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو هۆکارانە ببیتەوە کە سترێست لا درووست دەکەن، دەکرێت بۆ تەندرووستیت زیانبەخش بێت. سترێسی درێژخایەن دەتوانێت ئەگەری ئەم گرفتانەی خوارەوە زۆرتر بکاتەوە:
- هیلاکیی درێژخایەن
- خەمۆکی
- گرفتەکانی سک و ڕیخۆڵە
- سەرێشە و شەقیقە
- جەڵتە دڵ و مێشک
- بەرزە پەستانی خوێن و بەرزیی ئاستی کۆلیسترۆڵ
- ناڕێکییە سازوچوویی (میتابۆلیک)ـییەکان؛ وەکوو شەکرە و قەڵەوی
- لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری
- گرفتی سێکسی و وەچەخستنەوە
- خراپتربوونی کێشەکانی هەناسە، وەکوو ئەوانەی کە پەیوەندییان بە (تەنگەنەفەسی)ـەوە هەیە.
ئایا دڵەڕاوکێ کاردانەوەیەکی (شەڕ–یان–هەڵاتن)ـە؟
هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ویستی جەستە بۆ شەڕ یان هەڵاتن دەکرێت ئەگەری تووشبوونی کەسێک بە ناڕێکییەکی دڵەڕاوکێ بەرز بکاتەوە و وا بکات بەرانبەر ئەم چەشنە دۆخە دەروونییانە لاوازتر دەرکەوێت.
هەندێک نموونەی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)
(کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) دەکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی جەستەییدا ڕوو بدات، وەکوو کاتێک خەریکی پیاسەیت و تووشی سەگێک دەبیت و پێت دەوەڕێت. هەروەها دەشکرێت دەرەنجامی مەترسییەکی دەروونی بێت، وەکوو کاتێک وا خەریکی ئامادەکاریت بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک بۆ قوتابخانە یان لە شوێنی ئیشکردنەکەتدا.
نموونەیەکی دیکەی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) ئەوەیە کە بۆ نموونە کەسێک وا لە بەرزایی دەترسێت ناچارە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنێکدا بڕواتە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەیەکی بەرز. لەوانەیە تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر ببێت، ڕێژەی لێدانی دڵ و هەناسەدانیشی بەرز ببێتەوە. ئەگەر کاردانەوەکە چڕ بێت لەوانەیە ببێتە هۆی (نۆرەیەکی تۆقین11).
چۆن کاردانەوەیەکی (شەڕ-یان-هەڵاتن) هێور بکەینەوە؟
تێگەیشتن لە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)، کە کاردانەوەیەکی سرووشتیی جەستەیە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەشنە دۆخانەدا. کاتێک کە زانیت خەریکە گرژ دەبیت، دەتوانیت بە شوێن ڕێگای هێوربوونەوە و حەسانەوەی جەستەتدا بگەڕێیت.
ڕێگاکانی هێورکردنەوەی (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) بریتین لە:
- ڕێکخستنی تۆڕێکی تەندرووستی پاڵپشتی
- کەڵکگرتن لە ڕاهێنانەکانی خاوبوونەوە
- ڕاهێنانی جەستەییی بەردەوام
- خەو بکەیت بە ئەولیەتێک
- پرۆڤەکردنی تەکنیکەکانی هەناسەدانی قووڵ
دەروونناسی و (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن)
کاردانەوەی سترێس یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەیە کە لە لقی (دەروونناسیی تەندرووستی)ـدا توێژینەوەیان لەسەر دەکرێت.
(دەروونناسیی تەندرووستی / Health Psychology) پیشەیەکە کە خەریکە بە خێرایی گەشە دەکات و لە زانستی دەروونناسی کەڵک دەگرێت بۆ توێژینەوە لەسەر ئاکارەکانی پەیوەندیدار بە تەندرووستی و نەخۆشییەکانەوە.
پسۆڕانی بواری (دەروونناسیی تەندرووستی) هەوڵ دەدەن یارمەتی خەڵک بدەن تاکوو ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی سترێس بدۆزنەوە و ژیانێکی تەندرووستتر و بەرهەمدارتر بژین.
دەروونناسان بە تێگەیشتنێکی زۆرتر لە (کاردانەوەی شەڕ-یان-هەڵاتن) دەتوانن یارمەتی خەڵک بدەن تاکوو ڕێگا نوێکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوە سرووشتییەکانیان بەرانبەر سترێس تاقی بکەنەوە.
پەراوێز:
- کاردانەوەی شەڕ یان هەڵاتن / Fight or Flight Response
- (کۆئەندامی دەماری سیمپاسێتیک) (sympathetic nervous system)
- سەرچاوە: سەنتەری نیشتمانیی ئەمەریکا بۆ زانیارییەکانی بایۆتەکنۆلۆژی
- (کۆئەندامی دەماری ناوەندی / Central Nervous System)
- (سترێسی کورتخایەن / Acute Stress)
- (کۆئەندامی دەماری سیمپاسێتیک / Sympathetic Nervous System)
- (هاندەری توێکڵی ئەدریناڵ / Adrenocorticotropic)
- (هۆرمۆنی دەردانی کۆرتیکۆتڕۆپین / Corticotropin-releasing Hormone)
- (ژێر مێشکە ڕژێن / Pituitary Gland)
- (ڕژێنەکانی ئەدریناڵ / Adrenal Glands)
- (نۆرەی تۆقین / Panic Attack) یان (هەڵمەتی پانیک)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
پینگباک: پەستانی دەروونی (سترێس) - دەروونناسی
پینگباک: سایکۆلۆژیای ترس - دەروونناسی