بەپێی توێژینەوە سایکۆلۆژییەکان، ترس هەستێکی بنچینەییە و کاردانەوەیەکی بایۆکیمیاییی گشتی و کاردانەوەی هەستێکی زۆر تایبەتی لەخۆ دەگرێت. ترس ئاگادارمان دەکاتەوە لە هەبوونی مەترسییەک یان ئەگەری ئازارپێگەیشتنێک؛ ئێستا ئەو مەترسییە چ جەستەیی بێت یاخود دەروونی.
هەندێ جار ترس لەبەر مەترسییەکی ڕاستەقینە درووست دەبێت، بەڵام هەندێک جاریش لە مەترسییەکی خەیاڵییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەرچی ترس کاردانەوەیەکی سرووشتییە بەرامبەر هەندێک لە دۆخ و ڕووداوەکان، بەڵام دەکرێت ببێتە هۆی پەشێوی و ئاڵۆزکان ئەگەر، بەراورد بە ئاستی مەترسییەکە، لەڕادەبەدەر بێت یان زیاد لە پێویست بێت.
هەروەها ترس دەکرێت نیشانەیەکی هەندێک لە حاڵەتە دەرووننەخۆشییەکان بێت، لەوانە: ناڕێکیی تۆقین1، ناڕێکیی دڵەڕاوکێیی کۆمەڵایەتی، فۆبیاکان، ناڕێکیی پەشێویی پاش-کارەسات (PTSD).
ئەوانەی ناڕێکیی تۆقینیان هەیە، بەردەوام و لەناکاو تووشی نۆرەی تۆقین دەبن. ئەم نۆرانە بەجۆرێکن کە لەناکاو شەپۆلێکی ترس یان نائارامی درووست دەبێت یان ئەو کەسە هەست دەکات چیدی ناتوانێت خۆی کۆنترۆڵ بکات، تەنانەت لە کاتێکدا کە مەترسی یان هاندەرێکی ڕوون لە ئارادا نییە.
ترس پێکهاتووە لە دوو کاردانەوەی بنەڕەتی بەرامبەر هەندێک مەترسی: کاردانەوەی بایۆکیمیایی و هەستیاری.
کاردانەوەی بایۆکیمیایی
ترس هەستێکی سرووشتی و میکانیزمێکی مانەوەیە. کاتێک ڕووبەڕووی مەترسییەک دەبینەوە، جەستەمان بە شێوازگەلێکی تایبەت کاردانەوەی دەبێت. کاردانەوەکانی بەرامبەر سترێس بریتین لە ئارەقکردن و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و ئاستێکی بەرز لە ئەدریناڵین کە وا دەکەن بەتەواوی وریا ببینەوە.
ئەم کاردانەوە جەستەییە کاردانەوەی (شەڕ یان هەڵاتن)ـیشی پێ دەگوترێت کە لە ڕێگایەوە جەستە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بچێتە شەڕەوە یاخود هەڵبێت. پێ دەچێت ئەم کاردانەوە بایۆکیمیاییە گەشەکردنێکی لە چەشنی ئڤڵووشن بێت. کاردانەوەیەکی ئۆتۆماتیکییە کە بۆ مانەوەمان زۆر گرینگە.
کاردانەوەی سۆزاوی
لە سەرێکی دیکەوە، کاردانەوەی سۆزاوی بەرامبەر بە ترسەکان تا ڕادەیەکی زۆر شتێکی کەسییە. چونکە ترس هەندێک لە هەمان ئەو کاردانەوە کیمیاییانەی نێو مێشکمان لە خۆ دەگرێت کە هەستە ئەرێنییەکان وەکوو دڵخۆشی و ورووژان لە خۆی دەگرن، هەستکردن بە ترس لە هەندێک دۆخدا دەکرێت وەکوو شتێکی خۆش دابنرێت وەکوو ئەو کاتانەی کە سەیری فلیمی ترسناک دەکەین.
هەندێک کەس هیوایەتیان ئەدیناڵینە و کەیفیان دێت بە وەرزشی قورس و ئەو شتانەی کە ترسیان تێدایە. کەسانی تریش کاردانەوەیەکی نەرێنییان بەرمابەر هەستکردن بە ترس هەیە و بە توندی خۆیان لەو شتانەی کە ترسیان تێدا بچێنێت دوور ڕادەگرن.
ئەگەرچی کاردانەوە جەستەییەکە یەکێکە، بەڵام بەپێی کەسەکە، هەستکردن بە ترس لەوانەیە وەکوو ئەرێنی یاخود نەرێنی وەربگیرێت.
نیشانەکانی ترس
ترس بەگشتی گرێدراوی نیشانەی جەستەیی و هەم سۆزدارییە. هەر کەسێک لەوانەیە ئەزموونێکی جیاوازی لە ترس هەبێت، بەڵام هەندێک لە نیشانە و دەرکەوتە هاوبەشەکانی بریتین لە:
- ئازاری سنگ
- لەرز
- وشکبوونی دەم
- هێڵنج
- دڵەکوتە
- تەنگەنەفەسی
- عارەقەکردن
- لەرزین
- ئازاری گەدە
سەرەڕای نیشانە جەستەییەکان، خەڵکی لەوانەیە نیشانەی دەروونیش ئەزموون بکەن، وەکوو شەکەتی، شڵەژان، هەستکردن بە نەمانی کۆنترۆڵ، هەستکردن بە نێزیکبوونی مەرگ.
دەستنیشانکردنی ترس
ئەگەر ترسێکی بەردەوام و چڕت هەیە سەردانی پزیشک بکە. لەوانەیە پزیشکەکە هەندێک تاقیکردنەوەی جەستەیی ئەنجام بدات تاکوو دڵنیا ببێتەوە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەت پەیوەست نییە بە نەخۆشییەکی دیکەوە.
دوکتۆرەکە پرسیارگەلێک سەبارەت بە نیشانەکانی دەپرسێت، بریتی لە ئەوەی کە چ ماوەیەکە ئەو نیشانانەت هەیە، چەندە چڕن و سەبارەت بەو دۆخانەی کە پێدەچێت نیشانەکانی بورووژێنن. بەپێی ئەو نیشانانەی کە هەتە دوکتۆرەکە لەوانەیە بگاتە ئەو قەناعەتەی کە چەشنێک لە ناڕێکییەکانی دڵەڕاوکێ وەکوو فۆبیات هەیە.
(فۆبیا)ـکان
یەکێک لە لایەنەکانی ناڕێکیی دڵەڕاوکێ دەکرێت درووستبوونی (ترس لە ترسین) بێت. زۆربەی خەڵک کاتێک هەست بە ترس دەکەن کە بکەونە دۆخێکی ترسناک یان مەترسیدارەوە، بەڵام ئەوانەی تووشی ناڕێکییەکانی دڵەڕاوکێن لەوە دەترسن کە کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە ترس ئەزموون بکەن. ئەوان کاردانەوەکانیان بەرامبەر بە ترس بە شتێکی نەرێنی دەزانن و هەموو هەوڵێک دەدەن تاکوو خۆیان لەو کاردانەوانە لابدەن.
فۆبیا گۆڕینی شێوازی ئاساییی کاردانەوەی بەرامبەر ترسەکانە. ترسەکە ئاڕاستەی شتێک یان دۆخێک دەبێت کە مەترسییەکی ڕاستەقینەیان لێ ناکەوێتەوە. ئەگەرچی تێدەگەیت کە ترسەکە بێمانایە و مەنتیقی نییە، بەڵام هەر ناتوانیت بەر بە کاردانەوەکەت بگریت. کاتێک کاردانەوەی (ترس لە ترسین) کارا دەبێت، بەپێی تێپەڕینی کات ترسەکە چڕتر و خراپتر دەبێتەوە.
هۆکارەکانی ترس
ترس شتێکی یەکجار ئاڵۆزە و تاکە هۆکار یان هۆکارێکی سەرەکیی نییە. هۆکاری هەندێک لە ترسەکان دەکرێت ئەزموون یان ترۆما بێت، هەندێک ترسی دیکەش دەکرێت یەکسەر پێشاندەری ترس لە شتێکی دیکە بن وەکوو نەمانی کۆنترۆڵ. ترسەکانی دیکەش دەکرێت لەبەر ئەوە درووست ببن کە دەتوانن ببنە هۆی دەرکەوتنی نیشانە جەستەییەکان، وەکوو ترس لە بەرزایی چونکە وا دەکات هەست بە گێژی بکەیت و تووشی هێڵنج ببیت.
هەندێک لە ورووژێنەرە باوەکانی ترس بریتین لە:
- هەندێک شت یان دۆخی تایبەت (وەکوو جاڵجاڵۆکە، مار، بەرزایی، فڕین، هتد)
- ڕووداوەکانی داهاتوو
- ڕووداوە خەیاڵییەکان
- مەترسییە ڕاستەقینە سرووشتییەکان
- شتە نەزانراوەکان
هەندێک لە ترسەکان زکماکین و دەکرێت ئڤڵووشن کاریان تێ بکات چونکە یارمەتیدەر دەبن بۆ مانەوە. ترسەکانی تر فێریان دەبین و پەیوەستن بە (لێکدانە زەینییەکان) یان ئەزموونکردنی کۆستە دەروونییەکانەوە.
لە دەروونناسیدا، (لێکدانی زەینی / Association)، واتە پەیوەندیی نێوان بابەتە زەینییەکان، پەیوەندیی نێوان شتەکان، هەستەکان و بیرۆکەکان. لێکدانێکی زەینی، پەیوەندییەکە لە مێشکدا لە نێوان دوو هاندەری جۆراوجۆرا پێک دێت، وەکوو وشە، وێنە، هەست و هتد.
جۆرەکانی ترس
هەندێک لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ناڕێکییەکانی دڵەڕاوکێ کە بە ترس دەناسرێنەوە بریتین لە:
- ئاگرۆفۆبیا / Agoraphobia
(ئاگرۆفۆبیا ) ناڕێکییەکی دڵەڕاوکێیە کە دەبێتە هۆی درووستبوونی ترسێکی چڕ لەوەی کە نەتوانیت هەڵبێیت و خۆت دەرباز بکەیت. لەبەر ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە خەڵکانی تووشبووی ئاگرۆفۆبیا زۆربەی جار خۆیان لە شوێنی نوێ و دۆخی نەناسراو وەکوو شوێنی گەورە و کراوە یان شوێنی داخراو دەدزنەوە.2 - ناڕێکیی دڵەڕاوکێی گشتاندن
- ناڕێکیی تۆقین
- ناڕێکیی پەشێویی پاش-کارەسات (PTSD)
- ناڕێکیی دڵەڕاوکێی دابڕان
- ناڕێکیی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی
- فۆبیای ترس لە شتێکی تایبەت
چارەسەری ترس
بەرکەوتنی بەردەوامی دۆخێکی هاوشێوە دەبێتە هۆی ئاشنابوون بە شتەکە و دەتوانێت تا ئاستێکی زۆر ببێتە هۆی دابەزینی کاردانەوەی ترس. ئەم ڕێکارە بنەمای هەندێک (چارەسەری فۆبیا) پێک دێنێت کە وابەستن بە وردەوردە کەمکردنەوەی کاردانەوەی ترس لەو ڕێگایەوە کە وا بکەیت ئاشناتر بنوێنێت.
چارەسەرەکانی فۆبیا کە لەسەر بنەمای سایکۆلۆژیای ترس ئیش دەکەن، تەرکیز دەخەنە سەر تەکنیکگەلێک وەکوو (ڕاهێنانی سیستەماتیک) و (هەڵڕژاندن). هەر دوو تەکنیکەکە لەگەڵ کاردانەوە سایکۆلۆژی و فیزیۆلۆژییەکانی جەستەتدا ئیش دەکەن بۆ دابەزاندنی ترسەکانت.
ڕاهێنانی سیستەماتیک
لە تەکنیکی (ڕاهێنانی سیستەماتیک / Systematic Desensitization)ـدا کەسەکە وردەوردە ڕووبەڕووی ئەو دۆخ یان شتە دەکرێتەوە کە هۆکاری درووستبوونی دڵەڕاوکێ و ترسە، هاوکات کەسەکەش لە دۆخێکی ئارام و هێمندا دادەنرێت تاکوو نیشانەکانی دڵەڕاوکێکەی وردەوردە دابەزێت.
ڕاهێنانی سیستەماتیک بریتییە لە وردەوردە بەرکەوتن لەگەڵ زنجیرەیەک لەو دۆخانەی کە هۆکاری ترسەکانن. بۆ نموونە ئەگەر لە مار دەترسێیت، لەوانەیە لە یەکەم دیدار لەگەڵ چارەسەرکارەکەدا پێکەوە باسی مار بکەن. وردەوردە پاش تێپەڕینی ڕۆژەکان، چارەسەرکارەکە پێت دەڵیت سەیری هەندێک وێنەی مار بکیت، دواتر بە بووکەشووشەیەکی مار یاری بکەیت و دواخر مارێکی زیندوو بگریت بە دەستەوە. ئەمەش زۆربەی جار هاوکات لەگەڵ فێربوون و بەکارهێنانی تەکنیکە نوێکانی کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەی ترس ئەنجام دەدرێت.
هەڵڕژاندن
لە تەکنیکی (هەڵڕژاندن / Flooding)ـدا کەسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕووبەڕووی هۆکاری ترسەکانی دەکرێتەوە تاکوو مێشک و جەستەی لەگەڵ ئەو دۆخە ڕادێن و هێمن دەبێتەوە.
ئەمەیان شێوازێکی تەکنیکی بەرکەوتنە کە دەکرێت زۆر سەرکەوتوو بێت. هەڵڕژاندن لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە کە فۆبیا خوویەکە فێری دەبیت و بۆ چارەسەرکردنی دەبێت لەبیری بکەیت.
لە تەکنیکی هەڵڕژاندنـدا ژمارەیەکی زۆر لەو شتەی لێی دەترسیت دەخرێنە بەردەمت یان بۆ ماوەیەکی درێژ دەخرێیتە نێو ئەو دۆخەوە کە ترست تێدا دەچێنێت تاکوو ترسەکەت کاڵ دەبێتەوە، ئەمەش بە شێوازێکی پارێزراو و لە دۆخێکی کۆنترۆڵکراودا ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە ئەگەر لە فڕۆکە دەترسێیت، دەبێت سەرکەویتە نێو فڕۆکەیەک.
مەبەست ئەوەیە کە ئەو دڵەڕاوکێ و تۆقانە تێپەڕێنیت و بگەیتە شوێنێک کە ڕووبەڕووی ترسەکەت ببیتەوە و دواجار تێبگەیت کە کێشەت نابێت. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت تاکوو لە دۆخێکی ترساویدا “وەکوو، لەنێو فڕۆکەدا بوون” کاردانەوەیەکی ئەرێنیت هەبێت “وەکوو، لە مەترسیدا نیت”، تاکوو دواجار بەسەر ئەو ترسەدا زاڵ دەبیت.
ئەگەرچی ئەم چارەسەرانە دەکرێن زۆر کاریگەر بن، بەڵام دەبێت ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە لەژێر چاوەدێری چارەسەرکارێکی پسپۆڕدا ئەنجام بدرێن.
مامەڵەکردن لەگەڵ ترسەکاندا
لە ژیانی ڕۆژانەشدا، هەندێک ڕێگا هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ترسەکاندا. ئەم ستراتیجییانە ترکیز دەخەنە سەر کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییەکانی ترس لەسەر جەستە و هەستەکان و هەڵسووکەوتەکان. هەندێک لەو شتانەی دەتوانیت بیکەیت بریتین لە:
- پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی. ئەوەی کە کەسانێک لە ژیانتدا هەبن پاڵپشتیت بکەن یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر ترسەکانتدا.
- وریایی3. ئەگەرچی هەمیشە ناکرێت بەر بە هەندێک لە هەستەکان بگریت، وریابوون یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هەستانە و گۆڕینی هەستە نەرێنییەکان بۆ هەستی ئەرێنیتر.
- کەڵک لە تەکنیکەکانی کۆنترۆڵکردنی سترێس وەربگرە. وەکوو هەڵکێشانی هەناسەی قووڵ، خاوکردنەوەی ماسوولکەکان و هێنانەپێشچاو.
- ئاگاداری دۆخی تەندرووستی خۆت بە. خواردنی باش و تەندرووست بخۆ، وەرزش بکە، هەموو شەوێکیش بەقەد پێویست بخەوە.
کورتە
ترس هەستێکی گرینگی مرۆڤە کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی مرۆڤ لە مەترسییەکان و ئامادەکردنی بۆ هەبوونی پەرچەکردارێکی گونجاو، بەڵام دەشکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی دڵەڕاوکێیەکی درێژخایەن. دۆزینەوەی شێوازەکانی کۆنترۆڵکردنی ترس یارمەتیدەر دەبێت بۆ مامڵەکردنێکی باشتر لەگەڵ ئەم هەستانە و بەرگریکردن لە درێژبوونەوەی دڵەڕاوکێکان.
پەراوێز:
- (ناڕێکیی تۆقین / Panic Disorder)
- سەرچاوە: betterhealth.vic.gov.au
- (وریایی / Mindfulness)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.