سیگناڵێکی کیمیاییی نێو فرمێسکی ژنان لە ئاستی تووڕەییی پیاوان کەم دەکاتەوە
کورتە: توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە فرمێسکی ژنان هەندێک مادەی کیمیایی تێدایە کە تا ڕادەیەکی بەرچاو لە ئاستی تووڕەیی پیاوان کەم دەکاتەوە. توێژینەوەکە کە لەسەر بنەمای کاریگەرییە زانراوەکانی نێو سمۆرەکان پێک هێنراوە، بە شێوازی یارییەکی دووقۆڵی ئەنجام دراوە کە تێیدا دوو کەس بەشدارن و بە جۆرێک ڕێک خراوە کە ببێتە هۆی دەرکەوتنی تووڕەیی لە پیاوێکدا کە، بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت، بۆنی بە فرمێسکی ژن یاخود ئاوخوێوە کردبێت.
دەرەنجامەکان پێشانیان دا کە 40% لە ئاستی تووڕەییەکە دادەبەزێت کە ڕێژەیەکی بەرچاوە و بە هەمان شێوە لەپاش بەرکەوتنی فرمێسکەکە، چالاکییەکانی مێشک لە ناوچەکانی پەیوەندیدار بە تووڕەیی کەم دەبێتەوە. ئەم توێژینەوەیە سەرەڕای سەلماندنی هەبوونی (کیمۆ-سیگناڵ)ـێکی کۆمەڵایەتی لە مرۆڤەکاندا، بەرەنگاری ئەو بڕوایەش دەبێتەوە کە فرمێسکی سۆزدارانە خەسڵەتێکی تایبەتیی بەس مرۆڤەکانە.
ڕاستییە سەرەکییەکان:
- ئەو پیاوانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ فرمێسکی ژندا هەبوو، 40% لە ئاستی تووڕەییان دابەزی.
- ئەو وێنانەی لە مێشک گیران پێشانیان دا کە پیاوان کاتێک بۆنیان بە فرمێسکی ژنانەوە دەکرد، ئاستی چالاکیی مێشکیان لە ناوچەکانی پەیوەندیدار بە تووڕەییدا دادەبەزی.
- توێژینەوەکە بەڵگە دەخاتە ڕوو کە کیمۆسیگناڵی کۆمەڵایەتی کار دەکاتە سەر تووڕەیی مرۆڤ، هاوشێوەی ئەوەی لە ئاژەڵاندا دۆزراوەتەوە.
توێژینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری بایۆلۆجی PLOS کە گۆڤارێکی بێبەرامبەر (ئۆپن ئەکسێس)ـە، بڵاو کراوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە پێشانی داوە کە فرمێسکی ژنان مادەیەکی کیمیایی تێدایە کە بەر بە تووڕەییی پیاوان دەگرێت. (شانی ئاگرۆن) بەڕێوەبەری توێژینەوەکە بووە لە پەیمانگای زانستی (وایزمان) لە ئیسرائیل. بەم توێژینەوەیە تێگەیشتوون کە هەڵمژینی بۆنی فرمێسک دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی چالاکیی مێشک لەو بەشانەیدا کە پەیوەندی بە تووڕەییەوە هەیە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تووڕەیی.
دەزانین کە کاتێک سمۆرە نێرینەکان بۆن بە فرمێسکی مێییەنەکانەوە دەکەن بەر بە تووڕەییان دەگیرێت. ئەمە نموونەیەکە لە کیمۆ-سیگناڵی کۆمەڵایەتی، پرۆسەیەک لە لەنێو ئاژەڵاندا شتێکی باوە بەڵام لە مرۆڤەکاندا کەمتر باوە یان تێگەیشتنێکی کەمتر سەبارەت پێی هەیە. بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئاخۆ فرمێسک هەمان کاریگەری لەسەر مرۆڤیش هەیە یاخود نا، توێژەران فرمێسکی سۆزاویی ژن یان ئاوخوێیان خستە بەر دەم کۆمەڵێک پیاو کە خەریکی ئەنجامدانی یارییەکی دووقۆڵی بوون.
یارییەکە بەجۆرێک داڕێژرابوو کە ببێتە هۆی دەرکەوتنی تووڕەیی بەرامبەر یاریزانەکەی دیکە کە پیاوە بەشداربووەکان وایاندەزانی خەریکە فێڵ دەکات. دواتر ئەو دەرفەتە دەڕەخسا کە پیاوەکان تۆڵە لە یاریزانەکەی بەرامبەریان بکەنەوە و ببنە هۆی ئەوەی کە پارە زیان بکات. پیاوەکان نەیاندەزانی ئەوە چییە کە بۆنی پێوە دەکەن و لێکیش جیا نەدەکرایەوە کە ئاخۆ فرمێسکە یان ئاوخوێ، چونکە هەردووکیان بێبۆن بوون.
ئاستی تووڕەیی و ویستی تۆڵەکردنەوە لە پیاوەکاندا لە پاش بۆنکردنی (فرمێسکی سۆزوایی ژن)، زۆرتر لە 40% دابەزی.
کاتێک ئەم پرۆسەیە لە بەردەم (سکانەرێکی MRI)ـدا دووپات کرایەوە، (وێنە فیزیۆلۆجی)ـیەکان دوو ناوچەی مێشکی پەیوەندیدار بە تووڕەییان پێشان دا—توێژی پێشەوە1 و ئینسولاـی پێشەوە2—کە چالاکتر دەبوونەوە کاتێک پیاوەکان لە یارییەکەدا زۆرتر دەورووژان، بەڵام کاتێک بۆنیان بە فرمێسکەکانەوە دەکرد، لە هەمان دۆخدا، ئەو ناوچانەی مێشک ئەوەندە چالاک نەدەبوون. بۆ هەر تاکێک، هەر چەندە جیاوازی ئەم چالاکی مێشکە زۆرتر بایە، ئەو کەسە لە یارییەکەدا کەمتر تۆڵەی دەکردەوە.
دۆزینەوەی ئەم پەیوەندییە لە نێوان فرمێسک و چالاکیی مێشک و ئاستی تووڕەیی، پێشاندەری ئەوەیە کە کیمۆ-سیگناڵی کۆمەڵایەتی فاکتەرێکی تووڕەییی مرۆڤە نەک بەس شتێکی سەرنجڕاکێشی نێو ئاژەڵان.
نووسەرەکانی ئەم توێژینەوەیە دەڵێن “تێگەیشتین کە هەر وەکوو ئەوەی مشکەکان، فرمێسکی مرۆڤ سیگناڵێکی کیمیایی تێدایە کە ئاستەنگی دەخاتە سەر تووڕەیی لە نێرینەی ئەو چەشنە بوونەوەرەدا. ئەمە دژی ئەو تێگەیشتنەیە کە فرمێسکی سۆزاوی بەس بە خەسڵەتێکی تایبەتیی مرۆڤ دادەنێت.”
پوختە
سیگناڵێکی کیمیاییی نێو فرمێسکی ژنان لە ئاستی تووڕەییی پیاوان کەم دەکاتەوە
فرمێسکی سمۆرەکان کیمۆ-سیگناڵی کۆمەڵایەتی تێدایە کە هەندێک کاریگەریی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە، لەوانە ئاستەنگکردنی تووڕەیی نێرینە. فرمێسکی مرۆڤیش کیمۆسیگناڵێکی تێدایە کە ئاستی تێستۆستیرۆنی نێرینە دادەبەزێنێت، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵسووکەوتەکان ڕوون نەبوو. لەبەرئەوەی کە دابەزینی تێستۆستیرۆن گرێدراوی دابەزینی تووڕەییە، ئەو گریمانەیەمان تاقی کردەوە کە فرمێسکی مرۆڤیش، بۆ ئاستەنگکردنی تووڕەییی نێرینە، وەکوو ئەوەی سمۆرەکان ئیش دەکات.
بە بەکارهێنانی پارادایمێکی ستانداردی هەڵسووکەوت، تێگەیشتین کە هەڵمژینی بۆنی فرمێسکی سۆزاویی بێبۆن، تووڕەییی مرۆڤی نێرینە تاکوو 43.7% دادەبەزێنێت.
پارادایم واتە نموونە یان پاترۆن؛ نموونەیەکی ڕوون کە وەکوو مۆدیلێک بەکار بهێنرێت. بنەڕەتی وشەکە یۆنانییە بە مانای پاترۆن، یان پێشاندان.
بۆ پشکنینی (سەبسترەیتەکانی دەوروبەری مێشک) بۆ ئەم بابەتە، لە لابۆردا، فرمێسکمان کردە سەر 62 (وەرگری بۆن)ـی مرۆڤدا.
(سەبسترەیت / substrate): ڕووبەر یان ماددەیەک کە زیندەوەرێک لەسەری گەشە دەکات و دەژیت.
چوار وەرگرمان بینییەوە کە بە شێوازێکی (ژەم-وابەست) بەرانبەر ئەم کارتێکەرە3 کاردانەوەیان هەبوو.
ئەگەر بە گۆڕینی ژەمی دەرمانێک، کاریگەرییەکانیشی بگۆڕن، دەگوترێت کە ئەو کاریگەریانە (ژەم-وابەست / dose-dependent)ـن.
دواجار، بۆ پشکنینی سەبسترەیتەکانی (مێشکی ناوەندی) بۆ ئەم بابەتە، تاقیکرنەوەکەمان هاوکات لەگەڵ (وێنەگرتن لە چالاکییەکانی مێشک) دووپات کردەوە. تێگەیشتین کە هەڵمژینی بۆنی فرمێسک ئاستی چالاکییەکانی نێوان سەبسترەیتەکانی دەمارەکانی (هەستی بۆنکردن) و ئەوەی (تووڕەیی) بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی چالاکیی دەمارەکانی تووڕەبوون.
بەکۆی گشتی، دەرەنجامەکان دەرخەری ئەوەن کە وەکوو ئەوەی سمۆرەکان، کیمۆسیگناڵێکی گرێدراوی-فرمێسک لە مرۆڤەکاندا ئاستی تووڕەییی نێرینە دادەبەزێنێت، میکانیزمێک کە لەوانەیە وابەستی سەریەککەوتنێکی پێکهاتەیی و کرداریی نێوان سەبسترەیتەکانی دەمارەکانی (هەستی بۆنکردن) و ئەوانەی (تووڕەیی) بێت.
وای بۆ دەچین کە فرمێسک میکانیزمێکی شیردەران بێت بۆ درووستکردنی بەربەستێکی کیمیایی بۆ پاراستن بەرانبەر تووڕەیی.
Claire Turner / “Women’s Tears Chemical Diminish Male Aggression” / 2023/ NeuroScienceNews
دەربارەی ئەم توێژینەوەیە لەسەر تووڕەیی:
نووسەر: Claire Turner
سەرچاوە: PLOS
پەیوەندی: Claire Turner – PLOS
سەرچاوەی ئەسڵێ: بێبەرامبەر (ئۆپن ئەکسێس)
“A chemical signal in human female tears lowers aggression in males” لەلایەن (شانی ئارگۆن و ئەوانی دیکە) لە PLOS Biology
پەراوێز:
- (توێژی پێشەوە / prefrontal cortex)
- (ئینسولاـی پێشەوە / anterior insula)
- (کارتێکەر / stimulus)
بابەتی پێشتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.