چۆن بزانیت کەسێکت خۆش دەوێت؟
خۆشەویستی کۆمەڵێک هەست و ئاکارە کە بە دۆستایەتی (سەمیمییەت) و سۆز و دەربەستبوونەوە دەناسرێتەوە. خۆشەویستی بریتییە لە گرینگیپێدان، دۆستایەتی، هەبوونی مەراق بۆ پاراستن، خۆشویستن و هەبوونی متمانە.
دەکرێت ئاستی چڕبوونی خۆشەویستی جیاواز بێت و بەپێی کات گۆڕانی بەسەردا بێت. خۆشەویستی پەیوەستە بە هەندێک هەستی ئەرێنییەوە وەکوو دڵخۆشی، ورووژان، ڕەزامەندی لە ژیان و کەیفخۆشی، بەڵام دەشکرێت هەندێک هەستی نەرێنی لێ بوەشێتەوە وەکوو سترێس و ئێرەیی.
کاتێک باسی خۆشەویستی دەکرێت، هەندێک خەڵک دەڵێن یەکێکە لە گرینگترین هەستەکانی مرۆڤ. ئەگەرچی یەکێکە لەو ئاکارانەی زۆرترین توێژینەوەی لەسەر کراوە بەڵام تێگەیشتنێکی زۆر کەممان لەسەری هەیە. بۆ نموونە، توێژەران مشتوومڕیانە لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ خۆشەویستی دیاردەیەکی بایۆلۆژییە یان کەلتووری.
پێدەچێت بایۆلۆژی و کەلتوور هەردووکیان کاریگەرییان لەسەر خۆشەویستی هەبێت. ئەگەرچی بایۆلۆژی و هۆڕمۆنەکان گرینگن، بەڵام تێگەیشتن و ڕوانینیشمان بۆ خۆشەویستی کار دەکەنە سەر ئەوەی کە چۆن خۆشەویستی ئەزموون دەکەین و دەریدەبڕین.
چۆن دەزانیت کە بەرانبەر کەسێک هەست بە خۆشەویستی دەکەیت؟
نیشانەکانی خۆشەویستی چین؟ توێژەران حەزکردن و هەستی خۆشەویستییان لێک جیا کردووەتەوە.
پێوەرەکانی (زیک ڕوبین) بۆ حەزکردن و خۆشویستن
بەپێی دەروونناس (زیک ڕوبین) خۆشەویستییەکی ڕۆمانسی لە سێ توخم پێک هاتووە:
- گیرۆدەبوون: حەز بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەو کەسەدا بیت و هیوایەتت بێت بە جەستە نێزیکی بیت و پەسەندت بکات.
- گرینگیپێدان: ئەوەی کە دڵخۆشی و پێداویستییەکانی ئەو کەسە بەقەد ئەوانەی خۆت بەلاتەوە گرینگ بن.
- دۆستایەتی (سەمیمییەت): ئەوەی کە بیرە کەسییەکانت، هەستەکانت و خولیاکانت لەگەڵ ئەو کەسەدا باس بکەیت.
لەسەر بنەمای ئەم ڕوانینە سەبارەت بە خۆشەویستییەکی ڕۆمانسی، ڕوبین بۆ پێواندنی ئەم گۆڕاوانە، دوو پرسنامەی درووست کرد کە وەکوو (پێوەرەکانی ڕوبین بۆ حەزکردن و خۆشەویستی) دەناسرێن. ئەگەرچی خەڵکی وەکوو کەسێکی ئێسکسووک و لەبەردڵان دەڕواننە ئەو کەسانەی حەزیان لێیانە، خۆشەویستی وەکوو خۆتەرخانکردن و وەفا و متمانەکردن بەیەکدی پێناسە دەکرێت.
چەشنەکانی خۆشەویستی
هەموو خۆشەویستییەک وەکوو یەک نییە و دەروونناسان هەندێک چەشنی جۆراوجۆری خۆشەویستییان ناسیوەتەوە کە لەوانەیە لە ژیانماندا ئەزموونیان بکەین.
چەشنەکانی خۆشەویستی بریتین لە:
- هاوڕێتی: ئەم چەشنە خۆشەویستییە ئەوەیە کە کەسێکت خۆش دەوێت و ئاستێک لە دۆستایەتییەکی نێزیکت لەگەڵیدا هەیە.
- شەیدابوون: ئەمە شێوازێکی خۆشەویستییە کە زۆربەی جار حەز و هەستێکی چڕە بەرانبەر کەسێک بەبێ ئەوەی هەستی بەرپرسیارێتی و دەربەستبوونی بەرانبەر ئەو کەسە لەگەڵدا بێت. زۆربەی جار لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەیوەندییەکاندا درووست دەبێت و ئەگەری هەیە دواتر قووڵتر ببێتەو و ببێتە خۆشەویستییەکی درێژخایەنتر.
- خۆشەویستیی بەسۆز: ئەم چەشنە خۆشەویستییە هەست و حەزێکی چڕە بەرانبەر کەسێک، زۆربەی جار وایە کە لە خەیاڵتدا کەسی بەرانبەر دەکەیتە کەسێکی نموونەیی و دەتەوێت بەردەوام لەگەڵیدا بیت.
- خۆشەویستیی دڵسۆزانە: ئەم چەشنە خۆشەویستییە بە متمانە، خۆشویستن، دۆستایەتی و دەربەستبوونەوە دەناسرێتەوە.
- خۆشەویستیی یەکلایەنە: ئەم خۆشەویستییە کاتێک ڕوو دەدات کە کەسێکت خۆش دەوێت بەڵام ئەو کەسە هەستێکی خۆشەویستیی بەرانبەر بە تۆ نییە.
تیۆرەی سێگۆشەی خۆشەویستیی (ڕۆبەرت ستەرنبەرگ)
لە سەرەتای هەشتاکاندا دەروونناس (ڕۆبەرت ستەنبەرگ) تیۆرەیەکی گرینگی بە ناوی (تیۆرەی سێگۆشەی خۆشەویستی) خستە ڕوو. توێژینەوەیەکی زۆر لەسەر ئیشەکەی ئەو ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە کە تیۆرەیەکی گشتگیرە و هەموو کەلتوورەکان دەگرێتەوە.
(ستەنبەرگ) خۆشەویستی بەسەر سێ پێکهاتەدا دابەش کرد: دۆستایەتی (سەمیمییەت)، سۆز، دەربەستبوون. کە کارلێکی ئەمانە دەبێتە هۆی درووستبوونی حەوت چەشنی خۆشەویستی.
تیۆرەی سێگۆشەی خۆشەویستیی (ستەرنبەرگ) |
|
چەشنی خۆشەویستی |
پێکهاتەکان |
هاوڕێتی | دۆستایەتی (سەمیمییەت) |
شەیدابوون | سۆز |
بەتاڵ | دەربەستبوون |
ڕۆمانسی | دۆستایەتی (سەمیمییەت)، سۆز |
دڵسۆزی | دۆستایەتی (سەمیمییەت) |
گەمژەیی | دەربەستبوون، سۆز |
نموونەیی |
دۆستایەتی (سەمیمییەت)، دڵسۆزی، دەربەستبوون |
خۆشەویستی لەژێر کاریگەریی بایۆلۆژیدایە یاخود کەلتوور؟
هەندێک لە توێژەران دەڵێن کە، هەر وەکوو دڵخۆشی یان تووڕەیی، خۆشەیستیش هەستێکی بنەڕەتی مرۆڤە، کەچی هەندێکی دیکەش بڕوایان وایە کە خۆشەویستی دیاردەیەکی کەلتوورییە و تا ڕادەیەک لەبەر گوشار و چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتیەکانە کە درووست دەبێت.
توێژینەوەکان پێشانی داوە کە خۆشەویستیی ڕۆمانسی لە هەموو کەلتوورێکدا هەیە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە خۆشەویستی پێکهاتەیەکی بەهێزی بایۆلۆژیی تێدایە. ئەوە لایەنێکی سرووشتیی مرۆڤە کە بگەڕێت و خۆشەویستی بدۆزێتەوە. هەڵبەت کەلتوور دەتوانێت کاریگەرییەکی بەهێزی هەبێت لەسەر ئەوەی کە کەسێک چۆن بیر لە خۆشەویستی دەکاتەوە، چۆن ئەزموونی دەکات و دەریدەبڕێت.
ئایا خۆشەویستی هەستە؟
دەروونناسان، کۆمەڵناسان و توێژەران تا ڕادەیەک ناکۆکن لەسەر ڕاڤەکردنی خۆشەویستی. زۆریان دەڵێن کە هەستێک نییە لەو هەستانەی کە بەگشتی دەیانناسین، بەڵکوو پاڵنەرێکی بنەڕەتیی فیزیۆلۆژیکییە. دەروونناس و بایۆلۆجیست (ئەنریکو بونورات) دەلێت “خۆشەویستی هاندەرێکی فیزیۆلۆژیکییە وەکوو برسێتی، تینوویەتی، خەو و پاڵنەری سێکسی.” بەپێچەوانەوە، ڕێکخراوی دەروونناسیی ئەمەریکا وەکوو “هەستێکی ئاڵۆز” پێناسەی دەکات. کەسانی تریش سنوورێک دەخەنە نێوان هەستە سەرەکی و لاوەکییەکان و خۆشەویستی دەخەنە نێو ئەوەی دووهەمەوە و پێداگرن کە لە تێکەڵەیەک لە هەستە بنەڕەتییەکانەوە سەرهەڵدەدات.
چۆن خۆشەویستی خۆم بۆ کەسێک بدرکێنم؟
ڕێگایەکی دەستنیشانکراومان نییە بۆ دەربڕین و ئەزموونکردنی خۆشەویستی. هەموو پەیوەندییەک جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەر کەسێکیش پێداویستی و مێژوویەکی تایبەتی ژیانی خۆی هەیە. هەندێک لەو شتانە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ پێشاندان و دەربڕینی خۆشەویستیی خۆت بەرانبەر ئەو کەسانەی کە گرینگن بۆت بریتین لە:
- کراوە بە.
- لێبوردە بە.
- کاتێک هەڵەیەک دەکەیت داوای لێبوردن بکە.
- وا بکە بزانن کە بەلاتەوە گرینگن.
- گوێیان لێ بگرە.
- کاتیان بۆ تەرخان بکە.
- لەگەڵیان میهرەبان بە و بە سۆز و خۆشەویستییەوە لەگەڵیان هەڵسووکەوت بکە.
- خەسڵەت و لایەنە چاکەکانیان ببینە و ڕێزیان لێ بگرە.
- باسی خۆتیان بۆ بکە و سەبارەت بە خۆت بیاندوێنە.
- سۆزی خۆت دەرببڕە.
- مەرجی بۆ دامەنێ.
چۆن خۆشەویستی کار دەکاتە سەر دەرووندرووستی؟
سۆز و خۆشەویستی و گیرۆدەبوون کاریگەرییەکی گرینگی هەیە لەسەر تەندرووستی و کوالێتیی ژیان. پەیوەندیی خۆشەویستی گرێدراوی ئەمانەی خوارەوەیە:
- ئەگەرێکی کەمتری نەخۆشییەکانی دڵ
- ئەگەرێکی کەمتری مردن لەپاش جەڵتە
- خووی باشتری پەیوەندیدار بە تەندرووستی
- تەمەندرێژی
- سترێسی کەمتر
- خەمۆکییەکی کەمتر
- ئەگەری کەمتری تووشبوون بە شەکرە
هەندێک ڕێنوێنی بۆ گەشەپێدانی خۆشەویستی
پەیوەندییە سەقامگیرەکان، متمانە و دەربەستبوون و دۆستایەتییەکی قووڵیان تێدایە. هەندێک لەو شتانەی کە دەتوانیت بیکەیت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکی خۆشەویستی، بریتین لە:
- کەڵکگرتن لە مەدیتەیشنی خۆشەویستی–دڵسۆزی1. مەدیتەیشنی خۆشەویستی-دڵسۆزی تەکنیکێکە زۆربەی جار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی (خۆ-قەبووڵکردن2) و دابەزینی سترێس کەڵکی لێ دەگیرێت، بەڵام دەرکەوتووە کە دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی چەندین هەستی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کەسانی دیکەشدا بەسوود بێت. ئەم مەدیتەیشنە بریتییە لە ئەنجامدانی مەدیتەیشن لەگەڵ بیرکردنەوە لە کەسێکی خۆشەویست یان کەسێک کە بە لاتەوە گرینگە، هەروەها تەرکیزکردنە سەر حەز و ئاواتت بۆ سەلامەتی و دڵخۆشی ئەو کەسە.
- باسکردن. پێداویستیی کەسەکان لێک جیاوازە. باشترین ڕێگا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پێداویستییەکانی خۆت و ئازیزانت جێبەجێ دەکرێن ئەوەیە کە باسیان بکەن. بۆ ئەوەی یارمەتی ئازیزانت بدەیت کە لە خۆشەویستیت بۆیان تێبگەن دەبێت ئەو خۆشەویستییە بە وشە و کردەوە پێیان ڕابگەیەنیت و پێشانیان بدەیت. هەندێک شێوازی دەربڕینی ئەمە پێشاندانی ئەوەیە کە بە لاتەوە گرینگن و کەسێکی تایبەتن بۆت، پێیان بڵێیت کە خۆشت دەوێن و بۆت ئازیزن و شتیان بۆ بکەیت.
- بە شێوازێکی تەندرووست باسی کێشە و گرفتەکان بکە. مەرج نییە ئەوەی کە قەت لەگەڵ کەسێک مشتومڕت نەبێت نیشاندەری پەیوەندییەکی تەندرووست بێت، بەپێچەوانەوە دەرخەری ئەوەیە کە خەریکن گرفتێک دەشارنەوە و خۆتانی لێ لا دەدەن لەجیاتی ئەوەی کە باسی بکەن. لەجیاتی خۆلادان لە ناکۆکییەکان، تەرکیز بخە سەر باسکردنی گرفتەکان بە شێوازێکی تەندرووست و بۆ مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییەکە بە شێوازێکی ئەرێنی.
هەستە نەرێنییەکانی گرێدراوی خۆشەویستی
دیارە کە ڕێگای خۆشەویستی بێگرفت و بێبەربەست نییە. هیچ پەیوەندییەک بێگەرد نییە، کەوابوو هەمیشە کێشە و گرفت و ئاڵۆزی و هەڵە-لێک-تێگەیشتن و بێهیوایی هەیە کە لەوانەیە ببنە هۆی ئازار و دڵشکان.
ئیدی ئەگەرچی خۆشەویستی گرێدراوی کۆمەڵێک هەستی ئەرێنییە، بە هەمان شێوە دەکرێت ژمارەیەک هەستی نەرێنیشی لەگەڵ بێت.
هەندێک لە گرفت و داوەکانی خۆشەویستی بریتین لە:
- دڵەڕاوکێ
- خەمۆکی
- هەڵکشانی سترێس
- ئێرەیی
- وەسواسی
- خاوەندارێتی “ئەوەی کە بتەوێت کەسێک هەموو سەرنج و خۆشەویستیی بەس بۆ تۆ بێت”
- خەمباری
ئەگەرچی ئەزموونکردنی هەندێک هەستی نەرێنی لە پەیوەندیی خۆشەویستیدا ئاساییە، بەڵام گرفت درووست دەبێت ئەگەر ئەو هەستە نەرێنییانە هەستە ئەرێنییەکان ببەزێنن یان وا بکەن ئەو کەسە یان بەرانبەرەکەی لە هەڵسووکەوتە ئاساییەکانیاندا تووشی کێشە ببن.
مێژووی خۆشەویستی
ماوەیەکی ئەوەندە زۆر نییە کە خۆشەویستی بووەتە بابەتێکی زانستی. بەپێی (زیگمۆند فرۆید) لە ڕابردوودا کۆڵینەوە لە خۆشەویستی خرابووە ئەستۆی نووسەرە داهێنەرەکان تاکوو مەرجە پێویستەکانی دڵداریمان بۆ وێنا بکەن. لە ئەنجامدا زانست ناچار دەبێت کە گرینگی بداتە هەمان ئەو شتانەی کە، هەزاران ساڵە، چارەسەکردنیان لەلایەن هونەرمەندانەوە چێژ دەبەخشێتە مرۆڤ.
لەپاش قسەکانی (فرۆید)ـەوە، کۆڵینەوە لەسەر خۆشەویستی یەکجار زۆر گەشەی کردووە. بەڵام لە سەرەتاکاندا توێژینەوە لەسەر سرووشت و هۆکارەکانی خۆشەویستی ڕەخنە و دژایەتییەکی بەرچاوی لێ کەوتەوە. لە حەفتاکاندا (ویڵیام پرۆکسمیر) سێناتۆری ئەوسای ئەمەریکا بە توندی دژیی ئەو توێژەرانە دەبووەوە کە لە ئەوین و خۆشەویستی دەکۆڵینەوە و ئەو ئیشەی بە بەفیڕۆدانی پارەی باجی خەڵکی دەزانی.
سەرەڕای ئەو دژایەتییانە، توێژینەوەکان گرینگیی خۆشەویستیی لە گەشەی منداڵان و هەم تەندرووستیی گەورەکانیشدا پێشان داوە.
پەراوێز:
- (مەدیتەیشنی خۆشەویستی-دڵسۆزی / loving-kindness meditation)
- (خۆ-قەبووڵکردن / self-acceptance)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.